چارەسەر لەدەست هاوڵاتیاندایە
2021-01-17 17:52:12
عومەر عەلی
ئەگەر سەیری زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردوستان بکەین بە موچەخۆرو ئەوانەش کە موچەیان نیە .هەمویان ناڕازین لە دۆخی ژیان و گوزەران و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حوکمڕانی.هەر هاوڵاتیەک بەجۆرێک سەیری دۆخەکە دەکات و چاوەڕێی چارەسەری ئەم دۆخە دەکات کەلە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خۆیدایەتی.ئەم زۆرینەیە لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردوستان چاوەڕوانی گۆدۆیەکن کە بێت و دۆخەکەیان بۆ چاک بکات و عەداڵەت بچەسپێنێت .ئەمەش وەک ئەوەیە چاوەڕێی ئیمامی مەهدی بکەن یان عیسا جارێکیتر داببەزێتەوەو لەدەست ئەم نەهامەتیانە ڕزگاریان بکات .بەشێکی زۆر لە باوەڕدارە موسوڵمانەکان و مامۆستایانی ئاینی پێنج فەڕزە نزادەکەن کە خوا ئەم زاڵمانەیان لەکۆڵ بکاتەوەو دۆخی ئەم گەلە مسوڵمانە چاک بکات .کە ئەمەش دیی گەلی جولەکە بوو کاتێک کەموسا پێغەمبەر داوای ڕوبەڕوبونەوەی لێ دەکردن بەرامبەر بە فیرعەون و دارو دەستەکەی .
ئەوانەش کە بڕوایان بەم تێزەنیە .دەڵێن ئەگەر ئەمریکا نەیەتە سەرخەت هیچ شتێک نیە چارەسەری ئەم دۆخە بکات .ئەوکاتەش کە کازمی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی لە عێراق بەدەستەوە گرت هەمو هیوایەکیان لە سەر هەڵچنی و لەکاتی سەردانەکەشی بۆ کوردوستان وەک فریاد ڕەسێک سەیریان دەکردو زۆر بە پەرۆشەوە پەنایان بۆبرد بۆ چارەسەری گرفتەکانی خەڵکی کوردوستان .لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵێک پەرلەمانتار دەستیان دایە هەڵمەتێک بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردوستان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەغداو ڕاستەوخۆ بەغدا موچەیان بۆ دابین بکات .دواجاریش شێخ نەهرۆ هاتە سەرخەت و بەڵێنی چارەسەری گرفتی دواکەوتنی موچەی داو بەمەش ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران بڕوایان بەڵێنەکانی کرد. بەڵام لەدوای هەمو ئەو بەڵێن و قسەو هیوا هەڵچنینە بێ بنەمایانە.حکومەتی هەرێم ڕای دەگەیەنێت کە ڕۆژی 24ی مانگ دەست بەدابەش کردنی موچە دەکرێت.واتە هەموی بێسوودو بێ بنەمابوو، دۆخەکەش خراپتر بوو نەک چاکتر .لێرەوە دەبێت هاوڵاتیان بزانن کە تاکە ڕێگەی چارەسەر بۆ ڕێگرتن لە دواکەوتنی موچەو دزی و تاڵانچێتی لەم هەرێمە دا هاوڵاتی خودی خۆیەتی.ئەگەر خۆی بەبەرپرسیارزانی وزانی کە بەرپرسیارێتی حکومەت بەرامبەر بە هاوڵاتیان چیە .ئەوکاتە دەبێت بەرەو ڕوی بوەستێتەوەو لەڕێگەی ڕێکارە مەدەنیەکانە وە ناچاربە چەسپاندنی مافەکانی هاوڵاتیانی بکات. ئەگەر ئەمەشی نەکرد ناچار بەدەست لەکار کشانەوەی بکات.