پەرلەمانتاران قەرزارن ... هانا بۆ سەرۆكایەتی دەبەن
2021-01-13 18:04:37
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت محەمەد رەئوف
پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان یاداشتیان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ناردووەو داوا دەكەن لەسەر بودجەی پەرلەمان پارەی قیستی ئۆتۆمبیلو خزمەتگوزاری شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ خەرج بكرێت، پەرلەمانتاران كە چاودێرن لەسەر دارایی حكومەت، كەچی ئاگاداری دۆخی دارایی خۆیان نەبوونو پێشبینی ئەوەیان نەكردووە جارێكی تر كێشەی موچە سەرهەڵدەداتەوە، زۆربەیان ئۆتۆمبیلیان بە قیست راكێشاوەو ئێستا بوون بە ژێر قەرزی قیستی مانگانەوە، دەیانەوێت پەرلەمان قەرزەكەیان بۆ ببژێرێت، لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بخوێنەرەوە.
پەرلەمانتار لە قەیراندا !
سەرباری ئەوەی موچەی پلەباڵاكان وەردەگرن، بەڵام بەشێكی زۆری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، قەرزاربوونو دەیانەوێت پەرلەمان قەرزەكانیان بۆ بداتەوە.
پەرلەمانتار لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسا پلەی وەزیری هەیە، واتا لەكاتێكدا لەكاردایەو هێشتا خانەنشین نەبووە، هەمان ئەو موچەیە وەردەگرێت كە وەزیرێك وەریدەگرێت.
موچەی پەرلەمانتار لە هەرێمی كوردستان مانگانە (8 ملیۆنو 84 هەزار) دینارە، بەڵام بەگوێرەی بڕیارێكی حكومەتو بەهۆی قەیرانی داراییەوە، موچەی پلەباڵاكان چەند مانگێكە 50%ی بڕدراوە، پەرلەمانتار پلەباڵایە، بۆیە بڕیارەكە دەیگرێتەوە.
مانگی تەموزی ساڵی رابردوو، حكومەتی هەرێم موچەی مانگی شوباتی دابەشكرد، لەم مانگەوە ئیتر موچەی پەرلەمانتاران بەگوێرەی بڕیارەكەی حكومەت بۆ نیوە كەمكرایەوە، لەوكاتەوە تائێستا پەرلەمانتاران وەكو موچەی مانگانەیان هەریەكەیان لەبری (8 ملیۆنو 84 هەزار) دینار، بڕی (4 ملیۆنو 42 هەزار) دینار وەردەگرن.
ئەم دۆخە داراییە نوێیە، واتە كەمكردنەوەی موچەی پەرلەمانتاران بۆ نیوە، هەروەها پێنەدانی موچەی پێنج مانگی ساڵی 2020 لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی ئاسایی، پەرلەمانتارانیشی قەرزار كردووەو ئێستا ئەوان لەبری ئەوەی سەرقاڵی چارەسەركردنی قەیرانەكانی خەڵك بن، سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ ئەو قەرزانەی كە كەوتوەتەسەر شانی خۆیان.
قەرزی شوقە ؟
لەگەڵ دەستبەكاربوونی هەر خولێكی نوێی پەرلەماندا، پەرلەمان شوێنی نیشتەجێبوون بۆ (111) پەرلەمانتار لە هەولێر دابین دەكات، پەرلەمان موڵكی خۆی هەیە، موڵكەكانی پەرلەمان بریتین لە ژمارەیەك شوقە لە پرۆژەی (ناز سیتی) هەروەها ژمارەیەك خانوو لە پرۆژەی (گوندی ئیتاڵی).
زۆربەی پەرلەمانتاران لە پرۆژەی (ناز سیتی) شوقەیان پێدەدرێت كە لەناو خەڵكدا بە "شوقەكانی زەكەریا" ناسراوە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانو هەندێكیش لە پەرلەمانتاران لە گوندی ئیتاڵی خانویان پێدەدرێت.
خانو و شوقەكان ساڵانە بەگوێرەی پێوەرێكو لەسەر بنەمای ژمارەی فراكسیۆنەكان دابەشدەكرێن بەسەر ئەندامانی پەرلەماندا.
پەرلەمانتار بۆ ماوەی چوار ساڵ بەخۆڕایی دەتوانێت ئەم شوێنانە وەكو شوێنی نیشتەجێبوون بەكاربهێنێت، بەڵام دەبێت پارەی خزمەتگوزاریی بدات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پەرلەمان دەستی كەوتووە، (61) پەرلەمانتار لە پرۆژەی (ناز سیتی) شوقەیان هەیە، ئەم پەرلەمانتارانە، ساڵی رابردوو پارەی پێنج مانگی خزمەتگوزاری شوقەكانیان نەداوە، ئەمە بەهۆی ئەوەی لەو ساڵەدا حكومەت پێنج موچەی نەداوەو پەرلەمانیش بەوهۆیەوە نەیتوانیوە پارەی خزمەتگوزاری ئەو مانگانە لە موچەی پەرلەمانتاران ببڕێت.
كرێی خزمەتگوزاری شوقەی پەرلەمانتاران لە پرۆژەی (ناز سیتی) مانگانە (390 هەزار) دینارە، واتا بە تێكڕا هەر پەرلەمانتارێك بڕی (ملیۆنێكو 950 هەزار) دینار قەرزی كرێی خزمەتگوزاری پێنج مانگی ساڵی رابردووی كەوتوەتە سەرشان، خاوەن پرۆژەی خزمەتگوزارییەكان بە نامەی پەرلەمانتارانی ئاگاداركردووە دەبێت ئەو پارانەی بگەڕێننەوە، پەرلەمانتارانیش گلەییان هەیەو دەڵێن بەپێی بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان دەبێت كڕێی خزمەتگوزاری پرۆژەكانی نیشتەجێبوون كەمبكرێتەوە.
بەگشتی ئێستا (113 ملیۆن) دینار قەرزی كرێی خزمەتگوزاری شوقەی پەرلەمانتاران كەوتوەتە سەر شانی پەرلەمانی كوردستانو سەرۆكایەتی پەرلەمان دەیەوێت خۆی ئەم قەرزە بۆ پەرلەمانتاران بداتەوە، بەڵام سەرباری ئەمە هەندێك پەرلەمانتار گومانیان هەیەو دەڵێن سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆیە دەیەوێت پارەی كۆمپانیای خزمەتگوزار بداتەوە، چونكە كۆمپانیاكە موڵكی بەرپرسێكی دیاری پارتییە.
ئەمە لەكاتێكدایە، فەرمانبەری ئاسایی كە هاوشێوەی پەرلەمانتاران موچەی پێنج مانگی ساڵی 2020ی وەرنەگرتووە، لەلایەن حكومەتەوە هیچ بڕەپارەیەكی بۆ ناگەڕێتەوە كە بتوانێت لانی كەم ئەو لاسەنگییە داراییو قەرزانەی پێی پڕبكاتەوە كە بەهۆی نەهاتنی موچەوە لەو پێنج مانگەدا كەوتوەتە سەر شانی.
قیستی ئۆتۆمبیل
پەرلەمانتاران كە چاودێرن بەسەر حكومەتەوە، لەم خولەی پەرلەماندا تەنانەت نەیانتوانی چاودێری داراییەكانی خۆشیان بكەنو پێشبینی ئەوەیان نەكرد حكومەت جارێكی تر دوچاری قەیرانی دارایی ببێتەوە، بەشێكی زۆری پەرلەمانتارانی ئەم خولە، هەرزوو ئۆتۆمبیلی گرانبەهایان بە قیستی زۆری مانگانە راكێشا، ئەم قیساتانە بوون بە قەرزێكی زۆر لەسەر شانی پەرلەمانتاران، بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو حكومەت پێنج موچەی دابەش نەكرد.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەكۆی (111) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، (72) پەرلەمانتار ئۆتۆمبیلی گرانبەهایان بەقیس وەرگرتووە، زۆرێك لەوانەی ئۆتۆمبیلەكانیان فرۆشتوەتەوەو بەشێكیان بەو پارەیە زەویو خانویان كڕیوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەكۆی (72) پەرلەمانتارەی كە ئۆتۆمبیلی قیستیان راكێشاوە، (58) كەسیان قەرزی مانگانەی قیستەكان لەسەر شانیان كەڵەكەبووە.
قیستەكان بەپێی جۆری ئۆتۆمبیلەكان دەگۆڕێن، بەڵام قیستی مانگانەی ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان دەگاتە (2 ملیۆنو 160 هەزار) دینار، كە ئەم پارانەش مانگانە هاوشێوەی خزمەتكوزاری شوقەو خانوەكان، لە موچەی پەرلەمانتاران دەبڕدرێت.
ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئۆتۆمبیلیان بە قیست وەرگرتووە، بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو موچەی پێنج مانگ فەوتاوە، بۆ ئەو مانگانە قەرزاری قیستی كۆمپانیاكە بوونو كۆمپانیای فروشیار داوای پارەكانیان لێ دەكاتەوە، ئەگەر بڕی (2 ملیۆنو 160 هەزار) دینار وەكو قیسی مانگانەی راكێشانی ئۆتۆمبیل ئەژماربكرێت، ئەوا هەر پەرلەمانتارێك بڕی (10 ملیۆنو 800 هەزار) دینار پارەی قیستی پێنج مانگی وەكو قەرز كەوتوەتە سەرشان.
موچەی پەرلەمانتار دوای لێدەركردنی قەرزەكان
ئێستاو دوای بڕینی 50%ی موچەی پلەباڵاكان، ئەندامانی پەرلەمان مانگانە بڕی (4 ملیۆنو 42 هەزار) دینار وەردەگرن، ئەم پارەیە مانگانە بەمشوەیە دابەش دەبێت:
• مانگانە بڕی (390 هەزار) دینار لە موچەكەیان دەبڕێت بۆ خزمەتگوزاری شوقەو شوێنی نیشتەجێبوون.
• بڕی (2 ملیۆنو 160 هەزار) دینار لە موچەی ئەو پەرلەمانتارانە دەبڕدرێت كە ئۆتۆمبیلیان بەقیست وەرگرتووە (بەپێی زانیارییەكانی درەو، زۆربەی ئۆتۆمبیلەكان نرخیان نزیكەی 85 هەزار دۆلارە).
• واتە ئەو پەرلەمانتارانەی كە هەم كرێی خزمەتكوزاری شوێنی نیشتەجێبوونو هەم قیسی ئۆتۆمبیل دەدەن، مانگانە (2 ملیۆنو 550 هەزار) دینار لە موچەكانیان دەبڕدرێتو ئەوەی بۆیان دەمێنێتەوە تەنیا (ملیۆنێكو 492 هەزار) دینارە.
• ئەمە لەكاتێكدایە، ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئۆتۆمبیلیان بەقیست وەرنەگرتووە، مانگانە لە كۆی (4 ملیۆنو 42 هەزار) دیناری موچەكانیان، تەنیا (390 هەزار) دیناری خزمەتگوزاری شوێنی نیشتەجێبونیان لێ دەبڕێتو بڕی (3 ملیۆنو 652 هەزار) دیناریان بۆ دەمێنێتەوە.
• پەرلەمانتارانی خانەنشینی خولەكانی پێشووی پەرلەمانیش بەهەمان شێوەی دۆخیان لەوانە باشترە كە لە خولی ئێستادا ئۆتۆمبیلی قیستیان راكێشاوە، پەرلەمانتارانی خانەنشین رێژەی 50%ی موچەكەیان لێبڕدراوە لە (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارەوە موچەكانیان بووە بە (3 ملیۆنو 250 هەزار) دینار، هیچ لێبڕینێك ئەم پارەیە ناگرێتەوە.
پەرلەمان چی بۆ قەرزارەكان دەكات ؟
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، زۆربەی پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان، بەرێگەی جیاواز فشاریان خستوەتەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانو داوا دەكەن پەرلەمان بەشێك لەو قەرزانەیان بۆ بداتەوە كە بەهۆی نەهاتنی پێنج موچەی ساڵی رابردوو كەوتوەتە سەر شانیان.
سەرۆكایەتی پەرلەمانیش داوای كردووە پەرلەمانتاران لەرێگەی سەرۆكی فراكسیۆنەكانەوە یاداشت پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەنو داوای بڕە پارەیەك بكەن، بەشی زۆری فراكسیۆنەكان یاداشتیان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزكردوەتەوە.
(درەو) زانیویەتی، سەرۆكایەتی پەرلەمان بەنیازە، لەسەر دارایی پەرلەمانی، كرێی خزمەتگوزاری پێنج مانگی ساڵی رابردووی شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتاران خەرج بكات كە بەتێكڕا دەگاتە نزیكەی (113 ملیۆن) دینار.
بۆ قیستی ئۆتۆمبیلەكانیش، سەرۆكایەتی پەرلەمان دەیەوێت بۆ هەر كەسێك لەوانەی ئۆتۆمبیلیان وەرگرتووە، بڕی (2 ملیۆن) دینار خەرج بكات، ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی كە ئۆتۆمبیلیان وەرنەگرتووە باسلەوە دەكەن، پێشتریش سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبڕی جیاواز پارەی بۆ ئەو پەرلەمانتارانە خەرجكردووە كە ئۆتۆمبیلیان بە قیست راكێشاوە.
ئێستا ئیتر بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی دروست نەبێت، سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریداوە، بۆ ئەوانەی ئۆتۆمبیلی قیستیان راكێشاوەو ئەوانەشی رایان نەكێشاوە، بەتێكڕا بڕی (2 ملیۆن) دینار وەكو هاوكاری خەرج بكات.
پەرلەمانتار پلەی وەزیری هەیە، پەرلەمانتاران دەڵێن حكومەت بۆ هەر وەزیرێك دوو خانوو و دوو ئۆتۆمبیلی دابین كردووە، ناكرێت ئەوان قەرزار بن.