Draw Media

      حیزبی كوردی لە نێوان بنیادنان یان كوشتنی ئایندەی نەتەوەدا!!

      حیزبی كوردی لە نێوان بنیادنان یان كوشتنی ئایندەی نەتەوەدا!!

2021-01-31 06:51:19


عەتا قەرەداخی
مێژووی دامەزراندنی حیزب لە كۆمەڵگای كوردیدا خەریكە دەبێتە سەدەیەك. ئاشكرایە حیزب دامەزراوەی كۆمەڵگەی مەدەنی یان كۆمەڵگەی شارە. بەڵام ئایا لەو سەدەیەی رابردوودا كۆمەڵگای كوردی بووەتە كۆمەڵگای شار یان كۆمەڵگای مەدەنی، هەتا لەسەر ئەو بنەمایەش حیزبی كوردی لەگەڵ دامەزراوەكانی تری كۆمەڵگادا بەسروشتی دروستببوونایە؟ ئاشكرایە كە كۆمەڵگای كوردی كۆمەڵگایەكی خێڵایەتی دواكەوتووی داخراوەو لە كۆمەڵگای لەم جۆرەشدا دامەزراوەكانی كۆمەڵگای شار یان كۆمەڵگای مەدەنی دروست نابن، ئەگەر بەشێوەیەكی میكانیكانەش دروستكران ئەوا خاسێتەكانی كۆمەڵگای شار یان خاسێتەكانی كۆمەڵگای مەدەنیان نابێت و وەكو شوێنگرەوەی دامەزراوەكانی كۆمەڵگای خێڵایەتی دەردەچن. حیزبی كوردی دیارترینی ئەو دامەزراوانەیە لە كۆمەڵگای كوردیدا كە شوێنگرەوەی دامەزراوەی خێڵە. هەروەك حیزب لە رووی راستیەوەو وەكو دامەزراوەی كۆمەڵگای شار، ئامرازە بۆ گەیاندنی كۆمەڵگە بە ئامانجەكانی لە ماف، ئازادی كە ئەوەش لە سایەی دیموكراتیدا دەبێت. بەو پێیە هەر حیزبێك بەرنامەی دیموكراسی و ئازادی نەبێت ناتوانێت لە خزمەتی كۆمەڵگەدا بێت. حیزبی كوردی كە لە بنەڕەتدا جێگرەوەی دامەزراوەی خێڵەو سەرباری ئەوەی بەكاریگەری دەرەوەی واقیعی كۆمەڵگای كوردی دروستكراوە، ئەركی ئەوەشی خراوەتە ئەستۆ كە هەڵگری پرۆژەی نەتەوەیی و بەوپێیەش هەڵگری گوتاری نەتەوەییە. كەواتە دەبێ حیزبی كوردی بۆ رابەرایەتی بزووتنەوەی نەتەوایەتی كوردی پێكهاتبێت و هەڵگری گوتاری ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان بێت، بەڵام لە رووی راستیەوە وانەبووەو تاوەكو ئێستاشی لەگەڵدا بێـت هیچ حیزبێكی كوردی هەڵگری گوتاری نەتەوەیی نیە، چونكە گوتاری نەتەوەیی كاتێك بوونی دەبێـت كە یەكێتی نەتەوەیی پێكبێت. ئەگەر حیزب لە كوردستان هەڵگری گوتاری نەتەوەیی بوایە، ئەوا پرۆژەی یەكێتی و یەكبوونی نەتەوەیی بوونی دەبوو. هیچ حیزبێك نیە لە كوردستاندا بە راستی پرۆژەی یەكێتی نەتەوەیی هەبێت، واتە هەموو ئەوەی حیزبەكانی كوردستان لەبارەی یەكبوون و یەكگرتن و پێكەوە كاركردندا دەیڵێن، بێجگە لە قسەو دروشمی بێ ناوەرۆك و فریودانی خەڵك هیچی تر نیە. بەڵكو حیزبی كوردی لە رووی واقیعیەوە بەرنامەی دابەشكردن و پەرتكردنی زیاتری ریزەكانی نەتەوەیان هەیە هۆكارەكەشی ئەوەیە كە هەر حیزبەو لەژێر كاریگەری لایەك یان ئایدیۆلۆجیایەكی نامۆ بە واقیعی كوردستان دروستبووەو لەژێر كاریگەری و فەرمانی داگیركەرانی كوردستاندا دەجوڵێن و هەرگیز ئەگەری ئەوەش لە ئارادا نیە كە هیچ داگیركەرێكی كوردستان لەگەڵ سادەترین مافی نەتەوەیی كورددا بێت. واتە راستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ حیزبەكانی كوردستان لەدەرەوەی بڕیاری كوردی و خواست و ویستی خەڵكی كوردستان ئاراستە دەكرێن و تەنانەت بەدژی یەكترو بۆ بەرژەوەندی داگیركەران بەكاردەهێنرێنز بێگومان هەر هەنگاوێك لەگەڵ خواست و ویستی داگیركەرانی كوردستاندا كۆك و گونجاو بێت، ئەوا دژی بەرنامەو پرۆژەی نەتەوایەتی كوردیە و لە رووی راستیەوە یارمەتیدەرو هاوكاری پرۆژەی دابەشكردنی زیاترو مانەوەی كوردە بە پارچەپارچەیی و بە دابەشكراوی. 
حیزبی كوردی لە ماوەی حەفتا ساڵی رابردوودا چی دەستكەوتێكی بۆ نەتەوە هەبووە؟ ئێمە دەزانین كورد كێشەیەكی هەیە ئەویش كێشەی نەتەوایەتیە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش پێویستی بە بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی یەكگرتوو هەیە تا بیگەیەنێت بە مافەكانی خۆی. بزووتنەوەیەكی لەو جۆرەش دەبێ هەموو نەتەوە بێ جیاوازی بەشداری تێدا بكات. با گریمانەی ئەوە دابنێین كە هیچ حیزبێك لە كوردستاندا درووست نەبوایە، ئایا بزووتنەوەی نەتەوایەتی درووست نەدەبوو؟ ئاشكرایە بزووتنەوەی نەتەوایەتی بەرهەمی سەرهەڵدانی هەست و هوشیاری نەتەوەییە لای هەر نەتەوەیەك. بزووتنەوەی نەتەوەیی بزووتنەوەیەكی جەماوەرییەو لە گەوهەردا هەڵگری پرۆژەی نەتەوەیە كە بە گوێرەی كورد بریتەیە لە رزگاریی نیشتیمانی و پێكهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی. ئەگەر بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی وەها بە بێ حیزب درووست بوو، ئەوا بێگومان ئەو بزووتنەوەیە لە ناوخۆیدا سەركردایەتی بۆ خۆی پێكدەهێنێتز بەڵام دیارە دروستبوونی بزووتنەوەیەكی لەم جۆرەش پەیوەندی بە دەركەوتن و گەشەكردنی ناسیونالیزمەوە هەیە. دەركەوتنی ناسیونالیزمیش پەیوەندی بە پەرەسەندنی كۆمەڵایەتی خودی كۆمەڵگاوە هەیە. بەڵام ئەی حیزب چی كردووە لە یەكێتی نەتەوەیی كورد؟ بێگومان حیزب كوردی پارچە پارچە كردووە. یەكێتی نەتەوەیی تێكداوە. جەماوەری پەرت و بڵاوكردووەتەوە. شەڕی ناوخۆی دوورو درێژو خوێناوی هەڵگیرساندووەو دوژمنایەتی لە نێو ریزەكانی كۆمەڵگەدا درووست كردووە. متمانەی جەماوەری بەیەكتر دۆڕأندووە. لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە ئاشی راگەیاندن و پڕوپاگەندەو درۆو دەلەسەی حیزبی كوردیی بەردەوامە لە فریودانی جەماوەرو گەوجاندنیان. بەجۆرێك هێزی گەوجاندن و بەلاڕێدابردنی جەماوەر لە رووبەرێكی فراواندا بەسەر ئاستی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی كوردیدا باڵادەستبووە كە هۆكاری سەرەكی ئەوەش حیزب و نوخبەی سەرەوەی حیزبەكانن. حیزبی كوردی ئەو دروشمەی ئیمپریالیزم بەرامبەر بە جەماوەری كورد پیادە دەكات، كە دەڵیت" پەرتكەو زاڵبە" ئەمەش روانێنیكی نەیارانە لە پشتیەوەیەتی و ئەوە دەگەیەنێت كە حیزبی كوردی لە ئاگاییەوە بێت یان لە بێ ئاگاییەوە بەم شێوە سیاسەتكردەنەیان خزمەتی بەرژەوەندییەكانی داگیركەران دەكەن چونكە ئەوەی سوود لە دابەشبوون و لێكترازانی زیاتری كورد دەبینێت تەنیا داگیركەرانی عەرەب و تورك و فارسن.  كەواتە بە سادەیی دەتوانین لە رووی ماناوە بڵێین حیزبی كوردی لە رووی دابەشكردن و زیاتر لێك پەرتكردنی كۆمەڵگەوە رۆڵی ئەوانی نەیارانی كورد دەبینێت. ئەگەر وانیە ئەی خێرە ئەم نوخبە سیاسیە حیزبیەی كوردستان ناتوانن لەسەر بچووكترین شت رێكبكەون؟ ناتوانن هیچ رێكەوتن و سەوداگەرییەك لەگەڵ یەكتر بكەن؟ ناتوانن هیچ لەیەكتر قبوڵ بكەن؟ بەردەوام خەریكی چەلەحانێ و یەكتر تەخوین كردنن. بەردەوام درۆ لەگەڵ یەكتر دەكەن و سەری زمان و بنی زمانیان خەڵك و نەتەوەیە. ئەگەر خەڵك و نەتەوەیان لە بیربوایە پێكەوە دەگونجان. بەردەوام دەبینرێن لە بەردەمی یەكتردا عەنیدو ملهوڕو پاڵەوانن. لەبەردەم ئەوانی بێگانەشدا وێنەكە روون و ئاشكرایەو بینیوومان چەند بچووك و بستەباڵان. ئایا ئەم حیزبانەی كوردستان حیزبن لە پێناوی بەرژەوەندییەكانی نەتەوەو نیشتیماندا یان حیزبن لە پێناوی كوشتنی هەموو بەهاكانی نەتەوەو رووخاندنی نیشتیماندا؟ بەڵێ حیزبی كوردی لە ئێستادا حیزبی تاڵانكەری سامانی نەتەوەیی و روخێنەری بەها ئەخلاقیەكانن و بەفیڕۆدەری خەبات و ماندوبوونی میللەتن، حیزبی تێكدەری یەكێتی نەتەوەیی و نیشتیمانین، حیزبی بكوژی راستگۆیی و هەموو بەهایەكی جوانین، حیزبی  درۆو فریودانن، حیزبی بكوژی ئایندەی نەتەوەو نیشتیمانن، چونكە دژی یەكێتی نەتەوەو خوازیاری زیاتر دابەشكردنی نیشتیمانن. بۆیە ئاشكرایە تا ئەم جۆرە حیزبەو تا ئەم نوخبە سیاسیە لە كوردستاندا بمێنێت، گەیشتن بە ئایندەی گەش بۆ كورد جێگای گومانە. 
بێگومان كاتێ باسی حیزبی كوردی دەكەین هەموو بەرپرسیارێتیەك دەكەوێتە ئەستۆی نوخبەی سیاسی و بەرپرس و ئەو بازنە داخراوانەی كە سەركردایەتی حیزبەكان پێكدەهێنن. هەرەمی حیزب كە بریتیە لە ئەندامانی حیزب و جەماوەری حیزب، ئەوانیش هەمان شێوەی بەشەكانی تری كۆمەڵگە قوربانی دەستی سیاسەتی نانەتەوەیی و نانیشتیمانی و دیدی حیزبیی ئەو نوخبە سیاسیەن كە بڕیاری حیزبی كوردییان لە دەستدایە. بە مانایەكی تر جەستەی حیزب و جەماوەری حیزبیش هەر بریتین لە كۆی خەڵكی كوردستان كە ئەوانیش هەندێجار خراپتر لە  جەماوەری دەرەوەی حیزب زەرەرمەندی دەستی سیاسەتی خراپی سەركردایەتی  حیزبەكانیانن. ئێستا ئاشكرایە حیزبی كوردی نەك هۆكاری یەكێتی و یەكبوونی نەتەوەیی نیە بەڵكو هۆكاری پشێوی و نائارامی و ناسەقامگیریە لە كۆمەڵگەی كوردیداو تەنانەت ناكۆكیە حیزبیەكان شۆڕبوونەتەوە بۆ ناو پێكهاتەی خێزان و بۆ ئەوە دەچن ئەو یەكە بنەڕەتیە كۆمەڵایەتیەش هەڵبووەشێننەوە. كەواتە حیزبی كوردی ئاراستەجوڵە لە كۆمەڵگەی كوردیدا پێچەوانە دەكاتەوە. ئاراستەی پەرەسەندنی كۆمەڵایەتی لە خێزانەوە بۆ كۆمەڵگەی مەدەنی و لەوێشەوە بۆ دەوڵەتە. بەڵام حیزبی كوردی لە ستراتیژی خۆیدا نەك بەرەو كۆمەڵگەی مەدەنی و درووستكردنی دەوڵەت هەنگاو نانێت بەڵكو دەگەڕێتـەوە بۆ دواوە تا یەكەی خێزانیش هەڵبوەشێنێتەوە. لێرەوە دەردەكەوێت كە هەرچۆن كۆمەڵگەی كوردی لە رووی پەرەسەندنەوە جیاوازە لە كۆمەڵگە ئاساییەكان، حیزبی كوردیش لەبری بوون بە ئامراز لە پێناوی ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا خۆی ئامانجەو هەموو ئەوانی تر دەكوژێت و دەڕوخێنێت بۆ ئەوەی خۆی بژی. بەڵام بێگومان میژوو رەوتی سروشتی و ئاسایی خۆی دەكات و مادەم لەبنەڕەتدا حیزب ئامرازەو نەتەوەو بەرژەوەندییەكانی و داهاتووی نەتەوە ئامانجن، كۆمەڵگا لەو پەرەسەندنەدا دەكەوێتەوە سەر رێگای پەرەسەندنی سروشتی و ئاسایی خۆی و ئەم جۆرە حیزبانەو ئەو نوخبە سیاسی و حیزبیە بە پەراوێزە تاریكەكانی مێژوو دەسپێرێت.   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand