حكومەتی هەرێم (164 ملیۆن) دۆلار بە كۆمپانیا نەوتیەكان دەدات

Draw Media

2021-04-13 19:17:12



درەو:
راپۆرتی رێكخراوی رونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەی نەوتدا
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی شوباتی 2021 بری ( 164 ملیۆن و 400 هەزار) دۆلار داوە بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت دەدات كە لە كۆی نۆ كێلگە لە شەش كێڵگەی هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن كە بریتین لە كێلگەكانی ( تاوكێ، شێخان، ئەتروش، سەرتە، تەقتەق، سەرسەنگ)ە.

شایستەکان بەم شێوەیەی خوارەوەی وەرگیراوە:

١-  کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور)

هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی شوبات بریتی بووە لە ٧٧ ملیۆن دۆلار. تەنها پشکی کۆمپانیا نەرویجییەکە (دی ئێن ئۆ) ٥٤ ملیۆن دۆلار بووە، لەو بڕە ٣٥,٢ ملیۆن دۆلار پشکی فرۆش ی نەوت و شایستەی  مانگی شوباتی کۆمپانیاکە بووە، و بڕی ١١٫٤ ملیۆن دۆلارپشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بووە. هەروەها دی ئێن ئۆ بڕی ٤,٦ ملیۆن دۆلاری  داهاتی ٣٪ ی کۆی بەرهەمی کێڵگەکەی لە مانگی شوباتی ٢٠٢١ دا وەرگرتووە.  کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجیش ٤,٥٪ ی کۆی داهاتی کێڵگەکە کە بریتی بووە لە ٦,٩ ملیۆن دۆلار (بە پێی ڕیکەوتنێک لە  ساڵی ٢٠١٧ دا کۆمپانیاکان لەگەڵ هەرێم کردویانە، لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی لەیەکێک لە بڕگەکانیا مافی ئەوە دەدات بە گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆ ٧.٥٪ کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ ماوەی  ٥ ساڵ وەربگرن [ ٣٪ بۆ دی ئێن ئۆ و ٤,٥٪ بۆ گەنێڵ] لەبری ئەو قەرزانەی لای حکومەت هەیان بووە تا پێش ئابی ٢٠١٧  ).  هەروەها دی ئێن ئۆ بڕی ١٤,٢ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو شایستانە  وەرگرتووە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا دوا خراون و گەنێڵیش بڕی ٥,٤ ملیۆن دۆلار. ئەمە دووەم گوژمەیە کۆمپانیاکان وەری دەگرنەوە گوژمەی یەکەمی شایستە دواخراوەکان لە گەڵ شایستەی فرۆشی نەوتی مانگی کانوونی دووەمدا وەرگیرا. تەنها پشکی  دی ئێن ئۆ لە شایستەی دوا خراوەی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ لە ئێستادا بریتیی بوو لە ٢٥٩ ملیۆن دۆلار هەروەها کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی  ئێستا کەم بووەتەوە بۆ ٢٣٨,٦ ملیۆن دۆلارە. شایستەی دواخراوی گەنێڵ ئەنێرجیش لە   ملیۆن دۆلارەوە کەمبووەتەوە بۆ  ملیۆن دۆلار. بە پێی میکانیزمێک کە حکومەتی هەرێم دایناوە بۆ کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت لە سەری ساڵی ٢٠٢١ ەوە کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەرو ٥٠ دۆلارەوەبێت بۆ هەر سەنتێکی زیادە  نیو سەنتی بۆ ئەو شایستە دوا خراوانە دەبێت.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ خاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٢٥٪ ی پشکەکانە. ناوچەی گرێبەستی تاوکی لە پارێزگای دهۆکە و پێک دێت لە کێڵگەی تاوکی بەرهەمی رۆژانە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا بریتیی بووە  لە ٥٣٫٨٥٠ بەرمیل و بەرهەمی فیشخاپور ٥٦٫٣٢٠ بەرمیل بەسەریەکەوە هەردوو کێڵگەکە بەرهەمیان  لە ١١٠٫١٧٠بەرمیل نەوت بووە بەڵام بەشێوەیەکی بەردەوام لەساڵی نوێوە بەرهەم لەزیادبوندایە  بەشێوەیەک لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە رۆژانە  ١١٠،٩٠٠ بەرمی و لە مانگی شوباتدا ١١٢،٠٠٠ بەرمیل و لە مانگی ئازاردا بۆ ١١٣،١٠٠ بەرزبووەتەوە تا ئەوەی لەسەرەتای مانگی نیاساندا بەرهەم گەشتوەتەو ١١٥،٥٠٠ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.

٢- کێڵگەی شێخان   

لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە٢٩,٤ ملیۆن دۆلار یان وەرگرتووە، لەم بڕە کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی  ٢٣ملیۆن دۆلاری وەر گرتووە بۆ شایستەی شوباتی ٢٠٢١ لە کێڵگەی شێخان. بڕی ٢٢,٣  ملیۆن دۆلار شایستەی فرۆشی نەوتی شوبات بووە کە ١٧,٥ ملیۆن دۆلاری  بۆ گۆڵف کیستۆن و ٤,٨ ملیۆن دۆلار بۆ ئێم ئۆ ئێڵ. هەروەها بڕی ٧,١ ملیۆن دۆلار وەکو شایستە دواخراواکان وەرگیراوە ،لەم ىڕە ٥,٥ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و بڕی ١,٦ ملیۆن دۆلار بۆ  ئێم ئۆ ئێڵ وەکو شایستەی مانگە دوا خراوەکان وەر گرتووە. داهاتی کۆمپانیاکان لەم مانگەدا بەراورد بە مانگی پێشو ٤,٢ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە کە دەکاتە رێژەی ١٤٪. بەرهەمی کێڵگەی شێخان.

لە کانوونی دووەم دا بەرهەمی رۆژانە بریتی بووە لە ٤٠٥ ,٤٤بەرمیل نەوت. کێڵگەی شێخان  دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا.

٣- کێڵگەی ئەتروش

کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی ئەتروش  لەم مانگەدا بریتی بووە لە ٣٠,٣ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شاماران کە پشکی ٢٧,٦%کێڵگەکەی هەیە بڕی ١٠,٥ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. شایستەی فرۆشی نەوتی مانگی شوباتی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بریتیە  لە ٢٣,٨ ملیۆن دۆلار  لەم بڕە پشکی شامارەن بریتی بووە لە ٨,١ ملیۆن دۆلار و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە بڕی  ١٥,٧ ملیۆنی وەرگرتووە. هەروەها بڕی ئەو شایتسە دواخراوانەی لەم مانگەدا کە وەرگیراوەتەوە بریتی بووە لە ٦,٥ ملیۆن دۆلار ، کۆمپانیای شاماران بڕی ٢,٤ ملیۆن دۆلار و تاقەش ٤,١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووەتەوە. داهاتی کۆمپانیاکان تەنها لە شایستەی مانگی شوبات بڕی ٥,٤٥ ملیۆن زیادی کردووە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم کە دەکاتە رێژەی  ١٨٪ .

تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا بریتی بووە لە ٤٧٫٤٥٠  هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٧/٣/٢٠٢٠دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت.

٤- کێڵگەی سەرتە

کێڵگەی سەرتە دووەمین مانگە شایستەی فرۆشی نەوت وەردەگرێت  یەکەم جار  کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی شایستەی دارایی مانگی کانونی یەکەمی کێڵگەی سەرتە وەرگرت. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بۆ مانگی شوبات بریتی بووە لە ٤,٣     ملیۆن دۆلار . پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی   ١,٦  ملیۆن بووە و ئەو    ٢,٧  ملیۆنەی دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیای شیڤرۆنە ( پشکی شیڤرۆن لەسەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکە وەرگیراوە). ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنی بازرگانی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی کێڵگەکە زیاتر لە ١٠٫٠٠٠ بەرمیل نەوتە لەڕۆژێکدا. کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە.

٥ – کێڵگەی تەق تەق

گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە  کۆمپانیاکە بڕی ١,٩ ملیۆن دۆلاری وەکو شایستەی  مانگی شوبات وەرگرتووە و بڕی ٠,٧ ملیۆن دۆلاری لەبری شایستە دواکەوتووەکان وەرگرتووەتەوە، هەروەها کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٦% هەیە بەو پێیە بێت کۆمپانیاکە بڕی شایستەی بۆ شوبات کردوویەتییە  ١,٥ ملیۆن دۆلار و  شایستەی  دواخراویش دەبێت ٠.٤ ملیۆن بووبێت. کەواتە کۆی پارەی وەرگیراو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە نزیکەی ٤,٥ ملیۆن دۆلارە. تێبینی دەکرێت لە گەڵ ئەوەی نرخی نەوت لەمانگی شوباتدا بەرزبووە بە پێچەوانەی کێڵگەکانی ترەوە داهاتی ئەم کێڵگەیە کەمی کردووە ئەوێس بەلێکدانەوەی ئێمە بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمی کێڵگەکە دەگەڕێتەوە.

بەرهەم لەم کێڵگەیە ٧,٠٠٠ بەرمیل دابەزیوە لە کاتێکدا لە چارەکی سێهەمی ئەمساڵدا ١١,٢٦٠ بەرمیل بووە واتە بەڕێژەی ٣٧٪ بەرهەم کەمی کردووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لەساڵی ٢٠١٥ دا ئە ڕۆژانە ١٢٨ هەزار بەرمیل  بووە، بەڵام بەهۆی هاتنە ناوەوەی ئاوێکی زۆر بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە بەرهەمی  زۆر کەمی کرد و بەردەوامیش بەرهەمی لەکەم کردندایە.

٦- سەرسەنگ

لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی ئەمەریکی  خاوەنی ٦٢٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی ١٨٪ ی پشکەکان .  تەنها پشکی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن لە شایستەی شوبات بریتی بووە لە ١٤.٢ ملیۆن دۆلاربووە  لەسەر بنەمای پشکی ئێچ کەی ئێن تۆتاڵ دەبێت ٤,٧ ملیۆن دۆلاری وەرگرتبێت. کەواتە شایستەی شوباتی  کۆمپانیاکان لە  کێڵگەی سەرسەنگ بریتی بووە لە ١٨,٩ ملیۆن دۆلار بووە.  کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن لەمانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ کۆمپانیاکە بڕی ١٦٫٣ ملیۆنی شایستەی دواخراوی مانگی ١١ی ٢٠١٩ ی وەر گرتووەتەوە، بەڵام  تا ئێستا هیچ بڕێک لە شوباتدا ڕانەگەیەنراوە.

کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆکە و ئاستی بەرهەمی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا  رۆژانە بریتی بووە لە ٣١٫٥٠٠ بەرمیل نەوت.

٧- هەولێر

  لە کێڵگەی هەولێر و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم  کاردەکات و پشکی ٦٥٪ لە کێڵگەکەدا هەیە لە ئێستادا شایستەکانی بۆ مانگی و شوباتی  ٢٠٢١ ڕانەگەیاندووە ئاستی بەرهەمی ئەم کێگەیە لە مانگی شوباتدا ١١٫١٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا . زۆر جار ئەم کۆمپانیایە بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی چالاکییەکان و شایستەکانی ڕادەگەیەنێت.
کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە و گازپرۆم لە گەرمیان دوو کۆمپانیان تائێستا بەهیچ شێوەیەک شایستەکانیان ڕانەگەیاندووە. بەرهەمی خورمەڵە بە ١٧٠ هەزار و گەرمیان بە ٣٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت.

کۆی بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگانەی کە شایستەی مانگی کانوونی دووەمیان ڕاگەیاندووە بریتییە لە ٢٥٥٫٨٩٥ بەرمیل نەوت کە دەکاتە ٥٥٪ ی کۆی بەرهەمی هەرێم. شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایەنە لەو شەش کێڵگەدا کە وەریان گرتووە بریتییەلە ١٦٤٫٤ ملیۆن دۆلار.

لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا دە (١٢ )مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینیان شایستەی مانگی کانوونی دووەمە. وەهەر لە مانگی ئازاردا حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاندووە کە شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم ٢٠١٩ و کانوونی یەکەم و شوباتی ٢٠٢٠ دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە ٥٠ دۆلار.  کۆمپانیا نەوتییەکان لە گەڵ شایستەی کانوونی دووەمدا یەکەمین بڕی شایستە دواخراوەکانیان وەرگرتەوە و ئەم مانگەش بۆ جاری دووەمە شایستە دواخراوەکانیان وەردەگرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand