فەڕەنسا چی لە هەرێم دەوێت ؟
2021-03-30 19:52:43
فەرحان جەوهەر
فەڕەنسا لەم ساڵانەی دوایی بەتایبەتی لە کاتی هاتنی داعشەوە تا ئێستا گرنگییەکی زیاتربە عیراق و کێشەکانی دەدات ، بۆ ئەوەی عیراق وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری و دوور لە دەست تێوەردانی وڵاتانی دراوسێ بمێنێتەوە ، پێویستییەکی زۆریان بە هەرێمی کوردستانە ، داوای سەرەکی فەڕەنسا لە هەرێم ئەوەیە ، یارمەتییان بدات بۆ ئەوەی عیراق وەک وڵاتێکی یەکگرتوو خاوەن سەروەری ، سیستەمێکی مەدەنی دوور لە مەزەب گەرایی ، رزگاربوونی لە هەژموونی وڵاتانی دەوروبەربمێنێتەوە ، هێنانەدی ئەم ئامانجەی رۆژئاوا بەگشتی و فەڕەنسا بەتایبەتی لە عیراق ، بەبێ هەرێمی کوردستان ئەستەمە ، بۆیە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان هەرێمێکی یەکگرتووی بەهێزبێت لە ناو عیراقدا ، کە بتوانێ پارێزگاری لەو هاوسەنگییە مەزهەبی و نەتەوەیی و ئاینییە بکات . وێڕای ئەوەی دەیانەوێت هەرێمی کوردستانیش پارێزراوبێت ، لە دابەش بوون لە نێوان وڵاتانی دراوسێ و نەبێتە بەشێک لەو هەوڵانەی کەدەدرێن بۆ ناجێگیری باری سیاسی و ئاسایشی ئەو وڵاتە ، بۆیە ئەوان زۆر بەپەرۆشن بۆزیاتر هاوکاری لە نێوان هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا، بۆئەوەی بتوانن پێکەو کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانە بکەن کە رووبەڕووی عیراق بوونەتەوە ، لەوانەش کەمرکردنەوەی کاریگەریەکانی حەشدی شەعبی لەسەر بڕیاری سیاسی حکومەت لە بەغدا ، هەروەها کەمکردنەوە و لاوازکردنی پێگەی پەکەکە لە خاکی هەرێم ، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە بیانوو بۆ لەشکر کێشی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم ، چونکە فەڕەنسا چەند دژی دەست تێوردانی ئێرانە لە کاروباری ناوخۆی عیراق ، بەقەد ئەوەندەو زیاتریش دژی دەستێوەردانی تورکیایە لەو وڵاتە و لەشکر کێشیەکانی بۆناو خاکی هەرێمی کوردستان .
ئەوەی دەمێنێتەوە پرسیاربکەین ئایا هەرێمی کوردستان تا چەند دەتوانێت یان لە توانایدا هەیە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی فەڕەنسا بێت ؟ ئەم دابەزینەی ماکڕۆن لە قادرمەکان بۆ نێچیرڤان بارزانی لە کاتی پێشوازی کردنی ، گرنگی و بایەخی پێگەی هەرێم نیشان دەدات لەوهاوکێشە سیاسیە ئاڵۆزانەی ناوچەکە بەگشتی .