تكایە كۆرپەكە مەكوژن !
2021-01-15 15:47:44
وانەكانی گردەكە
وانەی سێهەم:
بابەكر دڕەیی
زۆربەمان چیرۆكی ئەو دادوەرانەمان بیستوە كە بۆ دەرخستنی ڕاستیو چەسپاندنی داد، پەنایان بردۆتە بەر بڕیاری قورس.
بەپێی گێرانەوەكان، عەلی ئەبی تالیب كە بە جێگرەوەی پێغەمبەرو مرۆڤێكی دادپەروەر ناسراوە، بۆ دەرخستنی حەقیقەتو رێگرتن لە زوڵمو درۆ، بریارێكی لەو چەشنەی دەركردوەو ئەم بڕیارەش دەنگدانەوەیەكی مێژویی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
چیرۆكەكە بەم جۆرەیە:
دو ژن لەسەر خاوەندارێتی مناڵێكی كۆرپە دەبێتە ناكۆكیو كێشەیان.
ئیمام بۆ ئاشكراكردنی دایكی راستەقینەو بۆ یەكلاكردنەوەی گرفتەكە، پەنا دەباتەبەر بڕیارێكی بێوێنەو قورسو نەكردەنی.
گوایە فەرمان دەداتو دەڵێ مادام هەردوولاتان مناڵەكە بەهی خۆتان دەزاننو ئامادەن دڵسۆزانە بەخێوی بكەن، بڕیار ئەوەیە بە مشارێك مناڵەكە بكەینە دووبەش، هەریەكەتان بە یەكسانی لایەكی بۆ خۆتان ببەن!
لەم كاتەدا، ڕاستوخۆ دوای وتەكانی خەلیفە، دایكی ئەسڵی مناڵەكە هاوار دەكاتو رایدەگەیەنێ كە ئامادەیە دەست لە دەعواكە بكێشێتەوەو نایەوێ مناڵەكەی بمرێت.
بەم هاوارە دراماتیكییە خەلیفە بۆی ساغ دەبێتەوە كە دایكی ڕەسەن كامیانە.. چونكە تەنها دایكی بایۆلۆژییە كە چزە لە جەرگییەوە دێتو نایەوێ بەهۆی پەیابونی ژنێكی تری درۆزنو تەماعكارەوە كۆرپە خۆشەویستەكەی بچێتە ژێر خاك.
دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان ماوەیەكە خراوەتە ئەم حاڵەتەوە.
لە سەردەمی خودی نەوشیروان مستەفاش دا، هەوڵی زۆر كەسی تر بۆ دابەشكاریو لاوازكردنی گۆڕان شكستیان خوارد كە دەیانویست بزوتنەوەكە كرمێ بكەنو سیستمی تەكەتولو جوجەسازی جێگیر بكەن...
ئێستە بزوتنەوەی گۆران مناڵێكی بەردەم دادگای مێژوەو دەبێ ساخ بێتەوە كێ تاسەر بایەخ بە گەورەبونو سەلامەتیو كامڵبونی ئەدات..
كۆرپەی "گۆڕان" لە قۆناغێكدایە كە ڕوەو هەتیویو بێخاوەنیو سەرنانەوە دەچێت.
كەس هەیە فریای بكەوێت ؟
كەس هەیە بیر لە جەماوەرە ملیۆنییەكەی جارانی بكاتەوە ؟
كەس لەوێیە لە خەیاڵی سەدان هەڵسوڕاوی دەگمەنو ئازای ئەم جوڵانەوەیەدا بێت ؟
روخاندنو لاوازكردنی بزوتنەوەی گۆران بە زیانی كۆمەڵی كوردستانە..
تكایە بیرتان بێت..
لاوازی مەكەنو دابەشی مەكەنو كێشەی بۆ دروست مەكەن...
مناڵەكە مەكوژن ..
كۆرپەكە هێشتا لە سەرەتای ژیاندایەو مەیخەنە ژێر خاك...