فیلمێک ناتوانێ مێژووی بەرگری میللەتێک بسڕێتەوە
2021-01-25 10:20:04
فەرحان جەوهەر
مێدیای ئێرانی فیلمێکی زۆر دوژمنکارانەی بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش وبەپاڵەوان کردنی رۆڵی سەرکردەیەکی خۆیان لەو شەڕەدا بەرهم هێناوە ، نەیارانی گەلی کورد هەر ئەمڕۆ نییە ، کار لەسەر کەمکردنەوەی رۆڵی کورد لە مێژوودا دەکەن ، زۆرلە مێژە هەوڵی ئەوە دەدەن کولتوورو رۆشەنبیریەکەی ومێژوو خەباتی رەمزە نەتەوایەتییەکایشی بشێوێنن ، یەک لەو رەمزو سەرکردانەی زۆرترین پشکی لەم هەوڵەدا بەرکەوتووە ، سەرۆک مەسعود بارزانییە ، لەڕێگەی لێدان لە پێگەو خەبات و مێژووکەسایەتییە کاریزماییەکەی سەرۆک بارزانی ، دەیانەوێت لەو گیانە بەرگریکارانەی گەلی کوردیش بدەن ، بۆلاوازکردنی بڕوا بەخۆبوونی میللەتێک لەبەرگری و داواکردنی مافەکانی خۆی وەک گەلێکی زوڵم لێکراو .
لێدان لەکولتوورو مێژوو رەمزەکانی میللەتێک ، کارێکی دووژمنکارانەو شەڕێکی رانەگەێنراوە ، بەرلە ماوەیەکی تریش مێدیای ئێرانی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی گاڵتەیان بەجل و بەرگی کوردی کرد ، لە مێژساڵە دوژمنانی کورد هەولی شێواندنی مێژوو کولتووری کورد دەدەن ، نەک هەر ئەمە ، بەڵکو ماوەیەکی زۆر کاریان لەسەر شێواندنی بنەچەو رەگەزی کورد کردووە ، هەندێکیان تا ئەو شوێنە رۆیشتوون بە کورد بڵێن: لە جنۆکەوە دروست بوونە و مرۆڤ نینە ، هەموو ئەو شێواندنانە لە پێناوی رەوایەتی دان بووە بە هێرشەکانیان بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد ، ئەوەی ئەمڕۆش لەلایەن ئەو کەس و لایەنانە بەڕێوە دەچێت ، درێژکراوەی هەمان ئەو زنجیرە هەڵمەتەیە کە بەدرێژای مێژوو کراوەتە سەر کوڵتوورو رۆشنبیری گەلی کورد ، لە کاتێکدا هیچ یەک لەو گەلانەی ناوچەکە بەتایبەتی ئەوانەی خاکی کوردیان داگیرکردووەو هەولی لەناو بردنیان داوە ، وەک گەلی کورد خاوەن کولتوورێکی بەرز نەبوونە ، لە پێکەوە ژیان و لێبوردن و بەرگری ، هەر مانەوەی کورد خۆی لە ناو ئەو ئاگرەی دەوری داوە ، گەورەترین ئازایەتییە و مانای بەرزی گیانی بەرگری میللەتێک دەگەێنێت ، هەرنەتەوەیەک با بەم شێوەیە سێ لە گەورەترین نەتەوە پێکەوە هێرشیان کردبێتە سەر، نەک وجودی خۆی وەک نەتەوە ، بەڵکو ناویشی نەدەما ، لەرووی لێبوردەیشەوە تاکە سەرکردەی ئیسلامی کە بەرامبەردوژمنەکانی لێبوردە بووبێت تەنها سەلاحەدین ئەیوبی بووە ، ئەویش لەبەرئەوەی کوردبووە ، باقی سەرکردەکانی ئیسلامی بەرامبەردوژمنەکانیان هیچ لێبوردنێکیان نەبووە ، هیچیشیان ئازایەتی سەلاحەدینیان نەبووە قودسی پیرۆز رزگاربکەن .
شەڕی داعش مێژوویەکی ئەوەندە کۆن نییە ، تا خەڵک بیری چووبێتەوە و میدیای ئێران لە رێی فیلم و دراما بیرمان بێنێتەوە ، بەتایبەتی لەسەردەمی ئەمڕۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیایی رەقەمی . کێشەی ئێمە لەم شەڕەدا نەبوونی چەک بووە ، چونکە هەرێم بەپێی یاساو دەستور ناتوانێ چەک بکڕێت ، عیراقیش نەک هەر چەکی بە پێشمەرگە نەدا ، بەڵکو سوپاکەی لە موسڵ هەموو ئەو چەک و جبەخانانەی لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشی پێدرابوون کەوتە دەستی داعش ، بۆیە هیچ ئازایەتییەکی تێدا نییە ، لایەنێکی پڕچەک بەرامبەر لایەنێکی بێ چەک ، بتوانێت هەندێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ، دواتریش کە پێشمەرکە چەکی دەستکەوت ، هەموو جیهانی سەرسام کرد بەوهێرش و بەرگرییەی نیشانی دا ، ئەوەی توانیشی کوردستان بپارێزێت و داعش نەگاتە هەولێری پایتەخت ، پێشمەرگە لەسەر زەمین و هاوپەیمانان لە ئاسمان بەسەرکردایەتی سەرۆک مسعود بارزانی بوو، نەک هیچ کەس و لایەنی تر، بۆیە سەرۆک بارزانی کراوەتە ئامانج لەم دیکۆ دڕامایەدا ، چونکە نەیاران دەزان سەرۆک چ رۆڵێکی مەزن و ئازایانەی گێڕا لە تێکشکاندنی داعشدا ، هەروەها هۆیەکی تری زۆر سەرەکی بۆ لێدان لە رۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی خۆشەویستی خەڵکی کوردی ئێرانە بۆ سەرۆک ، مێدیای ئێرانی پێیوایە بەم کارەیان دەتوانن ئەو خۆشەویستییە لە دڵی خەڵکی ئێران لاوازبکەن ، بەڵام با ئەو لایەنانە دڵنیا و خاتر جەم بن ، بەم کارەیان نەک هەر ناتوانن ویستی کورد و بڕوا بەخۆبوونی لەق بکەن ، یان خۆشەویستی سەرۆک بارزانی لە دڵی کورد دەربێنن ، بەڵکو ویست و هێزی کورد بەهێزتر دەکەن ، ئەم کارەی میدیای ئێرانی خزمەت بە پێکەوە ژیانی نەتەوەیی و پرسی ئاشتی کۆمەڵایەتیی وپڕەنسیپەکانی دراوسێیەتی ناکات ، کە جگەلە پێکەوە ژیان بەئاشتی ، هیچ رێگە چارەیەکی تر لەبەردەم هەردوو گەلدا نییە .