Draw Media

  ئەگەر یەكێتی ڕاست دەكات 

  ئەگەر یەكێتی ڕاست دەكات 

2021-02-15 11:37:04


ساڵح ژاژڵەیی
لەو كاتەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك هاتوە ، یەكێتی و پارتی  پێك هاتەی سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بون .لەوكاتەشەوە كە مامجەلال بوو بە سەرۆك كۆمار و مەسعود بارزانیش بە سەرۆكی هەرێم ، هیچ كاتێك دەسەڵاتی یەكێتی لەناوحكومەتدا هاوتای دەسەڵاتی پارتی نەبوەو لە بری ئەوەی یەكێتی شەرێكی دەسەڵات بوبێت ، بەشداری دەسەڵات بوە .
 ئێستا هەموو جومگە سەرەكیەكانی  ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە دەستی پارتی وبنەماڵەی بارزانیدان و بەو هۆیەوە دامو دەزگاكانی حكومەت تەنها شكلین و بۆ ئەوە پێك هێنراون كە جێگای خەڵكیان تێدا بكرێتەوە ، نەك بڕیاریان تێدا بدرێت .  زۆر جار ئەندامانی سەر بە یەكێتی لەسنوری پارتی توشی گرتن و كوشتن وڕاوەدونان سوكایەتی پێكردن  دەبنەوە.  لە تازەترین  ڕوداودا  لە یاریگای هەولێر یاری كەرەكانی پارتی لە وێنەگرێكی كەناڵی كوردساتیان داوە . 
لە زاخۆ كادیرێكی  كۆمەڵایەتی  یەكێتییان گرتوە  بە ناوی ئەوەی پەیوەندی بە پەكەكەوە هەیە . لە گوندێكی بادینان   تەنها ماڵێكی سەر بە یەكێتی لێیە ، موختاری گوندەكە  سێ بە سێ تەڵاقی خواردوە نابێ مانگای  ئەوماڵە لە لەوەڕگای ئەوگوندە بلەوەڕێت . كابرا ناچار بوە مانگاكە بفرۆشێت . ئەمانە  ڕێكەوت نین و پارتی بە بەرنامە دەیەوێت سوكایەتی  بە یەكێتی بكات  . بەڵام یەكێتی گوێی  خۆی كەڕ كردوە .  بەڵام سەیر ئەوەیە  رۆِژێك لە ڕۆژان یەكێتی بیری لە ئۆپۆزسیۆن بون نەكردۆتەوە و بەرداوام  هەر گلەیی لە حكومەت كردوەو بەشداریش بوە تێیدا . 
                                               كۆنگەرەی چواری یەكێتی 
كۆنگرەی چواری یەكێتی بۆیە بەسترا كە یەكێتی خۆی نوێ بكاتەوە ، بەڵام پێچەوانەكەی دەرچوو ئەوەندەی تر ناو ماڵی یەكێتی پەرت بوو . دوو هاوسەرۆك بۆ یەكێتی هەڵبژێران . هەموو بەرپرسە كۆنەكانی ناو  یەكێتی پەڕاوێز خران . لەشكرێك خەڵك كرا بە ئەندامی سەركردایەتی  بۆ بێدەنگ كردنیان . 
                           پەیوەندیەكانی نێوان  یەكێتی و پارتی دوای كۆنگرەی چوار 
كوڕانی مامجەلال پەیوەندیان لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی باشە . قوباد تاڵەبانی  جێگری سەرۆكی حكومەتەو  سەرۆكی تێمی یەكێتییە  لە حكومەتدا . بافێڵ تاڵەبانی  پەیوەندی  شەخسی لەگەڵ  مەسعود بارزانی خراپ نییە .  هەندێك لە سەركردە كۆنەكانی ناو یەكێتی  پەیوەندی باشیان لەگەڵ پارتی هەیە بە هۆكاری ئەوەی بەرژەوەندی شەخسیان لەو پەیوەندیەدا مسوەگەرە . ئەوانە پێیان دەگوترێت پڕۆ پارتی . كاتی خۆشی پشتیوانی مەسعود بارزانیان كرد  بۆئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لە دەستدانی شاری كەركوك و زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستان .
بەڵام  لاهور شێخ جەنگی كە یەكێكە لە دوو هاوسەرۆكەكانی  یەكێتی و خاوەنی پێگەیەكی بە هێزیشە ، تا ئێستا لە لایەن مەسعود بارزانییەوە  دانی پێدا نەنراوە وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی و بەو هۆیەوە بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ كۆی بنەماڵەی شێخ جەنگی ناكۆكن و لە یەكتری دەخوێنن . بەڕاستی هۆكارێكی ڕون و ئاشكرا نییە بۆ ئەوەی  بنەماڵەی بارزانی  لاهور شێخ چەنگی وەكو هاوسەرۆكێكی یەكێتی حسابی بۆ نەكەن ، ئەوەی هەیە تەنها بۆ دروست كردنی كێشەیە  لە نێوان ئامۆزاكان كە ئێستا ئەوان بە كرداری یەكێتی بەڕیوە دەبەن . 
لێدوانەكانی بەرپرسەكانی یەكێتی سەبارەت بە مەلەفی نەوت بە پێیی كات و بە پێیی دەسكەوت و بەرژەوەندی دەگۆڕێت . ئەگەر سەرنجی لێدوانەكانی بەرپرسانی یەكێتی بدەی  سەبارەت بە شەفافیەت  لە مەلەفی نەوتدا ، زوربەیان  بێ ئاگایی خۆیان دەردەبڕن و دەڵێن ئێمەئاگادار نین . بەڵام لە پڕ عیماد ئەحمەد كە جێگری سەرۆكی حكومەت بوو ، دەیگوت ئێمە ئاگاداری مەلەفی نەوتین .
 ئێستا قوباد تاڵەبانی  بۆتە بەرگریكاری پارتی و بە ئاشكرا دەڵێت  ئێمە ئاگاداری مەلەفی نەوتین و ڕێكەوتنی 50ساڵەی  نێوان هەرێم و توركیا لەسەر خودی نەوتەكە نییە ، بەڵكو ئەو ڕێكەوتنە پەیوەندی بە بۆری نەوتەكەوە هەیە .ئەمە لە كاتێكدایە زۆرینەی  یەكێتییەكان  ناڕازین لەوەی كە قوباد تاڵەبانی وەكو سەرۆكی وەڤد دەچێتە بەغدا . 
 دەڵێن كێشەی هەرێم و بەغدا لەسەر نەوتە و كێ‌ كێشەكەی دروست كردوەو نەوتی هەرێمی هەڕاج كردوە با ئەو كەسانە بچنە بەغدا نەك قوباد تاڵەبانی . زۆر كەس  هۆكاری ئەو بەرگریكردنەی قوباد تاڵەبانی  لە پارتی سەبارەت بە دۆسییەی نەوت بۆ ئەوە دەگێرَنەوە  كە گوایە قوباد تاڵەبانی  بەردەوام بەشێك لە پارەی نەوتی  لەپارتی وەرگرتوە بۆ خۆی نەك بۆ یەكێتی . بۆیە لەوە دەترسێت ئەگەر دژی بۆچونەكانی پارتی بوستێتەوە ، ئەوەی لێ ئاشكرا بكەن .  هەموو لایەكیش ئاگاداری ئەوەن كە دەڤەری سەوز لە لایەن پارتییەوە پەڕاوێز خراوەو كەمترین خزمەت گوزاری بۆ ئەنجام دراوە . جیاوازیەكانی نێوان دەڤەری زەردو سەوز ئاسمان و ڕیسمانە  لە ڕوی ڕێگاو بان و تونێل َو  شەقامی  شەست مەتری و سەد مەتری و سەدوو بیست مەتری و سەدو پەنجا مەتری لە هەولێر هەیە ، بەڵام تا ئێستا تەنها ئەو شەقامی شەست مەتریە لە سلێمانی هەیە  كە لەسەر دەمی بەعسدا وەكو پشتێنەیەكی ئەمنی  بەدەوری شاری سلێمانیدا دروستی كردبوو . 
بە هۆكاری  هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەم بۆ كرد ئێستا لە دەڤەری سەوز ڕاو بۆچونی جیاواز دروست بوە . كۆمەڵێك داوای بە هەرێم كردنی زونی سەوز دەكەن . كۆمەڵێكی تر هەوڵ دەدەن  موچە خۆرانی دەڤەری سەوز بخەنە سەر بەغدا . بۆچونێكی تری ناو یەكێتیش ئەوەیە كە لەگەڵ بەغدا  ڕێك بكەون و نەوتو غازی دەڤەری سەوز دەرهێنن و بە یەكەوە ئیدارەی بكەن و  بەشەبودجەی دەڤەرەكە  ڕاستەوخۆ لە بەغدا وەرگرن .
 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش  داوای لامەركەزی ئیداری و دارایی بۆ پارێزگای سلێمانی دەكات . بە بۆچونی خۆم تەنها داواكەی ئەنجومەنی  پارێزگای سلێمانی  بە ڕەواو ڕاست و حەق دەزانم . چونكە داواكردنی ئەو مافە لە حكومەتی هەرێم دەكرێت نەك بەغدا . بەڵام بۆچونەكانی تر هەمویان  هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی لەتبون وپارچە پارەچە بون دەبەن و ئایندەی هەرێمی كوردستان دەخەنە بەر مەترسی لەناو چونەوە . نابێ لە ڕقی یەكتری ماڵی خۆمان وێران بكەین و ئەگەر  لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆبین و بەدوای بەرژەوەندی شەخسی و حیزبیەوە نەبین ، دەتوانین بەباشترین شێواز چارەسەری هەموو كێشەكان بكەین . 
لە كاتێكدا  بۆچونێكی  ناو یەكێتی ئەوەیە كە بچن لەگەڵ بەغدا ڕێك بكەون بۆ دەرهێنانی غازی دەڤەری سەوز بۆ ئەوەی بەشە بودجەی  دەڤەرەكە وەرگرن ، قوباد تاڵەبانی دەڵێت : داهاتی نەوتی دەڤەری سەوز لە سەدا یانزە تێناپەڕێت . ئەوەش مانای ئەوەیە كە دەڤەری سەوز ناتوانێت  بەبێ هەولێر ئیداەرەی خۆی بكات . 
ئەوەش پشتیوانییەكی ئاشكرایە لەپارتی و  دەكاتە دژایەتی ئەو بەشەی ناو یەكێتی كە دەیانەوێت لەگەڵاَ بەغدا ڕێك بكەون . بەڵام نازانم بۆچی كاك قوباد خۆی لەوە لاداوە بڵێت : دەڤەری سەوز خاوەنی لە سەدا 65 یەدەگی نەوت و 80ی یەدەگی غازی سروشتییە . ئەی بۆچی ناپرسێت بۆچی پارتی ڕێگای نەدا كۆمپانیاكانی نەوت لە دەڤەری سەوز سەرمایە گوزاری بكەن ؟. ئەی بۆچی ئاشتی هەورامی ئامادەبوو زیاتر لە دوو ملیار دۆلار  كەرانە بدات بە دانا غاز تەنها بۆ ئەوەی پەرە  بە كارەكانی  نەدات و بۆ ئەوەی دەڤەری سەوز نەبێتە خاوەنی  ئابوری خۆی . ئەگەر سەرنجی ئەوە بدەن كە لەسەرەوە ئاماژەم بۆ كردوە  دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئێستا لەناو یەكێتیدا مەركەزی بڕیار نەماوەو  پاشاگەردانییەكی تەواو بەر چاو بەدی دەكرێت و  هاوسەرۆكەكانی یەكێتیش یەك بۆچونیان نییە . 
 سەركردەكۆنەكانی ناو یەكێتی پەڕاوێز خراون . لەشەكرەكەی ئەندامی سەركردایەتی  لە جێگەی نەبواندان و  بە هەندێك بەرژەوەندی شەخسی بیدەنگ كراون . ئەوەتا دەبینین لە ئەنجامی ئەو پەرتەوازیەدا  شاری سلێمانی بۆتە تەكساس و هەر رۆژە پەلاماری كەسێك وشوێنێك دەدرێت لە لایەن بەرپرسان وكوڕی بەرپرسانەوەو ئەو تەعداو سوكایەتیەی  لەسایەی ئەمانەوە بە خەڵكی شار دەكرێت ، لە زەمانی سەدامدا بەو شێوەیە نەكراوە. هەر مەسئولەو خاوەنی هێزی تایەبەتی خۆیەتی و حساب بۆ كەسی تر ناكات .ئەوەی لە سلێمانی  ڕودەدات یەكێتی لێی بەرپرسیارە نەك پارتی .
كەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە لە ئێستادا  یەكێتی نیشتمانی كوردستان  نەك هەر خاوەنی ئەجیندای نیشتمانی نەماوە ، خاوەنی ئەجیندای حیزبیش نەماوە و هەر تاقمەو خەرێكی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خۆیەتی و بەبەرچاوی خەڵكەوە سامانی نیشتمان تاڵان دەكرێت و خەلكیش كەوتۆتە سواڵ . ئەوەی كە یەكێتی وەكو ئیستا هێشتۆتەوە ، بونی كۆمەڵێك بەرژەوەندی تایبەتی ناو خاوەن هێزە سەربەخۆكانی ناو یەكێتی خۆیەتی .
                ئەگەر یەكێتی لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێكەوتن بۆ دەرهێنانی نەوت و غاز چی ڕودەدات ؟.
1-ئەمەریكا پشتیوانی ئەوڕێكەوتنە دەكات  بۆ ئەوەی چیتر بەغدا پشت بە غازی ئێران نەبەستێت  بۆ ئەوەی  ئێران زیانی گەورەی دارایی بكات و ئەوەندەی تر لاوازتر بێت . دەبێ‌ ئەوە بزانرێت  ئەمەریكا لە خەمی كورد نییە چی لێ بەسەردێت . ئەوەتا هاوخەمی خۆی بۆ توركیا دەربڕیوە  لەسەر كوژرانی سەربازەكانی لە لایەن پەكەوە ، سەرەڕای ئەو هەموو ناكۆكیانەی لەگەَڵا توركیا هەیانە . كە واتە گرەو كردنیش لەسەر بایدن ، وەكو گرەوكردن لەسەر ئەسپی دۆڕاو وایە . كورد دەڵێت : مانگە شەو سەر لە ئێوارەوە دیارە .وریابن ئەوەی ترامپ بەسەر كوردانی ڕۆژئاوایان هێنا ، دووبارە نەبێتەوە .
2- یەكێتی سنورێكی فراوان و بازرگانییەكی زۆر قەبەشی لەگەڵ ئێران هەیە . ئێران شادەماری  هاوردەكردنی كاڵایە بۆ سنووری یەكێتی . ئایا ئەگەر هەرێم لەگەَڵا بەغدا ڕێك بكەوێت و عێراق پێویستی بە غازی ئێران نەمێنێت ، ئاوا بەئاسانی بێدەنگ دەبن ؟. ئەگەر ئێران كاردانەوەی هەبوو ، یەكێتی هیچی پێدەكرێت ؟. ئایا شیعەی عێراق پشتیوانی یەكێتی دەبن یان ئێران ؟.  دەبێ ئەم ئەگەرانە هەموو حسابیان بۆ بكرێت .
3- وەكو لەسەرەوە ئاماژەم بۆ كرد   مامەلەی دەرهێنانی غاز لەگەڵ بەغدا هەموو سەركردەكانی یەكێتی لەسەری كۆك نین . هیچ پرسێكیش بە میللەت نەكراوە .  كەواتە كێن ئەوانەی ئەم مامەلەیە دەكەن ؟ كێ حەقی پێداون و دەسەڵاتی پێداون ئەو كارە بكەن ؟.  ئەی ئەمەش  ناكاتە مامەلەكەی  پارتی لەگەڵ توركیا بۆ مۆركردنی  ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت و غاز كەئیستا   بە هۆی ئەوەو هەرێم كەوتۆتە ژێر هەژمونی توركیاو ڕازی نییە  لەگەڵ بەغدا رێكەوتن بكات . ئەی ئەوە نییە بە ناچاری پێش سوپای تورك  دەكەون بۆ شەڕی پەكەكە ؟. 
4- گریمان ڕێكەوتن لەگەڵ بەغدا كراو غاز دەرهێنراو بەشی دەڤەری سەوزی لێدرا . باشە كی َزامنی ئەوە دەكات  ئەو داهاتە وەكو داهاتەكەی لای پارتی بە تاڵان نەبرێت ؟.  باشە با ئەم پرسیارەش بكەین : ئەگەر ئەوانەی ئیدیعای ئەوە دەكەن گوایە ئەمە لەبەر خاتری خەڵكەو ئەوەتا پارتی ئەم دەڤەرەی پشت گوێ‌ خستوە،ئەی باشە داهاتی گومرگەكان لە ژێر دەستی خۆتاندا نییە  كە بە ڕۆژی ڕوناك و بە بەرچاوی خەڵكەوە ، بە قاچاخ كاڵا ئەمدیو دەكەن و گومرگ نادەن .
 ئەو كاڵایانە  فەحس ناكرێن و كوالێتی باشیان نییە . ئەی باشە ئەگەر لە خەمی خەڵكن ئەو هەموو كۆمپانیای حیزبی و بەرپرسانی حیزبیە چییە لەو مەرزانە بە بەهانەی جۆراو جۆر سەرانە لە خەڵك وەردەگرن ؟. باشە بۆچی فەرمان بەری حكومی دانانین و پارەكەی بۆ خەڵك ناگێڕنەوە ؟. ئەوەتا عەلی حەمە ساڵح چەندین ڕاپۆرتی لەسەر ئەو دزی و تاڵانیە بڵاو كردۆتەوە .
 لە تازەترین ڕاپۆرتدا دەڵێت :لە تانجەرۆ بەنزینی ژەهراوی و كوالێتی خراپ دروست دەكرێـت و  دەبێتە هۆی نەخۆشی شێر پەنجە . تەنانەت ئەو بەنزینەی لە ئێرانیشەوە هاوردە دەكرێـت ، كولێـی خراپە . ئەگەر ئەو پاڵاو گانە لە لایەن حیزب و كەسانی حیزبیەوە ئیدارە ناكرێن ، بۆچی  ڕێگایان پێدەدەن ؟. ئەگەر ڕاپۆرتەكانی عەلی حەمە ساڵح درۆن و ڕاست نین ، بۆچی شكاتی لێ ناكەن و نایدەنە دادگا وبە درۆی ناخەنەوە؟.
ئەگەر بەهانەشتان ئەوە بێت بڵێن: تا پارتی ئاوا بكات ئێمەش ئاوا دەكەین ، كەواتە جیاوازی ئێوەو ئەوان نامێنێت و  هەردوك لاتان تاڵانچین . ئێمە قسە لەسەر یەكێتی و دەڤەری سەوز دەكەین ،پارتی لە دزی و تاڵانی و خیانەت و نیشتمان فرۆشی هەمووسنوورەكانی تێپەڕاندوەو لێبۆتەوەو  پێویست بە قسەكردنی زیاتر ناكات لە سەریان . كەواتە چۆن خەڵك بڕواو موتمانەی بەوە هەبێت كە ئێوە لەگەڵ بەغدا ڕێك دەكەون بۆ دەرهێنانی نەوت و غاز  لە پێناوی خۆشگوزەرانی خەڵكدا ؟. هیچ گەرەنتییەك بۆ ئەوە نییەو  دەتانەوێت لەپێناوی بەرژوەندی خۆتاندا ، سلێمانیش  وەكو ناوچەی بادینان و كەركوكو ناوچە داگیركراوەكان ، بكەن گۆڕەپانی شەڕو پێكدادان. 
 لە بەشی كۆتایی ئەم نوسینەدا لە سەرانی یەكێتی دەپرسم : ئەگەر ئێوە بە ڕاستانەو لە بەرەی گەڵن . ئەگەر لە خەمی خاك و خەڵكی كوردستانن. ئەگەر ناتانەوێت هەرێمی كوردستان لەناو بچێت . ئەگەر ئێوە خۆتان لە پارتی بە دڵسۆزتر دەزانن بۆ كورد. ئەگەر دەتانەوێت  ببنەوە  بەو یەكێتیەی لە ساڵی 1976 شۆڕشی دەست پێكردەوەو هێواو ئاواتی  خستەوە دڵی خەڵك ، هیچ كات لە ئێستا گونجاو تر نییە ، هیچ كات لە ئێستا  زەمینە خۆشتر نییە بۆ گێرانەوەی ئەو سەروەریەی ئەو كاتە .
ئەگەرچی  خەڵكی زۆر گلەیی و ناڕازین لێتان . ئەگەرچی  جیاوازییەكی زۆر كەمتان هەیە لەگەل َپارتی . بەڵام تۆزێك تروسكایی هەیە لەم دەڤەرە . ناڕەزایی خەڵك گەیشتۆتە لوتكە . وەكو ئەو كاتە وایە كە بزوتنەوەی گۆڕانی تێدا دروست بوو . پارتی كە سەرچاوەی هەموو كێشەكانە باروۆخی لە بەغدا خراپە . لەناوخۆدا زۆر خراپە و ناڕەزایەكان گەیشتۆتە لوتكە لە سنووری هەولێر و دهۆك و زاخۆ و ئەوەتا كەوتونە ڕەشبگیر و ئازار دان و سوكایەتی بەخەڵك . 
ئەوەتا بە ئاشكرا لەبەر خاتری تورك شەنگالیان تەسلیم بە بەغدا كردەوە . ئەوەتا پێش سوپای تورك كەوتون بۆ شەڕی پەكەكە . توركیا لەناو هەرێمی كوردستانەوە پەلاماری پەكەكە دەدات . پارتی لەمەلەفی نەوتدا شكستی گەورەی هێناوە .  
بەڵام ئەوەی پارتی هێشتۆتەوە بێ هەڵوێستی  یەكێتی و پەرتەوازەیی حیزب و لایەنەكانی ترە .  ئەگەر یەكێتی لە خەمی هەرێمی كوردستانە لە بری ئەوەی  هەوڵی ئەوە بدات مامەلەی تایبەتی لەگەڵ بەغدا بكات و بەو هۆیەوە  قەوارەی هەرێمی كوردستان بخاتە بەر مەترسی لەناوچونەوە ، كاتی ئەوەیە هەوڵی پێكهێنانی  بەرەیەكی  نیشتمانی بەرفراوان بدات و لەگەڵ هەموو  حیزبە ئیسلامیەكان  و بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ و هاونیشتمانی و حیزبی شیوعی و هەرچی تاقم و كەسایەتی نیشتمان پەروەری سەربەخۆ و فراكسیۆنی هێوای گەل لە بەغدا  پێك بهێنێت . ئەوكات بە هەمویان خەڵكە ناڕازیە سەربەخۆكانیش  لە خۆیان كۆ بكەنەوە بۆ ئەوەی چیتر پارتی نەتوانێت ، بەتەنها حوكمی كوردستان بكات . 
ڕاستە ئەمە كارێكی ئاسان نییەو هەر بەدەم و نوسین لەسەر كاغەز خۆشە ،  بەڵام ئەگەر ئیرادە هەبێت ، ئەگەر خەم و ڵسۆزی هەبێت بۆ گەل و نیشتمان ، ئەگەر ئەو حیزب و لایەنەنانەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كووردستان  هەر یەكەی لە ژیر ناوێكدا خەبات دەكات  بۆ بەرژەوەندی گشتی نەك حیزبی و شەخسی ، دەتوانرێت  لەسەر بەرنامەیەك پێك بێن ، ئەگەر هەر یەكەیان دەست بەرداری بەشێك لە داواكانی خۆی ببێت و بەقەدەر بەڕەكەی خۆی و قەوارەی خۆی پێ ڕاكێشێت . بەڵام ئەگەر حیزبێك یان لایەنێك  نەیەوێت  بەشداری بكات بەهانەی زۆر هەیە . بۆ نمونە ئەگەر حەقی دوو كورسی پەڕلەمانی هەبێت ، داوای 7 كورسی دەكات .
لەم حەڵەتەدا دەبێ یەكێتی ڕۆڵی براگەورە ببینێت و دەستی كراوەبێت . دەبی َهەموو حیزبەكانیش ئەوڕاستییە بزانن  كە سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمجارە بە شێوازیكە لە بەرژەوەندی  حیزبە بچوكەكاندا نییە . بۆیە ئەگەر بە تەنها و بێ پێكهێنانی هاوپەیمانی  دەنگەكانیان بلاِو دەبێتەوە و بۆ حیزبە گەورەكان دەچێت .ئەو كات هەر حیزبێك بوو بەخاوەنی زۆرینە ، لە هەمان كاتیشدا دەبێتە كوێخاو دیكتاتۆر .
 لەوكاتەدا حیزبە بچوكەكان تەنها قسە كردنیان بۆ دەمێنێتەوەو كەسیش حساب بۆ  ڕاو بۆچون و پێشنیارەكانیان ناكات و هیچ ڕۆڵێكی كاریگەریان نابێـت  لە گۆڕەپارنی  سیاسی هەرێم كوردستاندا و تەنها چەند كەسێكیان دەبنە ئەندام  پەڕلەمان و ئەوەش دەچێتە بابی بەرژەوەندی تایبەتەوە . پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی   فراوان تاكە هێوایە  بۆ ئەوەی  چیتر دەسەڵات قۆرغ نەكرێت و سامانی وڵات بە تاڵان نەبرێت . بە هیوای سەركەوتن .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand