حزبی ژیان
2021-01-24 19:35:14
هەندرێن شێخ راغب
حوكمڕانیو دامەزراوەكان و بڕیاری سیاسی و ئابوری، لە دەستی نوخبەی سوڵتەوی حزبەكانی هەرێمی كوردستانە. تیری ناڕەزایەتی خەڵك لەسەر موچەو بژێوی و هەلی كارو ژیان ئاراستەی سنگی ئەم حزبانەیە. گوتاری زاڵی شەقام ئەمەیە؟.
كەواتە دەپرسین ئایا حیزبی ئایدۆلۆژی لای خەڵك تەواو بووە؟ حیزبی دینی و مەزهەبی و قەومی و نیشتمانی تەواو بووە؟ هەرچەندە پارتە دینیەكان بەرگری توند دەكەن لە شوناسەكەیان، بەڵام داواكاری خەڵك ئەوەندەی بژێوی و ژیانە، ئەوەندە داواكاری ئایدۆلۆژی و دینی و فكری نیە. هەر بۆ نمونە ئەم حزبەی بتوانێت موچەی خەڵك چاك بكات، بژاردەی یەكەمی خەڵك دەبێت. ئەمەش وا دەكات هەموو حزبەكان بە شوناسی خۆیاندا بچنەوە، ئایا حزبی نەتەوەیی دەتوانێت وەڵامی ئەم قۆناغە بداتەوە؟ ئایا حزبی ئایدۆلۆژی و دینی دەتوانێت وەڵام دەرەوە بێت؟ بۆچی حزبەكان خۆیان بەدەستی خۆیان ئەم واقیعەیان دروست كرد. بینەقاقای حكومەت و بازرگانی و ئابوری بەدەست حزبە. ئابوری نیشتمانیمان نیە، ئابوریەكی دەوڵەتیمان نیە، حكومەت دەرەقەتی شەریكەو بلۆكە ئابوریەكانی حزب نایەت..ئەمەش وایكردووە هاوڵاتیان ئەوەندەی قسە لەسەر حزبەكان بكەن ئەوەندە قسە لەسەر دامەزراوەكانی حوكمڕانی نەكەن.
حزبە كوردستانیەكان ئەگەر مەبەستیانە ئامانجە بنەڕەتیەكانیان بەدی بهێنن، دەبێت فاسیلەیەك لەنێوان خۆیانو ئابوری وڵات دابنێنو كۆمەكی دروست كردنی ئابوری دەوڵەتی و نیشتمانی بكەن. خەڵك لەسەر بنەمای ژیانی خۆی بیر لە سیاسەتی حزبەكان دەكاتەوە، ئەمە بیركردنەوەیەكی دروستەو لەهەموو دنیا وایە..بەڵام كێشەكە بۆ كورد لە چی دایە؟ كێشەی كورد وەك كیان و نەتەوەو سنورو دان پێدانان بەردەوامەو هێشتا نازانین بە كام لادا دەكەوین، ئێمە دەوڵەت نین. ئەوەش كێشەیەكە، كاتێك گرنگە حزبی ژیان ژمارە یەك بێت كە ئەم كێشانەت چارەسەر كردبێت. ئێستا موچەخۆر رووی لە بەغداو ئەمریكاو هەر وڵاتێكە كێشەی بژێوی ژیان و موچەی بۆ چارەسەر بكات. خۆپیشاندان دەكەن و پەلاماری بارەگای حزبەكان دەدەن، هۆكارەكەی ئەوەیە ئابوری دەوڵەتی و نیشتمانیمان نیە, ئابوری حزبیمان هەیە. مادام زانكۆو دامەزراندن و موچەو بودجە لای مەكتەب سیاسی وسەرۆكی حزبەكان بێت، كەواتە هاوڵاتی بۆچی پەلاماری بارەگاكان نەدات؟. لێرەوە دەبێت حزبە كوردستانیەكان باش ئەم مەترسیە درك بكەن و ئەوە بزانن گوتاری نەتەوەیی و نیشتمانی و ئایدۆلۆژی و دینی كاتێك لای خەڵك قبوڵە، كە كێشەی موچەو بژێوی و كارو دامەزراندنی نەبێت.
حزبە كوردستانیەكان بەتایبەت دەسەڵاتدارەكان، ئەگەر ئابوری نیشتمانی و دەوڵەتی دروست نەكەن، رۆچون بەناو قەیرانەكاندا زیاد دەبێت كەم نابێت؟.