Draw Media

ئەمریکا و ئێران؛ گورزوەشاندن لەپێناو ڕێککەوتن

ئەمریکا و ئێران؛ گورزوەشاندن لەپێناو ڕێککەوتن

2021-02-27 17:05:05


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) 

پێچەوانەی لێدوانەکانیان (گەڕانەوە بۆ 5+1)، لەگەڵ دەستپێکی سەردەمی بایدن لە کۆشکی سپی، جارێکی دی گرژی و ئاڵۆزی لە لێداونەوە تا پەلاماری گەرمی بەرژەوەندییەکان، لە نێوان تاران و واشنتۆندا سەریهەڵدایەوە. گەرچی بە گوێرەی سیاسەتی ڕاگەیەندراویان و پێدراو و گۆڕاوەکانی ئێستای جیهان، هەردوولا نیەتی ئەوەیان هەیە بێ نواندنی سازش بەرامبەرەکەی بگەڕێنێتەوە سەرمێز. 
ئەمریکا لەگەڵ هاتنەسەرکاری ترەمپ، چوارساڵ پێش و ئێرانیش لەئانوساتی پێش و پاش  هاتنەسەرکاری بایدن، ڕێککەوتنی 5+١یان بێڕۆح کرد و ناپابەندیی خۆیان بە زۆرێکی بڕگەکانییەوە ڕاگەیاند.
خۆ ئەوەش ڕوونە لە بنچینەدا، چ واشنتۆن و چ تاران، هیچ لایەک وەک پرەنسیپ باوەڕییان بەیەک نییە و هەردوولاش ڕێککەوتن و نزیکبوونەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەوەی دیکەیانە لە ناوچە جێ نفوزەکانی یەکدی دا سەیر دەکەن. بۆیە وەک ستراتیژیی نزیک و بەڕێوەبردنی ململانێکان نەک (بەئامانجی ئاشتبوونەوە)، هەردوولا ناچاری پەنابردنەوەن بۆ سەرمێز، ئەمریکا بە ئامانجی نینۆککردن و ئێران وەک ڕێکاری ناچاری لە مێزی دانوستاندن دەڕوانێت.


ئێران لەناوەوە
 ئێران بیەوێت یان نا، زۆر پێویستی بەگەڕانەوەیە بۆ هێوربوونەوە لەگەڵ ئەمریکادا، چونکە دۆخی: ۱.ئاسایشی نێوخۆیی: بەلوچەکان، کورد بەهۆی سیاسەتی جیاکارییەوە و ناڕەزاییە مەدەنییەکان گوزەرانەوە تەنگیان بە حکومەت هەڵچنیووە. 
٢.دۆخی ئابووری: سزا و فشارە زۆرەکانی ئیدارەی ترەمپ، ئێرانییان بە دۆخێک گەیاند کە پێچەوانەی جاران و لاوازبوونی هاوپەیمانەکانی، بەڵکو لەناوخۆوە لەرزاندی و بەجۆرێک بەر لە خەڵک جەمسەرەکانڕی نێودەیەڵاتی هێنایەدەنگ و هەرلایەو ئەوی دیکە بە کەمتەرخەم و بێتەدبیر لە قەڵەم دەدات، لە ڕیفۆرمیستەوە تا دەگاتە ئسوڵگەرای مەهدەوی و دژەڕۆژئاوایی. هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە شۆڕشی ئیسلامیەکەیان گەر وابڕوات دەوام ناکات و چاکسازی و پاکسازی ڕیشەداری پێویستە، لە دەستورەوە تا جڵەودارییکردن.
لە ناڕەزایی خەڵک گەڕێ، کە لەدووساڵی ڕابردوودا خودی ڕێبەری هێناسەرخەت و سەرۆکایەتیی سەرکوتکارییەکانی دەکرد، لەنێو سێ دەسەڵاتەکەشدا بەتۆمەتی گەندەڵی و هەبوونی تۆڕی مافیایی یەکتر تۆمەتباردەکەن و دەدەنە دادگا، هەر ئەو نمونانە بەسن، کە بزانرێت لە لوتکەی دەسەڵاتدا، زیندانییکردنی: برای ڕۆحانی سەرکۆمار، دۆسێکانی دادگایی برایەکی پلەباڵای لاریجانییەکان، کچی وەزیرێکی کابینەی ڕۆحانی، یاریدەدەری سەرۆکی دەزگای دادوەریی و خۆکوشتن یان کوشتاندنی گەورەدادوەرێکی هەڵهاتوو (یان بەرتیلخۆرێکی ٥۰۰ملیۆن یۆرۆیی) لە بولگاریا، تەنها بەرهەمی ساڵێک کەمتری ململانێ و دادگاییکردنەکانی نێوخۆی سەرانی دەسەڵاتەکانی ئێرانن و واخەریکە پێکەوەهەڵکردنییان سەختتر دەبێ.
۳. ململانێ سیاسییەکانی نێو باڵەکان: لانیکەم شەقامی سیاسیی ئێرانی لە ئێستادا سێ بەشە: شەقامێکی فراوانی کۆمەڵگە کە لای ئەوان ڕیفۆرمیست و بناژۆخواز و میانڕەوی نێودەسەڵاتی هەنووکەیی ڕووەکانی دراوێکن و کاری یەک تەواو دەکەن، گەرچی ئەم شەقامە خاوەنێکی سیاسیی ڕاستەقینەی نیە، بەڵام لە دووساڵی ڕابردوودا خاوەنی سەدان خۆپیشاندانی بەشەکی و چینی و دووخۆپیشاندانی بەهێزی سەرانسەری بوون. لەوەش زیاتر گەورەترین گورزی سیاسیی ڕاگەیەنراویان لە ڕەوایەتی دەسەڵات دا کاتێک بایکۆتیان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی ئێراندا نواند و بەدرێژایی چل ساڵی ڕابردووی ئێران کەمترین بەشداریی لەسەر سندووق ڕوویدا کە ٤۳٪ بوو. بەمەش هەم ڕەوایەتی شۆڕش و دەزگاکانی زیاتر بردە ژێرپرسیارەوە و هەم درزی نێوان جەمسەرەکانی دەسەڵاتی زیاتر کرد و تاڕادەیەک ئیتر کۆتایی بە فریادڕەسیی گوتاری ڕیفۆرمیستە ئیسلامییەکانی نێو دەسەڵات هێنا، چونکە زۆرینەی دەنگدەری ئەوان دەنگیان نەدا، لە کاتێکدا لە کۆتایی نەوەدەکانەوە ڕیفۆرمیستەکان لەکوێدا بناژۆخوازان بۆ پینەی دەسەڵات کورتیان هێنابێ، ڕیفۆرمیستەکان هاتوونەتەپێش، بەڵام گۆڕانکارییەکی ڕیشەییشیان ئەنجام نەدا، بۆیە نائومێدبوونی خەڵک لەوان واتە نائومێدبوونی جەماوەرەکەشیان لەنەرمەهێز و دەستی دووی شۆڕش.


۲.هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و دەسەڵاتی هەنوکەیی سیاسیی. کە ئەمانە خۆیان لە هێزە کوردستانییەکان، موجاهیدینی خەڵق، شادۆستەکان، بەشێکی چەپەکان. کە کۆی پرۆسەی سیاسیی ڕەتدەکەنەوە و لانیکەم داوای چاکسازی دەستووریی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەکەن، لانیزۆریش داوای هەڵگێڕانەوە و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەکەن. 
۳. دووجەمسەرییەکانی کوڕانی شۆڕش: وا دوانزەساڵ بەسەر لەتبوونی تەواوەتی کوڕانی شۆڕشی ئیسلامیدا تێدەپەڕێت، ئەوکاتەی کە بۆ جاری دووەم ئەحمەدی نەژاد وەک سەرۆک کۆمار  هەڵبژێردرایەوە(٢٠٠٩) و ڕیفۆرمخواز و میانەڕەوەکان ڕەتیانکردەوە و خۆپیشاندانەکانی بزوتنەوەی سەوزی لێکەوتەوە.
لەوکاتەوە، عەباکەی خامینەیی و پرەنسیپە توندەکانی شۆڕشیش نەیاتووانیووە ئەم هێزانە لەسەر ئاستی گوتار، پرۆسەی سیاسی، بەرەنگاربوونەوەی دەرەکی، جۆر و چۆنێتی گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژئاوادا بەتایبەت ئەمریکا یەک بخەن. تەنانەت ناڕەزایی و بەرامبەرییان ئاشکرایە و هەردوولا یەکتر بە خیانەت بەشۆڕش و دەستی دەرەکی و وێرانکەری وڵات و گەندەڵ و لادەر لە خەتی ئیمامەکەیان خومەینی لەقەڵەم دەدەن. 
کەواتە ئێران ئەمە حاڵی بێت و دۆخی ئابووریش خراپ وخراپتر بێت، گەڕانەوە بۆ سووککردنی سزاکان و دەستشلکردن و نۆشینەوەی پیاڵەی ژەهری دبلۆماسی ناچاریش بێت، پێویستییەتی.

