Draw Media

کارتەکانی یەکێتی

کارتەکانی یەکێتی

2021-01-29 08:58:02


سەهین موفتی

لەدواهەمین هەوڵی لێکترازان، پەرتەوازەیی، دووبەرەکی، نانەوەی ئاژاوە، نیو سەرۆکێکی یەکێتی بەنیازە غازی سرووشتی دەڤەری سەوز بە داهاتیشەوە را دەستی حکومەتی بەغداد بکات، بە بیانووی مسۆگەرکردنی مووچەو شایستە داراییەکانی ئەو دەڤەرە راستەوخۆ لە لایەن عێڕاقەوە..!
لەکاتێکدا، لەماوەی چەند مانگی رابردوو حکومەتی کوردستان لە هەوڵی دابینکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانییەتی لەسەر داهاتی ناوەخۆو گەرەگیێتی ئەم سەر ئێشەیەی بەردەوام لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێڕاق لەسەر بودجەو شایستە داراییەکان هەیەتی، کۆتایی پێ بهێنێت و بەتەواوەتی پشت بەداهاتی خۆماڵی ببەستێت.
ئەم هەوڵەی حکومەتی کوردستان، ئۆتۆماتیکی پەیامێکی سیاسی روونە بە وڵاتان کە هەم هەوڵ دەدات خۆی، خۆی بەڕێوە ببات، دیوێکی دیکەیشی، بەهەموان دەبێژێت" عێڕاق نایەوێت پرس و کێشەی کورد، چارەسەر بکات" .
دەنا، بە درێژایی کابینەی نۆیەم، حکومەتی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی نیشاندا کە بەپێی دەستوور پابەندی هەر جۆر رێککەوتنێک دەبێت، بە رادەستکردنی تەواوی داهاتەکانیشییەوە، کەچی بەغداد هەر گووتی نا....
چوونکێ، بەغداد بەتەواوەتی خوازیاری بچووکردنەوەو نەهێشتنی دەستەڵاتی سیاسی و ئیداری کوردستان لە هەگبەیدا هەیە.
پرسی دواهەمین کارتی یەکێتی، کە دەیهەوێت وەک فشار بەرامبەر حکومەتی کوردستان بەکاری بێنێت، بۆ دابینکردنی مووچە نییە، لەبۆ خۆشگوزەرانی دەڤەرەکەیش نییە، هەمدیس بۆ بوژانەوەو کەشێکی ئارامی ناوچەکە نییەو بۆ لامەرکەزییەکەش نییە، تەنێ لەبۆ نانەوەی ئەم دۆخە چەقبەستووەو لێکدوورخستنەوەیەیە، کە نیو سەرۆکەکەی یەکێتی ئامانجێتی.
هەرکاتێک، سەرکردایەتی و دڵسۆزانی نێو یەکێتی هەوڵی لێکنزیکبوونەوەو یەک گووتاری دەدەن، خێرا نیو سەرۆکەکەیان، یا لێدوان، یا هەوڵێکی دووبەرەکی لەنێو مێدیادا دەخاتە گۆڕەپانەکەو ریسەکە دەکاتەوە خوری.
هەرچەند ئەم کارتەی نیو،سەرۆکەکە کە وا بڕیارە غازی سرووشتییەکەیش تەسلیم کات، هێندەی تۆزی ژێر تاکە پێڵاوێک لەهیچ پەرێزێکدا هەڵناستێنیتەوە، چوونکێ هەرچی هەوڵێکی دوژمنانەو جاشێتی و خۆفرۆشی هەیە، هێندەی فرۆشتنی کەرکوک و دوز نییەو نابێت، کوردیش هەر بەپێوە مایەوە، دەنا ئەگەر نیو سەرۆکەکەی یەکێتی راست دەکات و خەمی خەڵکیەتی با ئەو داھاتەی ئامادەیە لەبری رادەستکرنی بە بەغداد، رادەستی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بکات، ئەودەم دەبینین چۆن مانگانە مووچە لە کاتی خۆی دابەش دەکرێت . چونکە لە کۆی داھاتی بەردەستی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان تەنیا 30% لە سلێمانیەوە دێت و 70% داھاتی ھەرێمیش،  ھی ھەولێر و دھۆکە . قاچاخچیەتی و سەرانەسەندنیش لە دەروازە سنوورییەکانی زۆنی سەوز ھەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە.!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand