بودجە چۆن پەسەند کرا...؟
2021-04-01 09:48:58
سەهین موفتی
یەکێتی ( ئۆکتۆبەرچییەکان)، بە پیلان، دەیانەوێت دەستکەوتی پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ئێڕاق بکەن بە هی خۆیان، بۆیە پێویستە دەزگا مێدیاییەکان، بەتایبەتی مێدیاکانی پارتی و نێزیکەکانییان راستی بابەتەکە بۆ هاونیشتیمانییان روونبکەنەوە.
چونکێ، پێداگیری مەسرور بارزانی و سووربوونی، پاشان قبوڵنەکردنی شکانی ئیرادەی گەلی کورد، لە سەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، ئەم پڕۆژەیەی بەم شێوەیە تێپەڕاند، لە کاتێکدا چەند لایەنێکی سیاسی(کوردی) لە ناوخۆو بەغداش بە ئاشکرا هەوڵییان دەدا شکۆو هەیبەتی کوردستان رادەستی حکومەتە تڕۆهاتەکەی بەغدابکرێت، ئەو حکومەتەی بە رۆژی روون دەنێو شەقامەکانی بەغداد هەڕەشەی گوێبڕینی سەرۆکوەزیرانەکەی دەکرا...!
لەلایێکی دی، ئۆکتۆبەرچییەکان هەموو هەوڵێکییان دەدا پرسی کوردو کوردستانییان تەنێ لە چوارچێوەی مووچە کۆبکەنەوەو هەرچی دەستکەوتی چەندین ساڵەی وەدەستکەوتوو بەخوێنی هەزاران هەزار شەهیدو قوربانی هەبوو، بخرێتەوە ژێر هەیمەنەی عەمامە بەسەرەکان، لێ ئەوە مەسڕور بارزانی بوو، هەمدیس نەچەماو هەموو فشارو کێشەو قەیرانەکانی کاڵ کردنەوەو تەنانەت بە داهاتی ناوەخۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی دابینکرد...!
ئەوە سەرۆکی حکومەت بوو، تەحەمولی هەموو فشارێکی کرد و رێنمایی بۆ شاندی هەرێمی کوردستان، بەردەوام ئەوە بوو کە نابێت لە بەرامبەر مافە دەستوورییەکانی کوردستان سازش بکەن و سەر نەوی کەن...!
هەر ئەم ئۆکتۆبەرچییانە بوون، دەیانگووت" قوباد هیچ دەسەڵاتێکی نییە، بۆ ناشرینکردنی ناردوویانەتە بەغدادو سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات"، هەر ئەم ئۆکتۆبەرچییانەن لە دواهەمین ژەهر رشتنییان، پێش پەسەند کردنی پڕۆژەکە حکومەتی کوردستانییان بە حکومەتی مێیینە ناوبردو وێڕای سوکایەتی کردن بە دایک و خوشک و ژنانی ئەم وڵاتە، سوکایەتییان بە قوبادیش کرد، کە بەشێکە لەم حکومەتە....!لە کاتێکدا قوباد، بەفەرمان و رێنمایی بارزانی خۆیی و شاندەکەی هەنگاوییان دەناو بەردەوام و دواهەمین راوێژییان، هەر مەسڕور بارزانی بوو...!
بەڵێ مەسڕور بارزانی بوو بەردەوام لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ کازمی و حەلبووسی و، سەدرییەکان، حەکیمییەکان، تەواوی لایەنە سیاسییەکانی دی و بەردەوام لە سەر هێڵی پەیوەندی بووە و قبوڵی نەکرد، ویست و خواستی گەلی کورد، بێ هیوا بێت.
ئێستیێ، ئۆکتۆبەرچییەکان و سەردەستەکەشیان(لاهور) کە باسی سەرکەوتن دەکەن، لە بیر خۆیان دەبەنەوە کە داوایان دەکرد سلێمانی بە دەردی کەرکووک ببەن، تەنێ لە پێناو دابینکردنی مووچەیەکی سەشۆڕانە، بۆیێ ئەوەی پاڵەوان بوو قوبادەکەی ئەنجومەنی وەزیران بوو، بە رێنمایی و فەرمانی مەسڕور بارزانی، نەک ئامۆزای سەردەستەی ئۆکتۆبەرچییەکان.