Draw Media

8ی مارس و پیرۆزباییه‌ نمایشییه‌كان..!

8ی مارس و پیرۆزباییه‌ نمایشییه‌كان..!

2021-03-08 18:12:51


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
پێم سه‌یره‌ هێشتا خه‌ڵكانێك له‌ واقعی ئێمه‌دا هه‌بن‌ خۆشباوه‌ڕانه‌ متمانه‌ به‌و بازاڕه‌ گه‌رمه‌ی پیرۆزبایی‌ له‌ 8ی مارس و ئه‌و به‌یاننامه‌ ره‌سمی و حزبی و رێكخراوه‌ییانه‌ بهێنن كه‌ له‌م یاده‌ جیهانییه‌دا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌. 
  كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، كێشه‌ی فه‌رامۆشكردنی فاكته‌‌ به‌ نمایش، داپۆشینی واقعه‌ به‌ دروشم. ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ حه‌زمان له‌ به‌ستنی په‌یوه‌ندییه‌كی سروتییانه‌یه‌(طقوسي) له‌گه‌ڵ یاده‌كاندا، ئه‌وه‌نده‌ چاوی ره‌خنه‌گرانه‌ به‌ هه‌قیقه‌تی خۆمان و ره‌فتاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی رۆژانه‌ماندا ناخشێنینه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئاره‌زووی رازاندنه‌وه‌و زه‌خره‌فه‌ی بۆنه‌كانین، نیو هێنده‌ بوێری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و به‌ره‌نگاریمان‌ له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كاندا‌ نییه‌.
  راستی ئه‌وه‌یه‌ واقعی ژن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، واقعێكی غه‌مهێن و ئازاربه‌خشه‌‌، نه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاكان، نه‌ له‌ناو حزب و رێكخراوه‌كان، نه‌ له‌ناو فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌كان، نه‌ له‌ناو قوتابخانه‌و زانكۆكان، نه‌ له‌ناو بازاڕو شوێنه‌ گشتییه‌كاندا، له‌ هه‌لومه‌رجێكی مرۆیی دڵخوازو خاڵی له‌ دڵه‌ڕاوكێ و ترس، ناژی.
   ئه‌مڕۆ زۆر ژنی سه‌لارو به‌ حورمه‌تی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ له‌به‌ر نێوبانگی خۆی و خێزانی، دان به‌خۆیدا ده‌گرێ و‌ زۆر دادو بێدادی ناهه‌قی و ره‌فتاری نائینسانییانه كه‌‌ له‌به‌رامبه‌ر خۆی و هاوڕێ و هاوپیشه‌كانیا ده‌كرێت، قوتده‌داته‌وه‌، ئه‌وان ده‌زانن له‌ناو سیسته‌مێكی نێرسالاری نا به‌ته‌نها، به‌ڵكو گونده‌سالاریی ئه‌وتۆدا ده‌ژین كه‌ ده‌رفه‌تی وه‌های‌ بۆ به‌رگریكردن له‌خۆ تیا نه‌ماوه‌، ئه‌وان هه‌ندێجار ته‌نانه‌ت ده‌بێ له‌ زۆر مافی سه‌ره‌تایی خۆیشیان بێده‌نگ و خۆش بن نه‌بادا له‌پڕ له‌ناو ئه‌م سیسته‌مه‌ دڵڕه‌ق و زاڵمه‌دا تۆمه‌تێكیان بۆ دابتاشرێ و، هه‌رزووش، بێ هیچ ئه‌گه‌رێكی به‌رگریكردن له‌خۆو ده‌رفه‌تێكی سكاڵاكردن، بكه‌ونه‌ به‌رده‌م نه‌فره‌تی سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تیش و بۆ هه‌تایه‌و كوێرانه‌ كاراكته‌ریان بشێوێنرێت‌.
  هه‌ر به‌ راستی، بۆ ناپرسن: كێیه‌ بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی پاره‌ی حه‌رامی زیاتر، به‌ سه‌دان ئافره‌تی كوردو عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م ده‌قۆزێته‌وه‌و یانه‌كانی شه‌وانی پێ گه‌رم ده‌كاو ئاكاری گه‌نجه‌كانمان تێكده‌داو نێوبانگی شاره‌ جیاجیاكانمان و دانیشتوانه‌كانیان ده‌شێوێنێ؟ بۆ ناپرسن: ئه‌و هه‌موو سته‌مه‌ له‌ناو هه‌موو ئه‌و چوارچێوه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیدارییانه‌دا كه‌‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژن ده‌كرێن، كێ ده‌یكات؟ ئه‌و هه‌موو ئیستغلالكردن و ئیبتزاز و فشارانه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مێینه‌و له‌ شوێنی كاریدا ده‌كرێت، كێی له‌ پشته‌؟ ئه‌و هه‌موو به‌ره‌ڵایی و لادانه‌‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ كه‌ له‌ناو وڵاتدا په‌خش كراون‌‌، كێ لێی به‌رپرسه‌؟
  به‌یاننامه‌ نمایشییه‌كانی 8ی مارس، هیچ له‌و واقعه‌ نا ئینسانییه‌ی دۆخی ژن ناگۆڕێ كه‌ ئێوه‌ به‌رپاتان كردووه‌، ئێوه هه‌ركات غیره‌تی ئه‌وه‌تان هه‌بوو به‌رگری له‌ ئه‌ندامانی ناو حزبه‌كانتان، ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كانتان، رێكخراوه‌كانتان، فه‌رمانگه‌كانتان، كۆمه‌ڵه‌كا‌نتان بكه‌ن، ئه‌وسا متمانه‌ به‌ ئیدیعای داكۆكیشتان ده‌كرێت له‌ ته‌واوی ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر. هه‌ركات به‌رپرسه‌كانتان فێر كرد رێزی ژن بگرن وه‌ك ئینسان و، پێگه‌و پۆسته‌كانیان و، سامان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان بۆ به‌ كاڵا سه‌یركردنی ژن به‌كارنه‌هێنن، ئه‌وكات خه‌ڵكییش تاقه‌تی گوێگرتنی له‌ لاف و بانگه‌وازه‌كانتان ده‌بێت!. هه‌ر كات چوار به‌رپرسی ده‌ست و ده‌م و داوێن پیستان له‌ پۆسته‌كانیان دوورخسته‌وه‌، ئه‌وسا ئه‌توانن رووسوورانه‌ بێنه‌ سارشانۆ و ئێمه‌ش هه‌موو شاهێدیتان بۆ بده‌ین.   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand