Draw Media

داڕمانی گۆڕان

داڕمانی گۆڕان

2021-01-31 15:52:01


د. چیا عەباس 
لە سەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان پرۆسەیەکی سیاسی و گۆرانکاری بو لە تەوژم و هەڵچونێکی جەماوەری بێ وێنەدا دروستبو، لە یەکەم هەنگاوی سیاسیشدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا. دەنگدەر تیرە تیژ و خێرا و جەزرەبە وەشێنەکەی کەوانەی گۆڕان بو، بۆیە بزوتنەوەکە لەو قۆناغەدا وەک حزبی دەنگدەر پێناسە دەکرا. .کاک نەوشیروان راشکاوانە دەیگوت: گۆڕان دەریایەکە ئاوی پاک و پیسی تێدەرژێت و لێشی دەروات.
لە نێو شەپۆلی پاڵپشتی بەهێزی هاوڵاتیان و سەرکەوتن و کاریزمای کاک نەوشیروان گۆرەپانی گۆڕان گەرم بو و جمەدی دەهات و هاوڵاتیان بونە پشت و پەنای بزوتنەوەکە.
گروپێکی سنوردار لە سەرکردە و کادرەکانی یەکێتی لە گەڵ یەکەم چرکەکانی گەڵاڵەبونی قەناعەت بە دروستبونی گۆڕان جدی و دڵسۆزانە هاورێ و هاوکاری کاک نەوشیروان بون، بەشێکی بەرچاوی سەرکردە و فەرماندە و کادرەکانی یەکێتی کە لە هەنگاوەکانی کاک نەوشیروان دودڵ بون لە کەش و هەوای سەرکەوتندا دۆخەکەیان بە هەڵێکی گونجاو بینی بۆ شکاندنی تینویەتی هزرە کلاسیکیەکانی ریفۆرمخوازیان، هاوکاتیش بەشێک لێیان کە لە ناو یەکێتیدا پێگەیان شڵۆق بوبو گۆڕان یان بە دەرفەتێکی زێرین بینی بۆ مانەوەیان لەسەر شانۆی سیاسی و سپیکردنەوەی روخساری تەماویان، لە سایەی دروشمی ریفۆرمێکی کرچ و کاڵدا تورەکەی خواست و نوشتەکانیان بە گۆڕانەوە لکاند.
ئەم تاقمە، وێرای خەبات و قوربانیەکانیان لە رابوردودا، بەڵام فریان بەسەر هزری مۆدێرنی چاکسازیەوە نەبو، گۆران یان وەک حوجرەیەک دەبینی سەڵەوات و زکری جارانیان تێیدا بچرنەوە.
نوسینی ئەم پێشەکیەم بە پێویست زانی بۆ هەڵسەنگاندنێکی واقیعی بۆ  دۆخی دارماوی ئێستای گۆڕان.
دوای وەفاتی کاک نەوشیروان هەندێک لەم تاقمە دەستیان بەسەر موقەدەراتی گۆڕاندا گرت، هەر زۆر زو چەند هاورێیەکی سەنگەر و کارکردنی دوای راپەرین خۆیان لەو گۆڕانە دور خستەوە، هەڵوێستە واقیعیەکانی خوالێخۆشبو کاک قادر حاجی عەلی و کاک عوسمان حاجی محمود و چەند هەڵسوراوێکی دیاری تری گۆڕان جارێکی تر زەنگی بیستراو بون دەرباری دۆخی ناوخۆی گۆڕان. گۆرەپانە رەسەنەکە تا دەهات چۆڵتر دەبو، کاک نەوشیروان گوتەنی ئاوی پاک لێی دەردەچو و جۆرەها ئاوی تر تێی دەرژا.
با بزانین چەند بەرپرس و هەڵسوار و ئەندامانی رێكخستن لەو تاقمەی دەسەڵاتی گۆڕان دورکەوتونەتەوە:
خانەی راپەراندن: وەجبەی یەکەم لە خانەی راپەراندن لە کۆی حەوت پێنج ئەندام ( عوسمان حاجی محمود، شۆرش حاجی، محمد تۆفیق رەحیم، جلال جەوهەر و دکتۆر رەوف) ، وەجبەی دوەم، ( عدنان عوسمان، شەماڵ عبدالوفا)  لە ماوەی دو ساڵ و نیو
جڤاتی نیشتمانی: زیاتر لە نیوەی ئەندامە هەڵبژێردراوەکان دەرکراون، دورخراونەتەوە یاخود دورکەوتونەتەوە، شوێنەکانیان هەرەمەکی و لەسەر بنەمای تەکەتول و وەلاکردن پرکراونەتەوە.
جڤاتی گشتی: چەندین ئەندامی دڵسۆز و کارا دەرچون یاخود خۆیان سر کردوە، بە سەرۆکی و جێگرەکەی جڤاتی گشتیەوە.
مەکۆکانی گۆڕان: هیچ مەکۆیەک نیە نەتەنرا بێت بە نارازی و یاخیبون و کێشە و وازلێهێنانی بە کۆمەڵ، رەنگبێ نمونەی ئێستای مەکۆی هەولێر خەستترینیان بێت.
چەندین کەسایەتی دیاری گۆڕان و دۆست خۆیان زۆر دورە پەرێز لەم تاقمە خۆسەپێنەرەی گۆڕان دور راگرتوە.
رێكخستنەکانی گۆڕان لە دەرەوەی وڵات تەنها ناوێکی زل و ماڵێکی وێرانە.
فراکسیۆنەکانی گۆڕان:
ئەم تەوەرە پێویستی بە بایەخ و شێکردنەوەی ورد هەیە.
لە یەکەم بەشداری گۆڕان لە سایەی ئەم تاقمە دەسەڵاتدارەدا لە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەی کورسیەکانی گۆڕان لە کۆی گشتی ٣٣ کورسی دابەزیوە بۆ ١٧، نزیکەی لەدەستدانی نیوەی کورسیەکان. چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نەهاتوە، سەرجەم پێنج ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا لە دەسەڵاتی گۆڕان یاخیبون و هیچ گوێیان لێ ناگرن، لە ١٢ ەکەی هەولێر لایەنی کەم چوار ئەندام زۆر راشکاوانە هەڵوێستی زۆر ناکۆکیان بە رێنمایی و سیاسەتی تاقمەکەی گردەکە هەبوە و هەیە، بە واتایەکی تر زیاتر لە نیوەی ئەندامانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە دەسەڵاتی خۆسەپێنەری گردەکە یاخیبون. بەتەنیشت ئەم روداوانەوە تاقانە وەزیرەکەی گۆڕان لە بەغدا مەلەفێکی قورسی گەندەڵی لە دەستەی دەستپاکی عێراق هەڵگیراوە، ئەو گەندەڵیەش بەئاگاداری و  دەستخۆشی تاقمەکەی گردەکە کراوە.  
ئەوەی مایەی باسکردنیشە ئەو دەسەڵاتە تاکرەوە تا ئەم چرکەیەش یەک رونکردنەوەیان دەرباری هۆکارەکانی ئەو یاخیبونە بەرفراوانەی ناو گۆڕان نەداوە، بە لێدوان و قسەکردنی پوچەڵ و هۆنراوە دەیانەوێت خۆڵی مردو بەسەر ئەو پرسە هەستیار و گرنگانەدا بکەن، خۆشبەختانە بەشی زۆری هاوڵاتیان و جەماوەری گۆرانخواز و چاکسازی لەم واقیعە تێگەیشتون.
ناشێت ئاماژە بە چەند عەراب و تەتەرێکی دەسەڵاتیش نەدەین کە بەناوی گۆڕانی گردەکە پێگە و مەقامی شکلیان لێرە و لەوێی ناو دەسەڵات پێدراوە.
وێرای ئەو واقیع و روداوانە دەسەڵاتی لە خۆبایی بو و تاکرەوی گۆڕان سەرجەم ئەو هەوڵ و تەقەڵڵا و پرۆژە و پێشنیازانەی هەڵسوراوە نارازییەکان و دۆستانی گۆڕان لە چاوترکاندنێکدا دراندوە و فرێیان داونەتە ناو سەتڵی خاشاک و پیسیەوە، چەندین نمونە لە بەردەستدان، وەک پرۆژەی هەستانەوەی گۆڕان، پرۆژەی پرۆگۆڕان، پرۆژەی چەتری کاک نەوشیروان، پێشنیاز و پرۆژەکانی چەندین ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و گشتی و دۆستەکانی جارانی گۆڕان.
دەرباری رۆڵی کورەکانی کاک نەوشیروان لەو ساڵانەی رابوردو ئێستا تەنها یەک رستەم هەیە بۆیان: دەتان توانی رێگربن لەو کلۆربونەی گۆڕان ، مەخابن نەتانکرد.
دەسەڵاتێک ئەمانە ئاکامی کارەکانیان بێت و بە سەد گوریس و بزماری عەیارە بەرز خۆیان بە کورسی دەسەڵاتوە چەقاندبێت دەبێت چ نازناوێک شایستەیان بێت.

ئێستا
گۆڕانی ئێستا مرۆڤە نەخۆشەکەی نەخشەی سیاسی باشوری کوردستانە، زۆر نزیکبۆتەوە لە لێواری دارمانی کەمەرشکێنەر، ئەوەی برێک رایگرتوە ئەو برە بەخشیشەیە کە لە دەسەڵاتی هەرێم وەری دەگرێت و ئەو جورعە یارمەتیانەیە کە کورەکانی کاک نەوشیروان ناو بە ناو پێیان دەبەخشن.
هۆڵەندیەکان پەندێکییان هەیە دەڵێت: ئەوەی پارە دەدات ئەویش بریار دەدات.
ئەم پەندە پر بەپێستی تاقمەکەی ئێستای گۆڕانە، پارتی داوای لێدەکات دەمکوتی فراکسیۆنە نارازیەکانی بکات، ئەمەیان پێ ناکرێت ستالین و تاکرەو ئاسا هەرەشەی دەرکردنیان لە گۆڕان دەکەن، ئەوان نازانن ئەو نوزەیەی لە گۆڕاندا ماوە بەهۆی بوێری و هەڵوێستی دروستی ئەو ئەندامە یاخیبوانەوەیە. 
گۆڕانی گردەکە سەری لێشێواوە و نازانێت بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چی بکات، دەستی دوعای بەرزکردۆتەوە و چاوێکی کردوە بەسەد چاو بەڵکو هاوپەیمانیەکی سێ قۆڵی لە گەڵ پارتی و یەکێتی پێک بهێنن و لەو رێگەیەوە چەند کورسیەکی وەک شاباش بەرکەوێت، ئەگەریش هەیە کە کەسانی کاسەلێس و بەرژەوەندخواز و پاشکۆ زیاتر لە دەوری خۆیان گرت بکەنەوە و یەک دوانیان لە هەڵبژرادنەکان دەربچێنن.
بیرۆکەیەک لێرە و لەوێ باس دەکرێت، ئەویش پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەوڵ بدرێت زۆربەی هەڵسوارە یاخیبو و نارازیەکانی کۆمەڵگای کوردەواری  کۆبکرێنەوە بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی گشتی بۆ دارشتنەوەی  هزرەکانی گۆرانکاری و چاکسازی لە رەوتێکی جەماوەری نوێدا، کاتێک ئەمە ببێتە ئەمرێکی واقع  ئەوا بێگومان تاقمەکەی گردەکە هەرچی شەرعیەتی فکری و مەعنەوی و سیاسی و جەماوەریان هەیە وەک خانویەکی کارتۆن دادەرمێت. 
با چاوەروان بین

 


     
   

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand