میدیای میحوەری مقاوەمە
2021-01-30 22:04:47
زكری موسا
نووسینێكی كوردێكی ڕۆژهەڵاتیم خوێندەوە، تێیدا گلەیی لە نوخبەی رۆشنبیری و فكریی كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان كردبوو كە بۆچی لە ئاست ئەو بێڕێزییەی لە فیلمە ئێرانییەكەدا بەرانبەر میللـەتی كورد هاتووە بێدەنگ و بێهەڵوێست بوونە.
فیلمەكە تەواو دیارە كە لە لایەن كەسانی دەستڕۆییشتووی ئێرانەوە كاری بۆ كراوە و سیناریۆی بۆ داڕێژڕاوە. دیدی ئەمنی و فاشیستی و چەواشە تەواو بە فیلمەكەوە دیارە.
سەرتاپای فیلمەكە تەحقیری كورد و خۆبەزلزانین و خورافەگەرایی و گاڵتەپێكردن و درۆ و تاییفییەتە. ئەویش لە لایەن رژێمێك كە كارنامەیەكی زۆر خەراپی لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی كورد و مافەكانی مرۆڤ و مافی نەتەوە و ئایینەكان و گەندەڵی و دیكتاتۆرییەتی دینی هەیە. بەڵام با بێینەوە سەر پرسیاری ئەو نووسەرە كوردەی ڕۆژهەڵات كە بۆچی نوخبەی فكریی هەرێم لە ئاستیدا بێدەنگ بوون و بگرە بەشێكی مەكینەی میدیایی هەرێمیش كەوتنە خزمەتكردنی ئەو فیلمە و پێداهەڵگوتنی.
ڕەنگە وەڵامی خێرا ئەوە بێت كە لە رقی پارتی و بارزانی ئەم رەفتارەیان نواندووە. ئەو وەڵامە كافی نییە و دەبێ بە دوای هۆكاری بنەڕەتیتری فكری و كۆمەڵناسی و سایكۆلۆژیدا بگەڕێین. لەگەڵ ئەو جۆرە بێهەڵوێستییە سابیقەی تریشمان هەیە. ئێمە هەموومان دەزانین كە لە ریفراندۆمی گەلی كوردستاندا كە زۆرینەی ڕەهای خەڵك لەگەڵیدا بوون، تەنیا ژمارەیەكی كەمی ئەو نوخبەیە لە ڕیزی گەل وەستان و پشتی ئەو مافە رەهایەی میللەتەكەیان گرت. لەمە كارەساتبارتر شەڕی داعش بوو.
ئایا ئێوە دەزانن كە لە شەڕی داعشیشدا جگە لە ژمارەیەكی كەمی نوخبەی فكری، بەشی زۆریان، گەلی كوردستان و پێشمەرگەیان لەم شەڕەدا بە تەنیا جێهێشت. داعش دوژمنی مرۆڤایەتی بوو و بەربووە گیانی میللەتێكی تەنیا و مەزڵووم. ئەی بۆچی ئەمانە لەگەڵ پێشمەرگەدا نەبوون؟ كوان ئەو بەرهەمە فكری و هونەرییەی كە دەبوایە قارەمانێتیی پێشمەرگەیان بە نەمری هێشتبایەوە و ببێتە پشتوانەی فكری و تیۆری بۆ رۆحی جەنگاوەری و بەرگرییكاریی گەلی كوردستان؟
ئێرانییەكان خۆشیان دەزانن فیلمێكی كرچوكاڵ و ئاستنزمیان بەرهەمهێناوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا باش ئاشنای باری فكری و رووناكبیریی هەرێمی كوردستانن. دەزانن ئیرهابی فكری و ئەو شەپۆڵە میدیاییەی بە بەرنامە ماوەی بیست ساڵە بە هاوكاریی ئەوان چۆنچۆنی مەسخبوونی نوخبەی رووناكبیریی كوردی لێكەوتووەتەوە. راستیتان بوێت ئێرانییەكان ئەو فیلمەیان بۆ گوێگر و بینەری هەرێم بەرهەمهێناوە و دەرخواردیان دەدات، چونكە وای بۆ دەچن لەوێ درۆكان پتر باوەڕ دەكرێن نەك ڕاستییەكان. ئێرانییەكان ئەو فیلمەیان بۆ پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانەكانیان لەناو هەرێم بەرهەمهێناوە و ئامانجێكی سەرەكیشیان لێی قووڵتركردنی ناكۆكی و پەرتەوازەیی ناو كورد بووە. هەر لە یەكەم چركەساتەكانی بڵاوبوونەوەی فیلمەكە، بەشێكی زۆری ئەو میدیا كوردییانەی هەرێم كە ئێران بە میحوەری مقاوەمەیان دەزانێ كاریان بۆ ئەوە كرد كە ئەو درۆ دە دەقەییە بە باشترین شێوە لە زەینی گوێگرانی هەرێمدا جێی خۆی بكاتەوە.
لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە بۆچی دەبێ ئیرهابی فكری و شەپۆڵی میدیایی و گۆبڵزیزمی ئێرانی بتوانێ دەست بەسەر بیر و هۆشی بەشێك لە كۆمەڵگەی هەرێمدا بگرێت؟ هەروەك پێشتریش باس كرا رق لە پارتی وەڵامە دروستەكە نییە. ئێرانییەكان وەڵامەكە دەزانن. دەمێنێتەوە ئێمەی كورد بتوانین وەڵامەكە بدۆزینەوە و كار بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاشووبە فكری و سایكۆلۆژییە بكەین كە تەنانەت لە بەرانبەر ئەهریمەنێكی وەك داعشیش توانای هەڵوێستوەرگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی نەبووە.