Draw Media

له‌ كۆماری ترسه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای ترس

له‌ كۆماری ترسه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای ترس

2021-02-16 21:27:21


ئومێد قه‌ره‌داخی
 نوسه‌ری ناسراوی عێراقی كه‌نعان مه‌كیه‌، له‌ كتێبی (كۆماری ترس) خه‌سڵه‌ته‌كانی حوكمرانی عێراقی سه‌رده‌می به‌عس و هۆكاره‌كانی بێده‌نگكردنی كۆمه‌ڵگا  شیده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌و ده‌گاته‌ ئه‌و باوه‌ره‌ی ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی و هه‌میشه‌یی له‌ حوكمرانی به‌عسدا ترسه‌ ، ترس وه‌ك هۆكاری مانه‌وه‌ حوكمرانی ، ترس وه‌ك هۆكاری بێده‌نگكردنی كۆمه‌ڵگا ، ترس كاریگه‌رترین  فاكته‌ كه‌ ئه‌گه‌ری گۆرانكاری له‌ناوه‌وه‌ له‌ناو ئه‌بات ، جه‌وهه‌ری كۆمار له‌ عیراقی به‌عسدا له‌ناو ترسدا كۆده‌كاته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ راپه‌رینی خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌هاری 1991 و دواتریش دوای روخاندنی رژێمی به‌عس، ئومێدمان هه‌بوو كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌دایك ببێت كه‌ ترس تیایدا ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی نه‌بێت ، كه‌ ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ترس كۆتاییان پێبێت و  كۆمه‌ڵگای ئازاد و مرۆڤی ئازادی جێگای بگرێته‌وه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ راستیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌  له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ، كۆمه‌ڵگای ترس وه‌ك به‌دیلی كۆماری ترس هاتۆته‌ ئاراوه‌ و هه‌مان ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی به‌عس بۆ به‌رهه‌مهێنانی ترس به‌كاری ئه‌هێنا ، ئه‌مرۆش حزبێكی وه‌ك پارتی كاریپێده‌كات 
 كه‌نعان مه‌كیه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا گرنگترین ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ شیده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌عس وه‌ك ئامراز به‌كاریهێناون بۆ به‌رهه‌مهێنانی ترس ،بۆ دروستكردنی كه‌شێكی پر له‌ ترس و تۆقاندن ،
 به‌عس  به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی كاری به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی ته‌خوین كردوه‌ ، به‌ خائینكردن و به‌ جاسوسكردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌نگێكی نارازی بوون به‌رانبه‌ر به‌ به‌عس ، كه‌نعان مه‌كیه‌ شیكاری  بۆ هه‌ندێك له‌وتاره‌كانی سه‌دام ئه‌دات ، چ له‌ ساڵانی شه‌ری عێراق و ئیران، چ ساڵانی دواتر، له‌ تێكرای ئه‌م وتارانه‌دا سه‌دام چه‌مكی خیانه‌ت و جاسوسیكردنی به‌كارهێناوه‌ ، له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا پێناسه‌یه‌كی كۆنكرێتی نه‌ بۆ چه‌مكی خیانه‌ت و  نه‌ بۆ چه‌مكی جاسوس و جاسوسیكردن نه‌خستۆته‌ روو ، به‌ڵكو به‌رده‌وام ئه‌م چه‌مكه‌ی  به‌شێوه‌یه‌كی لاستیكی وا به‌كارهێناوه‌ هه‌ركات و هه‌ر ساتێك بیه‌وێت هه‌ر كه‌سێك ته‌خوین بكات و هه‌ر كه‌سێك بكات به‌جاسوس ، ئه‌م دۆخه‌ش كه‌شێكی وا پر له‌ ترس و تۆقاندنی دروست كردبوو له‌ كۆمه‌ڵگای عێراقیدا، هه‌موو كه‌سێك، هه‌موو ساتێك له‌به‌رده‌م مه‌ترسی به‌ خائینكردن و به‌ جاسوسكردندا بوه‌.
  به‌داخه‌وه‌ ، له‌ حوكمرانی كوردیشدا و له‌سه‌ر ده‌ستی پارتیدا ، هه‌مان گوتار و هه‌مان دۆخ به‌رهه‌مده‌هێنرێته‌وه‌ ، سه‌ركرده‌كانی پارتی  له‌ هه‌موو به‌ریه‌ككه‌وتنێكی سیاسیدا ، بگره‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌نگێكی ناره‌زایدا ، تۆمه‌تی خائین و جاسوس ئاماده‌یه‌ ، كه‌یسی شیروان شیروانی و ئازادیخوازه‌كانی بادینان باشترین نموونه‌ی ئه‌م راستیه‌یه‌ ، له‌كاتێكدا ته‌نها یه‌ك به‌ڵگه‌ به‌دسته‌وه‌ نییه‌ ئه‌م  گه‌نجانه‌ی سه‌رقاڵی كارێكی خراپ بوبن ،  یان تێوه‌گلابن له‌ خیانه‌تێك ، یان هیچ یه‌كێك له‌ تۆمه‌ته‌كانیان به‌سه‌ردا بچه‌سپێت ،  كه‌چی به‌ تۆمه‌تی جاسوسی و پلانگێری شه‌ش ساڵ زیندانی كراون ، ئه‌مه‌ له‌ راستیدا دروستكردنی كۆمه‌ڵگای ترسه‌ ، دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی هێز راوه‌ستاوه‌ و ئامانجی دروستكردنی تاكێكه‌ كه‌ له‌ هه‌موو شت بترسێ ، ته‌نانه‌تله‌ گروپێكی ماسنجه‌ر و كۆمێنتێكی فه‌یسبوك.
كه‌نعان مه‌كیه‌ پێیوایه‌  یه‌كێكی دیكه‌ له‌ كه‌ره‌سته‌كانی به‌رده‌ستی به‌عس بۆ دروستكردنی ترس و توقاندن له‌ كۆمه‌ڵگای عێراقیدا ، گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی رادیكال بوو ، به‌عس له‌لایه‌ك هه‌ڵگری هاله‌یه‌كی گه‌وره‌ی عرووبه‌ بوو ، خاوه‌نی ئیدیعای   یه‌كخستنی  نیشتیمانی   گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب بوو، خۆی به‌ پارتی پێشره‌وی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و رزگارگه‌ری هه‌موو عه‌ره‌ب ئه‌زانی، ئه‌گه‌رچی به‌ كرده‌وه‌ وێرانكه‌ری نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و تێكشكێنه‌ری  كه‌سایه‌تی تاكی عه‌ره‌بی بوو، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌عس به‌رده‌وام ماكینه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو بۆ دروستكردنی وێنه‌ی دوژمن  ، دوژمنێك كه‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی پلانگێرییه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ، به‌م گوتاره‌وه‌ به‌عس به‌رده‌وام وێنه‌ی دوژمنی هێنابوه‌ ناو زیهنیه‌تی هه‌موو تاكێكی عێراقییه‌وه‌ ، هه‌موو جوڵانه‌نه‌وه‌ و هه‌موو ده‌نگێكی نه‌یاری به‌ پشتیوانی دوژمن له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دا ، به‌داخه‌وه‌ پارتی  له‌مرۆدا موماره‌سه‌ی هه‌مان گوتاری ناسیۆنالیستی ئه‌كات ، خۆی به‌ پارتی پێشره‌و و رابه‌ری كوردایه‌تی ئه‌زانێت ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی  به‌شێك نین یان نابن له‌ ئه‌جێندای سیاسی ئه‌و ، ئه‌وا بی َدوو دڵی به‌شێك له‌به‌ره‌ی دوژمن، دوژمنی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌ ، ئیدی لێره‌وه‌ پارتی لیستێكی دوور و درێژی له‌ په‌رله‌مانتار و سیاسی و رۆژنامه‌نووس هه‌یه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ دوژمن ئه‌كه‌ن به‌شێك له‌ به‌ره‌ی كوردایه‌تی ، له‌ راستیدا ئه‌مه‌ دروستكردنی كۆمه‌ڵگای ترسه‌ ، دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كه‌ به‌ حوكمی ترس كه‌ نه‌وێری جودا بێت و كه‌ نه‌وێریت رای جیاواز و به‌رنامه‌ی سیاسی جیاوازی هه‌بێت
به‌لای كه‌نعان مه‌كیه‌وه‌  ئامرازی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌م ترس و  باوه‌ری وایه‌ ئه‌وه‌ی به‌عس ئیشی له‌سه‌ركرد  به‌هێزكردنی سوپا نه‌بوو له‌رووی چۆنایه‌تی و بنه‌ماكانی پیشه‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ ، به‌ڵكوته‌نها له‌ رووی سه‌ربازییه‌و و زیادكردنی چه‌ك و جبه‌خانه‌وه‌ به‌هێزی كرد، به‌ڵام ناوه‌رۆك سوپایه‌كی ملكه‌چ و پاه‌ندی دروستكرد به‌ قسه‌كانی سه‌رۆكه‌وه‌ ،جگه‌ له‌مانه‌ش زنجیره‌یه‌ك میلیشایی ئه‌منی چه‌كدار كه‌ ئاماده‌بوون ته‌نها فه‌رمان له‌ سه‌ركرده‌بالاكانی به‌عس وه‌ربگرن ، له‌ رێگای ئه‌م سوپایه‌وه‌ ، ئه‌م هێزه‌ ئه‌منی و چه‌كدارییه‌وه‌ به‌رده‌وام  ترس به‌رهه‌مده‌هات ، به‌داخه‌وه‌ ، له‌ ئه‌زموونی هه‌رێمیشدا نه‌ سوپایه‌كی نیشتیمانی پیشه‌گه‌ر هه‌یه‌ ، نه‌هێزێكی ئه‌منی بیلایه‌ن ، به‌ڵكو هه‌میشه‌  ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی تێدایه‌ وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی ته‌سفیه‌ی حساباتی سیاسی و وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی سه‌كوتكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس به‌كار بێت
ئەوەی گرنگە بوترێت، بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەریتە مەترسیدارەی ترس و تۆقاندن، بە تەنها ئەرکی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی نیە، بەڵکو ئەرکی هەموو هێزە سیاسیەکانە بە توندی بەرەنگاری ئەم ڕەوشە مەترسیدارە ببنەوە،ئەمە ڕەوشێکە بە تەنها ڕۆژنامەنووس و  مرۆڤی ناڕازی ناخاتە زیندانەوە، بەڵکو بە زیندانکردنی کۆی کۆمەڵگایە و گۆڕانی کایەی حوکمڕانیە بە ئامرازی ترس و تۆقاندن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand