Draw Media

تكایە لەهەولێرەوە وێنەی پاڵەوانی درۆینە نیشان مەدەن 

تكایە لەهەولێرەوە وێنەی پاڵەوانی درۆینە نیشان مەدەن 

2021-02-10 15:49:42


گۆران عەلی کەریم
ئەوكاتەی مام جەلال سەرۆك كۆمار بوو لەچەند شوێنێك باسی لەوە كردبوو كە ئەو چەند خەریكی بردنە پیشەوەی كارەكانیەتی وەك سەرۆك كۆمار، ئەوەندەش خەریكی پینەكردنی لێدوان و راگەیاندنەكانی سەرۆكی هەرێمە. زۆرجار مام جەلالەوە ئەوەوە بیسراوە، كە لایەنە عێراقییەكان بەو لێدوانەی بەرپرسانی هەرێم ئیستفزازکراون و ئەوانیش رق ئەستور بوون بەرامبەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی. ئیستاشی لەگەڵدا بیت گرفتەكە هەرماوە و لێدوان و راگەیاندنەكانی سەرۆكی حكومەت و بەرپرسەكانی تر، گرفتی گەورەیان بۆ تیمی دانوستانكارانی كورد لەبەغداد دروست كردوە، تەنانەت کار گەیشتە ئەوڕادەیەی بەناچاری ئەو كوردانەی لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانن بەراگەیاندنێك تكایان كرد، بالەهەرێمەوە بەلێدوانەکانیان گرفت و ئاڵۆزی دروست نەكەن بۆ تیمی دانوستكاران لەبەغداد. 
لەبەغداد جگە لە  هەوڵەكانی شاندی هەرێم تیمێكی تریش لەنوێنەرانی كورد هەوڵەكانیان چركردۆتەوە بۆ ئەوەی رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد بكریت و پشكی كورد لە پرۆژە یاسایی  میزانییە بەشێوەیەكی گونجاو شایستە جێگیر بكرێت، تیمی هاوپەیمانی هیوا و پەرلەمانتارە كوردەكان  لەهەموو فراكسیۆنەكان و سەرۆك كۆمار، پێكەوە هەوڵەكانیان چركردۆتەوە، تا رێگە خۆش بكەن بۆ رێككەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین دانیشتنیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوپەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان سازكردوە، سەرۆك كۆمار د. 
بەرهەم ساڵح بەدور لەئاراستەی سیاسی و حزبی لەگەڵ هەموولایەنە سیاسیەکانی هەرێم راوێژدەكات و توانا و پەیوەندیە دبلۆماسیەكانی خۆی خستۆتە گەڕ تا ئەو بەستەڵەكەی نێوان هەرێم و بەغداد بشكێنێت.
کەچی ئەوەتا لەهەولێرەوە لەباتی دەستخۆشی و پێزانین تانە لەو هەڵە بەردەوامانە دەدرێت و ئەو پرسەش تێكەڵ بە ئەجێندای حزبی و رق و كینە دەکرێت و بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ئەوان دژی رێككەوتنی هەرێم و بەغدادن و وەك لەمپەر لەبەردەم ئەو رێككەوتنە وێنەیەكی ناشرینیان بۆ دروست دەكرێت. 
دەرئەنجەمی ئەم لوتبەرزی و عینادیەی هەرێم جگەلە بێ باكی دەرهەق بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێم و دەرخستنی ناكاراییان لە هونەری دانوستاندن هیچ شتێكی تر نیشان نادات، دیارە لای خەڵكی گریفان بەتاڵیش كە ماوەی چەند مانگە مووچەیان پێنەدراوەو حكومەت بێ باكانە دەڵێت ئەوەی بەردەستە ئەوە دابەش دەین و هیچ گرەنتیەک نیە بۆ موچە خۆران هاوڵاتیانی هەرێم کەحکومەت بەچی پێوەرێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکات چونکە تائێستاش هیچ شەفافیەتێک لە داهاتی هەرێمدا نیە، بۆیە ئەم هەڵویستانە هەرگیز بەهەڵوێستی نەتەوەیی و كوردایەتی لێكنادرێتەوە جگە لەوەی دەبێتە مایەی تورەبوونی زیاتری خەڵك بەرامبەر بەم بێ باكییەی حكومەت و لایەنە باڵادەستەكان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand