ئەو دەرسەی لە ئیدریس بارزانی فێر نەبووین
2021-01-31 21:08:54
ئاسۆ حاجی
لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ئیدریس بارزانی بە قبوڵکردنی واقعی نوێی سیاسی لە کوردستان هەوڵیدا هەموو ئەو گروپ و حیزب و لایەنە فکریانەی لە گۆڕەپانی خەباتی کوردستان دروست ببوون لە ژێر چەتری یەک گوتاری و یەک هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی کۆبکاتەوە.
لەو هەوڵانەی رووبەڕووی ئالنگاری گەورە بۆوە، کۆنەڵێک حیزب دروست ببوون کە ئامانجی لە پێشیەنەیان لەناوبردنی حیزب و بنەماڵەکەی ئیدریس بارزانی بوون، حیزبی دیکەش هەبوون ئامادەنەبوون دەست بخنە ناو دەستی پارتی چونکە بە دیتنی ئەوان'پاشڤەڕ و خێلەکی و نۆکەری ئیمپریالی بوو' بەڵام ئیدریس بارزانی کۆڵی نەدا و شانی بە شانی برایەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دا و پێکەوە شانیان دایە بەر ئەو ئەرکەی قۆناغی دوای نسکۆ و کۆچی دوایی مستەفا بارزانی خۆی سەپاند بوو.
ئیدریس بارزانی لە سەر ئاستی ناوخۆیی باشوری کوردستان و لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە هەوڵەکانی چڕ کردەوە و لە کۆتاییدا لەگەڵ مام جەلال توانیان رێککەوتنی ئاشبوونەوەی گشتی ئیمزا بکەن، ئەو ئیمزایەی بووە هەوێنی دامەزراندنی بەرەی کوردستانی کە رابەرایەتی راپەڕینی بەهاری سالی ١٩٩١ کرد و دامەزراندنی پەڕلەمان و حکومەتی لێکەوتەوە.
لەو چەند ساڵە دەرفەتی دیداری بەڕێزان فازل میرانی و فەریدون عەبدولقادرم هەبووە، ئەو دوو بەڕێزە هەردووکیان لە گفتوگۆی نێوان رەوانشادان مام جەلال و کاک ئیدریس ئامادە بوونە و راگەیەندراوی رێکەوتنی ئاشبوونەوەی گشتی ئەوان نووسیویانە، هەردووکیان لە قسەکانیان دەربارەی ئەو دیدارە و رێکەوتنە باسیان لە دوو خاڵ کردووە، یەکەمیان کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا کاک ئیدریس و مام جەلال کەمتر لە سعاتێکی خایاندووە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن،دووەمیان کەسیان راگەیەندراوەکەی نەخوێندۆتەوە و تا ئیمزای نەکردووە. کاتێک مام جەلال و کاک ئیدریس یەکتر دەبینن مام جەلال پرسیارێک لە کاک ئیدریس دەکا، پێی دەڵێ:' ئەوەی روویدا خەتای کامەمان بوو؟' پاشان چاوەڕوان ناکات تا کاک ئیدریس وەڵامی دەداتەوە،هەر خۆی وەڵام دەداتەوە و دەڵێ:' جا کامەمان مانای چیە، زۆ هەردووکمان یەکین'٠