خەڵك دوو رێگای لە بەردەمدایە
2021-03-30 09:35:45
عەدنان تاڵەبانی
هاوڵاتیانی هەرێم لەبەرامبەر سیستمێكی سیاسیدان كە تەنها تایبەتە بەم دەسەڵاتەو تاقانەیەو لە هیچ شوێنكی جیهاندا بوونی نیە، دەكرێت بوترێت بەلای هیچ یەكێك لە مۆدێلەكانی حكومڕانیدا یەكلایی نابێتەوە.
ئەم سیستمە پشتبەستنی بە بنەما دیموكراسییەكان زۆر لاوازە، دەسەڵاتداران سەرباری ئەوەی بە قسەو دروشم واینیشاندەدەن پەیڕەوی لە سیستمی دیموكراسی دەكەن بەڵام خۆشیان ئەو راستیە باش دەزانن هیچ كەسێك دەسەڵاتەكەیان بە دیموكراسی نازانێت، ئاخر لە چ وڵاتێكی دیموكراسیدا هاونیشتمانی لەسەر كۆمێنت و لایكێك لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان روبەڕوی لێپێچینەوەو سزادان كراوەتەوە، یاخود لە چ سیستمێكی دیموكراسدا خۆپیشاندەر بە گوللە وەڵامدراوەتەوە، جگە لە سیستمە ستەمكار و دیكتاتۆرییەكان نەبێت!، دەتوانم بڵێم ئەو پەراوێزەش كە بۆ ئازادیی بوونی هەیە دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاری و ئازایی خەڵكی كوردستان خۆی.
مانەوەی ئەم سیستمە بەم شێوەیە كە پارتی و یەكێتی تیایدا دەسەڵاتداری سەرەكین و بەشێك لەحزبەكانی تریش بەشدارن، ئەوەندەی هەرێمی كوردستان بەرەو لێواری هەرەسهێنان كێشدەكات بەهیچ لۆژیكێك بەرەو قۆناغێكی باشتری نابات، ئەزموونی سی ساڵی رابردوو نیشانیداوە مانەوەی ئەم سیستمە واتە كەڵەكەبوونی قەیرانەكان و زیاتر برسیكردنی خەڵك و چاوەڕوانی روودانی هەڵەی گەورەو ستراتیژی زیاتری دەسەڵاتداران.
بۆ گۆڕینی ئەم واقیعەش دوو رێگا لەبەردەمدایە یان شۆڕشی چەكداری یان گرتنەبەری رێگای مەدەنی، مێژوو نیشانیداوە شۆڕشی چەكداری تەنها خاپوركردن و كوشتاری زۆر و پارچەپارچەبوونی وڵاتی بەدواوەوە بوەو لە باشترین حاڵەتیشدا سیستمێكی تر جێكەوتكراوە كە لەوەی پێشخۆی باشتر نەبوە، كەدڵنیام خەڵكی كوردستان خوازیاری ئەمە نیە، كەوابێت ئەبێ رێگای دووەم شا رێگا بێت و ئەزموونی گەلانیش لەبەرچاوە رێگای مەدەنی ئاكامەكەی ئاوەدانی و خۆشگوزارنی و پێشكەوتن بووە.
بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاوبێت دانیشتن و هیچ نەكردن و بەشدارینەكردنی هاوڵاتیان لەچالاكیە مەدەنی و سیاسیەكاندا دۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە لە دیدگای لۆژیكی مۆدێرنەوە داسەكنان و مەنگی كۆمەڵگا نەخۆشییە و بەپێچەوانەوە بزۆكی و جوڵە ئەو شتەن لە زۆربەی كاتەكاندا كۆمەڵگای لەسەر بنیات دەنرێت و دادەمەزرێت.
بۆیە بەشداری خەڵك لە پرسە سیاسیەكاندا گرنگە، دەسەڵات چەند بەربەست لەبەردەم رێگا مەدەنی و دیموكراسیەكاندا دروستبكات خەڵك دەبێت زیاتر جەخت لەسەر گرتنەبەری ئەم رێگایانە بكاتەوە، ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان و گردبونەوەو مانگرتن و نوسین و قسەكردن كەم نیە، لەسەروی هەمویانەوە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا رێگایەكی ئاسانە بۆ گۆڕانكاری.
لەهەر وڵاتكێدا هەڵبژاردن كرا مانای ئەوە نیە سیستمە سیاسیەكەی دیموكراسییە هەرێمی كوردستان بەنمونە، بەڵام تا هۆشیاری خەڵك بۆ هەڵبژاردن و بنەما دیموكراسییەكان زیاتر بێت تەمەنی ئەم دەسەڵاتەو حزبە نادیموكراتەكان كوردتر دەبێت و دەنگی هاونیشتمانیان پێوەردەبێت بۆ ئەو هێزەی حوكمی ئەم وڵاتە بكات, لە كوردستاندا هەڵبژاردن ئەگەر نەیتوانیبێت ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دروستبكات، بەڵام نا لۆژیكیە بوترێت هیچ كاریگەری نەبوە!.