"داونتاون"ەكەی سلێمانی بەكوێ گەیشت ؟
2021-04-28 13:39:20
راپۆرت: درەو
زیاتر لە سێ ساڵە سایلۆی سلێمانی روخێندراوە، بەڵام كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بەبیانوی ئاشێكەوە لەناو زەوی سایلۆكەدا، پرۆژەی "داونتاون" جێبەجێ ناكات، وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێ كێشەی ئاشەكە چارەسەركراوە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوون بۆ پرۆژەكە دەكات، پێشنیازێك هەیە ئەگەر كۆمپانیای (هیوا رەئوف) پرۆژەكە جێبەجێ نەكات، زەوی سایلۆكەی لێوەردەگیرێتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
لەبارەی گرێبەستی سایلۆكەوە
زیاتر لە سێ ساڵە سایلۆی سلێمانی روخێندراوە، بەڵام شوێنەكەی بە بەتاڵی ماوەتەوەو هیچ پرۆژەیەكی لەسەر جێبەجێ نەكراوە.
روبەری ئەم زەوییە (67 هەزارز 500) مەترە، واتە نزیكەی 27 دۆنمە، حكومەت ئەم زەوییەی خستە كێبركێوە لەنێوان (14) كۆمپانیای وەبەرهێناندا، لەكۆتایدا زەوییەكە بۆ كۆمپانیای (هیوا رەئوف) دەرچوو.
زەویی سایلۆی سلێمانی كە دەكەوێتە ناوچەیەكی ستراتیژییو گرنگەوە لەڕووی ئابورییەوە، بە سێ مەرج درا بە كۆمپانیای (هیوا رەئوف):
مەرجی یەكەم:
كۆمپانیای هیوا رەئوف سایلۆیەكی (40 هەزار) تەنیی گەنم، لە قەزای (سەیدسادق- شانەدەری) دروست بكات، كۆمپانیاكە ئەم مەرجەی جێبەجێ كردو لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكو بەدیاریكراوی لە رۆژی 28ی ئایاری 2015دا سایلۆكەی تەواو كردو رادەستی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كرد، تێچووی ئەم سایلۆیە بە بڕی (15 ملیارو 600 ملیۆن) دینار خەمڵێندرا، روبەری ئەم سایلۆیە (40) دۆنم زەوییە، بەڵام سایلۆكە چەندین كەموكورتی تێدایە، رەمەزان نامیق كەریم سەرۆكی لیژنەی پلانو پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە خۆی خەڵكی سەیدسادقەو لە نزیكەوە ئاگاداری پرۆژەكەیە، بەچەندین خاڵ كەموكورتییەكانی ئەم سایلۆیەی خستوەتەڕوو، كە ئەمانەن:
• سایلۆكە سیاجێكی تەنكی هەیەو رۆژانە ئاژەڵو پەلەوەرو مەڕوماڵاتی دانیشتوانی ناوچەكە دەچنە ناو سایلۆكەوە.
• نەبوونی پاسەوانی تایبەت بە سایلۆكە.
• كەمی فەرمانبەر بەتایبەتی لە وەرزی وەرگرتنی گەنمدا.
• نەبوونی كارەبای نیشتمانی بەردەوام.
• نەبوونی ئامێری ساردكەرەوەی پێویست لە سایلۆكەدا بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.
• نەبوونی ئامێری یەدەگ لەبەشی تاقیگەو بەشە گرنگەكانی تری سایلۆكە.
مەرجی دووەم:
مەرجی دووەم بۆ پێدانی زەوی سایلۆی سلێمانی بە كۆمپانیای (هیوا رەئوف) ئەوەبوو، ئەم كۆمپانیایە بینای كۆمەڵگەی فەرمانگەكانی بازرگانیو پیشەسازی لەناو شاری سلێمانی بە تێچوی (3 ملیار) دینار دروست بكات، كۆمپانیاكە ئەم مەرجەشی جێبەجێ كردو بیناكەی لە رۆژی 11ی ئابی 2014دا رادەستی حكومەت كرد.
كۆمپانیای (هیوا رەئوف) تێكڕای تێچووی جێبەجێكردنی پرۆژەی سایلۆكەی سەیدساقو بینای فەرمانگە بازرگانییەكان لە سلێمانی بە بڕی (18 ملیار و 600 ملیۆن) دینار دەخەمڵێنێت.
مەرجی سێیەم:
دوای جێبەجێكردنی مەرجی یەكەمو دووەم، زەوی سایلۆی سلێمانی دەدرێت بە كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بەو مەرجەی لەسەر ئەم زەوییە كۆمەڵگەیەكی گەورەی (گەشتیاری، بازرگانی، نیشتەجێبوون) دروست بكات بەناو پرۆژەی "داونتاون".
بەپێی ئەو پرۆپۆزەڵەی كە پەسەندكراوە، پرۆژەی "داونتاون" ئەمانە لەخۆدەگرێت:
• (8) تاوەری نیشتەجێبوون
• مۆڵێك
• دوو هۆتێل
• دوو باخچەی سەوزایی
تێچووی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژانە لەسەر زەوی سایلۆی كۆنی سلێمانی بە بڕی (250 ملیۆن) دۆلار خەمڵێندراوە.
تەقاندنەوەی سایلۆ كۆنەكە
كۆمپانیای (هیوا رەئوف) لەچوارچێوەی ئەم گرێبەستەدا، 2ی شوباتی 2018 بینای سایلۆی كۆنی سلێمانی تەقاندەوە، ئەمە لەكاتی خۆیدا جۆرێك لە ناڕەزایەتی دروست كرد، هەندێك كەس رەخنەیان هەبوو، بینای سایلۆیان بە یەكێك لە معالیمەكانی شار ناودەبرد، دژی تەقاندنەوەی بوون، دیمەنی روخاندنی سایلۆكە سەرەنجڕاكێش بوو، خەڵك بۆ وێنەگرتن لە نزیك سایلۆكە كۆبونەوە، تەلەفزیۆنی "نەشناڵ جیۆگرافیك" دیكۆمێنتارییەكی لەسەر پرۆسەی تەقاندنەوەكە تۆماركرد. هەردوو كۆمپانیای (ASI)ی ئەمریكیو (EGE NITRO)ی توركی سەرپەرەشتی پرۆسەی تەقاندنەوەی سایلۆكەیان كرد.
سایلۆی كۆنی سلێمانی لە ساڵی 1978 لەلایەن بەڵێندەرانی روسییەوە دروستكرا بوو، بەڵام بەهۆی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانی ناوچەكەوە، پرۆژەكە بەتەواونەكراوی مایەوە.
سایلۆی كۆنی سلێمانی لە سێ بەشی سەرەكی پێكهاتبوو، دوو گەنجینە بە بەرزی 40 مەترو تاوەرێك بە بەرزی 60 مەتر.
ئاشێك دەبێتە بەهانە !
دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە تەقاندنەوەی بینای سایلۆی كۆنی سلێمانی، هێشتا زەوییەكەی بەبەتاڵی ماوەتەوەو هیچ پرۆژەیەكی لەسەر جێبەجێ نەكراوە.
كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بوونی ئاشتێكی لەناو زەوی سایلۆی كۆن كردووە بەبەهانە بۆ جێبەجێ نەكردنی پرۆژەی "داونتاون"، ئەم ئاشە خاوەندارێتییەكەی بۆ ماڵی (سەعد كۆڵەك) دەگەڕێتەوەو ناوی كۆمپانیای ئاردی (سەفین)ەو كۆمپانیای مستەفا خاوەندارێتی دەكات.
هەندێك لەوانەی ئاگاداری كێشەی ئەم پرۆژەیەنو (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، دەڵێن، كۆمپانیای هیوا رەئوف ئاشەكەی كردووە بەبەهانەی بۆ ئەوەی پرۆژەكە جێبەجێ نەكات، چونكە ئاشەكە دەكەوێتە شوێنێكی دوری ناو زەوییەكەو كۆمپانیاكەی دەیتوانی دەست بەكاركردن بكات تا ئەوكاتەی كێشەی ئاشەكە چارەسەر دەكرێت.
شارەوانی سلێمانی پارچە زەوییەكی لەڕێگەی سلێمانی- تاسلوجە بۆ كۆمپانیای مستەفا تەرخانكردووە، بۆئەوەی ئاشەكەی لەناو زەوی سایلۆی كۆنی سلێمانی بگوازێتەوە، سەرەتا ئەم كۆمپانیایە پارچە زەوییەكەی تاسلوجەی بەدڵ نەبوو، داوای دەكرد بۆی بگوڕنەوە بە پارچە زەوییەكی تر، بەڵام بەپێی قسەی بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، ئێستا كۆمپانیای مستەفا قایل بووە بە پارچە زەوییەكەی تاسلوجە.
عەزیز سەعید بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستا لقێكی كۆمپانیای ئاردی سەفینمان لەناو زەوی سایلۆی سلێمانی گواستوەتەوەو لقێكی تر ماوەو بەمزوانە ئەمەش لادەبرێتو هیچ كێشەیەك لەبەردەم جێبەجێكردنی پرۆژەی "داونتاون"دا نامێنێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، كۆمپانیای ئاردی سەفین بەڵێنیداوە لەسەر ئەم ئەو زەوییەی لەرێگەی سلێمانی- تاسلوجە پێی دراوە، دوو براندی ئەڵمانی پێشكەش بكات، بەڵام بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە ئەو براندانەی كە ناوی هێناون پاشگەزبونەتەوەو كۆمپانیای ئاردەكە دوای كردووە رەزامەندی پێبدرێت لەسەر هێنانی دوو براندی تر، بەڵام شارەوانی ئەمەی رەتكردوەتەوە.
چارەنوسی داونتاونەكەی سلێمانی
بەهۆی قەیرانی داراییەوە، كۆمپانیای هیوا رەئوف بەجۆرێك پاشەكشەی لە جێبەجێكردنی پرۆژەی "داونتاون"ی سلێمانی كرد، رەمەزان نامیق سەرۆكی لیژنەی پلانو پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، بەهانەكانی كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بۆ جێبەجێنەكردنی پرۆژەكە لەسەر زەوی سایلۆی سلێمانی، بەلای پارێزگارو وەبەرهێنانو شارەوانی سلێمانییەوە لە جێگای خۆیدا نەبووە.
"ئێستا كۆمپانیای هیوا رەئوف كێشەكە دەخاتە ئەستۆی ئاشەكەی كۆمپانیای سەفین، كۆمپانیای سەفین دەخاتە ئەستۆی شارەوانی، شارەوانی دەیخاتە ئەستۆی ئەو دوو براندە".
رەمەزان نامیق وتی:" لەچەند هەفتەی رابردوودا سەردانی پارێزگارمان كردووە، پرۆژەیەكمان خستە بەردەستی زەویەكی تر بدرێتە ئەو ئاشە، ئەگەر هیچ لایەنێكیان پابەند نەبوون، ئەوا حساباتێك لەگەڵ كۆمپانیای هیوا رەئوف بكەنو پرۆژەكەی لێوەربگیرێتەوەو بدرێت بە كۆمپانیایەكی تر".