بەغدا و هەرێم رێککەوتن تا رێک نەکەون
2021-03-21 07:13:34
هیوا سەید سەلیم
دوای چەندین جار سەردانی شاندی هەڕێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر یاسای بودجەی . سەرەنجام هەموو لایەک لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر سیغەیەک رێککەوتن، شایانی باسە رێکەوتنەکە جێگرەوەی ماددەی ١١ی پرۆژەی حکومەتە بۆ یاسای بودجە، کە دەمێکە وەک خاڵی ناکۆک گیریخواردووە لە نێوان هەرێم و ناوەند.
رۆژی ١٩/٣، هەردوولا گەیشتنە رێکەوتنێک، کە هەرێمی کوردستان دوای جیاكردنهوهی پشكی پێویست بۆ خهرجی و گواستنهوهى ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە، پێویستە ٢٥٠ ههزار بهرمیل رادهستی سۆمۆ بكات، و ههرێم پابهند دهبێت به رادهستكردنی %50ی داهاتی نا نهوتی به بەغدا.
لە بەرامبەر جێبەجێکردنى بڕگەکانى خاڵى دووی ماددەی ١١ی یاسای بودجە، بەغدا پابهند دهبێت به پێدانی شایسته داراییهكانی ههرێمی کوردستان، هەروەها وهزارهتی دارایی له سهرهتای ئەمساڵەوە قیستهكانی قهرزی پهیوهست به ههرێم له بانكی بازرگانی عێراق دادهنێت.
شایانی باسە لە ئێستا و رابردوودا، یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەەم رێک نەکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، بریتیە لە نە بوونی متمانە لە نێوانی هەردوولا، بۆیە ئەمجارەیان بۆ داڕشتنی یاسای بودجە، هەریەکەیان تا بۆیان کراوە مەرجەکانیان لەسەر یەکتری زیاتر کردووە.
بەغدا دەیەوێت هەرێم ناچار بکات داهاتی نەوتی رادەست بکات نەک نەوتەکە، ئەمەشیان دوو هۆکاری هەیە:
یەکەمیان ئەوەیە کە بەغدا چۆتە ژێر پابەندبوونێک لەگەڵ رێکخراوی ئۆپیک سەبارەت بە سنووردارکردنی هەناردەی نەوت بۆ بازارەکان.
دووەمیشیان بریتیە لەو کێشانەی لە گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێم هەن، بەغدا تا یەکلابوونەوەی شکایەتەکەی دادگای پاریس نایەوێت تەواوی کۆنتڕۆلی نەوتی هەرێمی بکەوێتە دەست.
لە بەرامبەر ئەو داوایانەی ناوەند لە هەرێمی کوردستان هەیەتی، هەرێم تەنیا بۆ ئەوەی سیاسەتی نەوتی لەدەست خۆی بمێنێتەوە بە مەرجە قورسەکانی بەغدا رازی دەبێت.
وێڕای تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیەی پەیوەست بە شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە لە لایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کاتژمێرەکانی دوایدا، کاتێک ئەنجومەن ئامادەکاری دەکرد بۆ دەنگدان لەسەر یاساکە، لایەنە شیعەکان بڕگەیەک لە یاساکە زیاددەکەن کە تیایدا هاتووە ( ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە رێککەوتنەکە ئەوا هیچ بودجەیەک لە عێراقەوە نانێردرێت)
هەموو لایەک دەزانین بۆ هەر رێکەوتنێک عیبڕەت لە جێبەجێکردنی دایە، بۆیە کاتێک مەرجی جێبەجیکردنی ئەو رێکەوتنامەیە وا قورس دەکرێت لەسەر یەکتری، تێدەگەین ئەوەی کراوە لە نێوانی هەرێم و بەغدا، رێکەوتنە بۆ رێک نەکەوتن، چونکە لە نێو رێکەوتنەکەدا کۆمەڵیک مینی چێندراو هەیە لە نموونەی پرسی یەکلاکردنەوەی كێشەو قەرزە دارییەكان لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ەوە و چاودێری داهاتی هەرێم و ووردبینی لیستی مووچە خۆران، چونکە ئەمانە مەرجی نەکردەن.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە ئەوەیە کە دیسان لە کاتی نەگەیشتن بە رێکەوتن، سزاکە بەسەر خەلکی کوردستان دەسپێندرێت، و باجە گەورەکەش خەڵکی کوردستان بە گشتی و چین و توێژی مووچەخۆران دەیدەن، وەک ئەوەی لە دوا بڕگەی زیادکراو هاتووە، کە لە حاڵی پابەندنەبوونی هەرێم بە رادستنەکردنی بڕی دیاریکراو بۆی لە نەوت و داهاتی ناوخۆ، هەرێم لە شایستە دارایی و مووچە و ئی دیکەش بێبەش دەکرێت.
هێشتان ماوە بزانین هەرێمی کوردستان دەچێتە ژێر باری بڕگە زیادکراوەکە، یان تەواوی ریسەکە دەبێتەوە بە خوری و خەرمانی ئەو هەموو هاتوچۆیەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بە با دەدرێت، با چاوەڕوان بین.