Draw Media

بارزانی و سیحره‌كه‌ی شێخ لاهور

بارزانی و سیحره‌كه‌ی شێخ لاهور

2021-02-07 15:15:58


رێبوار كه‌ریم وه‌لی
قسه‌یه‌كی باو له‌ناو پارتییه‌كان هه‌یه‌:" ماڵی بارزان وه‌كو ئاگردان وان، زۆر لێیان نزیك بیه‌وه‌ ده‌تسووتێنن، زۆریش لێیان دوور بی ره‌ق هه‌ڵدێی". ئه‌مه‌ بۆ پارتییه‌كانه‌. بۆ ئه‌وانی دیكه‌، ئه‌گه‌ر زۆر لێیان دوور بی ده‌بییه‌ ئانتی پارتی و خه‌ڵك لێت كۆده‌بێته‌وه‌، زۆریش لێیان نزیك بی ده‌بی به‌ پڕۆ پارتی و وه‌ره‌قه‌ت ده‌سووتێ!
*
لانیكه‌م شه‌ست ساڵه‌ مێژووی سیاسی به‌و ئاراسته‌یه‌دا تێده‌په‌ڕێ كه‌ پێوه‌ری شه‌عبیه‌تی لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ پارتی، ئانتی پارتی بوونه‌. تا شلگێڕانه‌تر دژی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بوه‌ستییه‌وه‌، له‌ ئه‌نواع قوماش خه‌ڵك چه‌پڵه‌ت بۆ لێده‌دات. ته‌نانه‌ت پێوه‌ره‌كانی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریش هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێن.
*
پارتی له‌و پێناسه‌دا، دێوێك و زوحاكێكه‌ كه‌ هه‌ر جاره‌ كاوه‌یه‌كی ئاسنگه‌ر به‌گژیدا ده‌چێ. به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مووان ده‌بنه‌ قوربانیی هه‌ڵه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارتییه‌وه‌ و له‌ ئاخیره‌كه‌ی ئه‌وان به‌ ده‌ستی به‌تاڵ  له‌ هاوكێشه‌كه‌ ده‌رده‌چن. پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی هه‌ر له‌ شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه‌. كه‌چی راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی قه‌ت نایباته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌وانن كه‌ ده‌یدۆڕێنن.
*
بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی دیداری لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی دانیشتنێكی چوار پێنج قۆڵی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیدا، چه‌ند راسته‌ و چه‌ند دووره‌ بۆ خۆی باسێكه‌، به‌ڵام دیداری له‌و شێوه‌یه‌ و له‌و قۆناغه‌دا زه‌رووره‌ته‌. له‌ كاتێكدا له‌و عه‌سره‌دا، به‌رامبه‌ره‌كان نه‌ك قسه‌ی ره‌سمی، بگره‌ قسه‌ی ناوماڵی خۆشیان به‌رامبه‌ر یه‌كتری  بۆ ده‌چێته‌وه‌، ئیتر هیچ پاساوێك بۆ نه‌دیتنی روو به‌ڕوو نامێنێته‌وه‌، مه‌گه‌ر سیحره‌كه‌ نه‌بێ.
*
شوێنی دانیشتن له‌كوێیه‌ و چۆنه‌ گرنگ نییه‌(هاوسه‌رۆكه‌كان چه‌ند جارێكی دیكه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سه‌ری ره‌ش)، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دیداری له‌و چه‌شنه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌رڕاستكردنه‌وه‌ی زۆر شت. به‌نسبه‌ت لاهور شێخ جه‌نگییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداری له‌ دیدارێكی وه‌هادا بكات، نه‌ك سیحری به‌تاڵ نابێته‌وه‌، بگره‌ له‌ قازانجیه‌تی و هه‌ندێك ته‌ڵه‌ش ده‌ته‌قێنێته‌وه‌. 
*
به‌شێكی زۆری سیاسه‌تكردن له‌گه‌ڵ پارتی و له‌ناو ماڵی پارتیش، په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌سافه‌ و جۆری په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لاهوردا و، له‌سه‌ر پشتی ئه‌و به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. ئه‌و دوكانانه‌ داده‌خرێن! ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ خودی هاوسه‌رۆكیش كه‌ بیسه‌لمێنێ سیحره‌كه‌ی له‌ دژایه‌تیكردنی پارتیدا نییه‌، بگره‌ ئه‌و دوای هه‌موو ته‌جروبه‌كانی دیكه‌، ده‌توانێ په‌یوه‌ندییه‌كی وای له‌گه‌ڵ پارتیدا هه‌بێ كه‌ وا بكات ئاگره‌كه‌ نه‌یسووتێنێت.
*
پێككردنی لاهور له‌ لوتكه‌ی یارییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتیی نوێدا، به‌شێكی ناچارییه‌و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ورده‌ ورده‌ قه‌ناعه‌تێك دروست ده‌بێ كه‌ ناكرێ هه‌تا سه‌ر كێشه‌ شه‌خسییه‌كان سێبه‌ریان به‌سه‌ر بڕیاره‌ سیاسییه‌ گرنگه‌كانی دیكه‌وه‌ هه‌بێت. نانبڕاو له‌ هه‌ردوولا زۆر ده‌بن، به‌ڵام گرنگه‌ كه‌ لاهور ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا ده‌بێته‌ دانپێدانانێكی گرنگ بۆ داهاتووی خۆی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand