Draw Media

ڕادیۆی کەرامەت 

ڕادیۆی کەرامەت 

2021-02-01 16:11:44


پەیكار عوسمان

(لا یکلف اللە نفسا الا وسعها) یەعنی هەر ئەونە ئەتوانین هەڵگرین کە لەتوانادایە. کەچی ئەو خەڵکە، گاڵتە بە پەشیمانبوونەوەی کابرای بەرماڵ ئەکەن، لەکاتێکا تۆ نازانیت چی لە تاقەت و توانای جەستەیی و مەعنەویی ئەو فەقیرە بارکراوە!
(فمن شا‌و فلیکفر، لا اکراە فی الدین، لقد کرمنا بنی ادم) یەعنی ئازادی لەوەی کە بە خوا کافربیت، کەچی بە سەرۆك نا. یەعنی زۆرکردن لە دینی خوایا نیە، کەچی لە دینی حیزبا هەیە. یەعنی ئینسان کەرامەتمەندە، کەچی کەرامەتشاکاندن بۆتە چەکی سیاسی و بەرامبەر یەکتر دایمە حازرو لەسەرپێیە!
جا قوڕ بەسەر ئەوەی کە ئەکەوێتەوە نێوان دەسەڵاتێکی خوانەناس و خەڵکێکی خوانەناسەوە. لێرەدا "خوانەناس" بە مانا دینییەکەی نا. بەمانای بێ ئینسافی و نائینسانی و بێویژدانی. بەمانای ئەوەی کە لە هەردو سەرەوە، لە توانای خۆت زیاترت لێبارئەکرێ و ئەبێ هەڵیشیگریت. هیچ لایەکیان وەکو ئینسانێك تۆ نابینێ. وەکو بارگیرێك ئەتبینێ بۆ هەگرتنی بارەکەی خۆی. لەکاتێکا تۆ پێشئەوەی ڕازی بیت یان ناڕازی، مرۆڤیت نەك بارگیری هەڵگرتنی بارە سیاسییەکان!
مرۆڤ کەرامەتمەندو ڕێزلێگیراوە بە "ئازادی". ناچارکردنیش یەعنی کەرامەتشکاندن و بێ ڕێزییکردن بە ئینسان. ئەوەش جگە لەوەی کە خراپترین جۆری نائەخلاقییەتە، درۆشە. درۆیەك کە هەموو دنیا بڕوای پێبکەن، هیشتا تۆی ناچارکەر، خۆت ئەزانی کە شتەکە درۆیە. جا چی لەوە نزمترە کە تۆ خۆت شایەتی درۆی خۆت بیت؟ چی لەوە لەرزۆكترە، کە لەسەر ئەم درۆیە هەڵیچنیت؟ چیش لە تۆ هیچترە، کە ناوەوەی خۆت پڕئەکەیت لەم درۆیەو دەرەوەی خۆت پڕئەکەیت لە ستەم؟
چ ئەوەی ئیمڕۆ فووت تێکەن و چ ئەوەی سبەینێ فشتکەنەوە، تۆ غەدرت لێئەکرێ، چونکە هیچیان تۆ نیت. زیاتر لە خۆت و کەمتر لەخۆت، هەردوکی پێشێلی تۆیە. تۆ خۆتی بەقەت مرۆڤێك، نەك گرندایزەرەکەی ئەمڕۆو زبڵەکەی سبەینێ. ئەوەی کە وەکو گرندایزەر بتکەن بەگژ وەحشەکانداو ئەوەش کە وەکو زبڵ فڕێت بدەن، هەردوکی پێشێلی تۆیە وەکو ئینسان و سەیرکردنتە وەکو  ئالەتێك. ئیمڕۆ ئالەتێکی باشیت و با هەبیت، بەیانی ئالەتێکی خراپیت و فڕێ ئەدرێ ی. لەکاتێکا ئینسان ئامانجەو کەرامەتی ئینسانیش لە ئامانجێتی ئینساندایەو مرۆڤ نابێ بکرێ بە وەسیلەو ئالەت.
(دەسەڵاتی ستەمکارو نارەزایی فووتێکەر) هەردوکیان کار لەسەر کەرامەتی تۆ ئەکەن و لەکوێدا بیانەوێ و ئیشیان پێ ی نەمێنێ، ئەیشکێنن. جا لەپێناو کەرامەتی ئینسانیی خۆمان، نابێ خۆمان بخەینە ناو ئەو بەرداشەوە. بەڵکو ڕەتکردنەوەی هەردوکیان و پاراستنی کەرامەتی مرۆییمان، باشترین خەبات و بەرگرییە. چونکە تاکە شەڕی ڕاستەقینەی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانەیە کە مەترسیین بۆ سەر کەرامەت. وەلێ سەرەتا، ئەبێ خۆمان وەکو "مرۆڤ" بناسین و کەرامەتیش وەکو چەقی ئەو مرۆڤە بناسین، ئینجا ئەتوانین ئەو خەباتە بەرزە بکەین. خەباتێكی هۆشیارانە کە (ستەم و ستەمی پێچەوانە) هەردوکیان دەرك ئەکاو هەردوکیشیان ڕەتئەکاتەوە.
نەك کەرامەتی هاوڵاتییەکی بەهەڵوێستی شەریف، تەنانەت کەرامەتی دزو گەندەڵەکانیش شایەنی شکاندن نیەو ئەسڵەن ئەوان بۆیە دزو گەندەڵن، چونکە لە کەرامەتی مرۆیی بێخەبەرن. خۆ ئەگەر خۆیان وەکو مرۆڤێکی ڕێزلێگیراوی خاوەن کەرامەت بناسیایە، نەیانئەتوانی دزو ستەمکاربن. یەعنی ئەوان پێش کەرامەتی ئێمە، کەرامەتی خۆیان پێشێلکردوە کە ستەمکارن. تۆش کە گەندەڵەییەکەی ئەو و کەرامەتی ئەو لەیەك جیانەکەیتەوەو بیشکێنیت، یەعنی هەمان ستەمی ئەوت کردوەو کەرامەتی خۆتت پێشێلکردوە. چونکە کەرامەتی مرۆیی لەتۆداو لەودا یەکەو ئەو دزیشبێ هەر تۆیەو هەر مرۆڤە. ئێمە لە کەرامەتدا یەکین و هەموو هەر مرۆڤین. لەوێوە جیائەبینەوەو هەنێکمان ئەبینە وەحش، کە لە کەرامەت بێئاگائەبین و فەرامۆشی ئەکەین.
دواجار ئەمەوێ بڵێم، گیراوانی ئەولا، بۆیە هێشتا لەژوورەوەن، چونکە لەژێر فشاریشدا، هێشتا ئامادەنین ڤیدیۆی پاکانە تۆماربکەن. خۆ ئەگەر بیانکردیایە، ڕەنگە هەر بەوە کێشەکەیان حەلببوایەو ئێستا لەماڵەوەبوونایە. یەعنی ئەگەرچی ڤیدیۆی کابرای بەرماڵ، شایەنی شکاندن نیەو لە هەموو حاڵێکدا ئەو هەڵوێست و پەیامی خۆی گەیاند. بەڵام ئەوانیتر تەنانەت ئەوەش ناکەن، ئەگەرچی بشیکەن ناحەقیان نیەو منو تۆ لە ژوورێکی گەرمەوە بۆمان نیە لۆمەیان بکەین! 
جا ئەمەی منیش نەبێتەوە بە مەسەلەی فووتێکردن، لەڕاستیدا ئیرادەی ئینسان، دەریایەکی بێ بنەو ئەوەی کە لای من نەکردەیە، ڕەنگە مەحاڵ نەبێ و تۆ بتوانیت بیکەیت. وەکچۆن لە زیندانی بەعس و تورکیاو ئێراندا، هەنێ لە ئازادیخوازان بەرگە ئەگرن و هەنێك بەرگە ناگرن، لەزیندانی ئەمانەی خۆشماندا، بەرگەنەگرتنیش هەیەو بەرگەگرتنیش هەیە. هەردوکیشی بەمدیوا نیشانەی زیندوێتییەو یەعنی بەرگرییەك هەیە. هەردوکیشی بەودیوا نیشانەی ستەمکارییەو یەعنی ستەمکارییەك هەیە.
ئێمە پێشئەوەی جیاوازی سیاسیی و فکریی بین، لێکچووی کەرامەتی مرۆیین. بۆیە ناکرێ کە کەسێك لەگەڵمان نەهاتەوە، ئیتر بیکەین بە تەپاڵە. ئینسان ئەگەر خۆشی خۆی سوكبکاو دەستی بچێتە کەرامەتی خۆی، تۆ نابێ دەستت بچێتە کەرامەتی ئەو، چونکە ئەو شوێنە هی دەستلێدان نیە. کابرا لە ڕۆژێکا سێ حیزب بکاو چوار جار خۆ بفرۆشێت، هێشتا کەرامەتی ئەو هی شکاندن نیە ئەگەرچی خۆی بۆی گرنگ نیە. ئەگەر ئەویش هی تۆ بشکێنێت، تۆ هی ئەو مەشکێنە، چونکە لەو کاتەدا هەردوکتان یەك شت ئەشکێنن، هەر ئەوەی کە نابێ بشکێت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand