Draw Media

په‌ندی تێپه‌ڕاندنی بودجه‌و میدیای ناپرۆفیشناڵ..!

په‌ندی تێپه‌ڕاندنی بودجه‌و میدیای ناپرۆفیشناڵ..!

2021-04-04 06:38:12


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
  بۆشاییه‌كی به‌رچاو‌ له‌ دیاریكردنی زانستییانه‌ی چۆنیه‌تی تێپه‌ڕاندنی بودجه‌دا هه‌یه‌. میدیاكان له‌ عێراق و كوردستانیشدا، هۆكارێكی دروستكردنی ئه‌و بۆشاییه‌ن، چونكه‌ زۆربه‌یان سه‌ربه‌ گروپه‌ سیاسییه‌كانن. هه‌ر میدیایه‌كیش وابه‌سته‌ی گروپێكی دیاریكراو بێت، یان كاراكته‌ره‌ ده‌ستڕۆیشتوو و پاره‌داره‌كانی ناو ئه‌و گروپانه‌، ئه‌وا بێگومان بایه‌خ ته‌نها به‌ كۆمه‌ڵێك پرس ده‌دات كه‌ بۆی ده‌كرێنه‌ راسپارده‌. واته‌ له‌ كۆتاییدا ناهێڵرێت، وه‌ك پێویست، به بنه‌ماكانی‌ وردبینی، ئازادی، ئازایی، بابه‌تیبوون، راستگۆیی، رووماڵی رووداوه‌كان بكرێت كه‌ هه‌موو ئه‌وانه كۆمه‌ڵێك بنه‌مای پیشه‌یی سه‌ره‌كیین بۆ هه‌ر میدیایه‌ك كه‌ بیه‌وێ، به‌ مانای وشه‌، پرۆفیشناڵ بێت‌.
   تێپه‌ڕاندنی بودجه، به‌گشتی، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیكایه‌ته‌ میدیاییانه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ن، زاده‌ی دابینكردنێكی رێژه‌ییانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی ئه‌و گروپه‌ سیاسییانه‌ی عێراق و هه‌رێم بوو‌ كه‌ پێگه‌یه‌كیان له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا هه‌یه‌. ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ش، زۆرجار ده‌كرێته‌ شوێنی بڕیاردان و ده‌ستهه‌ڵبڕین بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ پێشوه‌ختانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی ساتوسه‌ودا سیاسی و ئابوری و ته‌نانه‌ت گروهی و كه‌سییه‌كانداو له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌وه‌و له‌ مه‌تبه‌خی سیاسیی جیاجیادا،‌ ده‌كرێن. 
  ئاشكرایه‌، بودجه‌كه،‌ نه‌ رووناكی ئه‌بینی و نه‌ تێ ئه‌په‌ڕی به‌بێ ئه‌م پرۆسه‌ ئاڵۆزه‌، له‌مه‌شدا كێ به‌شێكی زیاتری لێ پچڕیوه‌و كێ كه‌متر، كێ ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌و كێ بچووك، كێن وه‌ك بكه‌ری سه‌ره‌كیی ناو روودا‌وه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌ون و كێ لاوه‌كی، سه‌رله‌به‌ر، مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی و پڕوپاگه‌نده‌یی په‌تییه‌، سیاسه‌تیش واته‌ دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیش له‌ دۆخی پتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كدا، چ جای به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ریه‌ككه‌وتوو!، ئه‌وا به‌ سروشتی حاڵ ده‌كه‌ونه‌ ناو دانوستان و سات و سه‌وداوه‌، له‌م گه‌مه‌یه‌شدا هه‌موو جارێك، وه‌ك گروپی سیاسی، بڕێك گره‌و ده‌به‌یته‌وه‌و بڕێكیش ده‌دۆڕێنیت. ئه‌زموونی میدیای عێراقی و كوردستانی، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ش ناپرسنه‌وه‌ كه‌، ئاخۆ، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لانی عێراق، له‌ناو گه‌مه‌و گره‌وانه‌دا، تاچه‌ند ره‌چاوكراون، بودجه‌ی ساڵانه‌ی وڵات، كوێی ژیانی وڵات و هاووڵاتییانی ئاوه‌دان و تێر كردووه‌، كوێشی پشتگوێخستووه‌و كردۆته‌ قوربانی؟!. 
  میدیای نا پرۆفیشناڵ، به‌ سروشتی حاڵ، دیوه‌ جیاوازه‌كانی ناو ئه‌م گه‌مه‌ ئاڵۆزانه‌ی سیاسه‌ت ئاشكرا ناكات، هیچ رووماڵێكی بنكۆڵكارییان بۆ ناكاو به‌دوایاندا ناچێت، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ ئه‌ركانه‌ كه‌ ئه‌ركی گرنگی بواری راگه‌یاندنن، هه‌رزوو پرۆسه‌ی به‌ پاڵه‌وانكردنی گروپه‌ سیاسییه‌كان و كاراكته‌ره‌كانی ناویانیان لێ تێكده‌دات و سیحری گه‌مه‌كان و ئیدیعاكان به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌!. گه‌مه‌ی پشتگوێخستنی به‌شێكی روداوه‌كان و نهێنییه‌كانیان و زه‌قكردنه‌وه‌ی هه‌ندێكی تریان، گه‌مه‌یه‌كه‌‌ ئاشكرا، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی میدیایه‌ك له‌ ئارادا هه‌بێ كه‌ بۆ رای گشتیی ئاشكرا بكات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، له‌ پارادۆكسێكی چاوه‌ڕوانكراودا، خودی ئه‌و میدیا وابه‌ستانه خۆیان‌، له‌ دۆخی ململانێی گروپه‌ سیاسییه‌كانیاندا بۆمان ڕووت ده‌كه‌نه‌وه. واته‌ ئه‌وه‌ی نه‌وترێ و وتنی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گروپێكی سیاسیی دیاریكراودا بێت ئاشكرای ده‌كه‌ن‌، ئه‌وه‌شی كه‌ ئه‌وترێ و پشتگوێخستنی له‌ قازانجی گروپێكی تری سیاسیدا بێ، پێچه‌وانه‌كه‌ی زه‌ق ده‌كه‌نه‌وه‌!، ئا ئه‌مه‌ش، به‌ دیاریكراوی، كاره‌ساتی غیابی میدیای پرۆفیشناڵه‌‌.
  ئه‌و دۆخه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمیشدا، هه‌مان شته‌. ڕاسته‌ میدیا وابه‌سته‌كانیش ئه‌زموونی جیاوازیان هه‌یه‌، مومكینه‌ به‌شێكیان خاوه‌نی گوتارێكی سه‌رنجڕاكێشتر بن له‌هیی دیكه‌یان، یان‌ هه‌ندێكیان له‌وانیتریان كه‌متر له‌م گه‌مه‌ سیاسی و پڕوپاگه‌نده‌ییه‌ی میدیاوه‌‌ بگلێن، چونكه دواجار مه‌رجی به‌ده‌ستهێنانی مسداقییه‌ته‌، به‌ڵام ئه‌وان، له‌ كۆتاییدا، به‌گشتی، هیچیان ناتوانن خۆیان له‌م وێنه‌یه‌ بپارێزن كه‌ به‌ده‌ستی خۆیان ده‌یكێشن: وێنه‌ی وابه‌سته‌یی سیاسی و حزبی، چ راسته‌وخۆبێ، یان ناڕاسته‌وخۆ.
    كاره‌كه‌ ئێستا له‌وه‌دا نه‌ماوه‌ كه‌ ته‌نها شاره‌زاو ئه‌كادیمیانی بواری ماسمیدیا بن كه‌ درك به‌م دۆخه‌ میدیاییه‌ نا پیشه‌ییه‌ بكه‌ن، نا، به‌ڵكو له‌ ژێر كاریگه‌ریی ململانێی نێوان گروپه‌ سیاسییه‌كاندا، ئه‌مڕۆ نه‌خوێنده‌وارێكیش به‌ ئاسانی هه‌ست به‌ وابه‌سته‌یی و ماشێنی پڕوپاگه‌نده‌یی میدیاكانی عێراق و كوردستانیش ده‌كات.
   پرسی تێپه‌ڕاندنی بودجه‌، دیسانه‌وه‌ په‌ندێكی تری رووماڵی ناپیشه‌ییانه‌ی پیشانداین كه‌ له‌ كۆتاییدا هاووڵاتییه‌كی ساده‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕو رۆژنامه‌كان، یان رادیۆ و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان بپشكنێ، پێشوه‌خت بزانێ كه‌ گوتاری ئه‌و ئامرازانه‌ی میدیا چۆن یاریی به‌ رووداوه‌كان و زانیارییه‌كان و فاكته‌كان ده‌كه‌ن و نهێنیی ئه‌و شه‌ڕو هه‌راو هوریایانه‌شیان، له‌چییه‌!. 
    ئه‌م په‌ندانه‌، به‌ داخه‌وه‌، هه‌رگیز په‌ندیان لێ وه‌رناگیرێت!، له‌وه‌ كاره‌ساتبارتر راهێنانی زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری وه‌رگره‌ له‌ عێراق و هه‌رێمدا به‌م تایپه‌ ناپیشه‌ییانه‌ی كاری میدیایی، به‌ جۆرێك كه‌، ئه‌گه‌ر میدیا وروژێنه‌رو پڕ كه‌فوكوڵ و بانگه‌شه‌كار نه‌بێ، ئه‌گه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی ململانێ سیاسییه‌كان و چه‌له‌حانێی گروپه‌‌كان نه‌بێ، ئه‌وا تاقه‌تی چاودێریكردنی هیچ میدیایه‌كیان نه‌بێ كه‌ ئه‌م تایپه‌ ناپرۆفیشناڵانه‌ تێپه‌ڕێنێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ زۆر میدیاكاری ئه‌كادیمی و شاره‌زای له‌ عێراق و كوردستانیشدا وا لێكردووه‌ كه‌ دوور بگرن له گه‌مه‌ی میدیاكان، یان‌ ئیش بۆ هیچ خه‌ون و پرۆژه‌یه‌ك نه‌كه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و تایپه‌ زاڵكراوانه‌ له‌ میدیا.
    هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌مڕۆ ئاگایی به‌ركه‌وته‌ی میدیا له عێراق و كوردستانیشدا كه‌ هاووڵاتیانی ئاسایین‌، به‌ جۆرێك شێوێنراوه‌، چه‌ند درك به‌ كه‌موكوڕیی ئه‌و میدیا ناپیشه‌ییانه‌ بكه‌ن، چه‌ند به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ئازاری ده‌روونی بچێژن، له‌ كۆتاییدا، گوتاره‌كانیان، وه‌ك ده‌رمانی بێهۆشكه‌ر، له‌ناو‌‌ خوێنیاندا ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌وان‌ له‌ غیابی كه‌له‌پوری میدیای لیبراڵ و پیشه‌یی هه‌م له‌ مێژووی عێراق و هه‌م كوردستانیش، به‌ ئاسانی به‌ده‌ست ئه‌م تایپه‌ میدیایانه‌وه‌ ئالووده‌ ده‌بن و ناتوانن به‌ ته‌واوی پشتیان تێ بكه‌ن، یان به‌دوای میدیای جێگره‌وه‌و، میدیای پرۆفیشناڵ و بنكۆڵكاردا بگه‌ڕێن و بۆیان ببنه‌ ده‌رمانی چاره‌سه‌ر.  
   ‌        

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand