Draw Media

نه‌ته‌وه‌ سازی و ئه‌خلاق 

نه‌ته‌وه‌ سازی و ئه‌خلاق 

2021-05-01 09:36:49


 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
حاجی قادری كۆیی له‌ شیعرێكا ده‌ڵێت 
تا رێك نه‌كه‌ون قه‌بیلی ئه‌كراد 
هه‌روا ده‌بنه‌ خه‌رابه‌ ئاباد 
 باشه‌ رێكه‌وتن چیه‌ ، بۆچی كورد رێكناكه‌ون ، له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م رێكه‌وتن چین ، بۆچی كورد خێڵ تێناپه‌ڕێنێ‌ و نابێته‌ نه‌ته‌وه‌، حاجی له‌ شیعری دیكه‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ سادانه‌ ده‌داته‌وه‌ ، ئه‌و هۆكاره‌كانی رێكنه‌كه‌وتنیش به‌ پێی بارو دۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆی باس ده‌كات ، ئێمه‌ لێره‌دا نامانه‌وێ‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كان به‌ دورو درێژی بده‌ینه‌وه‌ هێنده‌ی ده‌مانه‌وێت ده‌ست له‌ سه‌ر برینه‌كان دابنه‌ین ، رونتر كاری ئێمه‌ كولاندنه‌وه‌ی برینه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا ئه‌گه‌ر كورد هه‌ست بكات برینداره‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد هه‌ست به‌ ئازار ناكات ، یان ئازاری زوو بیر ده‌چێته‌وه‌ ، كه‌واته‌ هه‌ست به‌ برینیش ناكات ، یان به‌ خێرایی برین له‌ بیر ده‌كات ، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو كوردیش وانه‌بێت ، ئه‌وه‌ بۆ سه‌ركرده‌وسیاسیه‌كانی كورد زۆر وایه‌ ، ره‌نگه‌ هێنده‌ كێشه‌ نه‌بێت گشته‌ كورد ، یان كوردی ناشاری هه‌ست به‌ برینه‌كه‌ نه‌كات ، به‌ڵام بۆ ئه‌وی تر ، بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌یری سبه‌ینێ‌ ده‌كات ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، هه‌ست نه‌كردن به‌ برین و نه‌بینینی ئه‌و برینه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ دیرۆك و بوونی كوردا هه‌یه‌ هه‌ر نه‌زانی نیه‌ ، زۆر قورستره‌ له‌ نه‌زانی .
داوای حاجی بۆ رێكه‌وتنی قه‌بیله‌كان یان " قه‌بیلی ئه‌كراد " بۆئه‌وه‌یه‌ پێكه‌وه‌ برینه‌كه‌ ببینن، به‌ڵام كورد نایه‌وێت ئه‌و برینه‌ ببینێ‌ ، كورد هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا بێت ، ئه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژوو بوونه‌ ره‌نگه‌ هه‌ر بۆئه‌وه‌ نه‌بێت كورد وه‌ك قوربانی خۆی نیشانی ئه‌وانی تر بدات ، ئه‌م ده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاوه‌زی سه‌رانی كورده‌وه‌یه‌ ، كه‌ زیاتر سه‌رسامی گه‌یشتنن به‌ ئاواته‌كانی خۆیان نه‌ك ئاواته‌كانی گشته‌ كورد ، ئه‌وه‌نده‌شیان ده‌وێت تا سنوری ته‌مه‌نی خۆیان نه‌ك له‌وه‌ زیاتر ، راسته‌ ئه‌وان هه‌موو شت ده‌به‌ن ، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ گه‌ڵ میله‌تی خۆیاندا ، نه‌ك خه‌ڵكی تر ، ئه‌وان هیچ كێشه‌یه‌كیان نیه‌ دوای مه‌رگی خۆیان چی ڕووده‌دات ، كه‌م رێكه‌وتوه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی كورد بڵێت من بۆ دوای خۆم ئیش ده‌كه‌م ، زۆرێك له‌ سه‌رانی كورد به‌ هیچ جۆرێك ئاینده‌ بین نه‌بوونه‌ ، ئه‌وه‌ بۆیه‌ به‌ ئاوه‌زی خێڵ مامه‌ڵه‌یان له‌ گه‌ڵ ئه‌وی تر كردووه‌ " ئه‌وی تری كورد" ته‌نانه‌ت نه‌یانویستوه‌ براكه‌یان سه‌ركه‌وتو بێت ، مادام خۆیان نین ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین له‌مپه‌ری به‌رده‌م دروست بوونی نه‌ته‌وه‌ بووه‌ ، نه‌ته‌وه‌ به‌ مانای خه‌مخواردن له‌ یه‌كترو به‌ ته‌نگه‌وه‌ هاتنی یه‌كترو به‌ ده‌نگه‌وه‌ چوونی یه‌ك وه‌ك مرۆڤ نه‌ك به‌مانای پێناسه‌ باوه‌كه‌ .
سه‌ركرده‌ی كورد هێشتا له‌وه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ ناوه‌وه‌ی مێژوو چیه‌ ، بۆ ده‌بێت كورد بچێته‌ دیرۆكه‌وه‌ ، له‌وه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ هه‌موو ئه‌و شكێنیه‌ك " ئه‌و شكێنیه‌كی كوردێكی تر " بریتیه‌ له‌ "خود شكێنی" یانی هه‌ر سوكایه‌تی و قسه‌ كردنێكی سه‌ركرده‌یه‌كی كوردی باشور، به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی كوردی باكور، هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ خود شكێنیه‌ ، شكاندنی شكۆی كوردێك ، ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌ش بێت له‌ لایه‌ن كوردێكی دیكه‌وه‌ ئه‌وه‌ شكاندنی شكۆی خۆیه‌تی ، سه‌ركرده‌ی كورد به‌ درێژای مێژوو له‌ ڕێی ئه‌و شكێنیه‌وه‌ خه‌ریكی خۆ شكێنی بووه‌ ،نمونه‌ی قسه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی كۆتای كه‌ كه‌سانێك به‌ بێ‌ لێكدانه‌وه‌ی ئاوه‌زیانه‌ ئه‌وی تری ده‌شكاند له‌ كاتێكا ئه‌و ئه‌وی تر شكاندنه‌ خۆ شكێنی بوو ، ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌یاره‌كانی كورد ، یان به‌ كار هێنه‌رانی كورد زۆریان پێباشه‌ .
ئه‌و شكێنی كورد وه‌ك خۆشكێنی كورد ، هه‌مان ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ ئه‌و هێزو لایه‌نانه‌ ده‌یكه‌ن كه‌ نایانه‌وێت كورد بڕواته‌ دیرۆكه‌وه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ نایانه‌وێ‌ كورد بڕواته‌ دیرۆكه‌وه‌ به‌ بچوكترین ناوبانگی كورد ده‌هری ده‌بن ، كاتێ‌ كورد رۆمانێكی باش ده‌نوسێت و ده‌نگده‌داته‌وه‌ ئه‌وان هار ده‌بن ، كاتێ‌ هونه‌رمه‌ندێكی  كوردگۆرانیه‌كی به‌ناوده‌نگ ده‌ڵێ‌  ئه‌وان شێت ده‌بن ، له‌ به‌رانبه‌ر فیلمێكی باشی كوردیدا ئه‌وان قه‌ڵس ده‌بن ، ئه‌و شكێنی كورد له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ هه‌مان ئه‌و ره‌وتاره‌یه‌ كه‌ ئه‌وان شاگه‌شكه‌ ده‌كات، ئه‌م ره‌فتاره‌ ئه‌گه‌ر كورد خۆی به‌رانبه‌ر خۆی بیكات ، ئاسانكاریه‌كی زۆره‌ بۆ ئه‌وانی تر ، وه‌ك چۆن له‌ رابردوودا هه‌میشه‌ كورد خۆی ئه‌و كاره‌ی كردوه‌و ئه‌ركی ئه‌وانی تری له‌ناشرینكردن و توڕدانی كوردا بۆ ده‌ره‌وه‌ی مێژوو ئاسانكردووه‌ ، سه‌ركرده‌ی كورد هه‌رگیز پرسیارێكی زۆر ساده‌ی له‌ خۆی نه‌كردووه‌ باشه‌ بۆ هه‌میشه‌ كورد بوون لای ئه‌وانی تر جۆرێكه‌ له‌ ناشرینی ، بۆ نمونه‌ تا ئه‌و چركه‌ ساته‌ی ئه‌حمه‌د قایه‌ به‌ توركی و وه‌ك توركیاییه‌ك گۆرانی ده‌ڵێت له‌ به‌ر دڵانه‌ و كێشه‌ نیه‌ ، لێ‌ كاتێك هه‌ر ئه‌وه‌ له‌ بۆنه‌یه‌كدا باسی كورد بوونی خۆی ده‌كات رووبه‌ڕووی نه‌فره‌ت ده‌بێته‌وه‌ ، لای توركیاو تورك نه‌فره‌ت له‌ قایه‌ نه‌فره‌ته‌ له‌و پارله‌مانتاره‌ی ئاكه‌په‌ش كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تا كورده‌و كوردانه‌ هه‌ست و كه‌وت ناكات ، یان نایه‌وێ‌ بڵێ‌ كوردم ، چیرۆكه‌كه‌ی حه‌سه‌ن خه‌یری نمونه‌یه‌كی زۆر زندووه‌ ، سه‌یره‌ سه‌ركرده‌ی كورد نایه‌وێت ئه‌م راستیانه‌ ببینێ‌ .
هه‌موو ئه‌و شكێنیه‌كی كوردی بۆ دوژمنانی كورد جگه‌ له‌ خود شكسَنی هیچی تر نیه‌ ، هه‌مان ئه‌و خود شكێنیه‌ی كه‌ خۆبێزاندنی به‌ دوادا دێت ، كاتێك كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی كورد ده‌یه‌وێت سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ ببێزێنێ‌ ، ئه‌وه‌ بیه‌وێت یان نا خۆی بێزاندووه‌، ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ فۆڕم و چوار چێوه‌ی هه‌بێت جیاواز تر بێت ، ئه‌م خود نه‌فره‌تی و بێزاندنه‌ خودیه‌ ، كه‌ له‌وی تری كوردا وێنا ده‌كرێت و دواجار خۆتی ، هه‌ر ئه‌وه‌ش مرۆڤ له‌ ئه‌خلاق ڕوت ده‌كاته‌وه‌ ، هۆیه‌كی سه‌ره‌كی نه‌چوونه‌ دیرۆكه‌وه‌ ئه‌م ڕوتی  ئه‌خلاقییه‌ كه‌ سیاسی كورد نزیك به‌ 100 ساڵه‌ پێوه‌ی گیرۆده‌ بووه‌ ، كاتێ‌ شیخ مه‌حمود ، یان شێخ عه‌بدولسه‌لام له‌ باشوری كوردستان ده‌یانه‌وێت هه‌موو له‌ ده‌وری یه‌كتر كۆبكه‌نه‌وه‌ " یان له‌ ده‌وری خۆیان " جگه‌له‌وه‌ی له‌ په‌نای خۆشیانه‌وه‌ كه‌سانێك ده‌سه‌ڵات ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ شتی دیكه‌ ، له‌ به‌رانبه‌ریشدا نه‌یاری زۆر دروست ده‌بێت ، ئه‌مه‌ بۆ قازی محه‌مه‌د و كورده‌كانی رۆژهه‌ڵاتیش وه‌سایه‌ یانی هۆیه‌كی گرنگی رێگری له‌ چونه‌دیرۆكه‌وه‌ خودی كورد خۆیه‌تی نه‌ك دوژمنه‌كانی ، یان دژه‌ ویسته‌كانی ، ئه‌مه‌ هه‌مان ئه‌و " خه‌رابه‌ ئابادیه‌" یه‌ كه‌ حاجی قادر باسی ده‌كات و هه‌میشه‌ دوو باره‌ ده‌بێته‌وه‌ ، سه‌ت ساڵ له‌ خولانه‌وه‌ی به‌تاڵ و سه‌ت ساڵ له‌ خود بێزی .
كورد له‌ سه‌یركردنی كوردی تردا هه‌میشه‌ به‌ دوای كه‌م و كوڕیدا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ قاوی بدات ، به‌ڵام له‌ سه‌یركردنی ئه‌وی تردا " خه‌ڵكی ناكورد" به‌ دوای جوانیدا ده‌گه‌ڕێ‌ و پێی سه‌رسام ده‌بێت ، كورد كاتێ‌ گوێ‌ له‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌گرێت كه‌ باس و خواس دێته‌ سه‌ری باسی كه‌م و كوڕیه‌كانی ده‌كات ، له‌ كه‌سایه‌تی ئه‌و ده‌دات ، به‌ڵام له‌ باسی شه‌جه‌ریان یان برایم تاتیڵه‌س دا هه‌مان شت ناكات و ته‌نانه‌ت كێماسیه‌كانی ئه‌وانیش به‌ جوانی ده‌بینێ‌ ، ئه‌م نمونه‌یه‌ شۆڕبكه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌موو سه‌یركردنێكی كورد له‌ كورد خۆی ،به‌ ئه‌تاتورك سه‌رسامه‌ تانه‌ له‌ شێخ سه‌عیدی پیران ده‌دات ، نازم حیكمه‌تی پێگه‌وره‌یه‌ گۆرانی پێ‌ كه‌م ، سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جوانی و جیاوازیه‌كی خۆی ده‌باته‌وه‌ بۆ ئه‌وانی تر .
به‌م ئاكاره‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ سازی ناكرێت ، نه‌ته‌وه‌ سازی پێویستی به‌ لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ییه‌ ، كورد ناتوانێ‌ به‌رانبه‌ر خۆی نه‌لێبورده‌بێت ، نه‌پێكه‌وه‌ بێت ، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد بێدار شه‌قی ئه‌وانی تر هیچ نیه‌و ناتوانێ‌ خۆی به‌ پێوه‌ رابگرێت ، كورد كێشه‌ی خۆیی نه‌بوونی هه‌یه‌ .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand