توركیا چی له‌كوردستان ده‌وێت؟
2021-02-02 20:00:52
د.كامه‌ران مه‌نتك
دیسان میدیاكانی توركیا هه‌واڵی هێرشێكی فراوانیان بۆ سه‌ر كورد له‌باكوورو باشوری كوردستان راگه‌یاند، دیسان توركیا ده‌یه‌وێت كوردستان بكاته‌وه گۆڕه‌پانی شه‌ڕو سیاسه‌ته دوژمنكاریه‌كانی خۆی پیاده بكات. مه‌به‌ستی توركیا له‌و هێرشانه زۆر مه‌ترسیدارتره له‌وه‌ی باس ده‌كرێت، توركیا به‌بیانووی شه‌ڕی په‌كه‌كه‌وه شه‌ڕی هه‌موو كورد‌و خاكی كوردستان ده‌كات. جێگای داخه تا ئێستا كورد له‌و ستراتیژیه قووڵ و ترسناكه‌ی توركیا نه‌گه‌یشتووه، كه ده‌یه‌وێت به‌یه‌كجاری مه‌سه‌له‌یك بنه‌بڕ بكات، كه پێی ده‌گوترێت مه‌سه‌له‌ی كورد ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه، كه له‌راستیدا نه‌ك هه‌ر هه‌ڕه‌شه نیه بگره فاكته‌رێكی به‌هێزیشه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و ئیراده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ كاری له‌سه‌ربكات، بۆ هه‌تا هه‌تایه له‌كۆڵ بكاته‌وه. توركیا سیاسه‌تێك جێبه‌جێده‌كات، كه سیاسه‌تی پۆست مۆدێرنیته‌یه‌و به وه‌كاله‌تی زلهێزه جیهانیه‌كان ئه‌و كاره ده‌كات، ده‌یه‌وێت دیمۆگرافیای كوردستان بگۆڕێت ئه‌و ناوچه وشكاییه‌ی ئۆراسیا، كه چاره‌نووسی سیسته‌می جیهانی و ململانێیه جیهانیه‌كانی تیادا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه، به‌یه‌كجاری له‌بن ده‌ستی كورد ده‌ربێنێت، توركیا به‌چڕی كار له‌سه‌ره ئه‌و ده‌كات، كه دیمۆگرافیای ئه‌و ناوچانه بگۆڕێت، كه له‌سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاسته‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن و درێژده‌بنه‌وه تاوه‌كو ده‌گه‌نه ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ژموونی ئێران، كێشه‌ی زینی وه‌رتێ ئه‌و خاڵه بوو، كه توركیا بۆ ده‌ستنیشانكردنی دوا هه‌نگاوه‌كانی خۆی ده‌ستیپێكردو دوای ئه‌وه شه‌ڕه‌كانی له‌نێوان ئه‌و دوو خاڵه‌دا چڕتر كرده‌وه. ناوچه‌كانی دوای ئه‌و خاڵه‌ش ده‌كه‌ویته ژێر هه‌ژموونی ئێران، كه ئه‌ویش نه‌ك هه‌ر له‌وناوچانه به‌ڵكو به‌قووڵاییه‌وه هاتۆته ناوه‌وه ده‌وێت هه‌ریمی كوردستانیش له‌ره‌گه‌وه هه‌لكه‌نێت.
ده‌بێت به‌باشی له‌و راستیه تاڵه تێبگه‌ین، كه مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕی توركیا دژی كورد شه‌ڕێكی جیهانیه‌و له‌سه‌ر پانتاییه‌كی جیۆپۆله‌تیكی فراوان به‌ڕێوه ده‌چێت و به‌دورو نزیك په‌یوه‌ندی ویستی سه‌ربه‌خۆی توركیا‌و پڕۆژه‌ی عوسمانیه نوێیه‌كانه‌وه نیه، چونكه ئێمه ده‌زانین له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م كاتێك عوسمانیه‌كان به‌ئاڕاسته‌ی رۆژهه‌ڵات كاریان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ كورده‌كان رێككه‌وتن، ئه‌مه‌ش گوڕوتینێكی تری به ئیمپراتۆریای عوسمانی به‌خشی و بووه هۆكارێكی گرنگ بۆ زۆر له‌سه‌ركه‌وتنه‌كانیان، په‌یوه‌ندی عوسمانیه‌كان و كورد دوای هاتنی مۆدێرنیته‌ی رۆژئاوا بۆ رۆژهه‌ڵات، ئه‌وه‌ی له‌مێژووی عوسمانیه‌كان پێی ده‌گوترێت قۆناغی چاكسازی و هه‌ردوو پڕۆژه‌ی خه‌تی هومایۆن و خه‌تی شه‌ریفی گوڵخانه‌ی لێكه‌وته‌وه، به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و تێكچوون چوو. له‌گه‌ڵ هاتنی مۆدێرنیته‌ی رۆژئاوا‌و له‌په‌نای سه‌رهه‌ڵدانی بیری ناسیونالیستیدا هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی تری ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی جینۆساید كران و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌یان درا. بۆیه له‌كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م جینۆساید‌و قڕكردنی ئه‌رمه‌نی و كورده‌كان ده‌ستپێده‌كات، له‌سه‌رده‌می ئه‌تاتورك، كه هه‌موو سه‌رچاوه مێژووییه‌كان وه‌ك دروستكراوێكی رۆژئاوای ناوده‌هێنن، پڕۆسه‌ی سڕینه‌وه‌ی كورد به‌شێوه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار به‌ڕێوه ده‌چێت.
له‌سه‌رده‌می ئاكپارتیدا، كه ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای پۆست مۆدێرنیته‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد بكات، هه‌مدیس بۆته دارده‌ستێكی رۆژئاوا‌و به‌یاریكردن له‌سه‌ر په‌تی هه‌ردوو به‌ره‌ی ئۆراسی و جیهانگه‌رایی ئه‌مریكی، ده‌یه‌وێت كار له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی دیمۆگرافی كوردستان بكات. ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یكات به‌گڵۆپی سه‌وزی روسیا‌و ئه‌مریكاو ناتۆ‌و ته‌نانه‌ت چینیشه، بۆیه ده‌بینین توركیا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار ده‌ستی ئاوه‌ڵا كراوه‌و كه‌وتۆته وێزه‌ی كورد، نه‌ك هه‌ر به‌تنیا مرۆڤی كورد جینۆساید ده‌كات، به‌ڵكو خاكی كوردستانیش سووتماك ده‌كات و ده‌یه‌وێت داروبه‌ردی ئه‌و وڵاته له‌ره‌گه‌وه هه‌ڵكه‌نێت، ئه‌وه‌ی ئه‌و بارهه‌ڵگرانه ببینێت، كه رۆژانه له‌ناوچه سنووریه‌كان داربه‌ڕووه ره‌سه‌نه‌كانی كوردستان ده‌بڕنه‌وه‌و ده‌یگوازنه‌وه توركیا، به‌ئاسانی له‌م راستیه تێده‌گات، به‌راستی كاتی ئه‌وه هاتووه كورد له‌و مه‌ترسیه تێبگات و خۆی له‌و خوێندنه‌وه ته‌سك و ناوچه‌یی و خێڵه‌كیانه به‌دوور بگرێت، كه بۆ سیاسه‌ته‌كانی توركیا به‌تایبه‌تی ململانێكانی ناوچه‌كه به‌گشتی ده‌كرێت، ئێستا نه‌ك هه‌رێمی كوردستان، نه‌ك پارتی كرێكارانی كوردستان، به‌ڵكو هه‌موو خاكی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كی زۆر جدیدایه پێویسته كورد‌و هێزه كوردیه‌كان له‌و مه‌ترسیانه تێبگه‌ن، ئێمه له‌دۆخێكداین، كراوینه‌ته گیانی یه‌كترو رۆژانه‌ش، له‌هه‌موو سنووره‌كانی كوردستان ناوچه‌ی زیاتر له‌ده‌ست ده‌ده‌ین و وڵاته‌كه‌مان زیاتر هه‌تك ده‌كرێت.