Draw Media

وانەیەک لە پەیوەندی ئەمریکی – سعودی – کوردی

وانەیەک لە پەیوەندی ئەمریکی – سعودی – کوردی

2021-02-27 19:23:45


سەلاح رەشید
بریاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە ٢٦/٢/٢٠٢١ دا دەربارەی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی سعودی لە کوشتنی رۆژنامەنوس جەمال خاشوقچی لە ٢/١٠/٢٠١٨ لە کونسولیەتی سعودی لە ئەستەمبوڵ، دەنگێکی هەمەلایەنەی زۆر خراپی نایەوە.
هەمولایەک گوێیان بەوە راهاتبو، کە وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا، هەمیشە پشتگیری کوێرانەی هاوپەیمانەکانی خۆی کردوە، بێ رەچاوکردنی پرنسیپە سەرەکیەکانی مافی مرۆڤ و راست و دروستی کێشەکان، لە مێژوی ئەمەریکادا روی نەداوە کە ئەو وڵاتە پشتگیری باشترین و بەهێزترین  بەوەفاترین هاوپەیمانی خۆی نەکات، و ئەمە یەکەم جارە بوترێت ( بەهای مرۆیی ئەمریکی) لە پێش بەرژەوەندی سیاسی و سەربازی و ئەمنیەوەیە.
سعودیە، هاوپەیمانێکی بچوک و ئاسایی نیە و نەبوە بۆ ئەمریکا، بەڵکو قورسایی خۆی هەبوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و چاوساغی بوە لەم ناوچەیە و تەنها هێزی گەورەیە کە توانیوێتی وڵاتانی کەنداو کۆبکاتەوە و سەرپەشتیان بکات و وەک هاوپەیمانیەک دژ بە ئێران بوەستێت، هەروەها ئەمەریکا لە رێگای سعودیەوە پشتگیری مالی و سەربازی چەندەها و چەندەها وڵات و لایەن و گروپی کردوە و نەوتی سعودیە بەشێک بوە لە بەرژەوەندیە سەرەکی و ئیسراتیجیەکانی ئەمەریکا.
پەیوەندیەکانی ئەمەریکا دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٢ کە رێکەوتنێکیان مۆر کردوە، کۆمپانیە ئەمریکیەکان، دەستبکەن بە گەڕان و دەرهێنانی نەوت لە سعودیە.
تەنها لە سەردانی سەرۆکی جارانی ئەمەریکا ترامپ، لە مانگی مایسی ٢٠١٩ بۆ سعودیە، رێکەوتنێکیان مۆر کرد بە بەهای ١٠٠ ملیار دۆلار بۆ کرینی چەک بۆ سعودیە. ئەمە نمونەیەکە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
بریاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دژ بە ٧٦ لێپرسراوی ئاسایشی دیوانی محەمەد بن سەلمانی جێگری پاشای سعودیە، کە هەمویان لە تیمی پارێزەرانی تایبەتی ئاسایشی شا محەمەدن و هیچ جوڵەیەک و چالاکیەک ناکەن، بێ رەزامەندی ئەو جێنشینە نەبێت 
ئەم هەڵوێستە نوێیەی جۆن بایدن ( بەهای مرۆیی ئەمریکی پێش بەرژەوەندی سیاسی)، جێی دەستخۆشیە، وەک وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن دەڵێ " ئێمە لەمەودوا لە هیچ لایەک خۆشنابین کە دژی چالاکوانانی مەدەنی، رۆژنامەنوسان، هیزە ئۆپۆزیسۆنەکان دەوەستنەوە" ، ئەمە سەرەتای سیاسەتی نوێی دەرەوەی ئەمەریکایە بەرمبەر بە وڵاتان، هەروەها لە هەمان بواردا، راگرتنی فرۆشتنی چەکی بە سعودیە، لەبەر ئەوەی ئەو چەکانە لە شەڕی یەمەن دژ بە حوسیەکان بەکار دێت، ئەمەریکا چەک بە هاوپیمانەکانی ئەفرۆشێت ( بۆ بەرگری لە خۆیان، نەک بۆ هێرش بۆسەر وڵاتانی تر) .
ئەم سیاسەتە نوێیانەی ئەمەریکا، هەمو وڵاتانی جیهانی دەگرێتەوە، لەوانەش عێراق و کوردستان.
ئەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی و دەزگا ئەمنیەکانیان، لەمرۆ بەدواوە، ئاگاداربن، کە دۆستایەتی ئەمەریکاو پشتگیریکردن و هاوکاریەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، بێ سنور و بێ باج نیە، لەمەودوا رەچاوکردن و پێشێلنەکردنی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ سەنگی مەحەکەن بۆ  پەیوەندیەکانی ئەمەریکا بە جیهانی دەرەوە.
هیچ کاتێک کوردستانی عێراق بەقەدەر نیوەی سعودیە گرنگ نیە بۆ ئەمەریکا، ئەگەر ئەوە حاڵی خێزانی پاشای سعودیە بێت، ئەبێت حاڵی خانەوادەکانی ئەمانەی خۆمان چۆن بێت؟.
زیندانیکردنی کۆمەڵێک رۆژنامەنوس و چالاکوان بە ٦ ساڵ، تەنها و تەنها بەهۆی نوسینی چەند وتارێکەوە، ئەمە نەک جێی قبوڵ نیە لە دنیای ئازاددا، بەڵکو جێی قبوڵ نیە لای ئەمەریکا و بە دڵنیایەوە بێ هەڵوێست نامێنەوە.
چۆن دەبێت ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانیان، پشتگیری مالی و سیاسی و سەربازی حکومەتی هەرێم بکەن، بەڵام لە پایتەختی کوردستاندا، نەتوانرێت خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە سازبکریت، نەتوانرێت وتارێکی رەخنە ئامێز بنوسرێت و نەتوانرێت باسی دزی و گەندەڵی و بەفیرۆدانی سامانی گشتی نەکرێت، بەهۆی ئەوانەوە زیندانی بکرێیت و بە سیخور بدەنە قەڵەم و ناوی خۆت و هەمو خانەوادەت بۆ هەمیشە بخرێتە لیستی رەشەوە.
بە دڵنیایەوە، ٢٦/٢/٢٠٢١ بە رۆژێکی وەرچەرخان دەژمێرێت لە دنیای ئازادی و سەبەستی و رەچاوکردنی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤدا لە هەمو دنیادا، چۆن دەسەڵاتدارانی سعودیە هەستیان پێکرد و ئازاریان پێگەیشت، سبەینێ لە کوردستان و لە شوێنەکانی تریش بە هەمان شێوە دەبێ.
هەست دەکرێت کە تیشکی روناکی لە کۆتایی تونێلە تاریکەکەدا دەبینرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand