Draw Media

کرێکارانی بێکار یەکگرن

کرێکارانی بێکار یەکگرن

2021-04-30 19:45:00


 هیوا سەید سەلیم
 کە ئەم ناونیشانە دەنووسین، لەوانەیە زۆر کەس رەخنەمان لیبگرێت چونکە ئەوەیان دەستکاری کردنی درووشمی (ئەی کریکارانی جیهان یەکگرن)ە. بۆیە هەر لێرەوە داوای لێبووردنی زۆر لە بیرمەندانی گەورە (مارکس و ئەنجلس) دەکەین.  چونکە ئەوان یەک سەدە بەر لە ئەمڕۆ کاتێک ئەو درووشمەیان  لە مانڤێستی کۆمەنیست نووسی لەو باوەڕەدا نەبوون سەردەمێک بێت کرێکاران وێڕای زەوتکردنی مافە چینایەتیەکانیان بێکاریش بکرێن.
وەک هەموو لایەک دەزانن کێشەی هەنوکەی کرێکارانی کوردستان زیاتر بێکاریە، ئەوان رۆژانە بۆ پەیداکردنی دەرفەتی کارهەوڵی بەردەوام دەدەن، رۆژ نیە لە شارەکانی کوردستان بە سەدان کرێکاری کوردستان بۆ بە دەستخستنی کار لەسەر شەقامەکان نەمێنەوە، و ئێوارانیش بە نائومێدی بەرەو ماڵ نەبنەوە.
وەک دەزانرێت  لەسایەی سیستەمی خرابی ئابووری دەمامکدراو، و هێنانی هێزی کاری بیانی، هەروەها قۆرغکاری بازاڕ، سوپایەک لە  کرێکاری کوردستان بە دەست بێکاری دەناڵێنێت، ئەوەشی کە کاری دەست دەکەوێت داهاتەکەی بای ژیانی رۆژانەی خێزانەکەی ناکات.
شایانی باسە بێکارکردنی کرێکارانی کوردستان درێژەی سیاسەتی سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچووە، بەڵام بە ستایلی تازە.  بەعسیەکان بە بڕیارێک ناسنامەی کرێکاریان لە ژمارەیەکی زۆری کرێکاران وەرگرتەوە،  کریکارانیان  کردە فەرمانبەر، بەم کارەش ژمارەیەکی لە کرێکاران لە مافی بیمەی کۆمەلایەتی و دەرماڵە بێبەشکران و دواتریش زۆربەیان گواسترانەوە بۆ هێزی کار.
 دوای راپەڕینی ١٩٩١ خەڵکی کوردستانیش،  حزبە دەستڕۆیشتوەکانی کوردستان زۆرێک لە کرێکارانیان لە لەشکری بێکار کردە مووچەخۆر، بەم کارەش لە لایەک سوپایەکی تەمبەڵی بێکاریان دامەزراند، هەروەها ئابووری کوردستان کرایە ئابووری دەمامکدراو، کە لە ئێستادا هەرچی دەکرێت قەیرانی ئابووری کوردستان کە زادە و دەرهاوێشتەی ئابووری دەمامکدارە راستە هێل نابێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان زەقبوونەوەی جیاوازیە چینایەتیەکان لەسەر حسابی چینە هەژارەکان  و مامناوەندی کۆمەڵگا، و دەوڵەمەندبوونی ناڕەوای چینیکی کەم لە خەڵکی دەستڕۆیشووی حوکمڕان لەسەر حسابی خەلکی زەحمەتکێش،  لە کرێکارانی کوردستان دەخوازێت کە پشت لە مافەکانیان نەکەن،  بگرە دەبێت ئەوە بزانن کە ئەزموونی خەباتی گەلان ئەوەمان پێدەڵێت کە داینەمۆی سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەیی و چینایەتی هەر نەتەوەیەک کرێکاران  و زەحمەتکێشان بوونە.
بۆیە  دەبێت کرێکارانی کوردستان بە خاوەن کار و بێکارەکانیانەوە هەوڵی بێوچان بدەن بۆ یەکگرتن و خۆڕیکستن لە چوارچێوەی سەندیکایەکی راستەقینە، کە هەڵقوڵاوی کێشەکانیان بێت و بە درووستی نوێنەرایەتی ئەو چینە خێر لەخۆنەدیەوە بکات.

بۆیە بە خوێندنەوەمان بۆ باری خرابی کرێکارانی کوردستان بە تایبەتی،  و چینە زەحمەکێشەکەی کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی،  دەگەینە ئەو راستیەی کە ئەو چین و توێژانە لە پێناو وەدستهێنانی مافە چینایەتیەکانیان، و فەرامکردنی دادی کۆمەڵایەتی، و کۆتایهێنان بە جیاوازی چینایەتیەکان، دەبێت خۆیان لەو پرسانە بە خاوەن بزانن.
ئەزموونی چەند ساڵەی حوکمڕانی کوردی جگە لەو کێشانەی باسمان لێوەکردن کە رووبەڕووی کڕێکاران کراەتەوە،  کە سووتەمەنیەکەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بووە، بەرهەمەکەشی  دامەزراندنی سەندیکایەکی حزبی بووە،  کە نەک نەیتوانیوە نوێنەرایەتی درووستی کرێکاران بکات، بگرە ساڵانێکی زۆر خەباتی کرێکارانی بەرەوە دواوە بردەوە، بۆیە لە ئێستادا کرێکاران تووشی دۆخێک کراون کە مەمنوون بن کاریان دەست بکەوێت، هەر بۆیەشە ئێمەش دەڵێین:( کرێکارانی بێکار یەکگرن)


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand