Draw Media

هاوپه‌یمانیی هی-وا!

هاوپه‌یمانیی هی-وا!

2021-01-14 12:59:46


رێبوار كه‌ریم وه‌لی

راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانیی هیوای كوردستانی له‌ به‌غداوه‌ به‌ سه‌رنجدان له‌ پێكهاته‌ و ته‌وقیته‌كه‌ی له‌ لایه‌ك و جموجۆڵه‌كانی دوای ئه‌و راگه‌یاندنه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌.

*

به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی یه‌كه‌م دیداری ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ له‌گه‌ڵ فه‌خامه‌تی سه‌رۆككۆماردا بوو. موباره‌كه‌یان لێكرا و وه‌كو كارتێكی سیاسیی نوێی (سه‌رۆكی بێ حزب) پێش ئه‌وه‌ی به‌ڕووی حزبه‌كانی خاوه‌نی په‌رله‌مانتاره‌كاندا به‌رز كرابێته‌وه‌، رووی له‌ هه‌ولێر و سلێمانی بوو.

*

وه‌فدی پارتی چووه‌ به‌غدا و سه‌ردانی فه‌خامه‌تیان نه‌كرد؛ روویان له‌ شیعته‌كان بوو. وه‌فدی یه‌كێتیش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی لاهور شێخ جه‌نگی سه‌ردانی فه‌خامه‌تیان كرد، سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌یان له‌ به‌غدا گۆڕی بۆ تاڵه‌بانییه‌ك كه‌ بتوانێ زامنی په‌یوه‌ندییه‌كی تووند و تۆڵ بێت له‌گه‌ڵ شیعه‌كاندا.

*

دێمه‌وه‌ سه‌ر هاوپه‌یمانیی هیوای كوردستانی. ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ ناسنامه‌ی هه‌موو حزبه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی كوردستانی تێدایه‌، به‌ڵام نه‌ سه‌ر به‌ حزبه‌كانی خۆیانن و نه‌ دژی حزبه‌كانیان. چه‌ند رۆژێكه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌، كه‌چی حزبه‌كانی خاوه‌نی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ قڕ و قپن. نه‌ ده‌توانن خۆیان لێ بێبه‌ری بكه‌ن و نه‌ ده‌شتوانن پشتیوانیان بن. راستییه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح و لاهور شێخ جه‌نگی زیاتر له‌ حزبه‌كانی دیكه‌ خاوه‌نداریی ئه‌و پلاتفۆرمه‌ ده‌كه‌ن. به‌ واتایه‌كی دیكه‌ لیستێكی دیكه‌ی یه‌كێتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی درووست كراوه‌.

*

نه‌ حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له‌ كوردستان و نه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌، به‌پێی قانوونی نوێی هه‌ڵبژاردن زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی بتوانن شانسێكی ئه‌وتۆیان له‌ به‌ده‌ستهێنانی كورسیی په‌رله‌مانیی به‌غدادا هه‌بێت، بۆیه‌ چاره‌نووسی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ له‌ دوو حاڵه‌ت به‌ده‌ر نییه‌. یان ئه‌وه‌تا حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌ گۆڕانیشه‌وه‌، پشتیوانی له‌و هاوپه‌یمانییه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌ن به‌ لیستی هاوبه‌شی خۆیان، یانیش ئه‌وه‌تا ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ له‌پاڵ یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌چێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ به‌شێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ئاماده‌گیی ئه‌وه‌یان تێیدایه‌ له‌ بلۆكێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا هه‌نگاو بنێن.

*

له‌ حاڵه‌تی هه‌نگاونان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا، به‌ شێویه‌كی ئۆتۆماتیكی(ئه‌گه‌ر تا ئه‌و كاته‌ حزبه‌كان خۆیان له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانیان بێ به‌ری نه‌كردبێت یان ئەوانیش ھەمان شتیان نەکردبێت) هاوپه‌یمانییه‌كی رانه‌گه‌یه‌ندراوی نێوان یه‌كێتی و حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌ گۆڕانیشه‌وه‌ درووست ده‌بێت. یه‌كێتی هه‌م سوود له‌ فیگه‌ره‌ پۆپیلاره‌كانی ناو ئۆپۆزیسیۆن ده‌بات و هه‌میش له‌ناوخۆی یه‌كێتیدا ده‌ستی هاوسه‌رۆك لاهور و به‌رهه‌م ساڵح به‌هێز ده‌بێت.

*

ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ به‌ ته‌نها یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا بچێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، چ له‌ وه‌زعی پارتی ناگۆڕێ. ئه‌وپه‌ڕی پارتی له‌ شوێنێك كورسییه‌ك یان دوو كورسی له‌ ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام بۆ كه‌ركوك چاره‌نووسسازه‌ و له‌وێ یه‌كێتی لانیكه‌م ده‌توانێ به‌رگری له‌ مانه‌وه‌ی خۆی بكات. عه‌یارێكی باری ناوخۆی بدات(به‌ تایبه‌تیش كه‌ هیچكام له‌ حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ئاماده‌ نین پشتیوانی له‌ پارتی بكه‌ن، به‌ڵام ناڕاسته‌خۆ ده‌چنه‌ به‌ره‌ی به‌شێكی یه‌كێتییه‌وه‌)، پشكی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تی داهاتووی عێراق جێگیر بكات و نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست كه‌ره‌می پارتی و هاوكات پۆستی سه‌رۆككۆماریش بۆ جاری دووه‌م بۆ به‌رهه‌م ساڵح زامن بكات.

*

یارییه‌ سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردن(كه‌ تا ئێستاش سه‌د له‌سه‌د مسۆگه‌ر نییه‌ له‌ مانگی حوزه‌یراندا ده‌كرێ یان نا) گه‌رمتر ده‌بن. ساز و كاری نێوان حزبه‌كان له‌ هه‌ڵكشان و داكشاندا ده‌بێ. ناوخۆی یه‌كێتی تووشی گه‌وره‌ترین كێشمه‌كێش ده‌بێ و ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌و چێشته‌ی له‌ به‌غدا لێده‌نرێت له‌ سلێمانی ده‌خورێت یان نا!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand