پرسیارەكانی ئیستعمار، پرسیارەكانی كورد
2021-02-06 11:04:50
زكری موسا
هەڵسوكەوتی ئەم دواییەی بەرپرس و كوتلە سیاسییەكانی عێراقی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕاستییەكی زۆر ڕوونمان پێ دەڵێ. ئەوان خەڵكی كوردستان بە هاووڵاتیی عێراقی نازانن. شۆڤینیزمە تاییفییە نوێیەكەی عێراق بە چاوێكی كۆلۆنیالی (ئیستعماری) سەیری كوردستان دەكات. چونكە لەبری ئەوەی خەمی ژیانی دانیشتووانی هەرێمی بێت چاوی بڕیوەتە سەرچاوەكانی سەروەت و سامانی كوردستان. ئەم هەستە كۆلۆنیالییە شتێكی نوێ نییە. بەڵكو بە درێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراق، نیگای دەستەڵاتی بەغدا بۆ كورد نیگایەكی چەوسێنەرانە و پاشكۆخوازانە بووە.
لە لایەكی ترەوە، بە هەموو بڕیار و وتەكانیشیاندا دیارە كە نیازی تۆڵە و تەمێكردنی كوردیان هەیە. تەمێكردنەكە لەبەر ئەوەیە كە سەرباری هەموو كێشەكان كورد زۆر باشتر لەوان توانیویەتی گەشە بە خۆی بدات. كوردستان نەبووەتە مۆڵگەی تیرۆر، بەڵكو شوێنی كرانەوە و سەرنجی جیهانە. ئەوان تۆڵە لەوە دەكەنەوە چونكە كاتی خۆی ئەوە كورد بوو شوێنی حەوانەوەی بە سیاسییە شیعەكان دا و یارمەتیی دان لە بەغدا بگەنە دەستەڵات. دەیانەوێ تۆڵە بكەنەوە و فەشەلی خۆیان بشارنەوە و لەڕێی دژایەتیكردنی كورد برەو بە شۆڤینیەتی قەومی بدەن و ڕای گشتیی سوننە و شیعە بۆ توندوتۆڵكردنی بناخەكانی دەوڵەتێكی تاییفیی تۆتالیتار گۆش بدەن.
لە یەكێك لە هەواڵەكاندا خوێندمەوە كە بەرپرسانی عێراقی شاندی هەرێمیان وەبەر پرسیاری ئیستیفزازی داوە و پرسیاری كێڵگەی نەفتی و بڕی داهات و ژمارەی مووچەخۆر و ..هتدیان لێ كردوون. ئەوە بەهۆی ناتەبایی ناوماڵی كورد و ململانێی ئاستنزمی حزبە كوردییەكان و دەنگی ناقوڵای ژمارەیەك بەرپرس و نوێنەری سەرلێشێواوی كوردزمانی بەغدایە، كە بەرپرسێكی پلە سێی بەغدا ئەو جورئەتە بە خۆی دەدات ئەوها سووك سەرنجی شاندی كوردستان بدات. هەتا كورد لە بەغدا یەكهەڵوێست بوو نەك ئەوان بەڵكو سەروەرە هەرێمیەكانیشیان ئەو بوێرییەیان نەبوو ئەوها چاوقایمانە حیسابات لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بكەن.
ئەگەر بابەتی حیسابات و پرسیاركردن بێتە ئاراوە، ژمارەی ئەو پرسیارانەی گەلی كوردستان دەبێ ئاراستەی دەوڵەتی عێراقی بكات سەد هێندەی ئەو پرسیارانەن كە لە شاندی كوردستان كراوە. حەز دەكەم لێرەدا چەند پرسیارێكی سەرەكی بهێنمەوە كە دەبێ دەوڵەتی عێراق وەڵامی گەلی كوردستان بداتەوە. لە ڕاستیدا ئەگەر ناتەبایی كورد نەبا دەبوایە ئێستا دانوستاندن لەسەر ئەو پرسیارانە با نەك كێڵگەی نەفتی و دەوازەی سنووری.
یەك: بەپێی بڕیاری كۆمەڵگەی گەلان لە سەرەتای بیستەكانی سەددەی ڕابردوو بەو مەرجە كوردستان خرایە سەر عێراق كە دەوڵەتی عێراق ڕەچاوی مافەكانی كورد بكات. بۆچی لەبری ئەوە مافی كورد پێشێل كرا و كوردستان تەعریب كرا؟
دوو: لە دەستووری كۆماریی 1958ـدا كورد و عەرەب دوو نەتەوەی سەرەكیی و شەریكی دەوڵەت بوون. ئەو شەراكەتە چیی لێهات؟
سێ: بۆچی پڕۆسەی تەعریب و بەزۆرگواستنەوەی كورد و گۆڕینی دیموگرافی لە ناوەڕاستی سەددەی پێشوو بەردەوام بوو؟
چوار: بۆچی حكوومەتی عێراقی ڕێككەوتننانمەی یازدەی ئازاری 1970ـی جێبەجێ نەكرد و پەلاماری كوردستانی دا؟
پێنج: بۆچی دەوڵەتی عێراق چوارهەزار و پێنجسەد گوندی كوردستانی وێران كرد؟ كوا قەرەبووی ئەو تاوانە؟
شەش: بۆچی دەوڵەتی عێراق دوازدە هەزار فەیلی و هەشت هەزار بارزانی و سەد و هەشتا و دوو هەزار كوردی تری ئەنفال كرد؟ كوا قەرەبووی ئەو جینۆسایدە؟
حەفت: بۆچی دەوڵەتی عێراق هەڵەبجە و كوردستانی كیمیاباران كرد؟ كوا قەرەبووی ئەو تاوانە دڕندانەیە؟
هەشت: كوا قەرەبووی دەیانهەزار زیندانی و لەسێدراوەدراوی كورد؟ كوا قەرەبووی سەدانهەزار ئاوارەی كورد؟ كوا قەرەبووی كۆڕەوە میلیۆنییەكەی كورد؟
نۆ: لە 1991 هەتا 2003 حكوومەتی عێراقی ئیدارەكانی لە كوردستان كشاندنەوە. كوا بودجە و موستەحقاتی خەڵكی كوردستان لەو دوازدە ساڵە؟
دە: بەڵێنەكانی كۆنگرەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی كوان ؟ ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی ئێستا دەستەڵاتدارن؟
یازدە: بۆچی دەستوور پێشێل كرا؟ كوا ماددەی 140؟
دوازدە: پارە و چەكی پێشمەرگە لە پازدە ساڵی ڕابردوو كە حكوومەتی عێراق نەیناردووە لە كوێیە؟
سێزدە: لە 2014 هەتا ئێستا تەنیا یەك ساڵ بوودجەی هەرێم نێردراوە ئەویش بە كێشە و گرفت. پارەی شەش ساڵی خەڵكی كوردستان كە لە بەغدا ماوەتەوە لە كوێیە؟
چواردە: لە شەڕی داعشدا بۆچی دەوڵەتی عێراق تەنیا یەك فیشەكیشی بۆ پێشمەرگە نەنارد؟ ئەی كوردستان و پێشمەرگە بەشێك نەبوون لە عێراق؟
پازدە: لە حەواندنەوەی دوو ملیۆن ئاوارەی سووننە بۆچی بەغدا یەك دۆلاریش هاوكاریی هەرێم و ئاوارەكانی نەكرد؟ ئەی سوننەكان هاووڵاتیی عێراقی نین؟
شازدە: كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر بۆچی داگیر كراون؟ ئەو بڕیارە نادەستوورییانەی لە دوای شازدە ئۆكتۆبەر دراون بۆچی هەڵناوەشێندرێن؟
حەڤدە: كوا پارە و قەرەبووی گەلی كوردستان كە سەد ساڵ نەوت و سامانەكەی بۆ دەوڵەتی عێراق ڕۆییشت بۆ ئەوەی خۆی پێ بەهێز بكات و دیكتاتۆرییەت دابمەزرێنێت؟
جێگەی داخێكی زۆرە دۆخی كورد گەییشتووەتە ئەو ڕاددەیەی ئەو پرسیارانە لەبیر بكات و بگاتە ئاستێك هەندێ لایەنی كورد كار بۆ سووككردنی خۆیان و میللەتە زوڵملێكراوەكەیان بكەن و دەنگی خەڵكی شۆڤێنی بەسەر كورد دلێر بكەن. ئەم بابەتە یەك چارەسەری هەیە و ڕێگەی تر نییە. با لەناو كورد جیاوازی و ناكۆكی و ململانێ هەبێت بەڵام لەبەرانبەر نەفەسی كۆلۆنیالیی شۆڤینییەكانی بەغدا دەبێ یەك هەڵوێست بن. ئەگەر كورد ئەوە نەكات نەك تەنیا نەفت و خاك بەڵكو شوناسیشی لێ زەوت دەكرێت.