دوایین نامەی دیلە کوژراوەکانی گارە
2021-03-12 09:32:49
درەو:
بۆ سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمانی توركیا: بۆچی نامانكەنە بابەتی رۆژ و گرنگیمان پێنادەن لە میدیاكانەوە..؟؟ ئەی پەنا بۆ كوێ بەرین
ئەو دیلانە، کە سوپای تورک لە گارە کوشتنی، لە ئەیلولی ٢٠١٩دا نامەیان بۆ سەرۆک کۆماری تورک، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و سەرۆکی گشتیی جەهەپە نارد و لە نامەکاندا رەخنەی ئەوەیان لێگرتون، کە لەبەر چی بۆ ئازادکردنیان هیچیان نەکردووە.
سەرباز، پۆلیس و سیخوڕە دیلکراوەکانی تورک، کە لە ئەنجامی هیرشی داگیرکەریی سوپای تورک بۆ سەر گارە و بەهۆی بۆردومان و گازبارانکردنەوە کوژران، نامەی هاوبەشیان بۆ موستەفا شەنتۆپ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، کەمال قلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) ناردووە. دیلەکان نامەیان بۆ بنەماڵەکانیان و هەروەها نامەیان بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک ناردووە و داوایانکردوە، کار بۆ ئازادکردنیان بکرێت.
کۆپییەک لە نامە هاوبەشەکان لە سەرچاوەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ەوە دەست ئاژانسی هەواڵی فوارت (ANF) کەوتوون. نامەکان لە ٦ی ئەیلولی ٢٠١٩ دا نووسراون و ئیمزای سەدات سۆرگیون، ئومید گجر، سەدات یابالاک، وەدات کایا، حوسێن ساری، مەولود قەهوەچی، سەمیح ئۆزبەی، سولەیمان سونگیور، موسلیم ئاڵتنتاش، ئایدن کۆسە، عادل کاباکلی و م. ساڵح کانجانی پێوەیە.
لە نامەیەکدا، کە بە ناونیشانی "بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نەتەوەیی گەورەی تورکیا بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر موستەفا شەنتۆپ" دا نووسراوە، زانیاری لە بارەیانەوە، شێوە، کات و شوێنی دیلکردنیان لەلای دەزگا پەیوەندیدارەکاندا هەیە. راشیانگەیاندووە، جگە لە هاووڵاتییەک، پۆلیسێک و سەربازێکی ئەرکدار، ٤ سەبازی تریش هەیە، کە لە کاتی سەربازیی ناچاریدا دیلکراون لێرەدا هەن. لە نامەکەدا ئەوە هاتووە، ماوەی سەربازیی ئەو سەربازانە چەند ساڵ لەوە پێش کۆتایی پێهاتووە، هەر خۆی بە هۆی یاساکانی پەرلەمانەوە ماوەی سەربازی کەمکراوەتەوە بۆ ٦ مانگ و هەروەها سەربازیش بە پارە دەکڕدرێتەوە، بۆیە ئەم پرسیارەیان کردووە، "باشە تاوانی ئەو سەربازانە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بووە بۆ دەوڵەت؟" لە نامەکەدا ئەوەش دەستنیشانکراوە، هەمان ئەو پرسیارە لەلایەن بنەماڵەی سەربازەکانەوە چەندینجار لە بەردەم کامێراکاندا دووبارە کراونەتەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.
بۆ ٦٠٠ پەرلەمانتاری بخوێننەوە
دیلەکان رایانگەیاندووە، بەرپرسانی دەوڵەت کەم و زۆر دەزانن، کە ئەمان لە چ هەلومەرجێکدان و داوا لە موستەفا شەنتۆپ سەرۆکی پەرلەمان دەکەن، کە نامەکەیان لە بەردەم ٦٠٠ پەرلەمانتاردا بخوێنێتەوە. دیلەکان لە نامەکەیاندا ئەوەشیان وتوە، "باشە لەبەر ئەوەی کەسەکان لێرە راگەیاندکار و منداڵی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان نین، ئیدی خاوەنداری و پشتیوانییان لێناکرێت؟ ئێمە چاوەڕێمان نەدەکرد، کە دەوڵەتی کۆماری تورکیا زیاتر لە ٤ ساڵ، واتە نزیکەی ١٥٠٠ رۆژ خاوەنداری لە سەرباز و پۆلیسەکانی نەکات.
چاوەڕوانی بووین سەرەی ئێمەش بگات
وەک ئەو کەسانەی دیلکرابوون، چ هاووڵاتییانی کۆماری تورکیا و چ ئەو کەسانەی هاووڵاتیی تورکیا نەبوون، هەوڵەکان لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی گرتنی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ لەلایەن رێکخستنی تیرۆریستیی داعش بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی لە کۆنسوڵخانەکەدا بوون، بۆ ئەو کەسانەی لە نەیجیریا لەلایەن تیرۆریستانەوە دیلکرابوون، بۆ وەرگرتنەوەی ئەندامانی فەتۆ لە گابۆن، بۆ سەربازە ئۆکرانییەکان، کە لەلایەن رووسیاوە دیلکرابوون، بۆ ئازادکردنی تاتارەکانی کریمییە، بۆ ئازادکردنی رۆژنامەنووسە ژاپۆنییە دیلکراوەکانی دەستی قاعدیە دیالۆگتان کرد و لە ئەنجامی هەوڵەکان و دیالۆگ دا ئازاد بوون و گەڕانەوە بۆ ناو بنەماڵەکانی خۆیان و وڵاتی خۆیان. ئێمەش بە ئومێدەوە سەیری ئەو هەواڵانەمان کرد و بە ساڵان ئومێد و هیوامان ئەوە بوو، کە سەرەی ئێمەش بێت.
باشە دەبێت ئێمە داوا لە شوێنێکی تر بکەین؟
لە ساڵانی رابردوودا کەس نەیتوانی گارانتیی تەندروستی و ئاسایشی ئێمە بکات و ئێستاش ناتوانن. لە دۆخێکدا، کە ژیانمان گارانتیی نییە، ئێوە چۆن دەتوانن تەرمی ئێمە لێرە ببەنەوە؟ ئێوەش منداڵتان هەیە، خۆتان بخەنە شوێنی بنەماڵەکانمان، بۆ نمونە لە کاتی جەژن دا ئێوە چاوەڕێن منداڵەکەتان بێن و دەستتان ماچ بکەن، بەڵام ئەوە ٩ جەژنە ئێمە ناتوانین چاومان بە بنەماڵەکانمان بکەوێت و دەستیان ماچ بکەین. باشە ئێوە ئەگەر تەنها رۆژێک لە منداڵەکانتان دوور بن خێرا بە دوایاندا ناگەڕێن؟ زیاتر لە ٤ ساڵە ئێمەش لە بنەماڵەکانمان دورین و هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵیاندا نییە. لەو دۆخەدا ئێمە چی بکەین؟ ئێمە دەمانەوێت ئێوە ویژدانتان هەبێت.
ئەگەر ئێمە تاوانبار دەکرێین، پێمان بڵێن، تاوەکو بیزانین
ئەگەر ئێمە تاوانبار دەکرێین، ئەوا مافی ئەوەمان هەیە لەوە ئاگادار بین و بیزانین. باشە لەسەر ئێمە بڕیاری سزادان هەیە؟ ئێمە دەمانەوێت ئەوە بزانین. وتەی 'سەبر بکەن' بۆ بنەماڵەکان تەنها بۆ دواخستن و نەبینینی کێشەکەیە. چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان کرابوو و ئومێدی بە ئێمە دابوو، بەڵام لەوەش ئەنجامێک دەستنەکەوت. بۆ لە چاوپێکەوتنەکەدا قسە لەسەر ئێمەش ناکرێت، بۆ نابین بە رۆژەڤ؟ کاتێک بنەماڵەی ئەو کەسانەی بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستیان بە مانگرتن کردبوو، لە بەردەم پەرلەماندا چالاکیی دانیشتنیان ئەنجامدا، ئێوە لەگەڵ ئەوان قسەتان کردبوو و وتبوتان، داواکەتان بە بەرێز سەرۆک کۆمار و بەڕێز عەبدولحەمید گول وەزیری داد دەگەیەنن. لەو بابەتەدا حیزبێکی سیاسی، یان کەسێک، کە داکۆکی لە مرۆڤەکان بکات، یان مرۆڤەکان ئازاد بکات، ئەو مرۆڤانە، کە تاوەکو کۆتایی تەمەنیان ئازاد بکرێن، بنەماڵە و دەورووبەرەکەیان قازانج دەکات و بۆلای خۆیان رایاندەکێشت. بەو تێگەیشتنەوە ئێمە داواتان لێدەکەین، کە بە بەرپرسیاریەتێیەکانتان هەستن".
بۆ سەرۆگشتی جەهەپە، کەمال قلیچدار ئۆغڵو
دیلەکان لەو کاتەدا نامەیەکیشیان بۆ کەمال قلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی گشتیی جەهەپە نارد. دیلەکان لەو نامەیەدا باسی قۆناغەکەیان کردبوو و رایانگەیاندبوو، "شەنەل ساریخان خانم سەرۆکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٦دا لەبارەی ئەم باتەوە لێدوانی دابوو، بەڵام ئەوە وەک پێویست نەبوو. ئێمە داواتان لێدەکەین، کە نامەکەمان و دۆخی ئێمە لە بەردەم کامێراکاندا بۆ رای گشتی بخەنەڕوو. داواتان لێدەکەین بە بەرپرسیاری هەستن".
داوا لە ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار
یەکێک لە دیلەکان بە ناوی سەدات سۆرگیون نامەیەکی بۆ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان نووسیووە. سەدات سۆرگیون لە نامەکەیەدا بۆ سەرۆک کۆماری تورک نووسیویەتی، "بەڕێز سەرۆک کۆمارم، با رەحمەت و بەرەکەتی خوا لەسەر ئێوە و وڵاتەکەمان بێت. ئینشائەڵا، ئامین". دوای ئەوەش سۆرگیون خۆی ناساندووە و باسی دیلبوونی خۆی و ئەو بارودۆخە کردووە، کە تیایدایەتی.
هاکان ئاتیلای بە بیرهێنایەوە
سۆرگیون لە نامەکەیەدا پرسیویەتی، "سەرۆک کۆمارم، من دەپرسیم، ئێمە کێین؟" و لە بەردەوامیی نامەکەیدا نووسیویەتی، "لێرە پێمان دەڵێن، 'دەوڵەت لە ئێوە ناپرسێت، خاوەنداریتان لێ ناکات، ئەگەر خاوەنداریتان لێ بکات دەتاننێرینەوە، ئێمە نامانەوێت ئێوە لێرە رابگرین'. وادیارە راست دەکەن. ئەوە ٤ ساڵ تێپەڕی، بەڵام سەرەی ئێمە نەگەیشت... بەڕێوەبەرانی رێکخستن (پەکەکە) دێن و قسەمان بۆ دەکەن و دەڵێن، 'با دەوڵەت داوای ئێوە بکات، ئێمە ئێوە ئازاد دەکەین، بەڵام کەس خاوەنداری لە ئێوە ناکات، ئەگەر ئێمە ئێستا ئێوە ئازاد بکەین، بە دڵنیاییەوە دەوڵەت دەتانکوژیت'.... کاتێک هاکان ئاتیلای جێگری سەرۆکی هاڵک بانک (دوای زیندانیکردنی لەلایەن ئەمریکاوە) گەڕایەوە بۆ تورکیا، ئێوە لە چاوپێکەوتنێکدا وتتان، 'هاکان ئاتیلا رۆڵەی ئێمەیە، ئەگەر ئێمە خاوەنداری لەو نەکەین، ئەی ئێمە خاوەنداری لە کێ بکەین؟ باشە دۆخی ئێمە چی بەسەر دێت سەرۆک کۆمارم؟ من ناڵێم، بۆ خاوەنداریت لەو کرد، بەڵام دەڵێم، ئێمەش هەین...".
نامەیان بۆ بنەماڵەکانیشیان نارد
دیلەکان لە هەمان کاتدا نامەیان بۆ بنەماڵەکانیشیان نارد. لە نامەکاندا بە زۆری باسی دۆخی خۆیان، حەز و خەون و چاوەڕوانییەکانیان دەکەن. هەروەها گلەیی و گازندەشیان کردووە.
ئێمە وەک گوناحێک و تاوانێک دەشاردرێینەوە
بۆ نمونە لە نامەکەی محەمەد ساڵح کانجا دا بابەتێکی سەرنجڕاکێش هەبوو. کانجا لە نامەکەیدا نووسیبوی، "بابەتێکی سەرنج راکێش ئەوەیە، کە دەزگاکانی راگەیاندن و میدیاکان بە هیچ شێوەیەک باس لە ئێمە ناکەن و نامانخەنە رۆژەڤ. ئاشکرایە ئیرادەیەک و بڕیارێک لە پشت ئەو بێدەنگییەوە هەیە. رەنگە ئەوە هۆکاری زۆری هەبێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئەو هۆکارانە چەند رەوان؟ ئەگەر بەرپرسانی دەوڵەت لەبارەی دۆخی ئێمەوە لێدوان و راگەیاندراو بڵاوبکەنەوە، ئەوە بۆ هەمومان لێرە دەبێتە ئومێد و هیوا، بەڵام بۆ ئێمە وەک قورسترین بار، یان وەک گوناحێک و تاوانێک دەشاردرێینەوە".