بۆ هەلومەرجی هەرێم، ناگۆڕێت؟
2021-01-18 09:06:13
عەدالەت عەبدوڵڵا
ئەو حوكمانەی كە بەسەر دۆخی هەرێمدا ئەدرێن، پەیوەندییان بە كاریگەریی راستەوخۆی ئەو هۆكارانەوە هەیە كە پەیوەندیدارن بە هەلومەرجەكانەوە (الاسباب الڤرفیە)، مەبەست لە كاریگەرییە لەسەر بژێوی و ژیانی رۆژانەی خەڵك و بازاڕ.
ئەو هەلومەرجانە، زۆرجار بە بەرچاومانەوە دەبنە مایەی قووڵكردنەوەی ململانێكان، یان خاوكردنەوەیان، ئەمەش بەو پێیەی هێزە سیاسییەكان، پێش هەر بەشێكی تری كۆمەڵگە، راستەوخۆ بێ، یان لە رێی هاوبەشی لە فەرمانڕەوایی، یان بەشداریی سیاسی لە فۆڕمی بەرهەڵستكاریدا، خۆیان بە نوێنەری خەڵك دەزانن، بەمەش ناچارن ئەو نوێنەرایەتیكردنە لە پراكتیكی سیاسیدا بسەلمێنن.
ئەو هەلومەرجانە، لە فۆڕمی قەیراندا بن، یان هەر كێشەیەكی دیاریكراو لە سێكتەرەكاندا، مەرج نییە وەكو خۆیان بمێننەوە، دەشێت هەندێجار هەڵكشێن و بتەنێنەوە، هەندێكجاریش داكشێن و خاوببنەوە، بۆیە چاوەڕوانكراوە كە لەگەڵیاندا كەشی ململانێكانیش، تەنانەت باڵانسی رەواجی گوتاری سیاسیی هەر هێزێكی سیاسییش بگۆڕێت و تاسەر بە یەك ئاواز نەڕوات.
ئەوەی كە لە هەرێمی كوردستاندا، وەك پێویست، بایەخی پێ نادرێت، هۆكارە بوونیادییەكانی (الاسباب البنیویە) ئەو هەلومەرجانەیە. واتە ئەو كۆمەڵە رایەڵە و یەكە ئاڵۆز و نەگۆڕ و بنچینەییانەی كە لانیكەم لە هۆكارە خۆییەكاندا، دەبنە زایگاو سەرهەڵدانی هەلومەرجەكان، جا ئیتر بەهەر بارێكدا بێت. دیارترین ئەو یەكانەش، ستراكتۆری ئابوورییە، پاشان ستراكتۆری عەقڵی، لەگەڵیاندا ستراكتۆری ئاكار Moral كە خۆیشی وابەستەی زنجیرەیەك لە یەكەكانی پێگەیاندنی كۆمەڵایەتییە و لە ژینگەی خێزان و پەروەردەی خێزانییەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە سەر دەزگا كۆمەڵایەتییەكانی تر كە سیستەمی هۆشیاریی و رەفتاری مرۆڤەكان جڵەو و ئاراستە دەكەن.
بە مانایەكی روونتر، ئێمە ناتوانین بڕێكی زۆر لە سەقامگیریی بۆ هەلومەرجە قەیرانبار و ئاڵۆز و ناهەموارەكانی هەرێمەكەمان بگێڕینەوە ئەگەر بە پڕۆژەی ستراتیژیی ئیش لەسەر جووڵاندن و دەستكاریكردنی ئەو ستراكتۆرانە نەكەین كە سەرچاوەن بۆ سەرهەڵدانی هەلومەرجە جیاجیاكانی وڵاتی خۆمان.
جارێ لە رووی ئابوورییەوە، فۆڕمی ئابوریی رەیع Reinter Economy، لەسێ رەهەندی زەقەوە بۆتە بەڵایەكی گەورە بۆ ئابووریمان و تا ئێستا چارەسەر نەكراوە. ئەم فۆڕمە لە ئابووری، هەم لەلایەن نوخبەیەكی سیاسییەوە كۆنترۆڵكراوە و دادپەروەرانە سامان و داهاتەكەی دابەش ناكرێت، هەم لە ساڵی 2005ەوە بەتەواوی كەرتە ئابوورییەكانی تری وێرانكردووین، هەم كۆمەڵگەشی بە گشتی كردۆتە كۆمەڵگەیەكی بەرخۆر Consumer society، ئەمە تا رادەی ئەوەی نزیك بە نیوەی دانیشتووانی هەرێم (سەرو 18 ساڵ) فەرمانبەری كەرتی گشتی و چاو لە دەستی دەوڵەت بن.
ستراكتۆری عەقڵی، سەرچاوەیەكی تری گەورەی زۆرێك لە مەینەتییەكانمانە. ئەگەر بەپێی میتۆدی قوتابخانەی حەولییاتی فەرەنسی و بەتایبەتی ئەنجامگیرییەكانی گەورە مێژوونووس فرناند برودیل (1902-1985) بێت كە لە مێژووی عەقڵییەت و زهنییەتەكانیش دەكۆڵنەوە، هەندێكجار عەقڵ پێویستیی بە 800 ساڵ واتە هەشت سەدەی تەواوە بۆئەوەی بگۆڕدرێت!، ئەمڕۆ ئەم ئەنجامگیرییە هەر دەڵێی لەبارەی ئێمەوەیە!، تەواو بەسەر واقعی عەقڵییەتی خۆماندا جێبەجێ دەبێت!.
نموونە بۆ ئەوە، زیندوێتیی و بەردەوامبوونی عەقڵییەتی ئەمارەتنشینییە كە عەقڵییەتی دابەشكردنی دەمارگیرانەی نیشتمان و شارو ناوچەكانە، یان عەقڵییەتی پەرتبوونە بەسەر ئەنگێزەكانی خیڵ و عەشیرەت و بنەماڵەدا، بیركردنەوەش لەم ئاستە بەرتەسكە و هەموو ئەو سەرزەمین و چوارچێوە لۆكاڵییە بچووكانە و ئەو بەرژەوەندیی و وابەستەبوونە سیاسی و كۆمەڵایەتییە تەقلیدییانەی كە بەرهەمی هێناون، مرۆڤی ئێمەیان لە پیادەكردنی مرۆڤبوون و تەنانەت لە مۆدێلی ناشناڵییانەی كوردبوونیش خستووە. لەهەموو ئەوانە ترسناكتر ئەوەیە كە عەقڵییەت لە ستراكتۆردا، خێڵەكییانە بێ، كەچی خۆی وەك نوێنەری هێڵی ناسیۆنالیستیی وڵات و نەتەوە، نمایش بكات!.
ستراكتۆری ئاكار، نموونەیەكی تری تەڵەزگە و نەهامەتییەكانمانە، نائومێدیی گەورەی سیاسی و كەلتورییشی بۆ دروستكردووین.
ئەمڕۆ بەداخەوە، هەموو بەهاو دیسپلینێكی تایبەت بە چاكە و خراپە، رەواو ناڕەوا، راست و هەڵە، حەڵاڵ و حەرام بە مانای مرۆیی و ئاینییش، هیچیان لە شوێنی خۆیاندا نەماون، پێوەرەكان و پێودانگەكان بۆ هەڵسەنگاندن و نرخاندنی مەعنەوییانەی مرۆڤی ئێمە، شێواون و شێوێنراون، دنیایەك بەدكاریی و بەدرەفتاریی سیاسی و كەلتوری و لادانی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەدا بڵاوبوونەتەوە، بە شێوەیەكی زۆر مەترسیداریش مرۆڤی ئێمەیان لەناوەوە بێ ئۆقرە كردووە و تێكشكاندووە!.
ئەمانە هەموو، كارەساتی گەورە گەورەیان بەرپاكردووە و مەحكوممان دەكەن كە بیانبینین، لەسەرمانە كە بایەخیان پێ بدەین، لەوەش زیاتر رەخنەگرانە و بە شێوازی زانستیی هاوچەرخ بە بنەماكانی پەروەردە و فێركردن، خوێندن و خوێندنی باڵا، دامەزراوەكانی پێگەیاندن، تەواوی گوتارە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاینییەكاندا بچینەوە، چونكە ئەوانە، بەگشتی، كۆی ئەو چوارچێوانەی چالاكیی مرۆیی و كۆمەڵایەتیمانن كە بەرپرسیارن لە شێواندن و تیرۆركردنی ئەخلاقییات، یان ئەگەری بەرهەمداركردن و زیندوێتییان لە كۆمەڵگەدا، بونیادێك كە بێگومان كۆڵەكەیەكی گرنگی شارستانییەتی هەموو میللەتێكی لەسەر دەوەستێت.
بە مانایەكی سادەتر، ئێمە تا لەو ئاستە بونیادییانەدا خاوەنی پڕۆژەی ستراتیژیی و دوو مەودا و پلانی زانستی و درێژخایەن نەبین، ئاسان نییە هەلومەرجە سیاسی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان و دۆخی وڵات بە گشتی، سەقامگیریی بەخۆوە ببینن، هیچ خاوبوونەوەیەكی قەیرانەكان و گرژییەكانیش درێژە ناكێشن، بەڵكو دوای ناوبڕو و ماوەیەكی زەمەنیی كەم لە فۆڕمی تردا سەرهەڵدەدەنەوە و نائومێدیی نوێ بڵاودەكەنەوە، ئەمە تا ئەو ئەندازەیەی كە مرۆڤ زۆرجار هەست بكات لە ناو بازنەیەكی داخراودایە، هەر جارە و لە قەیرانێكەوە دەگوێزێتەوە بۆ قەیرانێكی تر.