Draw Media

ئەردۆغان خۆی یەکلایی دەکاتەوە؟

ئەردۆغان خۆی یەکلایی دەکاتەوە؟

2021-01-25 19:34:27


هێمن خۆشناو
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، لەناو کۆشکی باشتەپە (کۆشکی سەرکۆماری تورکیا) چەندین رووداو و دەست لەکارکێشانەوە روویاندا. (بەرەت ئالبەیراک) زاوای (رەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرکۆماری تورکیا وازی لە پۆستی وەزیری دارایی و ئابووری هێنا. بانکی ناوەندی سەراوبن بوو. چەندین وەزیر گۆڕدران. پێشتریش چەند سەرکردەیەکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) وازیان هێنا بوو، لە ماوەی چەند مانگی رابردوو دوو پارتی سیاسیان دروست کرد. هەرە دوایش (بوڵەند ئارنچ) کە خاوەن پێگە و قوڕسایەکی گرنگە لەناو ئاکەپە، ناچارکرا لە ئەندامیەتی دەزگای باڵای راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار دەستلەکار بکێشێتەوە.
هەروەها چەند رۆژنامەنووس و گۆشەنووسی سەر بە ئاکەپە چەند گوتارێکیان، لەبارەی ریفۆرمی دیموکراسی، چارەسەری کێشەی کورد، مافەکانی مرۆڤ هەواڵ و نووسینیان بڵاوکردەوە. بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن چەند مافیایەکی سەر بە مەهەپە (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست) هەڕەشەیان لێکرا، بێدەنگ بوون. کۆشکی سەرکۆماریش نەوەکو خاوەنداریەتی لێنەکردن، بگرە بە پێچەوانەی  زانگەشەی ئەوان هەڵوێستی نیشاندا.
هەموو ئەم رووداو، دەست لەکارکێشانەوە و نووسینانە لەخۆوە نەبوون، ئاماژەیەک لە پشتیاندا هەیە. 
بەڵام بەو پێیەی سەرکۆمار ئەردۆغان لە دووڕیانێک دایە، خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە، هەموو ئەمانە وەکو کاردانەوەی کاتی دەخوێندرێنەوە.
تا ئەمڕۆ ئەردۆغان باش دەیزانی یاری رازیکردنی چەند ئەکتەرێک لەدژی چەند ئەکتەرێکی دیکە بکات، بەڵام لێرە بەدواوە ناتوانێ لەم یاریەدا سەرکەوتوو بێت. 
بە هەڵنەبژاردنەوەی (دۆناڵد ترەمپ) هەموو ئەم ستوونانە رووخان کە ئەردۆغان یاری لەسەر دەکرد. لە ئێستاشدا ناچارە نەخشە رێگایەکی دیکە بۆخۆی دەستنیشان بکات. بەڵام نازانێ چۆن ئەم نەخشەرێگایە بنەخشێنێت. نازانێ لە هاوسەرگیریە سیاسیەکەی لەگەڵ مەهەپە بەردەوام بێ یان نا! نازانێ لەسەر سیستەمی سەرۆکایەتی بەردەوام بێ یان بگەڕێتەوە سەر سیستەمی پەرلەمانی! هەروەها نارانێ لە توانای دایە لەگەڵ جۆ بایدن (سەرۆکی ئەمریکا) پەیوەندی باش دروست بکات یان نا! نازانێ چۆن دەریچەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و کەمترین زیان لە دۆسیەی (هاڵک بانک) رزگاری بێت! نازانێ دەتوانێ یان ناتوانێ لە بارەی کێشەی کورد لەناو تورکیا و لە دەرەوەی تورکیا هەنگاو بنێ! یان ئەگەر هەنگاوی نا دەتوانێ ئەنجام بگرێت یان نەگرێت! 
هیچ لەمانە نازانێ و دڵنیا نیە، بۆیە ناتوانێ نەخشە رێگایەک دابڕێژێت. 
کاتێک بۆ هەموو ئەمانە هەڵمەتێک دەکات، رووبەڕوی کاردانەوەی توند دەبێتەوە (بەتایبەتی لەلایەن مەهەپە و مافیاکانی)، بویە بەناچاری دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتی جاران. 
لە ئێستادا هەوڵ دەدات، پەیوەندی باش لەگەڵ بایدن دروست بکات، بەو مەرجەی بتوانێ لە هەمان کاتدا لەگەڵ مەهەپەش بەردەوام بێ، بەڵام ئەمەیان ئەگەر مەحاڵیش نەبێت زۆر زەحمەتە. 
دوو ئاستەنگ هەیە لە بەردەم ئەردۆغان کە زوو بە زوو ناوێرێت دەستپێشخەری بکات بۆ سازدانی پەیوەندی گەرم لەگەڵ جۆ بایدن. یەکەمیان، پەیوەستە بە شکاندنی گەماڕۆکانی سەر ئێران، لەلایەن هاڵک بانک، کە زیانی گەورەی لە ئەمریکا داوە (لێرەدا جێگای باسکردنی نابێتەوە). ئەوەی دووەم، کێشەی کوردە. هێشتا لە ئەردۆغان دیارنیە بایدن چ هەڵوێستێک لە بارەی کێشەی کورد دەکرێتەبەر. کێشەکە بۆ ئەردۆغان لەوەدایە کە بایدن سەرۆکێکە لە نزیکەوە تورکیا دەناسێت، وەکو ترەمپ نیە پێگەی جوگرافی تورکیا نەناسێت. بایدن لە پسپۆرێک زیاتر ئەکتەرەکانی ناو تورکیا دەناسێت، دەزانێت خاڵی لاواز و بەهێزیان چیە. وەکو ترەمپ نیە لەبارەی تورکیا پشت بە راوێژکارەکانی ببەستێت. بە پوختی بایدن ئەو سەرۆکە نیە، کێشەکانی لەگەڵ تورکیا سڕ بکات یان جارەسەریان دوابخات. ترەمپ بۆ ئەردۆغان نیعمەتێکی گەورە بوو، بەڵام ئەم سەردەمە بەسەرچوو. 
بۆیە ئەگەر ئەردۆغان بە نیازبێت پەیوەندی باش لەگەڵ بایدن دروست بکات، ناچارە هەندێک چاکسازی بکات. 
بەدووری نازانم بایدن ئەردۆغان ناچار بکات لەبارەی مەسەلەی کورد لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش دابنیشێت، چونکە دەمیرتاش سیفەتی یاسایی هەیە و شەش ملیۆن دەنگی هێناوە. 
بۆ هەموو ئەمانە سەرەتا دەبێت ئەردۆغان خۆی یەکلایی بکاتەوە، بڕیاری جیابوونەوە لە مەهەپە بدات. بەبێ یەکلایی کردنەوە بازنەی گۆشەگیربوونی بەرتەسکتر دەبێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand