با نۆش لەسەر دە بێت...
2021-04-30 08:37:38
یادگار سدیق گەڵاڵی
لە کابینەی هەشتەمەوە باسی پرۆژە یاسای چاکسازی دەکرێت و کابینەی نۆش خۆی بەکابینەی چاکسازی ناساند و بانگەشەی گەورەی بۆکرد و هیوای زۆری بەخەڵک دەدا، ئەوەبوو پرۆژە یاساکە نێردرا بۆ پەرلەمان و لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دا دەنگی لەسەر درا، بەناوی یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ " یاسای چاکسازی لە مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازەکان وخانەنشینی لەهەرێمی کوردستان-عێراق" لە ٦ی شوبات ٢٠٢٠دا لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە. لەوەتەی پرۆژەی چاکسازی هاتە ناو بەرنامەی کاری کابینەی حکومەت و دوای ئەوەی بوو بەیاسا و بەکردەیی کەوتە بواری جێ بەجێ کردن لەسەر پشتی کیسەڵ هەنگاوەکانی دەنێت و بە دەنگێکی کزۆڵ باسی کاریگەرییەکانی و دەرئەنجامەکانی دەکرێت. بەڵام دوای نزیکەی ١٥ مانگ لە بڵاوکردنەوەی لە وەقایعی کوردستان نازانرێت چەندە داهات پاشەکەوت دەکرێت بەم یاسایە! ئەمە جگە لەوەی پرۆژەی چاکسازی تەنها ناکرێت لە مووچەو دەرماڵە و ئیمتیازاتدا کورت بکرێتەوە. هەروەک لەچەند بۆنەیەکیتردا باسمانکردووە ئەمە رێگا خاوەکەیە حکومەت گرتوویەتی لەکاتێکدا ڕیگای خێرای چاکسازی( قاچاخچێتی سنورەکان بەهەموو جۆرەکانییەوە، چاکسازی لە سەکتەری نەوت و وەستانی بەهەدەردانی سامان و موڵک و ماڵی گشتی..) زۆر باس دەکرێت و ئاوڕی لێ نادرێتەوە! تەنانەت نەک ئاوڕی لێ نادرێتەوە بەڵکو لەوەتەی باسی چاکسازی دەکرێت ڕێگاکانی گەندەڵی و قاچاخی فراوانتر و خێرا تربوون.
ئێستا ئەوەندەی لایەنەکانی حکومەت باسی جۆرەکانی گەندەڵی دەکەن و هەر لایەنەوە دژی لاکەی تر بەڵگەکان بڵاو دەکاتەوە نیو هێندە گوێت لە دەنگی ئۆپۆزسیۆن نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژ بەرۆژ ئاسۆی گەندەڵی فروانتر دەبێت و هیچ هەنگاوێک بەدی ناکرێت بە ئاراستەی ڕیگا خێراکەی چاکسازی و پاکسازی، تاکار گەشتووە بەوەی لەپەرلەمان هەرلایەنەو پاکانە بۆ خۆی دەکات و لاکەی تر تۆمەتبار دەکات، لە تۆمەت بارکردنەکەدا هەموویان ڕاست دەکەن.
زۆر دەوترێت لەسەر بەهەدەردانی ماڵی گشتی، گەندەڵی فاکتە و حاشا هەڵ ناگرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت نەک تەنها گوێگرە و قوفڵی لە دەمی داوە بەڵکو دەست و پێی خۆی بەستووە بۆ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کاریگەر نەنێت.دەش وترێت بێدەنگی نیشانەی ڕەزامەندییە.
من لێرەدا دەمەوێت جارێکی تر ڕوناکی بخەمە سەر داهاتی نەوتی ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەپێی بەڵگە فەرمییاکان کە حکومەت لەڕێگەی کۆمپانیای وردبینی دیلۆیتەوە و کۆمپانیا نەوتییەکان لە ڕیی ڕاپۆرتە داراییەکانیانەوە بڵاویان کردووەتەوە.
لە بەرواری ١٥/١/٢٠٢١ دا ڕاپۆرتی ٩ مانگی نەوتی هەرێم بڵاوکرایەوە لێرەدا جەخت لە سەر ٦ مانگی یەکەم دەکەمەوە :
بە پێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت لە سێ مانگی یەکەم (چارەکی یەکەم)ی ٢٠٢٠ دا کۆمپانیا نەوتییەکان بڕی ٤٢٧,٤٩٨,٣٩٣ دۆلاریان لە حکومەت وەرگرتووە وەکو شایستەی ئەوماوەیە وە بۆ سێ مانگی دووەم ( چارەکی دووەم) بڕی ٥٠٠,٥٦١,٤٤٢ دۆلاریان وەررگرتووە کە بە سەر یەکەوە لەو شەش مانگەدا دەکاتە ٩٢٨,٠٥٩,٨٣٥ دۆلار.
بەڵام کۆمپانیا نەوتییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا چەندین جار ڕایان گەیاندووە کە مانگی کانوونی دووەم و شوبات هیچ بڕە پارەیەکیان لە حکومەتی هەرێم وەرنەگرتووە بەڵکو تەنها شایستەی مانگی سێ (ئازار) یان وەر گرتووە. کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت لە ڕاپۆرتە داراییەکانیاندا بڕی ئەو پارەی لە حکومەتیان وەرگرتووە ڕاگەیاندووە وەلە کۆی ٨ کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوت ٦ کێڵگەیان کە ڕیژەی ٥٥٪ ی نەوتی هەرێمی لێ بەرهەم دێت لە و سێ مانگەدا تەنها ٩٧ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلاریان وەر گرتووە وەئەگەر بێت و شایستەی ئەو دوو کێڵگەیەی کە ڕایان نەگەیاندووە چەندیان وەرگرتووە( گەرمیان و خورمەڵە) بەهەمان رێژە دابنێێن (کێڵگەی خورمەڵە دەبێت شایستەی کۆمپانیا زۆر کەمتربێت لە کۆمپانیاکانی کێڵگەکانی تر چونکە کۆمپانیای کار لەم کێڵگەیە هاتووەتە سەر حازری و دەبێت گرێبەستەکەی جیاوازبێت) ئەوا ئەو ٤٥٪ ی تر کە بەرهەمی ئەو دوو کێڵگەیەی ترە دەکاتە ٧٩ ملیۆن و ٥٢٧ هەزار دۆلار و بەو پێیە شایستەی کۆمپانیاکان لەو ماوەیەدا لە ١٧٦ ملیۆن و ٧٢٧ هەزار دۆلار زیاتر نەبووە. واتە بە جیاوازی ٢٥٠ ملیۆن و ٧٧١ هەزار دۆلار.
بەهەمانشێوە لە سێ مانگی دووەمی ٢٠٢٠ دا کۆمپانیا نەوتییەکان لە و شەش کێڵگەیە دا کە ٥٥٪ ی بەرهەمە بڕی ١٣٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزاریان لە حکومەت وەر گرتووە بەهەمان رێژەی کۆمپانیاکانی تر شایستەی ئەو دووکێڵگەیە( گەرمیان و خورمەڵە) دیاری بکەین ئەوا لەو دوو کێڵگەیە ١١٠ ملیۆن و ٧٨١ هەزار دۆلار یان وەر گرتووە( دەکرێت زۆر کەمتربێت لە بەر هەمان هۆکاری سەرەوە) ئەوا بەسەر یەکەوە هەموو ئەو پارەیەی لەم ماوەیەدا وەرگیراوە نابێت لە ٢٤٦ ملیۆن و ١٨١هەزار دۆلار زیاتر بێت. بەڵام ٥٠٠ ملیۆن و ٥٦١ هەزاریان وەرگرتووە، بەمانایەکی تر بڕی ٢٥٤ ملیۆن و ٣٧٩ هەزار دۆلار بۆچی ڕۆشتووە؟ بەسەر یەکەوە ئەو بڕە پارەیەی لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا کۆمپانیاکان وەریان گرتووە بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت و لە ڕاپۆرتی کۆمپانیاکاندا باس نەکراوە زیاترە لە ٥٠٥ ملیۆن دۆلار! ( بنوارە خشتەی ژمارە ١ و ٢) کە دەکاتە رێژەی٥٥٪ زیاتر لەوەی کە دەبێت وەری بگرن.
ئەو بڕە پارانەی کە لەڕاپۆرتەکەی دیلۆیتدا دەڵێت دراوە بەکۆمپانیاکانی نەوت پێچەوانەی بەندەکانی گرێبەستە نەوتییەکانە کە لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان کراوە بە تایبەت هەریەک لە " مادەکانی ٢٤ بڕگەی ٤ ومادەی ٢٥ بڕگەی ٣ ومادەی ٢٦ بڕگەکانی ١ تا ١٤ ". ئەی باشە دیلۆیت نەیپرسی ئەم بڕە پارانە لە سەر چ بنەمایەک دراوە و بۆچی دراوە بە کۆمپانیاکان؟ کۆمپانیا نەوتییەکانیش دەڵێن هێندەیان وەرنەگرتووە! لە کاتێکدا ئێستا بەو بەرزی نرخی نەوتەشەوە بە ٢ مانگ هێندەی ئەو بڕە زیادەیە نایەتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی. ئەی نابێت من و تۆ بپرسین ئەو نیو ملیار دۆلارە بەچی درا و بۆکوێ ڕۆشت؟
پرسیارمان سەبارەت بەو خاڵانەی سەرەوە ناردووە بۆ حکومەت و ئەوانیش لای خۆیانەوە دەڵێن ناردومانە بۆ دیلۆیت بەڵام دوای ٢ مانگ هیچ وەڵامێک یان ڕونکردنەوەیەکیان نییە . بۆیە بێدەنگیان بە ڕەزامەندی وەردەگرین و با نۆش لەسەر دە بێت...
بەپێی ڕاپۆرتە داراییە فەرمییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٠ دا کەمتر لە ٤٥٪ی ئەو پارەی کە دەوترێت پێیان دراوە لە لایەن هەرێمە وەریان گرتووە. زیاتر لە نیو ملیار دۆلار لە هیچ کلۆجێکدا باس نەکراوە..