ئۆگەندە و کوردستان .. لامەرکەزییەت لە ئەفریقا
2021-02-05 07:42:13
هاوڕێ تۆفیق
ئۆگەندە وڵاتێکی ھەژاری ئەفریقایە، مێژوویەکی دورودرێژی لەگەڵ شەڕو برسێتی ھەیە، ئۆگەندە کەپێی دەڵێن مرواری ئەفریقا، ئەم ناوەی بەھۆی بوونی سامانی کانزایی زۆرەوە لێی نراوە. ئۆگەندە جگە لەوەی لەساڵانی ھەفتاکانی سەدەی رابردوو جەنگی لەگەڵ تانزانیا ھەبوو، پاشان لەساڵانی ھەشتاکانیش توشی شەڕی ئەھلی بوو، کە خۆمان پێی ئەڵێین شەڕی ناوخۆ.
ژمارەی دانیشتوانی لە ئێستایا نزیکەی ٣٥ ملیۆن کەسە. ئابورییەکەی زیاتر پشت بە کەرتی کشتوکاڵی ئەبەستێ، ئۆگەندا لەرووی کارگێرییەوە پەیرەوی سیستەمی لامەرکەزی ئەکەن. وڵاتەکەیان بەسەر ١١٢ ناوچەی کارگێرییا دابەشکردوە، کەپێی دەڵێن District، لەساڵی ٢٠٠٥ وە ،دەوڵەت جارێکی تر ناوچەکانی زیاتر بچوکتر کردەوە، پاشان جارێکی تر لەساڵی٢٠١٠ لە چوارچێوەی زیاتر چەسپاندن و فراوانکردنی لامەرکەزییەت دوبارە جارێکی تر سەرلەنوێ جارێکی تر ناوچە کارگێرییەکانیان بچوکتر کردوە، ئەمەش بۆ ئەوەی زیاتر دادپەروەری لەدابەشکردنی سامانی وڵاتەکەیان بەدیبھێنن.
لە راستیدا باسکردنی ئۆگەندا تەنھا بۆ ئەوەبوو کە پیشانی ھەموو لایەکی بدەین کە، نەک وڵاتێکی ئەوروپی ، بەڵکو وڵاتێکی ئەفریقی پەیرەوی لامەرکەزییەت ئەکات، ئەمەش بۆ ئەوەی لەو پاساوە رزگارمان ببێ ،کە پێمان بڵێن، جارێ زۆرمان ماوە بە ئەروپا بگەین و، لامەرکەزییەت بۆ وڵاتانی دواکەتووی وەکو ئێمە نابێ.
بە کورتی و پوختی ، مەسەلەی مەرکەزییەت و لامەرکەزییەتی دارایی و کارگێری ، دوو راستی گەورەو گرنگ روون ئەکەنەوە ئەوانیش؛
یەکەم؛ مەرکەزییەتی دارایی و کارگێڕی ،لە رووی فەلسەفەی سیاسیەوە بەرھەمی عەقڵێتی تاک حزبیی ، پێشێلکردنی ئازادییە گشتیی و کەسییەکانە، ئەو وڵاتانەی ئەم سیستەمەیان پەیرەو کردوە، وڵاتە دیکتاتۆرەکانی وەکو عێراق و دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپای جارانی سەردەمی یەکێتیی سۆڤێتن، وەکو یوگسلافیای جاران. بە پێچەوانەوە، وڵاتانی لامەرکەزی وەکو ئەروپای خۆرئاوا لە رووی فەلسەفەی سیاسیەوە وڵاتانی دیموکراسیی و فرەحزبی و ئازادییەکانن.
دووەم؛ لەرووی ئابورییەوە، مەرکەزییەت ، بیرۆکراتییەت و گەندەڵی و ھەژاری بەرھەم ئەھێنێت، بە پێچەوانەوە، لە لامەرکەزییەتدا بوژانەوەی ئابوری و گەشەپێدان رووئەدات و خۆشگوزەرانی بەدەستئەھێنرێ و داھاتی تاکەکەس بەرزئەکاتەوە.
ھەرێمی کوردستان راستە دەوڵەت نیەو کورد خاوەنی قەوارەی سەربەخۆی خۆی نیە، بەڵام لامەرکەزییەت ،نەک ھەرێم لاواز ناکا، بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەرێم بەھێز ئەکاو فراژوبونی ئابوریی و خۆشگوزەرانی زامن ئەکات. ناکرێ وڵاتانی ئەفریقاش ھەستی بە گرنگی سیستەمی لامەرکەزی بکەن پەیرەوی بکەن . بەڵام لە کوردستان لامەرکەزییەت بە مەترسی سەیربکرێ، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی ئەو راستیەی کەلەگەڵ بە پەیرەوکردنی لامەرکەزییەت پێویستە ھەرێم وەکو یەک قەوارەی فیدراڵی یەکگرتوو پارێزراوبێ