وێرانکاری بەسە بە ناوی کوردایەتی!
2021-02-08 20:04:02
شەپۆل عەلی عەسكەری
لەم هەرێمە چکۆلە و بێ پشت وپەنایەدا تەنها حیزب ڕۆڵ دەبینێ ، خاکێکە پڕە لە پۆپۆلیزم وخاک فرۆش و کاڵ فام و گەمژەی سیاسی وهەرزەکاری فسفس پاڵەوان.لەم خاکەدا پاروی دەمی هەژاران، حیزب دەیدزێ و هەر بە خۆشیان دەفرۆشرێتەوە، خاکێکە دزە دەست سووکەکان تیادا زۆر بە ئاسایی دەست دەخنە گیرفانیەوە و بە بێ ترس سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی دەخەنە گیرفانیانەوە.
لەسەر پشتی دایکی نیشتمان بە درێژایی شەست ساڵ براکان نەک پەنجە بەڵکو پشت ومل و قاچی یەکتر دەشکێنن تەنها بۆ رازیکردنی مامۆستا عەمامە ڕەش و گورگە بۆرەکان و پاراستنی بەرژەوەندێکانی خۆیان. جا وەرە خوا نەکا کەسێک پەیدا بێ کەهۆشداری بدات بۆ ڕاستکردنەوەی هێڵە خوارەکان و ئاشکراکردنی وێرانکارێکان ئەوە ڕێک یا بوهتانی بۆ دەهۆندرێتەوە و یا تیرۆر یا وون دەکرێ.
لە سەر ئەم خاکە پڕ لە ئازارە هەندێ شتی سەیر و سەمەرەی تیایدا هەڵکەوتوە، یەکێک لەوانە کە خۆیان بە ڕەخنەگران ناساندوە جا چ ئەوانەی لە ناوخودی حیزبەکانن یا لە ئۆرگانەکانی دی، خۆشیان قبوڵی ڕەخنە لێگرتن ناکەن. هەمووی بە ڕاست و بە چەپ خەریکی ڕوخانی بناغەی ماڵێکن کە بە هەوڵی سەدان ساڵ وبە ئێسک و پروسکی هەزاران ڕۆڵە بنیات نراوە.
ئەوەی ئەم ئەحزابانەی ئەمڕۆ دەیکەن بۆ سڕینەوەی شوناسنامە و زوان و کەڵتوری خودی خۆیان و نەتەوکەیان، بە درێژایی مێژوو نە قوەت و جەبەرووتی حوکمی ئال عوسمان وفارس و عەرەب بگرە ئەوانەی پێشوتریش نەیانتوانی بیکەن.
کە دەپرسی بۆ؟ هەریەکەیان جۆرەها پاساو دەهێننەوە بۆ کردارە قێزونەکانیان وهەر لایەو لایەکەی دی تۆمەتبار دەکات.
بە درێژایی ٢٩ ساڵ نەمانتوانی فێری خۆبەریوەبردن بین نەمانتوانی سیستمێکی فەرمانڕەوایی سادە بەڕێوەبەرین کە تیایدا هەموو تکاێکی ئەم هەرێمە مافی پارێزراو بێ و لە هەمان کاتدا ئەرکەکانیشمان جێبەجێ بکەین بۆ بەدی هێنانی سبەیەکی پڕشنگدار، نەماتوانی پەرە بە یەکێک لە گرنگترین سەکتەرەکان بدەین ئەویش سەکتەری پەوەردە و تەندروستیە، بە درێژایی ٢٩ ساڵ لە حولکڕانی کە دەبوو ئێستا ٤ بۆ ٥ جیلی ڕەوشن هزر و دڵسۆز بۆ خاک و نەتەوە وسەرکەوتوو بنیات بنێن، لە بری ئەوە پەروەردەیەکی لاوازئەوەی پێدەوترێ ڕۆشەنبیری و هاندان و پاداشتە بۆ کەسانی بەهەرمەند و زانست هەموویمان لەناو برد.
نەیانتوانی باری لاری خۆیان ڕاستبکەنەوە لە وڵاتێکدا کە لە بناغەوە هەڵتەکا و سەرلەنوێ بە دەستی خۆیان دروستیان کردەوە، بیری تیژی ئەو گەورە حیزبانە ئەوێ رۆژی تەنها لە گیرفانیان دوورتری نەدەدی و لە وانەکانی ڕابوردوو هیچ فێرنەبوون. ئەوی ئەمڕۆ باجی ئەدەن هەڵەی دوێنێیانە.
بەڵام فێری ئەوە بوون کە چۆن وڵات بە ژێرخان و سەرخانی تاڵان کەن فێری ئەوە بوون کە چۆن کار لە سەر ناخی هاوڵاتیان بەکەن و لە میللەتێکی ڕەوشت بەرزی بە بەرهەم و کۆڵنەدەر بگۆڕن بۆ میللەتێکی بەرخۆر کە دایم چاوی لە دەستی ئەحزاب بێ بۆ ژیان.
ئەم وڵاتە بریندارە دا حیزب وەک قارچک لە گەڵ هەورە تریشقەدا سەر هەڵئەدا بەڵام بێ سوود و بێ تام . ئەحزابێکن تێکەڵ سەر لێشێواو، تەنانەت هەندێکیش لەوانەی کە خۆیان بە نوخبە دازانن، و هەندێکیان "د"ێک لە پێش ناویان داندراوە کە لە سەر گیرفانی هەژارانی ئەم وڵاتە پێی گەیشتوون هەموو ئیش وکاریان پشی پشی و ماستاو ساردکردنەوەیە بۆ کاکی سەرۆک و سەرکردە.
هەمووی لە پێشبڕکێن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، بەڵام نەهاتن خۆیان فێرکەن و چاولەو وڵاتانە بکەن کە لەمان بێ دەرامەترن، ئێستا بونەتە پێشەنگ لە زۆربەی سەکتەرەکانی هەم حوکمڕانی و هەم کەرتی تایبەت. نزیکترین نمونە بۆ ئێوە هەندێ لە وڵاتانی بەڵقان کە پێشتر یۆگوسڵافیایان پێکدهێنا وەک ( کرواتیا و ئەلبانیا و کۆسۆڤۆو مۆنتینێگرۆ و صربیا).ئەوەی ئەحزابی ئەو وڵاتانە جیا ئەکاتەوە لە گەڵ ئێوە ئەویە کە ئەمان خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و بەرژەوەندی میللەت ئامانجیانە، بەڵام ئێوە قوڕوقەپکرەی دەنگی ئازادن ،و بەرژەوەندی خودی خۆتان و گیرفانتان ئامانجاتانە.
ئەحزابێکن سەرۆکەکان خۆیان بە نوێنەری پەروەردگار دەزانن، لەسەر گیرفانی میللەتی ڕەش و ڕووت پیاوەتی بە ئاوی حەمامەوە دەکەن.
لە هەمووی سەیر و سەمەرە تر ئەوەیە کاکی فڵانی و ئەندامی نامیلکەی ڕامیاری دێتە سەر کەناڵەکەی کە بە کۆمەڵێکی زۆر لە قووتی مناڵانی عەلاگە فرۆشی ماندوو دایمەزراندوە. ئەفەرموێ لە عەهدی مندا چاکسازی دەکرێ و شەڕی گەندەڵی دەکەم...!
بەڵام نازانم کێ دەستی گرتوون؟ دەفەرموون لە خودی خانەوادەکانی خۆتانەوە دەست پێبکەن تۆزقاڵێ ڕووی خۆتان ڕوونتر بکەنەوە بۆ ئەوەی تۆزقاڵێ ڕوخسارتان دەرکەوێ هەر وا بە تاریک و رەشی نەمێنێتەوە.
منەت بەسەر میللەتدا مەکەن حکومەتانی دوونیا پێشبڕکێ لە سەر ئەوە دەکەن کامیان هاوڵاتیانیان زێدەتر لە خۆشگوزاریدا دەژین، چۆن سەکتەرەکانی ژیان وئابوری پتەوتر بکەن، ئێوەش تازە بەتازە خەریکی دوو بارەبوونەوەی دوو ئیدارەییتانە. بە خۆتاندا بچنەوە و سەریری خۆتان بکەن بۆ ئەوەی بزانن کە خۆتان گەیاندۆتە چ ئاستێکی نزم، کە لەو باو� ڕەدانیم ئیدی کەسێکی تر هەبێ لە خوارتانەوە....!
جاران تەنها سێ چوارێک بوون و هەموو میللەت لە کردارتان پەست و وەڕز بوون ئێستا ماشاو االله هەزارن... بەڵام هیچیتان بە کارن...! سوپاس بۆ شکستەکانتان .. سوپاس بۆ هەڵە کووشندەکانتان.. سوپاس بۆ مل کەچ کردنتان بۆ دووژمانن و سوپاس بۆ پشتگوێزستنی میللەت لە برسی کردن سووکایەتی پێکردنیان. لە کۆتاییدا هەڵەی ئێوە نیە بەڵکو هەڵەی ئێمەی میللەتە کە هەم خۆێن و هەم ڕەنجمان بە خەسار چوو. جا لێرەدا ئیدی بەسە وێرانکاری بە ناوی کوردایەتیەوە....!