Draw Media

رووی سەربازی ئۆپاراسیۆنی (گارە)

رووی سەربازی ئۆپاراسیۆنی (گارە)

2021-02-12 21:05:02


هێمن خۆشناو:

لەم کاتەی پێشبینی دەکرا، سوپای تورکیا جوڵەیەکی سەربازی بەرەو شەنگال ئەنجامبدات، بە شێوەیەکی ناچاوەڕوانکراو ئەم سوپایە ئۆپاراسیۆنێکی بۆ سەر شاخی (گارە) کە دڵی ناوچەی بادینانە دەستپێکرد. ئەم بادانەوەی تورکیا لە شەنگال بۆ گارە، لە کوورترین و پوختەترین لێکدانەوەیدا، ئاماژەیە بە نەبوونی زەمینەی، سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسی بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێ لە شەنگال دیفاکتۆی رۆژئاوای کوردستان دووبارە بکاتەوە.

بۆ تێگەیشتن لە مەودای بەرفراوانی و بەرتەسکی ئۆپاراسیۆنەکە (ئۆپاراسیۆنی گارە) و بزانین تورک دەخوازن لە شاخی گارە وەکو ناوچەی خواکوڕک و هەفتانین بمێنەوە، یان ئۆپاراسیۆنەکە سنووردارە و ئامانجی تایبەتی هەیە، دەبێت لە رووی جوگرافی ئۆپراسیۆنەکە بخوێنینەوە.

گەریلاکانی پەکەکە لە دوای (ساڵی 1994) لە گارە گیرساونەتەوە. لەم بەروارە بە دواوە ئەم ناوچەیە بۆتە وێستگەیەکی گرنگی، لۆجستیکی، پەروەردەیی و تەندروستی پەکەکە. لەگەڵ ئەوەشدا سوپای تورکیا بۆ جارێکیش ئۆپاراسیۆنی زەمینی بۆ سەر ئەم ناوچەیە ئەنجامنەداوە. هۆکارەکەشی بۆ شوێنی گارە دەگەڕێتەوە کە بە قوڵایی نزیکەی 45 کم لە سنووری باکووری کوردستان دوورە و لە شاخەکانی دیکە دابڕاوە.

سوپای تورک لە بەرزایی (حەوت تەبەق) لە ئاسمانەوە بە هەلیکۆپتەر هێزی دابەزاندووە. ئەم بەرزایە ستراتیژیترین شوێنی گارەیە. لەلایەک رۆژهەڵات و رۆژئاوای گارە لێک جیادەکاتەوە، لەلایەکەی دیکە، پەیوەندی گارە لەگەڵ چیای پێرس و ناوچەی زێبار، زاپ و ناوچەکانی دیکە دروست دەکات. داگیرکردنی ئەم بەرزایە بە واتای بەرتەسکردنەوەی گۆڕەپانی موناوەڕەی پەکەکە دێت کەگرنگترین رەگەزی شەڕی گەریلاییە. بۆیە دابەزاندنی هێز لە حەوت تەبەق ئاماژەیە بە هەوڵی مانەوەی تورکیا بۆ مەودا درێژ. بەڵام ئەم ئاماژەیە بەتەنیا بەس نیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێن تورکیا دەمێنێتەوە. بەڵکو کۆمەڵە رەگەزێکی دیکەش لە ئارادایە کە بەستنەوەیان بە یەکتر ئەنجامێکی دیارترمان پێ دەبەخشێت.

بەپێی ئەم مەعلوماتە سنووردارەی لە میدیا بڵاوکراوتەوە، چەقی بۆمبارانی ئاسمانی و جوڵەی زەمینی سوپای تورکیا گوندی سیانێ بووە، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاخی گارە بە دیوی باشووریەوە. گوایە سەرباز، پۆلیس و ئەندامانی میت کە بەدیل لە دەستی پەکەکە دایە لە سیانێ زیندانی کراون. کە بۆ من لۆژیکی نایێت. بەڵام ئەم مەعلوماتە ئاماژەیە بە سنوورداری و کاتیبوونی ئۆپاراسیۆنەکە.

ئاماژەیەکی دیکەی سنوورداری ئۆپاراسیۆنەکە، هێڕشی زەمینی تورکیایە تەنیا لە قۆڵێک، چونکە بۆ ئۆپاراسیۆنێکی بەرفراوان و تەنگاوکردنی پەکەکە لە گارە پێویستە لە چەمانکێ کە دەکاتە رۆژئاوای گارە دەست بە جوڵەی زەمینی بکرێت. بەبێ گورز وەشاندن لە سەنگەرەکانی پەکەکە لەم بەرەیە ناتوانرێت مەودای موناوەڕەی پەکەکە بەرتەسک بکرێتەوە کە شەڕی گەریلایی پەیڕەو دەکات.

ئۆپاراسیۆن بێ ئەنجام بوو؟

بێ ئەوەی بتوانین وڵامی پرسیاری سەرەوە یەکلایی بکەینەوە، کە ئایا تورکیا دەیویست گارە بکاتە خواکوڕک و هەفتانینی دووەم، ئۆپاراسیۆنەکە تووشی شکست بوو، دەرفەتی مانەوەی تورکیا بەرتەسک بۆتەوە ئەگەر نەڵێین بە تەواوی نەماوە و ناچار بە کشانەوە کراوە.

بە گوێرەی راگەیاندنی فەرمی تورکیا، لە رۆژی یەکەمیندا رائید بوڕاک جۆشکن و پلەدارێکی دیکە بەناوی هاڕون توڕهان کوژراون. لە رۆژی دووەمینیشدا رائید ئەرتوغ گولەر دوای برینداربوونی گیانی لەدەستدا.

کە ئەمەش ئاماژەیە بە شکستی ئۆپاراسیۆنەکە، چونکە زۆرجار ئۆپاراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بەهۆی کوژرانی پلەدارێک شکستی هێناوە و تووشی پاشەکشە بووە.

بۆ ئەنجامگرتن لە ئۆپاراسیۆنی شاخێکی وەکو گارە، مەعلوماتی هەواڵگری گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، ئەگەر نەڵێین چارەنووسسازە، پێدەچێت تورکیا لەم رووەوە ئەمجارە مەعلوماتی تەواوی نەبێت، یان مەعلوماتی هەڵەی پێدرابێ. سۆسیال میدیا باس لەوە دەکات، کە ئامانجی ئۆپاراسیۆنەکە بە ئامانجگرتنی سەرکردەیەکی پەکەکە بووە، کە گوایە ماوەیەکە لە گارە و بەتایبەتی لە دەوروبەری سیانێ گیرساوەتەوە. ئەوەی راستی ئەمەش نیشان دەدات، لێدوانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو لە رۆژی 8 شوبات واتە دوو رۆژ بەر لە ئوپاراسیۆنی ناوبراو کە دەڵێت:" رۆژی چوارشەممە قسە بۆ میللەت دەکەم، داواتان لێدەکەم گوێم لێبگرن. چەند شتێکی خۆشتان پێشکەش دەکەم".

بێدەنگبوونی ئەردۆغان لە رۆژی چوارشەممەی رابردوودا ئاماژەیەکی دیکە لەسەر بێ ئەنجامی ئۆپاراسیۆنی گارە.....

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand