Draw Media

خاڵی هێزو لاوازی ئومێد خۆشناو لە پۆستی پارێزگاردا

خاڵی هێزو لاوازی ئومێد خۆشناو لە پۆستی پارێزگاردا

2021-02-08 09:17:26


سەرتیپ وەیسی كەریم
ئومێد خۆشناو، دواجار وەكو هەر بەرپرس‌و پارێزگارێكی دیكەی هەرێمی كوردستان، دەچێتە نێو سیستەمێكی سیاسی‌و حكومڕانی شێواو، بۆیە بە باشی‌و خراپییەكەوە دەبێتە بەشێك لەو سیستەمەو ناتوانێت موعجیزە بقەومێنێت‌و مۆدێلێكی نوێ‌و جیاواز لەوەی‌ پێش خۆی پێشكەش بكات.
ئومێد خۆشناو بەراورد بە پارێزگاری پێشوو خراپی‌و باشی خۆی هەیە لەوانە: 
*  كێشەی ئومێد خۆشناو ئەوەیە لەسەر بنەمای تەكنۆكراتی ئەو پۆستەی‌ وەرنەگرتوە، بەڵكو لەسەر بنەمایی حزبی بوون‌و موجامەلە گەیشتۆتە ئەو شوێنە، ئەوەندەی باوەڕی بە قسەكردن هەیە، ئەوەندە باوەڕی بە كاركردن نییە‌‌، لەكاتێكدا پارێزگار پارێزگاری هەموو شارە.
*  لە‌ماوەی رابردوودا، ئومێد خۆشناو بەشێك بووە لە زەقكردنەوەی ململانێی‌و دروستكردنی رقی  سیاسی‌و حزبی لەنێو سۆشیال میدیاو راگەیاندكان، بۆیە تاوەكو ئێستاش  بەشێكی لایەنەكان هەر بەو چاوە سەیری دەكەن.
*  ئومێد خۆشناو، لەو پیاوانەیە هێشتا لەناوەوەی خۆیدا گەورە نەبووە، بۆیە هەموو كات حەزی بە موجامالە‌و تەلەفۆنی سەرەوەیە، ئەمەش وادەكات لە ئەركەكەی بە لاوازی دەربكەوێت.
* ئومێد خۆشناو پیاوێكی ئیداری نییەو روئیاو دونیابینی بۆ حكومەتێكی بچووكراوەی گرینگی وەكو هەولێر نابێت‌، بۆیە بە تەنها بێت‌و تیمی تایبەتی لەگەڵ دانەنرێت ناتوانێت سەركەوتوو بێت.
* ئومێد خۆشناو لە خولی پێشووتری پەرلەمان وەكو كاندیدی پارتی دەنگێكی زۆری هێنا، بەڵام لە خولی دواتردا ژمارەی دەنگەكانی بە ‌رێژەیەكی بەرچاو كەمی كرد، كە ئەوەش ئاماژەیە ناوبراو بەشێكی لە پێگەو سومعەی پێشووتری لە دەستداوە.
*  ئومێد خۆشناو رەنگە وەكو بەرپرسی لق خۆشەویست‌و قبوڵبكراو بوایە‌، بەڵام بۆ پارێزگاری شارێكی وەكو هەولێر پارتی تیایدا زۆرینە نییە، رەنگە ئەو حزبی بوونەی وابكات كەسێكی بێزراو بێت لای هەندێ خەڵك‌و لایەن.
* تاڕادەیەك فرسەت سۆفی بە گەورەیی‌و لێهاتووی خۆی لەنێوان (مەسعود بارزانی‌و مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی) قبوڵ كراو بوو، بەڵام ئومێد خۆشناو لە گچكەیی خۆی وەكو كادیرێك لەلایەن ئەوانەوە قبوڵ كراوە. دانانی ئومێد خۆشناو لەئەنجامدا نە بۆ مەسرور بارزانی‌و نە بۆ نیچیرڤان بارزانی سەركەوتن‌و شكست نییە، چونكە پیاوێكی یەكلاكەرەوە نییەو قوەتی هەردووكیان لە لاوازی  ناوبراودایە، بۆیە هەردووكیان قبوڵیان بوو‌.
*  ئومێد بەهەمان شێوە لە ئاست سەركردەكانی پارتی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر لاوازە، هەریەكەیان خۆیان لە ئەو بە گەورەتر دەزانن. جگە لەوەش ناشتوانێت لەبەرامبەر هەندێك سەرمایەدارو بازرگان‌و دەوڵەمەندی گەندەڵكاری هەولێر بوەستێتەوە.
* لەگەڵ ئەو سیفەتانەی هەیەتی‌، بەڵام ئومێد خۆشناو كەسێكی سادە‌و كۆمەڵایەتییەو لە قەزیە كۆمەڵایەتی‌و ئاینییەكان پابەندی تەواوی هەیە، ئەوەش وەك خاڵی بەهێزی ئەو لای خەڵكی هەولێر پەسەند كراوە، جگە لەوەی بەراورد بە خەڵكی دیكە كەمتر لە قەزیەی گەندەڵی تێوە‌گلاوەو زۆرجاریش وەكو كوڕە هەژارێك خۆی نیشاندەدات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand