Draw Media

مەترسیەکانی پشتەوەی دادگایکردنیی چالاکوانەکانی بادینان!

مەترسیەکانی پشتەوەی دادگایکردنیی چالاکوانەکانی بادینان!

2021-02-18 21:38:39


کاروان عەلی شامار

لە ھیچ کات و سەردەمێکدا دادگاکانی ھەرێمی کوردستان نەیانتوانیووە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن، ھەمیشە وەک پاشکۆ و ئۆرگانی حیزب خۆیان مانفێست کردووە، بەڵام ھەنوکە بارتەقای زیاتر لە ھەر سەردەمێک نەنگی و کیماسیی دادگاکان دەرکەوتوون، بەتایبەت لەدوای پێکھێنانی کابیەنی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمەوە، ئەندامێکی سادەی لق دەتوانێ کاریگەری ھەبێ لە ھەموار یا گۆرینی ھەر یاسایەک کە دڵخوازی حیزبەکەی یاخود ئەندامەکانی نەبێ!

لەھەر کۆمەڵگەیەکدا دەسەڵاتی یاسایی وەزیفەی خۆی بەباشی و بێلایەنی جێبەجێ نەکات و لەژێر ھەژموون و بریاری حیزبدا بێ، ئەوا بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی و یاسایی و کۆمەڵایەتی لەو کۆمەڵگەیەدا دروست دەبێ. ھەنوکە لە ھەرێمی كوردستان بەتایبەت لە ھەولێر و بادینان، دادگاکان تەنھا بە ڕواڵەت بونیان ھەیە و ئەوەی پێش وەختە بریار دەدا و کەیسەکان یەکلای دەکاتەوە لق و ناوچە و دامەزراوە نھێنیەکانە، نەک حاکمە بەڕێزەکان، ئەم فاکتەش وایکردووە سەروەری و بێلایەنی دادگاکانی ھەرێم بکەونە ژێر دنیایەک پرسیار و گومانەوە! 

خولاصە، ئەوەی لەھەمبەر ئەو شەش چالاکوانەی بادینان کرا سکانداڵێکی گەورەیی یاسایی بوو کە لەھیچ شوێنێکی دنیادا بریاری لەوجۆرە بەربەرییە نەدراوەو  نادرێ. وە مەترسی گەورەش لەدوای ئەو بریارە ئەوەیە کە بۆ لەمەودوا دادگاکان زیاتر دەستکراوە دەبن لە سزادان و تاوانبارکردنی ئەو کەسانەی کە بە مەترسی دەزانرێ بۆ سەر ئایندەی ماڵبات و حیزبەکەیان. 
ئەگەر ئەو بریارە خوێندنەوەیەکی بابەتی بۆ بکەین، ئەوا لەلایەک دەتوانین بڵێین بۆ لەمەودوا ھیچ کەس لە کوردستاندا بێ تاوان نیە و ھەموومان مەحکومین و لەژێر ڕەحمەتی ئەو بڕگە و یاسایانەداین کە لە لق و ناوچەی حیزبەوە دەردەکرێن، وە لەلایەکی تریشەوە شەرعیەتدان و نۆرمالیزەکردنی ئەو فاکتەبوو کە دەشێ لەسەر سادەترین ئاکت و پەرچەکردار دەسەڵات بە یاسایەکی موزەیەف سزای توند و زیندانیمان بکا!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand