Draw Media

کۆڕەو، هەنگاوێک لە بە نێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد

کۆڕەو، هەنگاوێک لە بە نێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد

2021-03-31 08:31:33


    هیوا سەید سەلیم
  زۆر جار دەبیستین کە دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان بەرهەمی راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ خەڵکی کوردستانە، کە لە ماوەی تەنیا لە دە رۆژدا بەشی هەرە زۆری خاکی کوردستان لە ژێر چەپۆکی رژێمی داگیرکەری بە‌عس ئازادکرا. 
ئەگەر لە پاڵ ناوهێنانی راپەڕین باس لە کۆرەویش نەکرێت ئەوا غەدرێکی گەورە لە کۆڕەو دەکرێت، چونکە ئەگەر پڕۆسەی راپەڕین بەرهەمەکەی راماڵینی دەسەڵاتی سەرکوتکەری بەعس بووبێت ، ئەوا کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان گەورەترین راپرسی بوو بۆ رەتکردنەوەی گەڕانەوەی رژێمەی بەعس، کە بەهۆی سەرکوتکردنی راپەڕین خەریک بوو تەواوی خاکی کوردستان کە بە خوێنی سەدان شەهیدی قارەمان لە پێشمەرگە و هاوڵاتی ئازداکرابوو داگیر بکاتەوە.
کۆڕەو، کە دواتر بە کۆچی ملیۆنی ناوی دەرکرد،  پڕۆسەیەکی خۆڕسکانەی خەڵکی کوردستان بوو، کە خەڵک بە تێکڕا لە شارەکان و لادیکانی کوردستان روویان لە شاخە سنووریەکان کرد،  و دەستبەرداری ژیانی ئاسایی خۆیان بوون،  و بۆ چەند مانگێک ژیانێکی کوڵەمەرگیان هەڵبژارد.
 دیمەنە ناخ هەژێنەکانی کۆڕەو، لە مردنی بە کۆمەڵی منداڵ و پیروپەکەتەکان لە برسان و لە سەرمان، و فشاری دەوڵەتی عێراقی لەسەر خەڵکی کوردستان،  بە تایبەت لە شارە گەورەکانی وەک کەرکوک و هەولێر و سلێمانی،  کە کەتبوونەوە ژێر دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی عێراق، هەروەها فشاری جەماوەری کۆچکردوو بۆسەر سنوورەکانی ئێران و تورکیا، وای لەو دوو وڵاتەکرد کە رۆژانی ٣-٤ مانگی نیسانی ١٩٩١،  بە فەرمی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش لە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی کە بە هۆی کۆرەوی خەڵکی کوردستان رووی لە سنووری ولاتەکانیان کردووە ئاگاداربکەنەوە.
کۆڕەو، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی کە لە ئەساسدا ئەرکی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشە لە تەواوی جیهان،  ئەو ئەنجومەنەی خستنە بەردەم بەرپرسیاریەتێکی گەورە، بۆیە دوای ناردنی نامەی هەریەک لە ئێران و تورکیا،  و بە پێداگری فەرەنسا وەک ئەندامی هەمیشەی لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەو ئەنجومەنە لە رۆژی ٥/٤/١٩٩١ بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەرکرد کە بە بڕیاری ٦٨٨ ناسراوە.
ئەو بڕیارە کە لە کۆی ١٥ ئەندامی هەمیشەی و کاتی ئەنجومەنی ئاسایش تەنیا سێ و دەوڵەتی ئەندامی کاتی لە دژی دەنگیان دا،  کە هەریەک لە (کوبا، یەمەن، زیمبابۆی) بوون، بە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی چەتێرێکی یاسایی بۆ پاراستنی خەلکی کوردستان دادەنرێت.
بڕیاری ٦٨٨،  کە ناوەڕۆکەکی بریتی بوو لە هەشت خاڵ، بە ڕوونی باس لە سەرکوتکردن و قڕکردنی رژێمی عیراق دەکات،  لە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی بە تایبەت لە ناوچە کوردیەکان، هەروەها لە بڕیارەکە داوا لە ولاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسیاش دەکات لە هەوڵی بەهاناوەچوونی ئەو ناوچانە دابن.
شایانی باسە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە تەمەنی دامەزراندنی نەتەوەیەکگرتووەکان ( UN) ، بە یەکێک لە گرنگترین ئەو  بریارانە دەژمێردرێت کە لە بەرژەوەندی کورد درابێت، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش کە گرنگترین ئاژانسی جێبەجێکردنی نەتەوەیەکگرتووەکانە بڕیاری ناوچەی دژەفڕین لە هێلی ٣٦ بەسەر رژێمی بەعس دەسەپێنێت.
لیرەدا تێدەگەین کە کۆڕەو چەندە پڕۆسەیەکی گرنگ بووە، بەڵام لەنیو ئەو پرۆسەیەشدا کە کارەکتەرەکانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بوونە ، دەبێت هەمیشە رۆڵی وڵاتی فەرەنسا، بە تایبەت هەڵوێستی دۆستانەی دانیال میتران بەهەند وەربگیرێت، کە چۆن توانی فەرەنسا ناچار بکات تەبەنی بڕیارێکی گرنگی وەک بڕیاری ٦٨٨ لە ئەنجومەنی ئاسایش بکات.
لە ئێستادا کە ٣٠ ساڵ بەسەر ڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان، و دەرچوونی بڕیاری ٦٨٨ دەردەچێت، دەرکەوت کە کۆڕەو، وەک ریفڕاندۆمێکی خۆڕسکانەی خەڵکی کوردستان،  توانی رای گشتی جیهانی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بگۆڕیت. بەڵام لە ماوەی ئەو٣٠ ساڵەدا لە هەرێمی کوردستان رووداوی وا رویداوە،  کە زۆرجار خەریک بوو پێچەوانەکەی ببینین ئەویش بە لەدەستدانی سۆز و پشتیوانی نێودەوڵەتی.
 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand