فەڕەنسا دۆستی کوردە یان حکومەتی هەرێم ؟
2021-03-30 19:50:58
ئازاد جۆڵا
پەیوەندی نێوان فەڕەنسا و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەهێز نیە بەڵکو ئەوە پەیوەندی نێوان فەڕەنساو کوردە بە بەراورد بە وڵاتانی تری زلهێز مێژوویەکی هەیەو لەم ڕووەشەوە چەندین ڕووداو و هەڵوێست و بڕیار لەلایەن فەڕەنساوە دیارو بەرچاوە ، ئەم هەڵوێستانەی فەڕەنساش بەهۆی بەهێزی و سەرکەوتوویی دیبلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان نەبووە بەڵکو هۆکار گەلێکی جیهانی و ناوچەیی و نێوخۆیی هەن ، پەیوەندی فەڕەنساو هەرێم ئەگەر لەچوارچێوەی فەڕەنسا وەک دەوڵەت و هەرێم وەک سیستەمە حوکمڕانییەکەی ماوەی 30 ساڵی ڕابردوو سەیری بکەین نەک هەر باش نیە و نزیک نەبوون لەیەکتری بەڵکو ڕێک پێچەوانەو زۆرجاریش هەرێم بۆتە مایەی شەرمەزاربوونی فەڕەنساو بەفیڕۆچوونی هەوڵ و هاوکاری و پلانە ستراتیژیەکانی ، ئەگەر تەنها لایەنی ئازادی بیروڕاو دیمکراسیەت و هەڵبژاردن و دەستاودەستی دەسەڵات سەیر بکەین بەدرێژایی ئەم ماوەیە هەرێم هەنگاوێکی نەهاوێشت جێگای ئومێد و ڕەزامەندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەت فەڕەنسیەکان بێت ، ئەمە جگە لە پێشلی مافی مرۆڤ و بابەتی تیرۆر و ڕفاندن و بەرتەسک کردنەوەی ئازادیەکان ،
بابەتی هەڵکشانی گەندەڵی و ناشەفافی داهات و برسی کردنی خەڵک و گرێبەستە گوماناویەکان و دزینی مووچەی خڵک و ڕێگری لە داواو خۆپیشاندانەکان ئەمە بابەتێکە لای فەڕەنسیەکان زیاتر لە سەدەیەکە هێڵی سوورەو تازە لە هەرێم لە لووتکەیە ، ئەمە جگە لە نیگەرانی فەڕەنسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەبابەتی دۆخی پێشمەرگەو شێوازی پێکهاتەو بەحزبی کردنی تائێستاش هەرێم نەیتوانیووە پێشمەرگە بەشێوازێک ڕێکبخات وەک ئەوەی ئەوان دەخوازن و ببێت بە هێزێکی نیشتمانی و دوور لە بەرژەوەندی و دەست تێوەردانی سیاسی و حزبی و بنەماڵەیی ، لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە فەڕەنسا خاوەنی کەڵچەرێکە جیاواز لە هەموو جیهان و تەنانەت ئەوڕووپاش ، کە زۆر دوور و جیاوازە لە هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگاکەی ، بەڵام ئەوەی وایکردووە فەڕەنسا لەسەر ئاستی جیهان زیاتر لە ( گەلی کورد ) نزیک بێت بۆ ئەمەش کۆمەڵێک هۆکار هەن ، دەکرێ بەکورتی و وەک سەرەقەڵەمێک بیانخەینە ڕوو،
لەم دەیەی کۆتایی ، گۆڕانکاری گەورەو ستراتیژی لە شێوازو هەڵسوکەوت و بڕیار و دیبلۆماسیەی کۆشکی ئەلێزێ ڕوویدا ئەویش بەهۆی گۆڕانکاری لەناوچەی ڕۆژەهڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت دوای ئەوەی کە پێی دەڵێن ( بەهاری عەرەبی ) و جموجۆڵ و تەوژمی ئیسلامی سیاسی و بابەتی تیرۆر و دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوڕووپا و هەژموون و کاریگەری زیاتری ئەمریکاو ڕووسیا و لەولاوەش چین لەڕووی ئابووریەوە بەسەر ناوچەکەو بەتایبەتیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هەموو ئەمانە وای لە گەلانی فەدەنسا کرد هەست بە کەمبونەوەو پەراوێزخستنی وڵاتەکەیان بکەن ئەمەش وایکرد گۆڕانکاری لە سیاسەتی فەڕەنسا زۆر بە زەقی و بە خێرایی بێتە ئاراوە ، بۆ ئەمەش نمونە زۆرن ، وەک ئەوەی لیبیا و لبنان و سوریا و عێراق و توندی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیاو ئێران و چەندین نمونەی تر ،
کورد لەناوچەکە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە و دەیان جار ڕووبەڕووی جینۆساید و لەناوچوون بۆتەوە لەسەر دەستی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان و هەمیشە فەڕەنسا وەک پڕەنسیپ لە ئەنجومەنی ئاسایش و یەکێتی ئەورووپاو دژی ئەم تاوانانە وەستاوەتەوە و ڕێگری کردوە تەنانەت ئەگەر بەتەنهاش بووبێ ، فەڕەنسا دەزانی پرسی کورد پرسێکی ڕەوایەو لەڕووی جوگرافی و مرۆیی و ئابووری و سیاسیەوە کارتێکی گرینگە لەناوچەکەو ساڵانێکی زۆرە فەڕەنسا چاوی لەسەر ئەم دۆرەو ئەم ناوچەیە ، هەر بۆیە فەڕەنسا دەخوازێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆستی کورد بێ و هەمیشە هەوڵی پارێزگاری لە کورد و دۆزەکەی داوە ، بەڵام ئەوە کوردە و بەتایبەت کوردستانی عێراق و بەتایبەت تریش لە دوای ڕاپەڕینەوە نمونەیەکی زۆر خراپی لە ڕووی سیاسی و حوکمڕانی و دیبلۆماسی و ئابووری و مافی مرۆڤ و یەکتر قبوڵکردنیان پێشکەش کرد ، ئەم ئەزموونە حوکمڕانیەی هەرێم هۆکاربووە بۆ مانەوەی پرسی کورد تا ئێستا بەم شێوەیەو دوورکەوتنەو پچڕان و نیگەرانی بەردەوامی دۆستەکانمان و نەمانی متمانەی ئەوان بە داهاتووی سیاسی ئەم هەرێمە ، بەپێچەوانەوە ئەگەر هەرێم نمونەی حوکمڕانیەکی دیموکرات و مرۆڤ دۆست و شەفاف و لەنێوخۆدا بەهێزو ئاوێتەی خواست و ویستی خەڵک بوایە بەدڵنیاییەوە ئێستا دۆخەکە جۆرێکی تر و پێگەی کورد لە شوێنێکی تر و پەیوەندی و دیبلۆماسیەتی و دۆستەکانی کوردیش لە شوێن و بە جۆرێکی تر دەبوو ...
هەولێر