ئەمریکای سەردەمی بایدن و ٥+١
هەرچی بایدنە، درووشمی سەردەمێکی نوێ و گەڕانەوە بۆ دبلۆماسییەت و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی توندەهێز و شەریکبوونەوەیە لەپرۆسەی سیاسەتی نێودەوڵەتی نەک تاکلایەنانەی ئەمریکیانە وەک سەردەمی ترەمپ. چونکە بەشێکی دوورکەوتنەوەی نێوان ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕووس و چین بەرامبەر چین، مامەڵەی ترەمپ بوو لەگەڵ تاران و فشارە بەردەوامەکانی بوو.
گەر بایدن ئەوەی بوێت کەواتە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ترەمپ پێشمەرجی زەمینەساز دەبێت بۆ سیاسەتی نوێ.

بۆ تێهەڵدەچنەوە؟
لە مانگی ڕابردوودا لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ سەرمێز، میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران، چەندان بنکە و ئامانجی کاروان و باڵیۆز و بنکەی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج کە دوایەمینیان ئەوەی مانگی شوباتی فرۆکەخانەی هەولێر بوو. ئەمریکا و بایدن، (وەک نەریتێکی ترەمپ) دەستبەجێ هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد و لەسەر سنووری سوریا ٢٢ لە چەکدارانی حەشدی شەعبیان سڕکرد و دوو بارهەڵگری چەک و کەرەستەی لۆجستی سەربازیی ئەو هێزە نزیکەی ئێرانیان کردە ئامانج. ئەم هەڵوێستە زیاتر یادخەرەوەی ئەو دەیان گورزەی سەردەمی ترمپ بوون کە ستراتیژی سیاسەتکردنیان بوو بەرامبەر تاران، بەڵام ئەمجارە بایدن (بە تامی ترەمپ) هەمان تەکنیکی دووبارە کردەوە.
پێدەچێت ئەم گورزەی واشنتۆن و ئەو پەلامارانەی هەوادارانی ئێران، زیاتر بۆ ئەوە بێت کە شکۆمەندانە بگەڕێنەوە سەرمێز، واتە بە کەمترین زیان و سازش.
ئێران ئەوە تێگەیشتووە، کە بایدن گەرچی باوەڕی بە سزا و سیاسەتەکانی ترەمپیش نەبێت، بەڵام سەرجەمیان یەک یەک دەکاتەوە کارتی فشار، وەک چۆن ئەو فشارانە ئێرانییان لەناوەوە لەرزاند، ئاواش هەڵگرتنیان یەک یەک کارتی سازشیان لێئەخوڵقێنێت. بۆیە واشنتۆن نایەوێت بە خۆڕایی ئەو کارتانە ببەخشێتە ئێران، لەبەرئەوە باشترین پەیامێک ئێران تێبگەیەنرێت ننیشاندانەوەی کوتەکەکانی ترەمپە وەک ئەگەرێک کراوە، گورزەکانی دواڕۆژەکانی شوبات تەنها ئەو پەیامەیان پییە بۆ تاران نەک باوەڕی کۆشکی سپی بە لێدان.
لەبەرامبەریشدا ئێران بە خستنەوەگەڕی ٢٠٪ی کورە ئەتۆمییەکانی و ڕێگەنەدان بە کامێراکانی ئاژانسی ئەتۆمی و تیمەکانی پشکنین و هەڕەشەکانی ڕێبەری ئێران خامینەیی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم بۆ ٦٠٪ و...تاد، سەرلەبەر بۆ دروستکردنی کارتە و گۆڕینەوەیانە بە هەڵگرتنی سزا ترەمپییەکان. گەرنا وەک باسکرا ئێران لە هەر شتێک پێویستتر گەڕانەوەیەکی بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی و ٥+١ و کۆتاییهێنان بەو پەراوێزییە ئابووریی و سیاسییەی تێیکەوتووە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand