دیسان سەردان و کۆبونەو و یەکڕیزی
2021-01-17 20:16:44
ئازاد جۆڵا
لە دوای ئەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی یەکیانگرتەوە یان ڕاست تر بڵێم ئیدارەی سلێمانی هەڵوەشایەوەو لە بۆتەی ئیدارەی هەولێر توایەوە لەوکاتەوە پارتی بۆمەستێکی تایبەت کاری کردو هەوڵیدا ، هەر ئەمەش بوو وایکرد بارودۆخێکی تازەی سیاسی و ئیداری و هەیمەنەو هەژموونگەراو جۆرێک لە تاک ڕەوی و خۆسەپێنی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و هاتە ئاراوە ، بەم هۆیەشەوەیە پارتی هێواش هێواش زۆر بەژیرانەو هێمنی توانی کۆنتڕۆلی تەواوی هەرێمی کوردستان بکات و بە خەونە گەورەکەی شاد بێ بەتایبەت لە هەر دوو ڕووی ئابووری و بڕیاری سیاسی ، ئەگەر لەسەرەتای بەناو یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارەکەدا جۆرێک هەست بە هاوسەنگی و کاریگەری یەکێتی دەکرا لە کابینەی پێنجەم بەڵام دوای وەرگرتنی کابینەی شەشەم لەلایەن یەکێتی بە سەرۆکایەتی دکتۆر بەرهەم کەوا تەنها ماوەکەشی دوو ساڵ بوو ئەوا هەرزوو دەرکەوت پارتی زۆر بەپەلە و تەنگەتاوە بۆ وەرگرتنەوەی کابینەو وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەگەڵ ئەوەی هەموو خەڵکی کوردستان ئەم ڕاستییە باش دەزانن لە ماوەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە 9 کابینەی تا ئێستا کە باشترین و پڕ خزمتگوزاری ترین و چالاکترین و پڕ بڕیارترین و شەفاف ترین و پڕ بەرهەم ترین کابینە بووە لە هەرێمی کورستاندا لەگە ئەوەی تەنها و تەنها تەمەنی کابینەکەش دوو ساڵ بووە ، بەڵام چونکە پارتی ئامانجێکی دوورتر و گەورەتری بۆ حزبەکەی و چەندکەسانێک لە ناو حزبەکەی خۆی هەبوو ( نەک بۆ گەلەکەی ) هەر بۆیە زۆر بە لاوازی ئەوکاتە دوو ساڵەکەی هەقی یەکێتیشیان وەک خێر قبوڵ کرد و وەریان گرتەوە ، ئیتر دوای ئەوە بەتەواوی کەوتنە سەر هێڵ و کابینە لە دوای کابینە تا ئێستا کەوا کابینەی نۆیەمە بەرهەمەکەی ئەوەیە کەوا دەیبینین لە ڕووی سیاسی چۆن کورد دوای سەدان هەزار شەهید و ئەنفال و ماڵوێرنی سەدەیەک گەڕاوەتەوە دواوە ، لە ڕووی ئابووری بەم سەرخان و ژێرخانە بەهێزەوە چۆن بوین بە ڕیسواو دەرۆزەکەری بەردەکی داگیرکەران و هەموو جیهان ، لە ڕووی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی چۆن خەڵک حاشا لە کورد بوون و تف لە نیشتمانەکەی خۆی دەکات ، لە ڕووی ئازادی و دیموکراسی چۆن لە ڕیزی پێشی پێشەوەی پێشێلکاریەکانی ناوچەکەو جیهانە ، لە ڕووی گەندەڵی و نا شەفافی بەراورد ناکرێت بەهیچ حوکمڕانیەک لە بستە زەوییەک لەم جیهانە ، لە ڕووی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی ناوەخۆ وە هیچ گەل و نەتەوەو نیشتمانێک هێندەی کورد و کوردستان پێوێستی بە تەبایی و یەکگوتاری نیە کەچی لە سایەی غروور و تاکڕەوی و بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی هیچ کاتێک وەک ئێستا نێو ماڵی کورد پەرش و بڵاو و پەرتەوازە نەبووە ، ئەمانەو سەدان خاڵی ڕەشی تر بەرهەمی حوکمی نادیموکراسی و تاکڕەوی و تۆتالیتاری خۆسەپێنییە ، ئێستا دۆخەکە بە ئاقارێک گەیشتووە دەرفەتی بەرەوامی و هێشتنەوەی لەمە زیاتری لەبەردەمدا نەماوە تەنانەت وای لێهاتووە هیچ کات پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو ئێستا دابڕاو و تەریک نەکراوە هەم لە متمانەی جەماوەری هەم لە دۆست و هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەکانە سیاسیەکانی تری نەک هەر هەرێمی کوردستان تەنانەت لە سەر ئاستی عێراقیش ، لە ڕابردوودا لە دۆخێکی ئاوا و لەکاتی پێویست هەمیشە سەری زمان و بنی زمانی پارتی هەر یەکڕیزی تەبایی و بەهێزکردنەوەی نێو ماڵی کورد بوە بەڵام بێ گومان ئەم دروشمانە تەنها بۆ قسەو کات کوشتن و تێپەڕاندنی قۆناغ و بارودۆخەکە بووە هیچ کات پارتی بەکردەوە کاری بۆ ئەم دروشمانە نەکردووە ، بەڵکو ئەوان یەکڕیزی کورد تەنها لە بەهێزبوونی خۆیان و چەند کەسانێک دەبنن و پێیان وایە تەنها و تەنها ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی کورد و کوردستانن ، ئەم شێوزی کارکردن و دروشم و کات کوشتنە دەیان جار دووبارە بۆتەوە بۆیە ئێستا پارتی جەولەیەکی تازەی سەردان و دانشتن و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەسیاسیەکان لە هەرێم و عێراق دەست پێکردۆتەوە بە مەبەستی هەمان ئامانجی پێشوو بەڵام ڕەنگە ئەمجارەیان بارودۆخ گۆڕابێ کەمبن ئەوانەی بەم سەردوولکەو لای لایە خەویان بێ ، بۆیە لەوە دەچێ سەرجەم سەردان و داواو پێشنیارەکانی وەفدکەی پارتی هیچی لێ سەوز نەبێ و عەبایان بەکا نەبێ ، ئەوە ناڵێم ئەگەر تەنها لە لای تورکمان و مەسیحی و بارەگاکەی گوڵەخانە نەبێ گەر نا پێموابێت ئەمجارەیان کورد گوتەنی ( هەمان هەوارە بەڵام هەمان بەهار نیە ) ،،