كەوتنی شیعە
2021-02-10 13:55:05
هەندرێن شێخ راغب
ئەزمونی یەكەم: لەساڵی 1921ەوە ، كێشەی بونیادی دەسەڵات لەعێراق ئەوەبوو كە سوننەكان بەجۆرێك حوكم دەكەن دەرفەت نادەنە شیعەو كورد. دەیانەوێت كوردو شیعە هاوڵاتی پلە سێ وچوار بن و هەردوو مەزهەبی شیعەو نەتەوەی كورد بتوێنەوە لەناو بۆتەی عێراقی بونێك كە سوننەكان دەیانویست. ئەم سیاسەتە نەك سەركەوتوو نەبوو، بەڵكو ماوەی هەشتا ساڵ ئاشوب و ناسەقامگیری و جەنگی بەردەوامی لێكەوتەوە. كەواتە چارەسەركردنی كێشەی كورد وایدەكرد سوننەكان هاوبەشێكی راگرتنی عێراقیان بۆ دروست بێت، یان چارەسەری دۆخی شیعەی زۆرینە! . بەڵام سوننەكان ئەوەیان نەكرد.
دوای كەوتنی بەعسیە سوننەكانی دەسەڵات ساڵی 2003 بەدەستی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، بونیادی دەسەڵاتی عێراق گۆڕاو لەبری سوننەكان، ئیدی شیعەكان بوونە حاكم. بەڵام شیعەكان نەك هەر ئەزمونییان وەرنەگرتووە، بەڵكو هەمان سیاسەتی ئەوان پەیڕەو دەكەن لە مومارەسەی دەسەڵات، ئەوەتا سوننەكانیان كردۆتە دژو لەسەر نەوت و بودجەو موچەو كەركوكیش كورد دژیانە. ئێستا شیعەكان دەیانەوێت سوننەو كورد ببنە پاشكۆی تەواوی سیاسەتی ئەوان. ئەمەش بەرەی دژە شیعەی عێراق بەهێزتر دەكات.
ئەزمونی دووەم: شیعەكان لەبیریان چووە بەرامبەر سوننەی عەرەبی عێراق زۆرینەن، بەڵام لەدنیای ئیسلام بەرامبەر سوننەكان كەمینەیەكن. سوننەكان سعودیەو میصرو ئیمارات و كوێت و ئوردن و توركیاو زۆرێك دەوڵەتی دیكە پشتیان دەگرن، خاوەنی هێزو جوگرافیاو ئەزمونێكی دوورودرێژی بەرێوەبردنی دەسەڵات و سیاسەتن لە عێراق، ئەمڕۆ باریان لارە شەرت نیە سبەینێ وابن؟ شیعەكان ئەوەیان لەبیر كردووە كە پەیدابوونی داعش دەرەنجامی پەراوێزی سوننەكان بوو لە موصڵ و ئەنبارو تەواوی عێراق؟ بۆیەش هەر زوو داعش لەناوچە سوننیەكان گەشەی زۆری كردو خۆی گرت؟ شیعەكان دەبێت واقیعی بن بەرەی كوردو بەرەی سوننە زەبریان لێ دەدات.
ئەزمونی سێیەم: شیعەكان مەستی ئەوەن كە زۆرینەی ناو پرۆسەی سیاسی و دانیشتوان و ناوچەو دەسەڵاتی عێراقن، ئێرانێكی گەورەی شیعەشیان لەپشتە، بەڵام سوننەكانیش بەهێزبوون، خاوەن سوپایەكی گەورەی جیهانی بوون، دەسەڵاتیان لە بەغدا پتەو بوو، بەڵام كاتێك هەلومەرجی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی گۆڕا بینیمان چیان بەسەرهات؟.
ئەزمونی چوارەم: لاوازبوونی كوردو هەرێمەكەی زەبری كوشندە لە دەسەڵاتی شیعەكان دەدات، ئێستا ئەوان بەرێگایەكی هەڵەدا دەڕۆن، پێیان وایە دەسەڵاتی كوردی كەوتووەو سلێمانی و یەكیەتی و هاوبەشەكانی لەبەرەی شیعەكان و حكومەتی ناوەندن، بۆچونیان وایە بەئاسانی دەتوانن وەك كەركوك مامەڵە لەگەڵ هەولێرو سلێمانی بكەن، دوای 16ی ئۆكتۆبەر هیچ ترس و شەرمێكیان لە كورد نەماوە، بە ئاشكرا باسی پارچەكردنی هەرێم و لاوازكردنی هەرێم دەكەن، بەجۆرێك باسی كورد دەكەن هیچ كات ئەوەندە بێ منەت نەبوونە، بەڵام لەبیریان چووە ئەوەی كێشەی هەیە دوو پارتی دەسەڵاتن لە حكومەت و دارایی و ململانێی ناوخۆیی، بەلام كورد وەك نەتەوە لە كوردستانەو ئەگەر چارەسەری بودجەو موچەی هاوڵاتیانی هەرێم نەكەن، ئەوا موچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێم چۆن ئێستا بە توندی رەخنە لە دەسەڵاتی هەولێر دەگرن، بەهەمان نەفەسیش روبەروی سیاسیە شیعەكان دەبنەوە؟. راستە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان چاویان لەدەست بەغدایە بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی و موچە، بەڵام شیعەكان دەبێت ئیغرا نەبن، پێیان وابێت قەوارەی هەرێم دەسڕنەوەو دەیكەنە وەقفی شیعە، لاوازبوونی كورد خزمەت بە دەسەڵاتی شیعە ناكات و بەرەیەكی دیكەی كێشە بۆ دەسەڵاتی شیعەكان دروست دەبێت.
ئەزموونی پێنجەم: كاتێك صەددام كیمیابارانی هەڵەبجەی كرد، منداڵ و ژن و پیری خنكاندو گەیشتە ترۆپكی دڕندەیی، بەڵام موچەو بەشەخۆراك و بودجەی خەڵكەكەی لەكاتی خۆیدا دەنارد؟ ئەزانن ئەمە مانای چی؟ برسی كردنی خەڵك بوركانێكە لەبنەوە دەكوڵێت، تەنها دەرچەیەكی دەوێت بێتە دەرەوە؟ بەر لەهەموو كەس دەبێت شیعەكان ئەم وانەیە تێبگەن پێش دەسەڵاتی كوردی.
ئەزموونی شەشەم: شیعەكان ئەگەر گوێ لەهیچ نەگرن، دەبێت وانەیەك لە عەبدولكەریم قاسم فێربن، كاتێك كودەتای كردو دەسەڵاتی پاشایی عێراقی گۆڕی، بەڵام سەریان بڕی و كوشتیان و بەعسیە قەومیەكان هاتنە حوكم، زۆرینەی چاودێران و مێژوونوسان دەڵێن كاتێك حزبی شیوعی و گەلی كورد ناكۆك بوون لەگەڵ قاسم و بوونە دووبەرەی دژ بە دەسەڵاتی قاسم، وایكرد لەبەغدا بەتەنیا بمێنێتەوەو بەئاسانی بەعسیەكان ئەم بۆشاییەیان قۆستەوەو پەلاماری قاسمیان دا، بۆیە دەگوترێت ئەگەر كورد لەگەڵ قاسم بوایە، یان حزبی یەكەمی عێراق حزبی شیوعی لەگەڵی بوایە، ئەوا ئاسان بەعسیەكان نەدەهاتنە دەسەڵات. ئێستا شیعەكان لەهەمان دۆخن، نە سونەو نە كورد لە بەغدا دەسەڵات و هاوبەش و خاوەن بڕیاری راستەقینە نین. ئایا شیعەكان بەمجۆرە دەتوانن سەقامگیری سیاسی و دەسەڵات و دارایی عێراق وە دەست بخەن؟.
ئەزمونی حەوتەم: ئەگەر كورد چیرۆكی سەركەوتنی دەوێت، دەبێ وا هەڵسوكەوت بكات كە شتێك نیە ناوی عێراق و بەغدا، واتە ستراتیژی ئابوری خۆی هەبێت، ئابوری نیشتمانی و دەوڵەتی شەفاف دروست بكات، بلۆكی ئابوری حزب دەست لە قوڕگی ئەم وڵاتە بەردات، ئەبێ كورد وا بیربكاتەوە كە تەنها خۆی و خوای خۆیەتی و شتێك بەناوی بودجەو موچەی عێراق بوونی نیە. ئەمەش پلانی زانستی و نیشتمانی و دەوڵەتی دەوێت كە هەرێمی كوردستان لە داهات و خەرجی و فرە چەشنی كارو بەرهەم هێنان بە تەواوی بخاتە سەر سكەی ئابوریەكی شەفافی نیشتمانی. چونكە كەوتنی شیعەكان و هاتنەوەی سونەكان هەر هەمان چیرۆكە كاتێك تۆ چاوت هەر لەدەستی بەغدا بێت واته فهرق نيه چ سووننه يان شيعه يان ههر هێزێكی ديكه كه تۆ ههر موحتاجی ئهوان بويت؟