سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

تایبەت

دەربارەی فاروق رەفیق وەک رۆشنبیر

تەرمەکەی فاروق رەفیق، لەناو ئەم دۆخە شێواو و ئاراستەکراوەدا، لەوە کەوت تەرمی مرۆڤێک بێت ژیانی کۆتایی هاتبێت و پێویستی بەوەبێت بنێژرێت، بەڵکو گۆڕدرا بۆ ئامرازی جەنگ و ململانێیەکی سیاسیی و دینیی و رەمزیی گەورە و کەسانێکی زۆریش لەم ململانێ و جەنگە رەمزییەوە، ئاڵان. 

بڵاوکراوەتەوە لە : 3 ئایار 2026

دەربارەی فاروق رەفیق وەک رۆشنبیر

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

 

 

(١)

وەک کەسێک کە فاروق رەفیق لە ناوەراستی ساڵانی هەشتاوە دەناسم، مردنە کوتوپڕەکەی هەم شۆک بوو بۆم، هەم خەمباربووم پێی. وەک هەر مرۆڤێکی ئاساییش سەرخۆشی خۆم لە کەس و کار و ماڵ و منداڵی کاک فاروق دەکەم، هیوادارم بەرگەی ئەم کۆستە خێزانییە سەختە بگرن و بتوانن تێیبپەڕێنن. 

 

(٢)

یەکەمین سەرنجێک بمەوێت دەریببڕم دەربارەی ئەو شێوازی مامەڵەکردنەیە کە لە رۆژانی رابردوودا لەگەڵ مەرگی ئەم نووسەرەدا، ئەنجامدرا. زۆر بە داخەوە، تەرمە بێگیانەکەی فاروق رەفیق، وەک زۆر شتی تری وڵاتی ئێمە،  بەشێوەی کاڵایەکی سیاسیی و دینیی بەکارهێنرا. تەرمەکەیان لەوەخست تەرمی مرۆڤێکبێت کۆچی دواییکردبێت پێویستی بە مامەڵەیەکی ئینسانییانە هەبێت، بەڵکو پڕیانکرد لە هێما و ئاماژە و گوتاری سیاسیی و دینیی ناکۆک و دژبەیەک و بە ئامرازێک بۆ پەلاماردان و هێڕشکردنە سەر کەسانیتر. چەندەها کەس و لایەن و گروپی جیاوازیش، مردنەکەیان، وەک کەرەستەی خۆنمایشکردن و تێرکردنی حەزی دەرکەوتن و باسکردن و بوون بەبابەت، بەکارهێنا. لەمەشدا مەسەلەی سەرەکیی کۆچی ناکاو و هەمیشەیی فاروق رەفیق  نەبوو، بەڵکو راکێشانی سەرنج بوو بۆسەر ئەو کەس و گروپ و لایەنانەی لەسەر ئەو مردنە ناوەختەیان، دەنووسی. ئەم حەزی دەرکەوتن و راکێشانی سەرنجە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئاستێکی تەواو وروژێنەری بەخۆیەوە گرت و مردنەکە لەپاڵ حەزی دەرکەوتن و باسکردندا، بۆ هێرشکردنە سەر کەسان و لایەن و خەڵکانی تر، بەکارهێنرا. وەک زۆرشتی تری وڵاتی ئێمە چۆنیەتی باسکردنی ئەم مردنە، گۆڕا بۆ ئامرازای دروستکردنی چەندان دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی تازە لەناو کۆمەڵگاکەدا.

تەرمەکەی فاروق رەفیق، لەناو ئەم دۆخە شێواو و ئاراستەکراوەدا، لەوە کەوت تەرمی مرۆڤێک بێت ژیانی کۆتایی هاتبێت و پێویستی بەوەبێت بنێژرێت، بەڵکو گۆڕدرا بۆ ئامرازی جەنگ و ململانێیەکی سیاسیی و دینیی و رەمزیی گەورە و کەسانێکی زۆریش لەم ململانێ و جەنگە رەمزییەوە، ئاڵان. 

 

لەم بێنە و بردەیەدا دوو بەرە بەرامبەر بەیەک دروستبوون. بەریەکیان فاروقیان بە بیریار و فەیلەسوف و سپینۆزای کورد ناوبرد و مەدح و سەنایەکی گەورەیان کرد و لە ریزی سوقرات و ئەفلاتون و فارابی و ئیبن ڕوشدا، دایاننا. ئەم بەرەیە تێکەڵێکە لە نووسەر و قوتابیی و خوێنەران و دۆستانی فاروق خۆی، تێکەڵ بە  کۆمەڵێک میدیاکاری حیزبیی و نیمچەحیزبیش، کە زۆربەیان لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، نزیکن. 

بەرەکەی تریان فاروقیان بە کافر و مولحید و دژەدین ناوبرد و هەرچی جنێوی دینیی و نادینیی ناشیرین هەیە پێیاندا، بەدەیان شێوە سوکایەتییان بەرامبەر بەخۆی و بە مردنەکەی کرد، هەندێکیشیان تا ئەو شوێنەش رۆیشتن کە بڵێن هەق نیە نوێژ لەسەر تەرمەکەی بکرێت و لە گۆڕستانی موسڵماناندا بنێژرێت. ئەم بەرەیە مەرگی فاروقیان بە سەرکەوتنی خۆیان و سەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیا دینییەکەیان دەزانی. بەشەکی گەورەی ئەمانە کەسانی سەر بە بەرەی ئیسلامی سیاسیی و ئیسلامی سەلەفیین. ئەو بکەرە دینیانەن من لە کتێبی «بەهەشتی ئیجباری»دا باسم لە دید و روانین و ئەخلاق و زمان و تێگەیشتنیان بۆ خودا و دنیا و مرۆڤ کردوە. بەرەیەک بەناوی بەرگریکردن لە خوداوە یەک نەوە لە جنێوفرۆشی بێویژدان و بێهەستیان لە کۆمەڵگاکەدا، دروستکردوە. 

 

(٣)

 لە دیدی مندا هەردوو بەرەکە بە شێوازی جیاواز هەڵەن. فاروق نە فەیلەسوف بوو وەک بەرەی یەکەم دەڵێت. نە دینیش رێگا بەو دیندارانە دەدات ئەو هەموو جنێو و سوکایەتییەی بەرامبەر بکەن. نە فەلسەفە وەک کایەیەکی تایبەتی بیرکردنەوە و مەعریفە و نە دینیش وەک کایەیەکی تایبەتی باوەڕبوون بە خودایەک، ئەو شێوازی ناونان و مامەڵەکردنە قبووڵناکەن کە هەردوو بەرەکە، ئەنجامیاندا. هەم گەورەکردنەکەی و هەم کەمنرخکردنەکەی لە دوو هەڵسەنگاندنی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی و سۆزێکی کۆنترۆڵنەکراوەوە، سەرچاوەیان گرتوە.

 

(٤)

لەدیدی مندا فاروق نووسەرێک بوو باسی فەلسەفەی دەکرد، کۆرسی فەلسەفەی بۆ قوتابیان دەکردەوە، ئەم یان ئەو فەیلەسوف و ئەم یان ئەو چەمکی فەلسەفیی شیدەکردەوە، بەڵام خۆی فەیلەسوف نەبوو. فاروق فەلسەفەی شەرحدەکرد، بەڵام خۆی خاوەنی پرۆژەیەکی فەلسەفی نەبوو. وەک زۆر نووسەریش، هەندێک نووسین و کتێبی باشی هەبوو. بەڵام بەشێکی بەرچاوی نووسینەکانی لانی هەرەکەمی کۆگیریی و مەنهەجیەتی لە نووسین و شیکردنەوەدا، تیانییە. ئەو بەبێ هەستکردن بە هیچ کێشەیەک، شتێک و پێچەوانەکەشی دەگوت، لەم پەری راستەوە و بۆ ئەوپەری چەپ و لەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی راست بازیدەدا. بابەتێکی بە موبالەغەیەکی زۆرەوە گەورەدەکرد و دواتر هەمان بابەتی بەهەمان موبالەغەوە بێنرخ و بێبەها دەکرد. فاروق خاوەنی پرۆژەیەکی فەلسەفی و فیکری نەبوو لە کتێبێکەوە بۆ کتێبێکی دیکە گەشەی پێبدات و پێشیبخات، ئەم یان ئەو بیرۆکەی تازەی بۆ زیاد بکات، مەنهەجیەتێکی دیاریکراو ئاراستەی بکات، بەڕووی تێز و بۆچوونی تازەدا بیانکاتەوە، لەباتی ئەمانە ئەو لەم دونیابینییەوە بۆ دژەکەی و لەوێشەوە بۆ  پێچەوانەکەی، دەچوو. 

 

(٥)

لەبەشێکی زۆری کارەکانی لە بواری میدیاشدا، دیسانەوە نیشانیان ئەدا، کە وێنەی ئەو لەم بوارەشدا، وێنەی کەسێک نییە خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکێکی فیکریی بێت، بەڵکو زۆرجار وا دەردەکەوت لە  شەڕێکی زارەکیدایە لەگەڵ کەسان و گروپ و پارتی سیاسیی، تایبەتدا. ئەوەی دەبینرا کەمتر پابەندبوون بوو بە عەقڵەوە وەک ئامرازی شیکردنەوە و راڤەکردن، بەڵکو دەربڕی سایکۆلۆژیای ئەو و ئەو پەیوەندییانەبوو کە ئەو لەو ساتەدا، دروستیکردبوون. کاری فیکری کارێکە بە جۆرێک لە مەنهەجیەت و بە نەبوونی ناکۆکیی ناوەکییەوە پەیوەستە، نەک بە هاوار و دەنگەدەنگ و پەلاماردان و گوتنی شتێک و پێچەوانەکەی. بە بۆچوونی من فاروق نە لە فیکریدا بەردەوام عەقڵانی بوو نە گۆڕانە فیکرییەکانی بەرهەمی دروستبوونی گۆڕانی راستەقینە لە بیرکردنەوەیدا بوو، نە لە زۆرێک لە هەڵسوکەوت و جوڵەکانیشیدا فیکر ئاراستەیدەکرد، بەڵکو زۆربەیان پابەستی دروستکردنی پەیوەندیی تازە و چوونە بەرەیەکەوە دژ بە بەرەیەکی تر بوو. فیکرێک بخوازێت بەرهەمهێن بێت پێویستی بە هاوار و هێرش و پەلاماردانی بەردەوام نییە، بەڵکو پێویستی بە بونیادێکی تۆکمەی بیرکردنەوە و مەنهەجیبوونێکی پتەو، هەیە. بەداخەوە لەبەشێکی زۆری نووسینی فاروقدا ئەم پێداویستییە سەرەتاییانەی نووسین، ئامادەنین. با چەند نموونەیەک بهێنمەوە. 

 

(٦)

 

ا- فاروق لە سالانی نەوەدا لەگەڵ ئێمە لەناو پڕۆژەیەکی فیکریی رۆشنگەردا کاریدەکرد کە بەرگریی لە سەربەخۆیی نوسەر و فیکری رەخنەیی دەکرد، کەچی ئەو زوو رەهەندی بەجێ هێشت و کەوتە دژایەتیکردنی هەموو ئەو کۆڵەکە سەرەکییانەی کە گۆڤارەکە باوەڕی پێی بوو.

لە دەوروبەری ساڵانی دووهەزاردا بەرەو ئیسلام و ئیسلامگەرایی رۆیشت و بەرگرییەکی گەورەی لە «شارستانیەتی ئیسلام» و پەیوەندی نێوان «ئیسلام و مافەکانی مرۆڤ» و ئیسلام وەک «ئەویدی» خۆرئاوا، دەکرد. دواهەمین وتاری لە گۆڤاری رەهەنددا شایەتی ئەم گۆڕانکارییە دەدات. لەوکاتەشدا ئێدوارد سەعیدی بە یەکێک لە بیریارە گەورەکانی جیهان دەزانی. کاتێکیش بۆ کوردستان گەڕایەوە راستەوخۆ دایەپاڵ یەکگرتووی ئیسلامیی و کەوتە دژایەتییەکی ناعەقڵانیی و کەلەرەقانەی عەلمانیەت، تا ئەو شوێنەیش رۆیشت بە عەلمانەیت بڵێت «گەنوگو». کەچی دواتر و لەپڕێکدا بووەوە بە یەکێک لە بەرگریکەرە سەرسەرختەکانی عەلمانەیت و پەیوەندیکرد بەو گروپەوە مەلا بەختیار بۆ بەرگریکردن لە عەلمانیەت دروستیکردبوو. هەم لە هێڕشکردنەکەی و هەم لە بەرگرییەکەیدا لە عەلمانیەت، تێگەیشتنی فاروق لە عەلمانەیت تێگەیشتنێکی تەواو سەرپێیی و رۆژنامەگەرانە بوو، لە دەرەوەی بەشێکی زۆری ئەو ئەدەبیاتە زۆرەدا بوو، لە پەنجا ساڵی رابردوودا لەسەر عەلمانیەت نووسرابوون. 

 

ب - جارێک بزاوتی «رۆشنگەریی»، لە خۆرئاوادا بە «تارکیترین» چرکەساتەکانی ناو مێژوو ناودەبرد و وەک کارەساتێکی گەورەی ناو مێژووی فیکر و مێژووی ڕۆحانیەت باسیدەکرد. کەچی هەر لە  دوای ئەوەوە کەوتە بەرگریکردن لە «رۆشنگەریی» وەک فریادرەسی مرۆڤایەتی و پێشی وابوو موسڵمانان ناتوانن رەخنە لە «شارستانیەتی راقی» خۆرئاوا بگرن. لە قۆناغی هێرشکردنەکەیدا بۆسەر رۆشنگەریی بەڕادەیەک پەڕگیر و هەمەلایەن بوو، راستەوخۆ بوو بەیەکێک لە  نەیارەکانی گۆڤاری ڕەهەند و بڕیاری دووەکەوتنەوە و دابڕانیشی لە گۆڤارەکە دا، بە پچرانی هەموو پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیش، لەگەڵ ئەندامانی گۆڤارەکەدا. تا رۆژی مردنەکەی، کە زیاد لە چارەکە سەدەیەکە، نە من هیچ جۆرە پەیوەندییەکم لەگەڵ فاروقدا مابوو، نە ئەو لەگەڵ مندا، هەمان شتیش لەگەڵ ئەندامەکانی تری گۆڤاری رەهەند دا.  

 

ج- لەسەرێکەوە رۆشنبیرانی کوردی بە بوونەوەرێکی «زۆڵ» و بێ «رەگوڕیشە» لە قەڵەم دەدا و دەستەواژەی «تەڕەماش» و «میرزا» و «شەکرۆکەکانی حەشامەت»ی بۆ ناونانیان بەکاردەهێنا، دەشیگوت «ڕۆشنبیر» وەک بوونەوەرێکی زۆڵ ناتوانێت بیربکاتەوە و بیرکردنەوەی پەکخستوە چونکە جێگای «فەیلەسوف»ی گرتۆتەوە، کەچی جارێکی دیکە بەرگریی لە بوونی رۆشنبیر دەکرد، وەک خاوەنی عەقل و بوێریی ناویدەبرد. 

 

ح - وەک پێشتریش هێمام پێکرد جارێک بەرگریی لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی دەکرد و ئەم بەرگریکردنەشی بە هەڵە دابووە پاڵ ئێدوارد سەعید و بە ئێدوارد سەعید سەرسام بوو، کەچی دواتر ئیسلام و ئیسلامییەکانی بەسەرچاوەی کێشە سەرەکییەکانی دونیای ئەمرۆ دەزانیی و ئیدوارد سەعیدیش بە فاشیست. ئێدوارد سەعید نە بەرگریی لە ئیسلام و ئیسلامیەکان دەکات، نە نووسەرێکە بتوانیت بە فاشیست ناوی ببەیت. 

 

خ - جارێک دەیگوت «کوردایەتی بۆگەنی کردوە» و ناسیۆنالیزم گڵاوە، کەچی جارێکی دیکە دەبووە بەرگریکارێکی حەماسیی لە کوردایەتیی و ناسیۆنالیزم لە فۆرمە هەرە داخراو و راسیستییەکەیدا و قسەی بە «عەرب» و «تورک» و «فارس» وەک میلەت دەدا. سەردەمانێک کۆمۆنیست و مارکسییەکی پەڕگیر بووو، کەچی دواتر بوو بە مرۆڤێکی کۆنەپارێز و بەرگرییکار لە نووسەرە راسترەو و نیمچە فاشیستیەکانی خۆرئاوا. 

 

د - ئەگەرچی لەم کۆتاییانەدا لەگەڵ دین و عیرفاندا بەینی نەمابوو، کەچی لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی فەلەستینەوە بە دیدی هێزە دینییە فاشیستیی و نیمچەفاشیستییەکانی ئیسرائیل بیریدەکردەوە و بەرگری لەوەدەکرد فەلەستینییەکان خاکی جولەکەیان داگیرکردوە. 

 

ز- کتێبی لەسەر عەشق دەنووسیی و بەرگریی لە خۆشەوستیی دەکرد، کەچی ڕەخنەی توندی لەو کوڕ و کچە گەنجانە دەگرت، کە لە کۆمەڵگایەکی داخراوی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا، لە رێگای ئێس ئێم ئێسەوە خۆشەویستی خۆیان لە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان بۆ یەکتری بەیاندەکرد. فاروق پێیوابو ئەم جۆرە کارانە عەشقیان لەم وڵاتەدا کوشتوە، هتد...

 

س- تێگەیشتنی بۆ ئاینیش لەناو هەمان مۆدێلی گوتنی شتێک و پێچەوانەکەیدا دەهات و دەچوو. ئەو سەردەمانێک دەیگوت 

ئاین «رۆحی جڤاتە»، «خوانێێکە جڤات لەدەوری کۆدەبێتەوە»،  

 «کایەیەکە مانا بەبوونی جڤات دەدات»، تا ئەو شوێنەش دەرۆیشت کە بڵێت دین « مامۆستا و رابەری جڤاتە». بەرگریی لەوەش دەکرد کە « لەدەرەوەی موقەدەس کۆمەڵگابوونی نیە»، کە مەبەستی موقەدەسی دینیی بوو. کەچی دواتر لە ڕێگای بەرگریکردن لە عەلمانیەتەوە رێک پێچەوانەی ئەو شتانەی دەگوت. بێگومان سەرجەمی ئەم بۆچوونانە لەسەردین بەو یەکڕەنگییە، نەک ناچنە قاڵبی فەلسفەوە، بەڵکو هەڵەن و هەڵەی گەورەش، چونکە دین وەکچۆن دەشێت خوانی کۆکردنەوەی خەڵک لەناو کۆمەڵگادا بێت، دەشتوانێت هێزی دابەشکردن و پێکدادان و جەنگی دینیی سەخت و بەردەوامیش بێت. ئەو یەک تۆنییە لە قسەکردنیدا لەسەر ڕۆلی دین، جگە لەوەی بەرگرییەکی ئایدیۆلۆژییە لە دین، هاوکات دابراوە لە سادەترین پێدراوە مەنهەجیەکانی قسەکردن لەسەر دین وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی. 

 

ش- بەهەرحاڵ فاروق لە وێناکردنی دینەوە وەک «رۆحی جڤات»، زۆر بە ئاسانی دەپەرێتەوە بۆ پێچەوانەکەی و عەلمانیەت بە چارەسەر دەزانێت. عەلمانیەت بەو مانا سادە و ئایدیۆلۆژییەی داوای دابڕانی دین لە سیاسەت، دین لە ژیانی گشتیی، دەکات. بەبێ ئەوەی  پرسیاری ئەوە لەخۆی بکات، ئاخر شتێک «رۆح» و «خوانی کۆبونەوە» و «رابەر» و .مامۆستا»ی جڤات بێت و لە دەرەوەی موقەدەسی دینیدا کۆمەڵگا بوونی نەبێت، چۆن دەتوانرێت لە سیاسەت و ژیان و گشتیی، جیابکرێتەوە. ئەگەر دین، وەک فاروق دەیگوت، هەڵگری هەموو ئەو ئاکارانەبێت کە باسمانکرد، چۆن دەکرێت بەرگریی لە عەلمانیەت بکرێت کە دین بۆ پەیوەندییەکی تاکەکەسی نێوان خودا و کەسی ئیماندار کوردتدەکاتەوە. 

 

وەک ووتم گوتنی شتێک و دژەکەی بەشێکی گەورەی نووسینی ئەم نووسەرەیە. ئەمەش هەرچییەک بێت بیرکردنەوەیەکی نیمچە زانستییش نییە، نەک فەلسەفیی، کە تیایدا بیرکردنەوە خاوەنی لۆژیکێکی ناوەکیی کۆگیرە و بەش و رەگەزە جیاوازەکانی بەیەکدی ناکۆک و دژ بەیەک نین. 

 

(٧)

لە ئاستی سیاسیشدا، فاروق، رۆژێک باسی لە گرنگیی سەربەخۆبوونی رۆشنبیران دەکرد و سیستمە سیاسییەکەی بە ستەمگەر دەزانیی، کەچی هاوکات پارتی سیاسیی لە کوردستانەدا نەما پەیوەندیان پێوەناکەت و لێیان نزیکنەبێتەوە و نەچێتە پاڵیان و لەمیدیاکانیاندا کارنەکات. لە یەکگرتوی ئیسلامییەوە بیگرە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و، لە یەکێتی نیشتیمانییەوە بۆ نەوەی نوێ، بە تێپەڕین بەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. کێشەکەش لەوەدابوو لە هەر پارتێکی سیاسی نزیکدەبووەوە رێک بە زمانی ئەو پارتە و لەناو ئاسۆی چاوەروانی ئەو پارتەدا، دەدوا و دەینووسی، نەک درێژە بە گوتارەکانی خۆی بدات و بەو زمانە قسەبکات کە لە نووسەرێکی رەخنەیی خاوەن فیکر چاوەرێ دەکرێت. بە مانایەکی دیکە لەباتی ئەوەی پارتەکە ناچاربکات بە زمانی ئەو قسەبکات، ئەو بە زمانی ئەو پارتە سیاسییە قسەیدەکرد کە لێینزیکدەبوەوە. 

 

(٨)

لە دەرکەوتنە گشتیی و میدیایەکانیشیدا زۆرجار وەک کەسێکی توڕە و هێرشبەر و شکێنەری بەرامبەر، دەردەکەوت. لەو دۆخانەدا زمانی قسەکردنی زمانی بێنرخ و گرگنکردنی بەرامبەرەکەی بوو. سڵیشی لەوە نەدەکردەوە بەشێوەیەکی بەربڵاو دەستەواژەکانی «گاگەل» و «کۆیلە، و «غەبی» و «حەشامەت» و «عەوام» و «نەفام» و «گاڕان» و «گەمژە» و «جاهیل» و«مێگەل» هتد... بەکاربهێنێت.

 

(٩)

سەرجەمی ئەم کارانە وایانکرد فاروق، لە دوا دەرەنجامدا، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر وێنە و رۆڵی رۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا، هەبێت. نەبوونی لانیکەم لە کۆگیریی ناوەکیی لە بیرکردنەوەیدا، گوتنی شتێک و پێچەوانەکەی، هەڵبەزو دابەز و سەنگەرگۆڕینە بەردەوامەکانی، تەبریرهێنانەوە و بەفیکرکردنی ئەم هەڵبەز و دابەزە ناعەقڵانییانە، وایکرد نرخی رەخنەی فیکریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی ڕۆشنبیر، تەواو کەم بایەخ و کەم نرخ بکاتەوە. خۆیشی ببێت بە مۆدێلێک لە رۆشنبیر، کە هەم لە نرخە رەمزییەکەی رۆشنبیر کەم بکاتەوە و هەم باوەڕ و متمانە بە رۆشنبیر، تەواو لاوازبکات. 

 

(١٠)

هیوادارم کۆچی لەناکاوی ئەم نووسەرە و ئەو خەمبارییەی دوای مردنە ناوەختەکەی دروستیکرد، هۆکارێک بێت بۆ پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەییانە بە کار و ڕۆل و وێنەی ڕۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا. ئەو وێنە نێگەتیڤەی رۆشنبیر لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا دروستبووە، کە فاروق لە زیاد لە ئاستێکدا بەشدارە لە دروستبوونیدا، پێویستی بە ڕاستکردنەوە هەیە. فاروق یەکێک لەو نووسەرانە بوو، کە زیاد لە درز و شەبەقێکی کردە وێنە و ئەرک و پەیامی رۆشنبیرەوە. ئاخر کەسێک بەردەوام شتێک و پێچەوانەکەی بڵێت، وتنەکانیشی بەرهەمی پێشخستن و گەشەدان بە دەزگا چەمکییەکەی و قووڵترکردنەوەی تێزەکانی نەبێت، بەڵکو لەزۆر کاتدا پەیوەندیی بە گۆڕینی هەڵوێست و گۆڕینی پەیوەندییە سیاسیاکانییەوە هەبێت، سەرجەمی ئەو متمانەیەی لەنێوان رۆشنیبر و کۆمەڵگادا هەیە، لاوازدەکات، ئەگەر بە تەواوی وێرانی نەکات. بەداخەوە فاروق مۆدێلێکی لە رۆشنبیر نیشان نەدا، بکرێت متامەنە بە شیکردنەوە و گوتار و قسەکانی بکرێت. 

 

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
٢ ئایار ٢٠٢٦

کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک: وەرچەرخانێک لە مێژووی وزەدا

null
١ ئایار ٢٠٢٦

داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی (38%) كەمیكردووە

null
٣٠ نیسان ٢٠٢٦

دادگای تاوانەكان بۆ بنیامین ناتەنیاهۆ نیە