میدیای کوردیی و بێنرخکردنی بەھاکانی نەتەوەو کۆمەڵگە
2021-02-08 13:24:51
لۆنا دڵشاد مەریوانی
بەڕاستی هەندێک بەناو میدیای کوردی تەواو سنووریان بەزاندووە، بەوەشەوە ناوەستن کە سەیریان ناکەیت، دێن لە سۆشاڵ میدیاش ئێخەت دەگرن.
من ڕاستە سەیری ئەو کەناڵانە ناکەم و فۆڵۆشم نەکردوون، بەڵام کە هەندێک شتم بۆ دەنێرن یان بەڕێکەوت دەیانبینم، بەڕاستی خەفەت لە حاڵی کۆمەڵگا دەخۆم. بۆ نموونە یەکێکیان هێناوە، کە نازانم چ کارەیە، زۆر بە شانازییەوە وەک ئەوەی کیسە خۆڵی فڕێ دابێت، دەڵێت لەخۆشەویستەکەی دووگیان بووە و کۆرپەلەکەی ناو سکی "فڕێ دا"وە.
من تێناگەم کوا وەزارەتی ڕۆشنبیری؟ کوا داواکاری گشتی؟ کوا وەزارەتی ئەوقاف؟ ئەمانە بۆ پلاتفۆرمیان دەدرێتێ قسە بکەن و ژەهر بڵاو بکەنەوە؟
من کەسێکی دۆگما نییم، بەڵام کۆمەڵێک بەها هەن ناسنامەی کۆمەڵگا و نەتەوەیەکن، ئەم بەهایانەش بەوە لەناو دەچن تۆ بەردەوام کۆمەڵێک شتی دژی ئەو بەهایانە نیشانی بینەر بدەیت، بەتایبەت گەنجان، چونکە لەڕووی دەروونییەوە بەرە بەرە لە نەستیاندا جێگیر دەبێت کە شکاندنی ئەو بەهایانە ئاساییە و پێویست ناکات پێیانەوە پابەند بن و لەخەمیان بن.
بەڕای من ئەم کەناڵانە زۆر باش دەزانن چی دەکەن و بەمەبەست دەیکەن، تا مرۆڤ زیاتر داماڵدرابێت لە بەها ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەکان، مەترسیی کەمتر دەبێت، خاوەن بەها و ئەخلاق مەترسییە چونکە بە پارە ناکڕدرێت، بۆیە یان دەبێت وای لێ بکەیت ئەو بەهایانەی لەدەست بدات یان ئەگەر هەر نەهاتە ژێر بار، تیرۆری بکە، چونکە ترسناکترین کەس لای ئەوان کەسانێکن کە ناتوانیت نرخیان لەسەر دابنێیت.
کەواتە پیلانەکە ئەوەیە وامان لێ بکەن هەموو شتێک لەدەست بدەین. هەر هەمووی! هیوادارم نەژیم تا ئەو ڕۆژە ببینم تەنانەت ئەگەر لەڕیزی تیرۆرکراوەکانیشدا بم!