بۆ سزادراوانی بادینان
2021-04-16 20:47:37
ئارام سەعید
هاوڕێیان، ناتوانین لەمێژووی کوردستاندا سەردەمێک بدۆزینەوە کە تیایدا دەسەڵاتێکی قەزایی بەهێز و سەربەخۆ هەبووبێت،هەمیشە دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە پارتی و یەکێتی بوون خۆیان دادوەرەکان دادەمەزرینن و پلەیان بەرزدەکەنەوە وبودجەیان دابین دەکەن وهیچ جیاکردنەوەیەکی دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا بوونیی نیە.
وەک دەزانن دەسەڵاتی قەزایی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سیستمە سیاسیەکەی هەرێم و هەمیشە بەرگری لەوەدەکات کە هاوڵاتی گوێرایەڵی دەسەڵات بێت، ئەو دادوەرانەی لەحکومەت ناڕازی بن سزادەدرێن یان دەگوازرێنەوە لە شوینەکانی خۆیان، لەرووی پێشەییەوە نایەڵن پێش بکەون. هەربۆیە کاتێک دەسەڵاتی سیاسی دەیەویت رۆژنامەنوس و ئەوانەی بە ئازادی رای خۆیان دەردەبرن بکاتە سیخوری بێگانە دادگاکاش ناچاردەکەن بەدوایاندا واپۆلێنیان بکەن کە ئەوانە دژی بەرژەوەندی حکومەت کاردەکەن... ئەمە سەرەرای ئەوەی هەندێ جار تەنگە نەفەسی سیاسیەکان ئەوەندە زۆرە نایەڵن کەیسەکە بگاتە دادگا و خۆیان رێوشوێنەکان دەگرنە بەر لە کوشتن و رفاندن و ئەشکەنجەی زۆرێک لە رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان. کە تا ئێستاش یەک کەیسی ئەو تاوانانە لە دادگا ئەنجامی نەبوە و کەس لێپرسینەوەی لێ نەکراوە لەسەر ئەو تاوانانە.
لەسەردەمی شەری ناوخۆی حزبەکان و ململانێکانیاندا میدیا و دادگایان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنا، هەرچەندە ئەو سەردەمە بەسەرچوە بەڵام هێشتا ژمارەیەک لەسیاسیەکان بە ئەقڵی ئەو سەردەمە بیر دەکەنەوەو ئەوەی لەبەرژەوەندی حزبەکەیان قسە نەکات ئەوا خیانەتکارەو دەبێت بە سیخور تۆمەتباربکرێت، ئەم بیرکردنەوەیەی سیاسیەکان کە هەموو رایەکی ئازاد بە خیانەتکار دەزانێت لە هەرێمیکدا کە خۆی دەیان کێشەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، لەهەرێمێکی ئاوا لەرزۆکدا نەک بەرەوباشی ناروات بگرە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو خراپتر دەروات و تا دێت متمانە بە دادگا و سیاسیەکان نامێنیت و بەرەو ئایندەیکی خراپ دەیبات.
ئەگەر دادگا و دادوەرسەربەخۆ نەبن ئەوا دەسەڵاتی سیاسی لە رێگەی ئەوانەوە یاسا بەشێوازی خۆیان جێبەجی دەکەن، ئەوکات بەئارەزوەکانیان کار دەکەن و ویژدان وجودی نامێنێت. بێگومان ئەوەش لە بەرژەوەندی گشتی نابێت، دیموکراسیەت ئەدۆڕێت و ئازادی نامێنێت، بیریاران دەڵین" مێژووی کۆمەڵگاکان بریتیە لەمێژوی یاسا و دادپەروەری و گەر ئەو دوانەی لێ دەربێت ئەوا بریتی دەبێت لە میژووی دڕندەیی و زوڵم"
بەبێ بونی دادپەروەری و دادگای سەربەخۆ لۆژیکی هێز دەکەوێتە کار، ئەوەی بەهێزە یاساکانی خۆی دەسەپێنێت، خۆی تۆمەتەکان دروست دەکات و دایان دەتاشێت بەو شێوەیەی لە بەرژەوەندیانە، بەخوێندنەوەی هۆبز مرۆڤ وەک گورگ وایە بۆ مرۆڤی هاوڕێی ئەگەر پەیمانی کۆمەلایەتی و کۆمەڵگە نەبێت، مرۆڤ مومارەسەی نادادپەروەری دەکات. ناکۆکیی و ململانێی خراپ روودەدات و کۆمەڵگە سەقامگیری نامێنێت هەرکەس بریاڕ لەسەر ئەوی تر دەدات وەک ئەوەیە گەلە گورگێک بەردەیتە ڕانە مەڕێک، بۆیە بونیی دادگا ودادپەروەری گرنگە بۆ کۆمەڵگە... لەولاتە دیموکراسیەکاندا تەنانەت لەکاتی جەنگ وئاڵۆزیە گەورەکانیشدا دەسەڵاتداران دەستیان نەبردوە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی ورێگەیان نەداوە بەخۆیان دەستوەردان بکەن.
یاسا و دادگا دەبێت لەدەستێکی ئەمیندا بێت و بۆئەوەی پرۆسەی دادگایکردن دادپەروەرانە بێت پێویستە ماف بدرێت بەوانەی تۆمەتباردەکرێن، چەندین دەستەی قەزایی جیاواز بۆی هەبێت وردبینی بکات و رێگە بگرن لە رودانی هەڵەو کەموکورتی قەزایی. چونکە لەبنەرەتدا یاسا بۆ پاراستنی قوربانیان و سزادانی تاوانبارانە بەڵام کە سیاسیەکان دادگا دەگرنە دەست ئەم هاوکێشە هەڵدەگەرێتەوە و قوربانیان تاوانبار دەکرین وتاوانباران ئازاد دەبن، ئەوەش تەمەنی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە کورت دەکاتەوە، چونکە هاوڵاتی هیچ متمانەیەکی بەو سیاسیانە نامێنێت کە نادادپەروەرن.
ئازادی رادەربرین ئەوە ناگەیەنێت کە رۆژنامەنوس پارێزبەندی هەبێت لە داوا و شکاتی یاسایی، چونکە ئەو رۆژنامەنوسەی راستی بشێوینیت و بە دەستی ئانقەست روماڵیکی ناراست بکات ئەوە ئەو لایەنەی زەرەرمەند بیت مافی خۆیەتی داوای یاسای لەسەر بکات، بەلام رێزگرتن لە ئازادی رادەربرین و ئازادی رۆژنامەگەری لە کۆمەڵگەی دیموکراسیدا مانای ئەوەیە نوخبەی سیاسی و کۆمپانیاکان نابێت دەسەڵاتی قەزایی و دادگا بەکاربهێنن بۆ گرتن و راونانی ئەو رۆژنامەنوسانەی رەخنە دەگرن و لەریگەی دادگاوە تۆڵەیان لێ بکرێتەوە لەسەر نوسینەکانیان.