دەوڵەت و باج .. برسی باج نادا
2021-01-17 19:09:10
هاوڕێ تۆفیق
جەوھەری حکومەتی سەرمایەداری لەسەر چەند پایەیەک پێکھاتون ئەوانیش ھەر یەکە لە (باج وەرگرتن، ئازادی ھاتن و چونی سەرمایە، سەروەری قانون و دابینکردنی ئاسایش، ھاوکاری کۆمەلایەتی). بەلام باج وەرگرتن مەسەلەیەکی زۆر گرنگ و ھەستیارترە لەچاو پایەکانی تری، لەوەش گرنگتر رەھەندێکی قانونیی و ھونەری وردی ھەیە. باج لە کێ بسێنی؟بە کام پێوەر؟برەکەی چەند بێ و لەسەر کام بنچینە ئەو برە دیاری بکرێ؟بەکام رێگا ئەزانی داھاتی راستەقینەی کەسێک یان خاوەن کۆمپانیایەک چەندە؟ ھەموو ئەم پرسیارانە وەڵامەکانیان پێویستیان بەچەندین دامەزراوەی گرنگ و توکمەو سەردەمییانە ھەیە کە بە پێشکەوتوترین تەکنۆلۆژیای ئەلکترۆنی بەرنامە کرابن. حکومەتی ھەرێم ھەتاوەکو ئێستا حکومەتی دەفتەرو قەڵەم و نوسراوی کاغەزەو بەشێوەیەکی زۆر کۆن دامەزراوەکان کاروبارەکانیان ڕایی ئەکەن وخزمەتی کارگێری پێشکەش ئەکەن ، حکومەتی ھەرێم لەرووی سیستەمی کارگێری و دارایی ھێشتا حکومەتی پێش دروستبونی کۆمپیوتەرە، راستە لەناو فەرمانگەکان کۆمپیوتەر ھەیە، بەلام بەکارھێنانەکەی بۆ شوێنگرتنەوەی ئامێری چاپکردنی دەستی جارانە، بە کورتی بۆ بەرنامەی ۆرد و لەھەندێک شوێن ئێکسڵ بەکارئەھێنرێ، ھیچ کات سیستەمێکی بەرنامەسازی پێشکەوتوو کە بەناوەندێکی سەرەکی نێتەوە بەسترابن نەبوە.کەواتە چۆن سیستەمی باج وەرگرتن رێکئەخەیت؟
بەدڵنیاییەوە زۆر گرنگە حکومەت سیاسەتێکی باج وەرگرتنی دادپەروەرو بێگەردی ھەبێ، بەڵام کارەساتە مەترسیدارەکە لەو شوێنەوە دەستپێئەکا کە فەلسەفەی حکومەت بۆ باج وەرگرتن پەیرەوی سیاسەتی برسیکردنی خەڵک بێ .
لە ھەموو دونیا باج لەسەر داھاتی قازانجە تەنانەی پرۆژەیەک، یان کۆمپانیایەک کە زەرەر ئەکا ،نەک باج نادا ،بەڵکو ھاوکاریش ئەکرێ ، ھەژار نەک باج نادا، بەڵکو لە سندوقی باج یارمەتی کۆمەڵایەتی وەرئەگرێ.سەدان ھەزار ھەڵگری بروانامەی زانکۆ کە بێکارن. تاوانی ئەوان چیە باجی زیادەی بەشداری خزمەتی ئینتەرنێت بدەن؟ لەم کام وڵات خەڵکی بێکار و خاوەن داھاتی کەم باج ئەدەن؟ لەلایەکی تر مەسەلەی متمانەی خەڵک بە سیاسەتی باج بابەتێکی زۆر گرنگە، خەڵک کە دڵنیابوو ئەو پارەیەی کە بەشێوەی باج ئەیدا بۆ بەرژەوەندی خۆی خەرج ئەکرێتەوە دڵخۆش ئەبێ و بە روویەکی شیرینەوە پێشوازی لێ ئەکا، چونکە ئەزانێ پارەکەی نەخوراوە، بە پارەی باجەکەی نەخۆشخانەو جادەو قوتابخانە و خزمەتی تری پێشکەشکراوە، بەڵام ئەگەر ھەست بکا پارەی باجەکەی دیار نیە ، ئەوا بەدڵنیایەوە نایدا، لەولاتانی ئەوروپاو خۆرئاوا مەسەلەی باج پێدان و نیشتیمانپەروەری پێکەوە بەستراون تەنانەت خۆشاردنەوە لە باج پێدان وەکو ئابڕوچون و راکردن لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گەل تەماشا ئەکرێ ، ھەر بۆ بەرچاوڕونی، بێگومان جۆرەکانی باج دان زۆرن ھەر لە باجی خانوبەرە، دەرامەت، سەرمایە، باجی راستەوخۆو ناراستەوخۆ وھتد ،مەسەلەی باج یەکێکە لە بوارە قوڵەکان و لق وپۆی زۆری لێ ئەبێتەوە، بەڵام ئێمەدا لێرەدا زیاتر مەبەستمان جەوھەری سیاسەتی حکومەتە بۆ باج وەرگرتن، بۆیە زۆر ناچینە ئەو وردەکاییەوە کە لەسەرەوە باسمانکرد، بەگشتی چەند سەرنج و پێشنیارێک ئەخەینەڕوو؛
١: ھەموو خاوەن کارو کۆمپانیایەک پابەند بکرێن کە مامەڵەی پارەیان لەرێگای بانکەوە بێ، لەم کاتەشدا ئاشکرایە ھیچ کۆمپانیاو کەسێک متمانەی بە بانکی ناوخۆیی نەماوە ،بۆیە ئەتوانرێ لەرێگای یەکێک لە بانکە رەسەن و متمانەپێکراوەکانی جیھانەوە بێ، ئەو وەختە بەشێوەیەکی راست ئەزانرێ ، داھاتیان چەندە، بەڵام ھەموو کۆمپانیاو پرۆژەیەک کە بەشێوەی کاش مامەڵە بکاو پارەکەی بخاتە ژێر زەمینی باخەکەیەوە! ئێ چۆن ئەزانی چەندی قازانج کردوەو چۆن دادپەروەری ئەسەپێنێ؟
٢:باج لە قازانجە، نەک لە خەڵکانێک کە لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن وداھاتی ڕۆژانەیان زۆر کەمە ،نابێ کۆمپانیا و خاوەن پرۆژە باجدانەکەیان بخەنە سەرشانی بەکاربەرەکانیان و خۆیانی لێ رزگار بکەن ، بۆ نمونە باج ئەخەیتە سەر بواری نیشتەجێبوونی وەبەرھێنان ، بەڵام لەھەمان کات ئەبێ خاوەن کۆمپانیا پابەند بکەی کەنابێ نرخی شوقەو خانوو گران بکا ،بەڵکو ئەبێ لە قازانجی خۆی بیدا، بە کورتی ئەگەر لە پرۆژەیەک بۆ نمونە سەد ملیۆن دۆلاری قازانج کردوە ئەوا بە ھۆی باجدانەوە قازانجەکەی کەم ئەبێتەوە بۆ ٥٠ ملیۆن، نەک فێڵبازانە ھەڵبستێ نرخ گران بکاو قازانجەکەی لە ١٠٠ ملیۆنەوە بەرزبکاتەوە بۆ ١٥٠ ملیۆن، ئێ ئەوا لەم کاتەدا خۆی باج ناداو خەڵک لە جیاتی کۆمپانیا باجەکەی بۆ ئەدەن . ئەمەش لەجەوھەرا راکردنە لە باج و جۆرێکیشە لەھەڵخەڵەتاندن.
٣: باج وەرگرتن تەنھا بۆ پارەدارکردنی داھاتی گشتی نیشتیمانی نیە، بەڵکو بۆ ڕێکخستنەوەی چالاکی دارایی و ئابورییە، لە کاتی ھەڵاوسان و داشکان زۆر بەروونی کاریگەری باج دەرئەکەوێ، نرخی بازاری پێ ھاوسەنگ ئەکرێ ،بەڵام ئەمە پێویستی بە عەقڵێتێکی دامەزراوەیی دارایی ژیرو وردھەیە.
٤: دامەزراوەیەکی لێوەشاوەی ئەلکترۆنی بەناوی دامەزراوەی باج دروستبکرێ، ئەو دامەزراوەیە زۆر بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و ڕێکخراوو شەفاف و دادپەرور کاربکا، ئەتوانی دەستەیەکیش لەشارەزایانی بیانی وەکو راوێژکار، کاریان لەگەڵ بکا .
٥: خەڵکانی خوار ھێڵی ھەژاریی و دەرامەت کەم ،نەک نابێ باج بدەن ، بەڵکو بەھۆی سیاسەتی باجەوە پێویستە ھاوکاری کۆمەڵاتی لەلایەن حکومەتەوە بکرێن، بەم ھۆیەوە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدەستئەھێنرێ. ئەم سیاسەتە دەوری باش ئەگێڕێ لە لەکەمکردنەوەی ھەژاری.
لە کۆتاییا؛
سیاسەتی باج ، مەسەلەیەکی دارایی گرنگەو بە پلەیەکی نایاب پەیوەندی بە فەلسەفەی دەوڵەتەوە ھەیە، بەھۆی سیاسەتی باجەوە روون ئەبێتەوە ؟ئایا حکومەت ئەیەوێ ، دەوڵەمەند، دەوڵەمەندتر بکاو ھەژار ھەژارتر؟ یان بە پێچەوانەوە ھەژاری کەم بکاتەوەو داھاتی دەوڵەمەند ،کەمتر بکاتەوە؟ خەڵکی کوردستان بەدڵی ترس و گومانەوە چاوەرێی رێککاری تازەی حکومەتن لەسەر باج .