Draw Media

دیكتاتۆریەتی یاسایی

دیكتاتۆریەتی یاسایی

2021-02-17 07:32:07


ئومێد حەمەعەلی
 ترسناكترین هەنگاوی دەسەڵات لە چەسپاندنی پایەكانی ڕژێمێكی دیكتاتۆریی فاشیستیدا خۆڕێكخستنییەتی لە فۆرمێكی یاساییدا، خۆنیشاندانییەتی لە ڕێگەی پیادەكردنی یاساوە بەو شێوەیەی دەسەڵاتی حیزب، ئایدۆلۆژیا، یان خێڵێكی سیاسی دیاریكراو دەیخوازێت. ئەوەشی ئێستا بەڕۆشنی و بێ هیچ خۆشاردنەوەیەك ڕوودەدات تاقیكردنەوەیەكی گەورەیە بۆ گۆڕینی پەیوەندی دەسەڵات و، پارتی بەتایبەتی لەگەل ئازادییەكان و مافی ڕەخنەگرتن و مافی دیموكراتییانەی ئینسان لە ڕەخنەكردنی دەسەڵات و حیزب و حكومەت و دەركەوتە خراپەكانیاندا. گۆڕینی پەیوەندییەكی ئەمنیی ڕووتی دەسەڵاتی سیاسییە بە دەنگە ئازادەكانەوە بۆ جۆرێك لە پەیوەندیی ساختەكراوی یاسایی زیاتر لە پەیوەندییە 
ئەمنییەكە ترسناكر و، هەوڵێكی گەورەی ئەقڵی دیكتاتۆریی خێڵەكی و بنەماڵەیی دەستەی فەرمانڕەوایانی هەرێمە بۆ كردنی تەواوەتی دادگاكان بە زمانحاڵ و جێبەجێكاریی پێ پەردە و بێ ماكیاژیی هەرچی نیازیی دەسەڵاتە لە دژایەتیكردن و وێرانكردنی جوڵانەوەی ڕەخنەگرانە و، داخستنی هەرچی ئەو پەراوێزە بچوكانەشە كە پێشتر قسە و گفتوگۆی سنوردارییان تێدا كرابێت. 
  بڕیاریی زیندانیكردنی چەند چالاكوانێك، كە لەئاستێكی دیاریكراودا ڕەخنەی دەسەڵاتی هەرێم و، وردتریش ڕەخنەی هەژمونی سیاسی و ئەمنی و داگیركارانەی پارتییانكردووە بەسەر كۆمەڵگەی كوردستانەوە، یەكلاكردنەوەی دامەزراوەی دادوەرییە بەشێوەیەكی ڕوونتر و بەرجەستەتر بەبەراورد بە ئەزمونی پێشتری دادگاكان، بۆ دامەزراوەی جێبەجێكردنی داخوازییەكانی دەسەڵاتی بنەماڵەیەكی سیاسی فەرمانڕەوا. دامەزراوەی دادوەریی لەكوردستاندا تا ئەم ڕووداوەش هەر نەیتوانیوە لە كەیسەكانی مافی مرۆڤدا و كەیسە هەستیارەكاندا لەهەموو كات و لەهەموو ناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا تەنیا لەسەر بنەمای یاسا و دادوەریی بەرخورد و مامەڵەبكات و، زۆربەی چاوەڕوانییەكانی ئینسانی ئێمە بۆ دادوەریی لەو دامەزراوەیەدا مردوون و هەر لەوێدا نێژراون، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا ڕوون و ڕاشكاوتر لەهەر ڕەفتار و بریارێكی پێشتری ئەو دامەزراوەیە، قسە و بریاریی بنەماڵەیەكی سیاسی و گروپێكی ئەمنیی ئازادیخنكێنی دەسەڵاتی هەرێمە، كە بەشێوەیەكی بنجبڕ دامەزراوەی دادوەریی لە سایەی هەژمونی پارتیدا دەكاتە ئامڕازێكی ڕووت و كاریگەریی جێبەجێكاری سیاسەتی چەوسانەوەی مرۆڤ. دەیكاتە بەشێكی دەزگای سەركوتكاریی حیزب و ئیدی حیزب بۆ ئەوەی نەیارە سیاسی و هزرییەكانی خۆی وێرانبكات، ئەشێ كەمتر بەرخورد و تەعامولی ئەمنی و سەربازییانەی ڕووت بنوێنێت و، لە ڕێگەی هەندێ دادگا و دادوەری بێ دادەوە، ڕق و كێشەی خۆی لەگەلیاندا یەكلابكاتەوە و ئامانجی خۆی باشتر و كاریگەرتر لەبارەی كوشتنی دەنگی ئازاد و ڕەخنەییدا بەدیبهێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand