سەدساڵەی سوپاکانی عێراق و ئێران؛ سوپا بە تامی میلیشیا
2021-01-09 11:54:38
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میكە
سەدساڵ بەسەر دامەزراندن و یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێراندا تێدەپەڕێت، هەردووکیان لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و دووەمی ١٩٢١ و ١٩٢٢دا وەک سوپایەکی نوێی دەوڵەتی خۆیان ڕێک و سازکردەوە، پاش سەدساڵ و بە سەیرکردنی ڕابردووی ئەم دوو سوپایە و بە تێپەڕین بە چەندین تاقیکردنەوەی نێوخۆیی و دەرەکییدا، ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە هەردووکیان بەتوانا و سەرکوتکار بۆ سەرکوتکردنی گەلانی نێوخۆی وڵات و بێتوانا و لەرزۆک بەرامبەر دوژمنانی دەرەکی.
دەستپێکێکی هاوشێوە
سوپای عێراق لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٢١دا، بە سەرکردایەتی کوردێکی کەرکوکی کۆنەئەفسەری عوسمانی(جەعفەر عەسکەری) دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند. یەکەمجار لە چوار فیرقەدا خۆی ڕێکخست، دووان لە بەغدا و یەکێکیان لە کەرکوک و ئەوی دی لە دیوانیە جێگیر کران، (ئەوکات هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ سەر بە عێراق نەبوو). یەکەمین فەوجی سوپاش ناوی ئیمام موسای کازمی لێ نرا، کە حەوتەمین ئیمامی شیعەیە و کوڕی ئیمام سادقە، لە حیجاز لە دایکبووە و ساڵی ٧٩٩.ز مردووە. سەیر لەوەدایە موسا کازم نەک سیمبولێکی سەربازی نییە و شەڕێکی نەکردووە، تەنانەت لەبەر ئارامی و عیبادەت و هێمنییەکەی، نازناوەکانی"سابیر، نەفسو زەکیە و ساڵح"ی بۆ بەکاردەهێنرا. لەوەش زیاتر وەک بنەما سوپا بە هێمای ناوەندگەرایی و سەروەریپارێزی دەوڵەت لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا سەیر دەکرا، لە کاتێکدا ئیمام موسا لە زیندانی عەباسییەکاندا مرد کە نیشانەیە بۆ نەیاری دەزگای دەوڵەت تا لەشکرەکەی. ڕەنگە باشتر بوو ئەو یەکەم فەوجەی عێراق ناوی موختاری سەقەفی، مالکی ئەشتەر یان ئیبراهیمی کوڕی هەڵگرتایە مانادارتریش دەبوو، چونکە ئەمانە هەم شیعە بوون و هەم مێژووی سەربازی و دەڵەتمەداریسازییشیان لە فیقی سیاسیی شیعەدا نکوڵی لێناکرێت.
لەبارەی ئەرتەشی ئێرانیشەوە، لە ٥ی کانوونی یەکەمی١٩٢١دا، ڕەزاخان کە ئەوکات وەزیری بەرگری دەوڵەتی قاجار(ئێران) بوو، یەکەمین فەرمانی سوپایی دەرکرد و بڕیاری یەکخستنی هێزە پەرتەوازەکانی وڵاتی دا و ژاندارمیری و قوزاقی کردە یەک سوپای دەوڵەتی، یەک مانگ دوای ئەوەش واتە ١٥کانوونی دووەمی١٩٢٢دا، ڕایگەیاند سوپای نوێی وڵات لە پێنج لەشکردا خۆی ڕێکدەخاتەوە و لە پێنج ئیالەتی وڵاتدا جێگیری کردن.
لە درووشمەوە تا واقیع
درووشمی سوپای شاهی ئێران، "خوا، شا و وڵات" بوو، هی ئێستاشیان ئەمەیە:" هەر هێزێک هەیە ئامادەی بکەن بۆ دوژمن" هەروەها "ئەرتەش فیدای میللەت"ە، دروشمی سوپای عێراقیش "سوپای پارێزەری وڵات"ە و نازناویان "شێرەکانی ڕافیدەینە"، بەڵام لە واقیعی مێژوویی و تاقیکراوەدا باشتر بوو هەردووکیان درووشمییان "شێری ماڵەوە و ڕێوی دەرەوە" بووایە. بۆچی؟
ئەم دوو سوپایە لە مێژووی خۆیاندا چەندجارێک تاقیکراونەتەوە، ئەلهەق هەردووکیان سەرکەوتوو بوون لەوەدا کە ئاسمان و زەوییان دژی ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی و نەتەوە غەیرە فارس و عەرەبەکان کردووەتە ئاگردان و مەیدانی سەرکوتکاری و لەناوبردن، بەڵام بە پێجەوانەوە بۆ نموونە لەبەردەم دوژمنانی دەرەکی هەردووکیان لەساڵانی ١٩٤١دا بە چەند ڕۆژێک یان کەمتر هەرەسییان هێنا و تەسلیمی سوپای بەریتانیا بوون. ئەم دوو سوپایە بە هاوبەشی تەنها لە جەنگێکی دەرەکییدا خۆیان بە براوە دەزانن و بە خەستی و گیانانە خوێنیان دا و دژی دوژمن بەرگرییان کرد، ئەویش جەنگی ٨ساڵەی ئێران-عێراقی نیوان خۆیان بوو، کە دژی یەکتر بوو، راستییەکەی هەردووکیش تێیدا دۆڕان، یان لانیکەم هیچکامیان نەیانبردەوە.
پاش کودەتاکەی ١٩٢١ی زیائەدین تەباتەبایی و ڕەزا میرپەنج(ڕەزاشای دواتر) لە دەوڵەتی قاجار(ئێران)دا، ڕەزا میرپەنج (کە لە کۆتاییەکەیدا براوەی یەکەم هەر خۆی بوو، هێشتا نەبووبوویە شای پەهلەوی)، دەیویست سوپایەکی دەوڵەتیی و یەکپارچە درووستبکات، بۆ ئەم مەبەستە باڵیۆزی قاجار لە واشنتۆن، ڕۆژی ١٦ی کانوونی دووەمی١٩٢٣، داوا لە ئەمریکا دەکات چەند فرۆکەیەکی سەربازی پێبفرۆشێت، بەڵام ئەو وڵاتە ڕازی نابێت، بەو بیانووەی ناکرێت خۆی دامەزرێنەری کۆنفرانسی ئاشتی و داماڵینی چەک بێت و فرۆکە بداتە ئێران تا پەلاماری وڵاتانی دیکە بکات! بەڵام باڵیۆزی ئێران دەستبەجێ وتبووی: هیچ خەمیان نەبێت ئامانجی دەوڵەتی ئێران بۆردوومانی دەوڵەتانی دراوسێ نییە و تەنها بۆ سەرکوتکردنی یاخیی و عەشایەر نێوخۆیە و سەپاندنی ئاسایشی ناوخۆییە! عەجەب ئامانجێک!
سوپای دەوڵەتی ئێران هەروای کرد، یەکەمین جەنگی فرۆکەسەربازییەکانی دژی دوژمنانی دەرەکی نەبوو، بەڵکو دژی کوردانی لوڕ بەکارهات و بە تووندین شێوەی سەردەم پەلاماریی خەڵکی بێدیفاعی لوڕستانیان دا و سەرکوتییان کردن. ئەمە یەکەمین فڕینی جەنگی مێژووی سوپای ئێرانە کە خەڵکی خۆی تێدا لەناوبرد و لە ململانێی ناوخۆییدا خۆی تاقی و خاڵیکردەوە.
سوپای دەوڵەتی عێراقیش وەک دراوسێکەی، لە خۆپڕچەککردندا درێغی نەکرد، وەک ئەو پاش کڕینی چەند کۆپتەرێکی سەربازی و درووستکردنی هێزی ئاسمانی لە مانگی سێی ١٩٣١دا، جەند مانگێکی نەبرد لە هەمان ساڵدا بۆ یەکەمجار فرۆکەی سەربازی دژی هاوڵاتییانی خۆی و بۆ لەناوبردنی مانگرتنێکی مەدەنیانەی ساڵی ١٩٣١ (مانگرتنی بێدەنگی بەغدا) بەکاری هێنا و "سەرکەوتووانە" تاقیکردەوە!
با ئەوەش جێنەمێنێت، گەرچی سوپا بۆ تەنگانە و بۆ دوژمنی دەرەکی و پاراستنی هاوڵاتیان دروست دەکرێت، بەڵام لەبەر لاوازی سوپا و ناکارایی لە تەنگانەدا، هەردوو وڵات لەگەڵ هەر کودەتایەک یان ڕووداوێکی ڕیشەییدا، دەسەڵاتدارانی متمانەیان بەم سوپایە نەبووە هێزی بەدیلی سوپایان دروستکردووە، لە ئێران سوپای پاسداران و بەسیج و لە عێراقیش جەیشی شەعبی و حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی وەک بەدیلی سوپا و بۆ تەواوکردنی ئەرکی ئەنجامنەدراوی ئەوان دروستکراون.
ببینن چەند لە یەک دەچن، هەر لە مێژووی دامەزراندنەوە تا دەستێوەردانی سیاسیی و شکست تا دەگاتە پەروەردەیان.
جا سوپایەک ئەمە سەروەری و مێژووی بێت و ئەمەش دروشم و سیمبولەکانی بێت، ئەوەش ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی بێت! بێگومان عاقیبەتی هەر ئەوە دەبێت کە هەیە، لەسەرجەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان نێوخۆییەکاندا سەرکوتکار و لەهەمبەر دوژمنیشدا زەلیل و دەستەمۆ.
بۆیە لەناو کولتووری زارەکی کوردیدا، بە ناهەق نییە هێندە فایلی سوپای دەوڵەت ڕەشە، دایکانی ڕۆڵەی کوردی موکریان، بە لایلایەیەک سەربازییکردنی بەزۆرییان ئاوا وێنا کردووە:
کوڕم گەورە کرد بە شەکری شاری/ ڕەزاشا دەیبا لە بۆ ئیجباری
کوڕم گەورەکرد بە شیری مەڕێ/ ڕەزاشا دەیبا پێی دەکا شەڕێ
ڕەبی ڕەزاشا تەختت وەرگەڕی