Draw Media

كەیسی گیراوانی بادینان‌و دەسەڵاتی دادوەریی

كەیسی گیراوانی بادینان‌و دەسەڵاتی دادوەریی

2021-02-17 15:36:50


 راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
كەیسی دەستگیركراوەكانی بادینان دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان خستوەتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكەی نوێوە، ئەنجومەنی دادوەریی لەبەرامبەر بڕیاری پێشوەختەی مەسرور بارزانی لەدژی گیراوان بێدەنگی هەڵبژارد، بەڵام لە قسەی پاشوەختەی رێواز فایەقی سەرۆكی پەرلەمان بێدەنگ نەبوو، دەسەڵاتی دادوەریی كێیە ؟ چۆن دابەشبووە بەسەر حزبەكاندا ؟ چۆن بێلایەنی خۆی لە كەیسی گیراوانی بادیناناندا دەسەلمێنێت؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

دادگا لەنێوان مەسرور بارزانی‌و رێواز فایەقدا
بەرلەوەی دادگا بڕیاری خۆی لەبارەی كەیسی دەستگیركراوانی بادینان یەكلابكاتەوە، رۆژی 10ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" هەندێك لە گیراوانی بادینان رۆژنامەنوس نین، سیخوڕن‌و هەوڵی هێرشكردن‌و تەقینەوەیان داوە".
ئەم قسەی مەسرور بارزانی وەكو دەستوەردانی پێشوەختە لە بڕیاری دادگا لێكدرایەوە، بەڵام ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتێكی سەربەخۆ، هیچ كاردانەوەیەكی لەبارەی قسەكانی مەسرور بارزانی نەنواند.
بەڵام دوێنێ كاتێك دادگا بڕیاری خۆی دەركرد‌و سزای (6 ساڵ) زیندانی بۆ (5) كەس لە گیراوانی بادینان دەركرد، ناڕەزایەتی دروستبوو، یەكێك لەوانەی ناڕەزایەتی دەربڕی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بوو، ئەمە ئەنجومەنی دادوەریی توڕەكرد‌و ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی دایەوە‌و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ تۆمەتباری كرد بەوەی دەستوەردانی كردووە لەكاروباری دەسەڵاتی دادوەریدا.
ئەوە تەنیا رێواز فایەق نەبوو كە ناڕازی بوو لە بڕیارەكەی دادگای هەولێر، چالاكوانان‌و حزبە سیاسییەكانیش زۆربەیان ناڕازین لە بڕیارەكە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان وەكو دوو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دژی بڕیارە بوون. 
كەیسی گیراوانی بادینان ئێستا دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان جارێكی تر خستوەتەوە بەردەم پرسیار، كەیسێك هەندێك وەكو بەشێك لە ئازادی رادەربڕین تەماشای دەكەن‌و پارتیش وەكو حزبی دەسەڵاتداری سنوری بادینان وەكو كەیسێكی ئەمنی‌و هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان تەماشای دەكات.
ئەنجومەنی دادوەری چارەنوسی كەیسی گیراوانی بادینانی جێهێشتووە بۆ  دادگای پێداچونەوە كردووە، ئەم دادگایە دەبێت لەماوەی (30) رۆژی داهاتوودا بڕیاری خۆی یەكلابكاتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا بڕیاری دادگای هەولێر لەدژی گیراوانی بادینان دروستە یاخود نا، ئەگەر بڕیارەكە بە دروست ئەژمار بكات، هیچ رێگایەك نامێنێتەوە جگە لەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دوای بڕیاری دادگا بە لێبوردنی تایبەت ئەو كەسانە ئازاد بكات، ئەمەش كارێكی ئەستەم دەبێت‌و نێچیرڤان بارزانی نایەوێت لەسەر ئەم كەیسە روبەڕووی مەسرور بارزانی ئامۆزای ببێتەوە.

دۆسیەی دەستگیركراوەكان لەدوای بڕیاری دادگا ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە دەكرێت، لە دادگای پێداچوونەوە ئاراستەی دەستەی تاوانەكان دەكرێت، كە لە دادگای پێداچوونەوە دوو دەستەی تاوانەكان هەیە دەستەی تاوانەكانی یەك و دەستەی تاوانەكانی دوو، هەر دەستەیەكیان لە (5) دادوەر پێكهاتووەو بەردەوامیش لەو دەستانەدا (3) دادوەری پارتی و (2) دادوەری یەكێتیە، لەدوای یەكلاكردنەوەی دۆسیەكان لەو دەستانە دواتر رەوانەی ئەندامانی دادگای تەمیز دەكرێت.  

لە دادگای پێداچونەوەش كە بڕیاری كۆتایی دۆسیەكەی دەكەوێتە ئەستۆ، بە پێی یاسا دەبێت (15 ) ئەندام بێت، بەڵام لە ئێستادا تەنیا (14) ئەندام بەركارن، ( 7) لە یەكێتی و (7) لە پارتی، بەم حاڵەوە لەسەر هەر بڕیارێك پارتی براوە دەبێت چونكە بە پێی یاسا لە كاتی دەنگدان لەسەر هەر بڕیارێك ئەگەر دەنگەكان یەكسان بوو، دەنگی سەرۆكی دادگا ( كە پارتیە) لە هەرلایەك بوو ئەو بۆچونە بە براوە ئەژمار دەكرێت

لەبارەی دەسەڵاتی دادوەریی
ئەنجومەنی دادوەریی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی سێیەمە لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت).
تاوەكو ساڵی 1992 دەسەڵاتێكی دادوەریی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان نەبووە، كاری سەرجەم دادگاكان بە یاسای ژمارە (160)ی ساڵی (1979) رێكدەخران‌و سەر بە وەزارەتی دادی بەغداد بوون.
لەدوای راپەرینی ساڵی 1991و كشانەوەی رژێمی بەعس لە كوردستان دۆخەكە وەكو خۆی ماوەیەوە، واتە دەسەڵاتی سەربەخۆی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان دروست نەكرا، چونكە یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (14)ی ساڵی 1992 كە یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە، دادگاكانی بەستوەتەوە بە وەزارەتی دادەوە، واتە دادگاكان راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)‌و سەربەخۆ نەبوون.
دۆخی دادوەریی بەمشێوەیە بەردەوام بوو لە هەرێمی كوردستان تا ئەوكاتەی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا روخا، ساڵی 2005 عێراق دەستورێكی نوێی نوسییەوە، لە دەستورەكەدا مافی ئەوە بە دەسەڵاتی هەرێمەكان درا مومارەسەی دەسەڵاتی دادوەریی خۆیان بكەن، لەسەر ئەم بنەمایە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی دەركرد، ئیتر لێرەوە بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان دادگاكان لە وەزارەتی دادو دەسەڵاتی جێبەجێكردن جیاكرانەوە‌و خرانە سەر ئەنجومەنی دادوەری وەكو دەسەڵاتێكی سەربەخۆ لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)‌و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت).
بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەریی، سەرۆكی دادگای پێداچونەوە هاوكات سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریشە، ئەم كەسە پۆستەكەی هاوتای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و سەرۆكی حكومەتە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە بەپێی ماددەی (38)ی یاساكە:" سەرۆكی دادگای پێداچونەوە پلەكەی وەزیرەو موچە‌و دەرماڵەی وەزیر وەردەگرێ"، واتە بەپێی پلەی وەزیفی نەخراوەتە ئاستی سێ سەرۆكایەتییەكانی هەرێم.
ئەو دادگایانەی كە سەربە ئەنجومەنی دادوەرین‌و بە دادگا مەدەنییەكان ناودەبرێن، بریتین لەم دادگایانە: 
•    دادگای پێداچونەوە (التمییز)
•    دادگای تێهەڵچونەوە (استئناف)
•    دادگاكانی تاوان
•    دادگاكانی نەوجەوانان
•    دادگاكانی باری كەسایەتی
•    دادگاكانی كەتن
•    دادگاكانی كار
•    دادگاكانی لێكۆڵینەوە
•    دادگاكانی ماددەكانی كەسایەتی بۆ مەسحییەكان‌و ئێزدییەكان‌و ئاینەكانی تر

دەسەڵاتی سێیەم كێیە ؟
ئەنجومەنی دادوەریی كە دەسەڵاتی سێیەمە لە هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی ئەو یاسایەی كە كاری پێدەكات، ئەندامەكانی بریتین لەو كەسانەی كە ئەم پۆستانەیان هەیە:  
•    سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەو جێگرەكانی
•    سەرۆكەكانی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە (هەولێر- دهۆك- سلێمانی- كەركوك/گەرمیان)
•    سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری (تا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە)
•    سەرۆكی داواكاری گشتی
ئەم ئەنجومەنی سەرباری ئەوەی سەربەخۆیەو بەپێی یاساكەی دەبێت دادوەرەكانی حزبی نەبن، بەڵام وەكو هەموو دامەزراوەكانی تر ئەندامەكانی دابەشبووە بەسەر پارتی‌و یەكێتیدا.
سەرۆكی ئەنجومەن كە ناوی (بەنگین قاسم)ە سەربە پارتییە، زۆرینەی ئەنجومەنی دادوەری بەلای پارتیدا شكاونەتەوە‌و یەكێتی تەنیا (3) ئەندامی هەیە كە بریتین لە سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی (سلێمانی‌و كەركوك/ گەرمیان) ویەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، واتە جگە لە سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت، پارتی جڵەوی دەسەڵاتی سێیەمیشی لەدەستدایە كە دەسەڵاتی دادوەرییە‌و دەتوانێت لەڕێگەیەوە سیاسەتەكانی خۆی سەربخات.  
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەو دادوەرانەی كە نزیكن لە یەكێتی نیشتمانی لەسەر كەیسی گیراوانی بادینان هەڵوێستیان دەبێت یاخود نا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە فەرمی رەخنەی لەسەر شێوازی دادگایكردنی ئەو كەسانە هەیە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییانە لەسەر یەكلاكردنەوەی كەیسێكی بازرگانی دادوەرەكانی نزیك لە یەكێتی بایكۆتی كاركردنیان لە ئەنجومەنی دادوەریی كردووە‌و بەنێوەندگیرییەكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان.
ئەنجومەنی دادوەری بەپێی یاسا دەبێت مانگانە لانی كەم جارێك كۆبونەوە بكات، لەپاڵ ئەمەدا سەرۆكی ئەنجومەنەكە بۆی هەیە لەكاتی پێویستدا داوای كۆبونەوە بكات، ئەگەر سەرۆك یان ئەو كەسەی كە نوێنەرایەتی سەرۆك دەكات لەگەڵ سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری ئامادەی كۆبونەوەیەك نەبن، كۆبونەوەكە بەڕێوەناچێت، بڕیار لەناو ئەم ئەنجومەنەدا بە زۆرینە دەدرێت واتە (50+1)ی ئەندامانی ئەنجومەن.
ئەنجومەنی دادوەریی ئەم تایبەتمەندیانەی بەپێی یاسا پێدراوە: 
•    ئامادەكردنی پلان‌و نەخشە بۆ دەزگای دادوەریی‌و وتووێژ لەسەركردنی‌و دەربڕینی تێبینییەكانی لەبارەیەوە. 
•    سەیركردنی كاروباری دامەزراندن‌و بەرزكردنەوە‌و پایەپێدان‌و گواستنەوە‌و گەڕاندنەوەی دادوەرەكان‌و لێكۆڵینەوە لە رەوشت‌و توانایان‌و سەرپەرەشتیكردنی سەربەخۆیی دادوەریی.
•    ئامادەكردنی بودجەی ئەنجومەن‌و بەرزكردنەوەی بۆ پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی.
•    رێكخستنی كارگێڕی‌و دادگاكان بەكاروباری خزمەتی كارمەندان‌و بەرزەفتكردنیان.
•    دیاریكردنی میلاكاتی دادگاكان‌و دامەزراندنی فەرمانبەران كە ئەو میلاكانە پڕدەكەنەوە‌و ئەوانی دیكە لەچوارچێوەی تەرخانكراوەكانی بودجەی ئەنجومەن دەبن. 
•    دانانی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەنجومەن.

بودجەی دەسەڵاتی سێیەم
ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتی سێیەم لە هەرێمی كوردستان بودجەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەپێی ئەو یاسایەی كاری پێدەكات، بودجەی ئەم دەسەڵاتە سەربەخۆیە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ئامادە دەكرێت‌و دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان بۆئەوەی وەكو پاشكۆی بودجەی گشتی ساڵانەی هەرێمی كوردستان پەسەندی بكات.
بەگشتی بودجەی ئەنجومەنی دادوەریی لەم دوو سەرچاوەیەوە دابین دەكرێت: 
•    رەسم‌و غەرامەی دادوەریی كە لەلایەن دادگاكانەوە وەردەگیرێن.
•    ئەو پارەیەی كە ساڵانە حكومەتی هەرێم بۆ ئەنجومەنی دادوەری تەرخان دەكات.
بەگوێرەی دواین پرۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2013 دەرچووە، بودجەی ئەنجومەنی دادوەریی بۆ ساڵەكە (46 ملیارو 787 ملیۆن) دیناربووە، لەو ساڵەدا ئەنجومەنی دادوەریی رێژەی (0,4%)ی كۆی گشتی بودجەی هەرێمی بردووە.
بەپێی یاسای بودجەی 2013ی هەرێم، ئەنجومەنی دادوەریی (3 هەزارو 468) كارمەندی هەبووە، دەبێت ئێستا ئەم رێژەیە زیاتر بوبێت، بەڵام هیچ داتایەكی نوێ لەوبارەیەوە لەبەردەستی (درەو) دا نییە.
بەڵام بەپێی لیستی موچەی مانگی رابردووی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم، ئەنجومەنی دادوەریی كۆی خەرجی موچەكەی (3 ملیارو 769 ملیۆن) دیناربووە.

خانەنشینن‌و دەستهەڵناگرن !
سایتی فەرمی یەكێتی نیشتمانی بەمدواییە لەزاری سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی دادوەرییەوە رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی دوو مانگە چەند دادوەرێك خانەنشین بوون‌و دەست لەپۆستەكانیان هەڵناگرن، ماوەی دوو مانگە موچەی سەرجەم ئەنجومەنی دادوەری دوادەكەوێت.
میدیای فەرمی یەكێتی ناوی ئەو دادوەرانەی بڵاوكردوەتەوە كە خانەنشین بوون بەڵام دەست لە پۆستەكانیان هەڵناگرن، دادوەرەكان ئەمانەن: 
•    عەلی عەوڵڵا- جێگری دادگای پێداچونەوە (تمیز)
•    عەبدوڵڵا شەرەفانی - جێگری دادگای پێداچونەوە (تمیز)
•    محەمەد ئەمین شەرەفانی- سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی (ئیستئناف)ی دهۆك
•    سەید گەیلانی- دادگای هەولێر
•    حاكم نەجات ئەحمەد - دادگای سلێمانی

 

هەیكەلی كارگێری ئەنجومەنی دادوەری 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand